ما 3992 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

تاهیر سیوەیل

وتم: ئیدی وایە، لەمڕۆماندا مەسڵەحەت لە کوێ بوو مرۆڤەکانیش لەوێ دەبن، جارێك لە رووداو جارێکی تر لە کوردستانی نوێ یان لە ژیان یان سەردەم... ئیشی هەر وا چەپگەردە ژیان. بەڵام هەرگیز ئەو فەوزاو ژاوەژاوە ناتوانێت کاری ئەدەبی و هونەری رەسەن داپۆشێت

 

سەعید قەومانی

 

بە هەڵەداوان خۆی کرد بە چایخانەی مەچکۆداو بڵاوکراوەکەی لە پێش دانام.  وتم چی بووە، دیارە ئەم ڤایرۆسە لەعنەتییە گیانی زیاتری لەناوبردووە؟

وتی: واز لەو ڤایرۆسە بێنە بە ئێمە چارەسەر ناکرێت. بزانە سەعید کوو گۆمەکەی شلەقاندووەو چی نووسیوە دەربارەی کتێبەکەی کاکە؛ لەمـەڕ ئەزموونی شاعیرانی پاش راپەرین؟ ٣٠ ساڵ ئەزموونی جۆراوجۆر لە ٧ شاعردا کورت بکاتەوە یانی چی؟

وتم: راستە من ئەدیب و نووسەر نیم، بەڵام قسەکانی سەعید راستن و ئەو وردبینە، پاشان لە چوارچێوەدانی شاعیران و سنووربۆدانان و پێناسەڕێژیی هەمووی دەرخستنی توانای خودە لە زاڵبوون بەسەر دیاردەکان و هەزمکردنی تەواوی واقیع و نووسینەوەی بە ویستی خود، کەئەمەش جۆرێك نائینسافی و باییبوونیش دەردەخات، راستە؛ کاکە مامۆستایەو شاعیرەو زانیاری لەسەر رەوتە رەخنەییەکان هەیە بەڵام ئەو رەخنەنووس نییە، بگرە نووسینەکانی جگە لە رانان و دیدی خۆی بۆ بابەتی شیعرەکان هیچی دی نییە، رەخنە میتۆدو هەڵوەشانگەرای و گەڕان و دۆزینەوەکان و کاری وردو کاتی زۆرو چاوی رەخنەیی دەخوازێت.

وتی: خۆ کابرایش هەر رانانی کتێب دەکات و ناوی لێ دەنێت رەخنەی ئەدەبی.

وتم: جیاوازی ئەو دووانە  گەورەیە، چونکە ئەوی یەکەمیان هەرچەندە سەلیقەی رەخنەیی نییە، بەڵام شارەزایی قوتابخانەو قۆناغە ئەدەبی و رەخنەییەکانی هەیە، بەڵام هەرچی دووەمە هیچیان.

وتی: ئەی چی دەڵێیت سەبارەت رەخنە نووسی وا کە چەند ساڵێکە هەر بە شاعیرێکەوە گرتوویەتی، شیعرەکانی دەکاتە عەرەبی و بە چەندان کتێب بڵاوی دەکاتەوە، یان بە هەمان شێوە بە عەرەبی رەخنە لە سەر شیعرەکانی هەمان شاعیر دەنووسێت و دەیکاتە کتێب، یان زنجیرە رەخنەیی بە کوردی لەسەر شیعرەکانی دەنووسێت، دەڵێی رەنگە هەر ئەو شاعیرە هەبێت لە کوردستاندا.

وتم: دەبێت ئەو ماستە موویەکی تێدا نەبێت؟

وتی: مووی چی بڵێ گوریس.

وتم: ئەو دیاردانە لە ناو دنیای گەندەڵیدا بە حاڵەتێکی زۆر ئاسایی دەبینرێن مادامەکی خوێنەر نییە.

وتی: ئەی بۆ کولتوری زەمەن ناڵێیت، نزیکەی دە بابەتی زیاتر لەسەر شاعیرێکی جوگرافیایی دابەزاندووە و رەنگە هێشتا هی تریش بەڕێوە بێت، وەکو ئەوەی لە ناو کوردا هەر ئەو داهێنەرە هەبێت... ئەمە هێشتا گۆڕانکاری نەکراوە، ئەی گەر گۆرانکاری کرا دەبێت چ پشتئاشانێك بۆ ئەوانی دی بخولقێنرێت؟

وتم: ئیدی وایە، لەمڕۆماندا مەسڵەحەت لە کوێ بوو مرۆڤەکانیش لەوێ دەبن، جارێك لە رووداو جارێکی تر لە کوردستانی نوێ یان لە ژیان یان سەردەم... ئیشی هەر وا چەپگەردە ژیان. بەڵام هەرگیز ئەو فەوزاو ژاوەژاوە ناتوانێت کاری ئەدەبی و هونەری رەسەن داپۆشێت، لێگەڕێ ئەمڕۆ ئەو مۆدە لە ئارادایە و سبەینێ شتێکی جیاوازتر دێتە گۆڕێ و دەبێت.

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت