ما 5003 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان 

بە فیزێکەوە سەیری کردم و بە کەشوفشێکەوە لە دەرگا چووە دەر و منی لە بار و  دۆخێکی رق و سووکایەتی پێکراویدا بەجێهێشت. لە نێو جانتاکەما دەستم کوتا بۆ جلەکانی خەوم، بەئارامی لەبەرم کردن، چراکەم کوژاندەوە و لە نیو جێگەدا ئەو هەستە ئاشنایەی کە پێی دەڵێن دەردی دووری یان دڵتەنگی بۆ نیشتمان و خزم و کەس دایگرتم. بەدەم گریانەوە خەو بردمیەوە.

 

 

میسیۆن

هەر کە لەسەر هەنیشکان بەرز بوومەوە بۆ ئەوەی لە پەنجەرەکەوە بڕوانمە ئەو تەپۆڵکانەی دەوری بنکەی میسیۆنیان داوە، تەوژمی بۆنێکی خۆشی تووتڕکی کێوی هات بە لووتما. هێشتاش ئەمن خەمبار و گیانداهێزراو بووم، چونکە ئەو رۆژە دەبوو بۆ کارکردن بۆ سپی پێستان ماڵی خۆمان بەجێ بێڵم.

دەزانی لە سەرەتای رۆژانی تەقەلا و کێشمەکێش بۆ مانەوە، دژواری و ئێش و ئازارێکی زۆر رووبەرووی خەڵکی ئێمە دانیشتوانی کۆنی ئوسترالیا بوویەوە. لە رێگەی بەلاڕێدا بردن و هەڵخەڵەتاندن، پیاوانی بەناو دڵسۆزی سپی پێست ئێمەیان لە دایک و باوکی سروشتیمان دوور ئەخستەوە. ئەمەش کاری کردە سەر هەموومان. دایک و بابی راستەقینەمان لەدەست چوون، لە رێی چوونە نێو میسیۆنەکان ناو و نیشان و پێناسەمان نەما، بەزۆرەملی شێوە ژیانی ئەوروپییان پێ سەپاندین.

هێشتا منداڵ بووم کە لە ریڤەرداڵ خستیانمە هەتیوخانەیەک بەناوی 'سەینت یوسف' ئەم هەتیوخانە لە ژێر فەرمانی 'سەینت جان'دا بەڕێوە دەچوو. کە بوومە سێ ساڵان بردمیانە ماڵێکی تر پێیان دەگوت 'میسیۆنی گەڕۆک' لەم میسیۆنە سیانزە سال لە تەمەنم تێپەڕ بوو. کلیسای کاتۆلیک ئەم میسیۆنەی بەڕێوە دەبرد. ئەو راهیبە و قەشە و برادەرانەی ئێمەیان پێ سپاردبوون بە رەگەز ئاڵمانی بوون. لە هەموو ئەو ساڵانەی مناڵیمان پەروەردە بە شێوەیەکی زۆر توندوتیژ بەڕێوە دەچوو. هەموو رۆژێک بە لێدانی زەنگ ئەرکەکانمان دەستی پێدەکرد. یەکەم پرینسیپیشیان جیاکردنەوەی کوڕان و کچان لەیەک بوو.

لێرە لەم میسیۆنە ئەگەر لە ژێر پەروەردەیەکی زۆر توندوتیژیشدا بووین بەڵام رۆژانی خۆش و ناخۆشیشمان هەبوو. ئێمە دەبوو کۆمەک بین بۆ کاروباری رۆژانەی مەزرا وەکوو شیردۆشین، هێلکە کۆکردنەوە، لەگەڵ برادەران بچین خواردن و ئالیک بدەین بە بەرازان و بە رەشەوڵاخان، یان سەر بدەین لە ئاشەباکان.

لە میسیۆن دەشیانناردینە بەر خوێندن. من لە خوێندن زۆر زیرەک نەبووم. تەنانەت ئەو کاتەیش کە بۆ کارەکەری لە میسیۆن قوتابخانەم بەجێهێشت نەمدەتوانی کاتژمێر بخوێنمەوە. ئەمەش مانای ئەوە بوو تادەبوومە پانزە و شانزە ساڵ دەبوو لە میسیۆن بۆ سپییەکان کار بکەم.

بەمجۆرە ساڵانی مناڵیم تێپەڕبوو، هەتا ئەو بەیانییە بەهارە تایبەتییەی کە بە هەست و سۆزێکی ناخۆشەوە لە خەو ئاگا بوومەوە. یەکەمجار بوو لە ژیانمدا لە تەمەنی شانزە ساڵیما شوێنی لە دایکبوونی خۆم بەجێدەهێشت. نەمدەزانی چی چاوەڕێم دەکا، دەترسام. نەمدەویست بڕۆم، بەڵام هیچ چارم نەبوو.

