ما 2713 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

وجوودگەراکان ئەوەندە ئازادی بەرجەستە دەکەنەوە کە نائازادی وەک چەمکێکی هاوزادی میتافیزیانە لەبیردەبەنەوە. رەنگە هەر لەبەر ئەمە بێت ئەوانیش نەیانتوانی کێشەی کۆیلایەتی مرۆڤ لە ئاست دۆخی ژیانیاندا چارەسەر بکەن و رێگاچارەیەکی بۆ بدۆزنەوە.

 

پارادۆکسێک

فەڕۆخ نێعمەتپوور

وجوودگەراکان پێیان وایە مرۆڤ مەحکوومە بە ئازادی. لای ئەوان وجوود پێش زات دەکەوێ، ئەمەیش لەبەر ئەوەی بڵێن مرۆڤ پێش لەهەر شتێک بریتییە لە وجوودێک کە بەرهەمی هەڵبژاردنەکانی خۆیەتی (ئازادیی هەڵبژاردن) نەک بەرهەمی شتە لەوەپێش دیاریکراوەکان.

دیارە پێداگریی وجوودگەراکان لەسەر ئازادی جێگای سەرنجە. ئەوان لەم رێگایەوە دەیانەوێ لە راستیدا ئیرادە و هەڵوێستی مرۆڤ لە سەر ژیانی خۆی بژیێننەوە و لە کۆت و بەندە دەرەکییەکان رزگاری بکەن، هەرچەند رەخنەگران لایان وایە پێداگری ئەوان لە سەر ئازادی کە تاک لایەنەیە و بەبێگوێنەدانە بە دۆخ، ئایدیایەکی زەینی لەمەڕ ئازادی دادەمەزرێنێ.

دیارە وجوودگەراکان مونکیری دۆخ نین. بۆ نموونە ژیان بە یاریی وەرەق دەشوبهێنن، بەڵام کاتێک وەرەقەکانمان پێدرا ئەوا ئیتر ئازادین چلۆن یاریی پێبکەین. کەواتە ئازادی لە بەستێنێکی دیاریکراودایە، بەڵام هاوکات مرۆڤ مەحکوومە بەم ئازادییە.

دەکرێ لێرەدا پرسیارێک بێنینە ئاراوە. ئەویش ئەوەیکە گەر مرۆڤ مەحکووم بە ئازادی بێت، داخۆ دەکرێ ئەمە ئازادی بێت؟ بە واتایەکی تر کاتێک مرۆڤ نەتوانێ لە نێوان ئازادبوون و ئازادنەبووندا هەڵبژێرێ، داخۆ ئەو ئازادییەی پێی بەخشراوە دەتوانین ناوی بنێین ئازادی؟

وجوودگەراکان ئازادی وەک بەستێنێکی گشتی دەبینن کە مرۆڤ تێیدا خەریکی گەمەی هەڵبژاردنەکانی خۆیەتی. لەم بەستێنە گشتییەدا شوێنێک بۆ نائازادی نیە. لەڕاستیدا ئەوەی مرۆڤ هەیە بریتیە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی خۆی. جا چ بە هەڵە بێت یان بە راست.

گەر ئازادی ئەوەندە دیاردەیەکی پێکەوەگرێدراو بێت لەگەڵ مرۆڤ، ئەی داخۆ بۆ مانای نائازادی هەیە؟ گەر ئازادی مەرجی مرۆڤبوونی ئێمەیە، بۆ هەموو مرۆڤەکان ئەم هەستەیان وەک هەستێکی ئاسایی لا دەستناکەوێ؟

لە مانایەکی گشتی دا دەبێ بڵێین مرۆڤی ئازاد دەبێ هاوکات ئازادیی ئەوەی هەبێ نائازادیش بێت. ئازادبوون لە پانتاییەکدا کە مرۆڤ پێی مەحکوومە و لەراستیدا بەم پێیە خۆی هەڵینەبژاردووە، ناتوانێ لەگەڵ مانای ئازادیدا هاوتەریب بێت.

هەڵبەت دەتوانین بڵێین مرۆڤ دەتوانێ ئازاد بێت بۆ ئەوەی وەک کۆیلەیەک رێگای ژیانی خۆی دیاری بکا. واتە ئازادی بە شێوەی کۆنکرێتی لە پێناوی نائازادیدا بەکارببرێ. بەم پێیە ئازادی دەتوانێ سەرچاوەی نائازادیش بێت. بەڵام دەبێ بڵێین ئازادی ئەوەندە خاوەن مانایەکی پۆزێتیڤە کە ناتوانێ هەڵگری وەها هەڵبژاردنێکی نگەتیڤ بێت. بەم پێیە ئازادی ناتوانێ سەرچاوەی نائازادی بێت، ئەوەندەی نائازادی سەرچاوەی نائازادییە.

جگە لەمە لە مانایەکی کۆنکرێتیدا دەتوانین وێنای نائازادی بکەین، بەڵام کاتێک لە مانایەکی گشتی و میتافیزیانەدا باس لەم چەمکانە دەکەین ئەوا وێناکردنی چەمی نائازادی لەگەڵ دژواری رووبەڕوو دەبێ، لەبەر ئەوەی مرۆڤ هەر لە سەرەتاوە لە لای وجوودگەراکان بە شێوەی بنەڕەتی بە ئازادییەوە گرێدراوە.

وجوودگەراکان ئەوەندە ئازادی بەرجەستە دەکەنەوە کە نائازادی وەک چەمکێکی هاوزادی میتافیزیانە لەبیردەبەنەوە. رەنگە هەر لەبەر ئەمە بێت ئەوانیش نەیانتوانی کێشەی کۆیلایەتی مرۆڤ لە ئاست دۆخی ژیانیاندا چارەسەر بکەن و رێگاچارەیەکی بۆ بدۆزنەوە.

لای هەندێ فیلسووف هیچ ناتوانێ سەرچاوەی شت بێت. شتەکان لە شتەکانی ترەوە سەرچاوە دەگرن. بەم پێیە ئازادی ناتوانێ سەرچاوەی نائازادی بێت. ئەوە تەنیا نائازادییە سەرچاوەی نائازادییە. کەواتە لەگەڵ ئازادی، نائازادیش رێدەکا. بەم پێیە چەندە مرۆڤ دەتوانێ مەحکووم بە ئازادی بێت، ئەوەندەیش دەتوانێ مەحکووم بە نائازادی بێت. دیاردە دووانەییەکان پێکەوە لە مرۆڤدا هەن. هیچیان بە بێ ئەوی تریان وێنا ناکرێن.

گەڕان بۆ بابەت