لە فارسییەوە: پەیمان فەرهادی

 هونەرمەندانی ئیمپێرسیونیست بۆ یەکەمین جار رەنگە تاریکەکانی وەک رەنگی رەشیان لە سەر پالێتەکانی خۆیان هەڵگرت و سێبەرەکانیان بە کەڵک وەرگرتن لە تێکەڵێک لە رەنگی شتەکە لەگەڵ رەنگێکی تر بەدەست دەهێنا (بۆ وێنە کاتێک رەنگی شتێک زەرد بوو، ئەوان سێبەری ئەم شتەیان لە تێکەڵێک لە بنەوش و زەرد دروستدەکرد).

 

 

ئیمپێرسیونیزم

 

لە فارسییەوە: پەیمان فەرهادی

دەتوانین بڵێین ئیمپێرسیونیزم یەکەمین بزووتنەوەی مودێڕنی جیاواز لە بواری نیگارکێشیدایە. ئەم بزووتنەوەیە لە دەیەی ١٨٦٠ لە پاریس پشکوت و لە سەرتاسەری ئۆرووپا و دوواتر ئامریکا کارتێکەریی خۆی نیشاندا. پێشڕەوانی ئەم بزووتنەوەیە ئەو هونەرمەندانە بوون وا پێشانگا فەرمی و دەوڵەتییەکانیان بایکۆت کردبوو و لە دامەزراوە ئەکادێمییە هونەرییەکان دوورییان دەکرد. ئامانجی سەرەکیی ئیمپێرسیۆنیستەکان کێشانەوەی کارتێکەریی گوزەرا و هەستیانەی دیمەنێک بوو ـ کارتێکەرییەک(Impression) کە سوژە لەسەر چاو لە ساتێکی زووتێپەڕدا دایدەنا. ئەم ناوە لە تابلۆی 'مونە' بە ناوی (ئیمپێرسیۆنی هەڵاتنی هەتاو) کە کایەی تیشکی لەسەر ئاو نیشاندەدا، وەرگیرابوو. ئەم ناوە بۆ یەکەمین جار لە پیشانگایەکی بەرهەمەکانی (مونە، رنوار، سیسلی، پیسارۆ، سزان و دگا) و هەروەها چەند کەسی تر بەکاربرا.

ئامانجی سەرەکیی ئیمپێرسیۆنیزم گەیشتن بە سروشتگەراییەکی تازە بەگوێرەی ئەنالیزەی وردی رەنگەکان و بایەخی تیشکە نیوە روونەکان (تونالیتە) بوو. ئەوان دەیانویست کایەی نوور لەسەر شتەکان نیشانبدەن. هەڵبەت بۆ ئەم مەبەستە کەڵکیان لە ئاکامی لێکۆڵینەوە زانستییەکانی زانایانی وەک (شورول) وەردەگرت. هونەرمەندانی ئیمپێرسیونیست بۆ یەکەمین جار رەنگە تاریکەکانی وەک رەنگی رەشیان لە سەر پالێتەکانی خۆیان هەڵگرت و سێبەرەکانیان بە کەڵک وەرگرتن لە تێکەڵێک لە رەنگی شتەکە لەگەڵ رەنگێکی تر بەدەست دەهێنا (بۆ وێنە کاتێک رەنگی شتێک زەرد بوو، ئەوان سێبەری ئەم شتەیان لە تێکەڵێک لە بنەوش و زەرد دروستدەکرد). هەروەها بۆ ئەوەی بتوانن کایەی تیشک بنوێننەوە، مەجبوربوون بە خێراییەکی زیاتر کاربکەن، هەر بۆیە رووبەری تابلۆکانیان زبر دەبوو و پەڵەیان پەیدادەکرد. نیگارکێشە نیۆئیمپێرسیونیستەکان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە بەم شێوەیە، راستگۆیی چاو، سەبارەت بە سروشت بە ئەوپەڕی خۆی دەگەیشت، بەڵام ئەم زێدەڕۆییە لە سروشتگەرایی (سروشتگەرایی زانستی) بەشیوەی سروشتی بەستێنی بۆ کارداندەوەی دژە سروشتگەرایانە و بەگشتی هونەری، واتە شێوەی (پۆست ئیمپێرسیونیزم) خۆشکرد.

 

'هەڵاتنی هەتاو' بەرهەمی 'ئۆسکار کلۆد مونە'