ما 4595 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لای ئێوارە سەعاتی پێنج کتوپڕ چەند ماشین لەبەر ماڵەکەیدا بەهەڵەداوان رادەوەستن و بەشێوەیەکی زۆر ترسناک لە دەرگاوە و بەسەر حەساردا خۆ بە ژوورەوەدا دەکەن. لەو چوار سەیارەیە یەکیان ئیدارەی ئیتلاعاتە، ئەوی تریان ئیدارەی خەباتکردن لە دژی فەسادە ئەخلاقییەکانە، دانەکەی تریان ئیدارەی پاراستنی ئاژەڵ و ژینگەیە و چوارەمیشیان بەشی رادیۆ و تەلەفزیۆنە.

 

خواردنی چینی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دراوسێ قەڵەوەکەم کە چەوری خوێنی هەبوو و کاتێک قسەی دەکرد هەناسەی سواردەبوو و هەرچیشی دەکرد کێشی لەشی دانەدەبەزی، کاتێک سەفەری چینی کرد و گەڕایەوە، وەها کەوتبووە ژێر کاریگەریی کلتوری چینییەوە نەبێتەوە. کاتێک دەچووم بۆ سەردانی یاخود لە بەردەم دووکانەکەی گەڕەک جاروبارە بەتووشیەوە دەبووم، دەستبەجێ دەکەوتە گێڕانەوەی ئەوەی وا لە سەفەرەکەی بینیبووی. باسی بینابەرزەکان، باسی شارە گەورە و قەرەباڵغەکان، ئەو حەشیمەتەی کە خەیاڵیش نەیدەگەیشتێ و کەچی هەموو بە خۆشی و بە سەلامەتی پێکەوە دەژیان، سەرسەوزی و دیمەنە سیحراوییە سروشتییەکانی، باسی جادە و پرد و سەنتەرە سەرسوڕهێنەرەکان. ئەوەی دەیگوت، نەیدەگوتەوە. وەها نوقمی قسە و گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی دەبوو کە لەبیری دەکرد دەبێ لە شوێنێکدا کۆتایی بە قسەکانی بێنێ. بۆیە هەموو جارێ من بەناچار، ئەگەرچی کەمێکیش وەک بێ ئەدەبی دەینواند، دەبوایە بە پرسیارێکی تر ئاراستەی قسەوباسەکە بگۆڕم و بیخەمە سەر بابەتێکی تر. کە وام دەکرد، ئەو رادەوەستا، سەری بەرزدەکردەوە و لە ناوچاوانمی دەڕوانی، دەستێکی رادەوەشاند و دەیگوت وادیارە زۆرم وت، وانیە؟! منیش سوورهەڵدەگەڕام و دەمگوت نانا ئەو قسانە چییە! بەڵام ئەو کە دەستبەجێ دۆخەکەی دەخوێندەوە، دەچووە سەر وەڵامی پرسیارەکەی من و بەڵام وەهای جواب دەدامەوە کە بە جۆرێک سەرلەنوێ بچێتەوە سەر وڵاتی چین!

ئەوەی دراوسێکەم لەسەری زۆر رادەوەستا و باسی لێدەکرد جۆری خواردنی چینییەکان بوو. لەم کاتانەدا ئاستی دەنگی دەهێنایە خوارەوە و لە کاتێکدا چاوێکی بە دەورووبەردا دەگێڕا، دەیگوت:

ـ کاکی برا، دەبێ لەوێ بی و بۆخۆت بە چاوەکانی خۆت بیبینی،... هەموو شتێک دەخۆن. ئەوەی زیندەوەربێ و بجووڵێ رۆژێک لە رۆژان رێگای دەکەوێتە سەر سفرەکەیان، بێز لە هیچ ناکەنەوە، قێز و بێزی چی و شتی چی،... نەخۆشیش ناکەون، هەتا بڵێی قەڵەویشان کەمە، خۆ ئاگات لێیە لە وەرزشیش دا چ هەرایەکیان لە دونیادا ناوەتەوە. دیارە من لام ئاساییە چونکە حەشیمەتێکی وەها بە چی تێردەکرێن؟ بە مەڕ و بزن و مانگا؟... شتی وانابێ مەڕ و بزن و مانگای دونیا بەشیان ناکا... .

لێرەدا دەنگی نزمتر دەکردەوە، دەمی لە بن گوێی من نزیک دەکردەوە و دەیگوت:

ـ کەر و سەگ و پشیلەیش دەخۆن،... ئا ئەویش دەخۆن، نازانم دەزانی یان نا لە وڵاتی پاکستانەوە بەتایبەت کەر بۆ ئەوێ هەناردە دەکەن، گوێت لێیە هەناردەی دەکەن،... ئەنتیکەیە،... وانیە!؟ دەڵێن لە پاکستان کەر نرخی زۆر لە سەرەوەیە، شوێنی تایبەت هەیە بۆ بەخێوکردن و بەرهەمهێنانیان،... لات وایە کەرە بەڕەڵڵا کۆدەکەنەوە!... نا کاکی برا، کەرن کەر لەهەرە جۆری شاز و بێوێنەی!