لە ئاڵۆزی وپەرۆشیدا ماڵاواییم لە هاواڵانم کرد. ئەوجا سپییەکان هاتن لەگەڵ خۆیان بمبەن. ئەوان ژن و پیاوێک بوون لە ماشێنێکی شیکدا، هەردووکیان پۆشتە و پەرداخ و گەڕاوە بوون، وابزانم لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا. بەڕێوەبەری میسیۆنەکە منی پێ ناساندن و پێمی گوت دەبێ بۆ ئەم خەڵکە باشە کار بکەم.

ماشێن بەرەو شوێنێکی نادیار بردمی. لە پشتەوە بەدەم خەم و ئاڵۆزییەوە دانیشتبووم. سەفەرەکە ئارام و بێدەنگ بوو. ئەو ژن و پیاوە پێکەوە قسەیان ئەکرد، ئەمنیش وەنەزم ئەدان.

خزمەتکارێکی رەش

لەو رێگەی کە ئەگەیشتە ماڵیان، کابرا ماشینەکەی راگرت. خانووەکەیان زۆر گەورە بوو. ژنەکە لای کرد بەلامەوە و گوتی دابەزم. خۆیشی دابەزی و دوای کەوتم بۆ ژوورەوە. چووینە چێشتخانەکەیان و دانیشتین. ژنەکە وتی ئەچێت پیاڵەیەک چا دروست ئەکا و زۆری پێناچێ. ئەو چووە ژوورەکەی خۆی بۆ  حەسانەوەی دوای ئەو سەفەرە درێژە.

من لەوێ دانیشتم، نائارام و بەپەرٶش بووم. بیرم کردەوە با چاوێک لە ژوورەکەی تەنیشتمەوە بکەم. ئەوەی کە بینیم هەناسەی لێ بڕیم! قاڵییەکی ئەنتیک و جوان بە رەنگی سوورێکی تۆخ لە تەختی ژوورەکە راخرابوو. کەلوپەلی نێو ماڵ هەموو جوان و خاوێن بوون. ورشە و پرشەی قاپ و قاچاخی زیو لە دەوری ژوورەکە نەشەی ئەخستە دڵەوە. ئاجورەکانی دەوری زۆپاکەش لە رەنگێکی سووری تێردا بریسکەیان ئەداوە. چلچرایەکیش بە میچی ژوورەکەوە چاومی خستە شەوارەوە. لەو کاتەدا سرمەی پێیان هاتە گوێم، خێرا چووم و لەسەر کورسییەکەم  بە کزی دانیشتمەوە.

ژن و پیاوەکە هاتنە ژوور، پیاوەکە دانیشت و ژنەکەش خەریکبوو بە ئامادە کردنی چاوە. منیش گوێم شل کردبوو بۆ گفتوگۆی نێوانیان. کە هەموو شت تەواو بوو، ژنەکەش دانیشت و رووی لە من کرد و گوتی: ناویان ئاغا و خانمی بیجلۆیە.

لەو کاتەیدا کە بۆ خۆی و پیاوەکەی چای دەکردە نێو ئەو پیالە و ژێر پیاڵە جوانانەدا، لای خۆم  بیرم ئەکردەوە، بڵێی منیش لەو پیاڵانەدا چا بخۆمەوە. بەڵام من تەنیا دوو پیاڵەم لەسەر مێزەکە دەبینی. کاتێک ژنەکە چوو بە لای دۆڵابەکەوە لە گۆشەیەکی دووری چێشتخانەکە، بە خۆمم وەت، "ئۆی چەند خۆشە! ئەوە ئەچێ لەو پیاڵە و ژێر پیاڵانەش بۆ من بهێنێ." بەڵام بە سەرسووڕمانەوە بینیم، بە قوتویەکی کۆنی تەنەکەوە گەڕایەوە لای مێزەکە، چای تێکرد و لەبەر دەمما داینا. بە شێوەی سەیرکردنەکەی من دەبێ سەرسامییەکەمی لە دەموچاوما خوێندبێتەوە.

من لە دۆخێکی دژوار و بندەستیدا پەروەردە بووم، بۆیە لەو جۆرە کەسانە نیم ئازادانە بێمە زمان و بیروبڕوای خۆم دەرببڕم. واش فێر کراوم قەت سەربەخۆ نەیەمە قسە مەگەر لە پێشدا قسەم لەگەڵ بکەن، ئیتر گرینگ نییە لە کامە بارودۆخیشدا بم.

زۆر بەرێزەوە لێم پرسی، ئەتوانم لەو پیاڵەو ژیرپیاڵانەدا چا بخۆمەوە، من فێری خواردنەوە لە قوتووی تەنەکەدا نیم. قەت لە میسیۆن ئەمەم نەکردوە.

ئەو وەڵامەی وەرمگرتەوە، دەنگێکی بەرز و تووڕە بوو. ئەو ژنە وتی: من وەک کارەکەرێکی رەش لێرەم، هەرچی ئەو دەیڵێ دەبێ ملکەچی بم. قوتووە تەنەکەکەم وەرگرت و بە پەشۆکاوی چاکەم خواردەوە. ئەوسا خانم وتی لەگەڵیا بچم ژوورەکەمم نیشان بداــ شتێک کە چاوەڕوان نەبووم، لام وابوو ژوورێکە وەکوو ئەو ژوورەی نانخواردنە، کە دیبووم.

لە دەرگای پشتەوەی چێشتخانەکە چووینە دەر، دوور لەو ژوورە جوانە بە چەند پلەکانێکا سەرکەوتین بە لای ژوورێکی کۆنی دووشدا تێپەڕیین، سەرێکم بردە ژوور و چاوێکم پیا خشاند، لە شوێنێک دەچوو کە سەگی لێ ڕادەگرن.

بەردەوام بووین لە گەڕان، لام سەیر بوو، ئەی ژوورە جوانەکەم لە کوێیە. لەم بیرکردنەوانەدا بووم کە خۆمان لە بەر دەرگای گاراجێکدا بینییەوە! خانم دەرگاکەی کردەوە، چرا نەوتییەکی پەیدا کرد بە قولاپێکەوە هەڵواسرابووــ چراکەی هەڵکرد. لەبەر رووناکی کزی چراکەدا جانتاکەمم بینی بە لای تەختەخەوێکی  دارینەوە دانرابوو. هاوارم کرد و پرسیم، جانتاکەم لەم دیوە پیس و ترسناکە چی دەکا؟ لەوانەیە بە هەڵە هاوردبێتت؟

وابزانم نەدەبوو ئەم پرسیارە بکەم، چونکە بە وەرگرتنەوەی وەڵامێکی توند کۆڵی خۆمم قورستر کرد. لەبەر خۆمەوە بەخۆمم گوت: من کارەکەرێکی رەشی ئەو خانمەم! تا ئەو کاتەی کاری بۆ دەکەم ، ئێرە دیوی خەوی من دەبێ.

خانم بە وتارێکی دوور و درێژ وتوندوتیژ هیرشی هێنایە سەرم و گوتی لە منی دەوێ بەیانی زوو هەستم لە خەو. ئەگەر تەماشای دۆڵابی تەنیشت تەختەکە بکەم سەعاتێکی زەنگداری تێدا دەبینم. دەبوو لە سەر سەعای پێنج کۆکی بکەم. لە پشت دەرگای گاراجەکەشەوە، گەسکێکی گەورەی قامیش ببینمەوە. بەو گەسکە دەبوو ئەو ریگایە بماڵم کە دێ بۆ ماڵەوە. دوایی زانیم ئەو رێگایە مایلێک درێژە. پاش ئەم کارەش دەبوو لە چێشتخانە چاوەڕوانی خانم بمێنمەوە.

بە فیزێکەوە سەیری کردم و بە کەشوفشێکەوە لە دەرگا چووە دەر و منی لە بار و  دۆخێکی رق و سووکایەتی پێکراویدا بەجێهێشت. لە نێو جانتاکەما دەستم کوتا بۆ جلەکانی خەوم، بەئارامی لەبەرم کردن، چراکەم کوژاندەوە و لە نیو جێگەدا ئەو هەستە ئاشنایەی کە پێی دەڵێن دەردی دووری یان دڵتەنگی بۆ نیشتمان و خزم و کەس دایگرتم. بەدەم گریانەوە خەو بردمیەوە.

ژێرنووس:

گلێنیس وارد ـ ١٩٤٩  Glenyse Ward

نووسەری ئابۆرجینی گلێنیس وارد هێشتا زۆر مناڵ بوو لە ماڵ برایە دەر و زۆری تەمەنی مناڵی خۆی لە میسیۆنێکا تێپەڕ کرد کە راهیبە ــ واتە سۆفیلکە ژنانی ئاڵمانی بەڕیوەیان دەبرد. گلێنیس خۆی وا راهێنا کە زاڵ بێ بە سەر دەورەی ناشادی مناڵیی خۆیدا و ببێتە نووسەرێک. ئەم چیرۆکە کورتە نووسینی خۆیەتی لە بەسەرهاتی ژیانی. ساڵەکانی١٩٥٠ ئەو کاتەی گلێنیس وارد منداڵ بوو، کاربەدەستانی ئوسترالی بە شێوەیەکی رێکوپێک منداڵانی ئابورجینی و منداڵاڵە دووڕەگەکانیان لە دایک و باوکیان دوور ئەخستەوە. لە ساڵەکانی ١٩٦٠ دا، سپی پێستە ئوسترالییەکان ئەم رەفتەیان لەگەڵ ئابورجینییەکان بۆ کەوتە ژێر پرسیار و خوازیاری ئاڵ و گۆڕیان بوون. ساڵی ١٩٦٧ بۆ یەکەمجار مافی دەنگدان درایە ئابورجینییەکان. هەر چەند حکومەت لەو کاتەوە هەتا ئێستا، دەستی پێکردوە بە قەرەبووکردنەوەی ئەو ناڕەواییانەی کە لە رابردوودا، دەرحەق بە دانیشتوانی رەسەنی ئوسترالیا کراوە، بەڵام هێشتاش زۆر کار ماوە بکرێ.

 

 

گەڕان بۆ بابەت