من کە هەموو ئەم زانیاریانەم لەوەپێش دەزانی و بە دەیان جار لێرە و لەوێ بیستبووم و لەسەر نێت خوێندبوومنەوە، نازانم بۆ هەموو جارێک سەرتاپا دەبوومە گوێ و هەتا کۆتایی چیرۆکەکە گوێم لە دراوسێکەم دەگرت. لام وایە زیاتر ئەرکی دراوسێتیم بەجێدەهێنا.

رۆژێکیان کاتێک دیسان لەبەردەم دووکانی گەڕەکەکەمان بینیمەوە، بە گوێمدا چرپاندی کە شێوازێکی نوێ و کاریگەری بۆ وەزن کەمکردن و قوتاربوون لە نەخۆشیی چەوری خوێن دۆزیوەتەوە و لە سبەیەوە دەیەوێ جێبەجێی بکا. ئەمەی گوت و لە کاتێکدا بزەیەکی سەرکەوتووانە بە سەر لێوەکانییەوە بوو، بەپێچەوانەی جاران کە حەزی لە درێژەدانی قسەکانی و باسکردنی دووبارە سەبارەت بە وڵاتی چین بوو، جێی هێشتم و رۆیشتەوە بۆ ماڵەوە.

بەڵام ئەو شێوازە نوێیە چیبوو وا دراوسێکەم دۆزیبوویەوە؟ دراوسێکەم بڕیاری دابوو وەک چینییەکان بخوا. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو شتانەی وا چینییەکان دەیانخوارد لە بازاڕ دەستنەدەکەوتن، لە حەوشەکەی خۆیان کە حەوشێکی گەورەیش بوو دەستیکرد بە پەیداکردنیان. بۆ وێنە دەستیکرد بە هەڵکۆڵینی زەوی و کۆکردنەوەی کرم و قالۆنچە و هەرچی وردەخزۆک بوو وا دەیتوانی دەستیان بخا. هەروەها کوشتنی ئەو کوللانەی وا بەهەڵکەوت روویان لە حەوشەکەی کردبوو. تفەنگ بادییەکیشی کڕی و لە کوشتنی هیچ باڵندەیەکیش وا رووی لە حەوشەکەی دەکرد، نەدەسڵەمییەوە. سەرەتا ژن و منداڵەکەی زۆر بەتووندی بەرهەڵستی بوونەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پیاوی ماڵەوە بوو و لەدووا قۆناخدا کەس نەیدەتوانی قسە لەسەر قسەی بکا، توانی لە ژوورێکی بچووکی پشت حەوشەکەیان کەل و پەلی سازکردنی خواردنی خۆی کۆبکاتەوە و دەستبکا بە سازکردنی ئەوەی وا لای وابوو رەمزی رزگاربوونی لە نەخۆشی چەوری خوێن و کێشی یەکجار زۆری جەستەی بوو.

بە هۆی دراوسێبوونمانەوە من جاری وابوو لە ماڵەکەی خۆمەوە بۆنی سەیری برژان و کوڵانی گۆشتی عەجایەب و غەرایبم دەکرد. خێزانم کە نەیدەزانی چە باسە، بە بۆڵەبۆڵ پەنجەرەکانی پێوەدەدا و دەیگوت لەم گەڕەکەدا شتێک روویداوە و کەس نازانێ چییە. منیش کە لە دەروونمەوە بڕیارێکی ئەخلاقی پێی دەگوتم دەبێ رازهەڵگری دراوسێکەم بم، هیچم نەدەگوت و دەمگوت چاک دەکەی پەنجەرەکە پێوەدەدەی!

بەڵام رۆژێک شتێکی سەیر روویدا. دراوسێکەم کاتێک دەبینێ سەرەڕای خواردن بەشێوازی چینییەکان کێشی لەشی دانابەزێ، دێتە سەر ئەو رایە هۆکارەکەی نەخواردنی پشیلە و سگ و کەرە. ئەوسا دادەنیشێ و لێکیدەداتەوە چۆن چۆنی دەستیانبخا. پاش ماوەیەک هێنان و بردن دەگاتە ئەو ئەنجامەی گرتنی پشیلە بە هۆی سرک بوونییەوە مەحاڵە، تەنانەت چەند جارێکیش بە تفەنگە بادییەکەی بەو پشیلەوەی نابوو وا جاروبارە رووی لە حەوشەکەیان دەکرد، بەڵام پشیلەکە یەک بەخۆی داچڵەکابوو و بەرزببووە و بە راکە لەچاوان ونببوو. ئیتر قەت نەیبینییەوە. دڵنیا لەوەی بەهۆی برینی جەستەییەوە لە شوێنێک تۆپیبوو، حەسرەتی ئەوەی دەخوارد چەند نامەردانە لەدەستی قوتارببوو. وەک جارانیش نە سەگی بەڕەڵڵا دەستدەکەوت و نە کەری بەرەڵڵایش. دراوسێکەم لای وابوو دەبێ هاوکات لەگەڵ خواردنی قالۆنچە و کرم و کوللە و شتی لەم بابەتە ئەو گۆشتانەی تریش بخوا وا چینییەکان دەیخۆن. ئەگینا نەچەوریی خوێنی دادەبەزێ و نە کێشی لەشی.

رۆژێک بەدەم ئەم خەیاڵاتانەوە لە کۆڵانێکەوە تێدەپەڕێ. کاتژمێر دووی دووانیوەڕۆی رۆژێکی سەرەتای پاییز دەبێ. کتوپڕ لە لاکۆڵانێکدا بە تووش کەرێکی پیری شەلەوە دەبێ. ئەم کە زۆری لا سەیردەبێ، پاش کەمێک گفتوگۆی دەروونی لەگەڵ خۆی بەو ئاکامە دەگا بە هۆی چۆڵیی گەڕەک و کۆڵان لە وەها کاتێکی رۆژدا دەتوانێ کەرە پیش خۆی بدا و بیباتەوە بۆ ماڵەوە. کەرە کە خەریکی سەر بە زبڵداکردنی بەر ماڵانە، سەرەتا زۆر وەڵامی نایاتەوە؛ بەڵام دراوسێکەمان هەرچۆنێک بێت پێشی خۆی دەدا و سەعاتی دوو و بیست و پێنج دەقیقە دەیکا بە حەوشەی ماڵەکەیدا.

سەرەتا کەرەکە لە حەوشەی پشتەوە دەبەستێتەوە. دیسان قەیرێکی چاک بەلایەوە رادەوەستێ و بیرلەوە دەکاتەوە چۆن چۆنی سەری ببڕێ و گۆشتەکەی بخاتە فریزەوە. دراوسێکەمان بە هۆی ماندوویی و بیری زۆرەوە سەرئەنجام بڕیاردەدا جارێکە بچێتە سەرەوە، نانێک بخوا و پشویەک بدا و ئەوسا جوانتر بیر لە مەسەلەکە بکاتەوە.

لای ئێوارە سەعاتی پێنج کتوپڕ چەند ماشین لەبەر ماڵەکەیدا بەهەڵەداوان رادەوەستن و بەشێوەیەکی زۆر ترسناک لە دەرگاوە و بەسەر حەساردا خۆ بە ژوورەوەدا دەکەن. لەو چوار سەیارەیە یەکیان ئیدارەی ئیتلاعاتە، ئەوی تریان ئیدارەی خەباتکردن لە دژی فەسادە ئەخلاقییەکانە، دانەکەی تریان ئیدارەی پاراستنی ئاژەڵ و ژینگەیە و چوارەمیشیان بەشی رادیۆ و تەلەفزیۆنە.

بە هەر چوار ئیدارەکەوە شەش چەکدار، دوو کارمەند، فیلمهەڵگرێک و رۆژنامەوانێک دەبن.

وەک خەڵکی دەڵێن ئیدارەی ئیتلاعات لای وایە دراوسێکەمان بەتەمای ئەوە بووە ئەم کەرە بۆ تەقینەوە بەکاربێنێ، ئیدارەی پاراستنی ئاژەڵ و ژینگە پێی سەیربووە لەم شارە کەر هەبووە و هاتوون بزانن لە کوێوە هاتووە و داخۆ وەزعی باشە یان نا، رادیۆ و تەلەفزیۆنیش وەک هەمیشە وەک بۆخۆیان دەڵێن بۆ رووماڵکردنی هەواڵەکە هاتبوون بۆ ئەوەی هاووڵاتیان وەک هەمیشە بزانن لە وڵات چی دەگوزەرێ.

بەڵام،... بەڵام ئەی ئیدارەی خەباتکردن لە دژی فەسادە ئەخلاقییەکان چی،... ئەوان بۆ هاتبوون؟ ئەها،... دەڵێن کەرەکە لە راستیدا کەر نەبووە و ماکەر بووە!

لەو ناوەدا تەنیا منم دەزانم دراوسێکەمان لە راستیدا بۆچی ئەو ماکەرەی بۆ ماڵەوە بردبووەوە. هیوادارم بۆ یەکەم جاریش بووبێت کەسێک لە ژێر ئەشکەنجەدا دان بە راستیدا بێنێ و خۆی لە سێدارەدان قوتاربکا.

 

گەڕان بۆ بابەت