ئازاد کەریمی

ئاتورپاتەکان جیهانیان بە دنیا و جیهانی ژێرزەوی و جیهانی سەرزەوی پێناسە دەکرد. بۆ وێنە خواوەندی جیهانی خوارەوە وا تاریکی تێدایە نێرک گەل و خواوەندی جیهانی سەروو واتە مێتافیزیک خواوەند ئوتو یە لەبەر ئەوەی بە تیشکی خۆر ژیان و ڕۆح ئەخاتە کڵیشەی بوونەوەرانەوە.هەروەها ئنلیل خواوەندی زەوی بوو، خواوەندێکی خۆشەویست و باوکانە بوو کە خێرخوازیی خەڵک بوو.

 

شارستانیەتی کاردونیا (کەشوان)

ئازاد کەریمی

هوتان یەکان دوای ئەوەی دەسەڵاتەکەیان لە ساڵی٢٠٥٥ی پێش زایین لە بابل ڕووخا و تیریک شای هوتان لە ئاگاد کوژرا، هۆزەکانیان گەڕانەوە بەرەو زاگرۆس و ماوەی دووسەت ساڵ بە شێوازی دەوڵەت شار لە قەڵاکانیاندا ژیانی خۆیان دەکرد.هەرچەندە لە تاورۆس واتە کوێستانی هورو دەشتەکانی پاتان شارستانیەتی هور کە ماوەی ٣٠٠٠ ساڵ بوو بە دیوی ڕۆژاوای ناودووڕووانی باکووردا بڵاو ببوونەوە شارستانیەتەکانی هوری ولقەکانی وەک هیتی و میتانی درووست ببوون و هەتا هوروژمی سکاکان لە ٧٠٠ی پێش زاییندا درێژەی هەبوو، بەڵام لە زاگرۆس هۆزە کانی هوتان و ئولووان بە شێوازی کۆنفێدراڵی بنەماڵەیی واتە ماتان یان مادان ژیانیان دەکرد. دەسەڵاتدارانی ئەڵو-هوت سەر بە چینی کۆمەڵایەتی مات یان ئاریستۆکرات بوون. ئاریستۆکراتەکان پێکەوە پەیماننامەیان مۆردەکرد و پێکەوە ناوچەیەکیان بەڕێوە دەبرد. ماتان یان مادان خاوەن دەسەڵاتی "پات شێ"یەکانی کەیان- گیر (سومەر) بوون واتە هەم دەسەڵاتدار بوون (پیر) هەم مۆغ ی ئایینی بوون. ئەو موغانەی وا تەنیا کاری ئایینییان دەکرد بە کاوی دەناسران بەڵام "پات شێ" واتە شای پیرۆز. دەسەڵاتی پات شی بە هۆی ئەوەی هەڵگرێ پلەی ئایینی بوو، پیرۆز بوو لە لایەن خواوەند ئوتووە چاودێری دەکرا. پات شێ یەکی زاگرۆس بە نێوی "زەنداس" یان "زەند" وا سەرۆکی کۆنفێدراسیۆنێکی هوتی- ئولۆیی بە نێوی "کەشوە" یان "کەشواد، که شپات" بوو دوای ئەوەی هۆزەکانی زاگرۆسی یەکگرتوو کرد لە ساڵی ١٧٥٠ی پێش زایین بەرەو دەشتەکانی ناودووڕوان واتە ئاگاد و بابل هێرشی هێنا و دەوڵەتی هامورابییەکانی ئاموری ڕووخاند. لە بەردەنووسراوەکاندا لە بابل بە کەش یان کەشۆ تۆمار کراون. زەند ناوی دەوڵەتەکەی نا "کاردونیا" واتە جیهاندار یان دنیادار. دوای زەند: کاک ڕم، گاماس، بەرزی گەرماو، شیدە،کرند، مەرداس، زاگرۆس سورداش، خومزاد و... پاشایەتی بابل و زاگرۆسیان کرد و لە کۆتاییدا دوای ٦٢٥ ساڵ دەسەڵاتدارێتی لە ساڵی ١١٧٥ی پێش زاییندا کاردونیا بە هێرشی کوتوپڕی هیتی یەکان کۆۆتایی پێهات. هەروەک کوترا هیتییەکان وەک هوتی و ئولوبیەکان بە ڕەگەز دەگەشتنەوە بە شاهانی سومەر.

شارستانیەتی هوری

هوری، ئوری،حارری،سوری،شوری،توری وخوری ناوی شارستانیەتێکە وا لە چیاکانی تاورۆس و دەشتی پاتان (حاران)دا بۆ ماوەی سێ هەزارساڵ خاوەن پێگەی کولتوری و سیاسی و مێژوویی بووە. زمانی هوریەکان زمانی ئارراتە واتە ساگراتییەکان بووە. ئەو زمانەی وا ئەڵوان و هوتان و کەشوان و کەیانەکان قسەیان پێ کردووە. هورییەکان لە بواری ئایینیەوە هەمان ئایینی باوک و باپیران و خەڵکی خۆیان لە زاگرۆس پەیڕەو کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان بە هۆی دراوسێ بوون لەگەڵ کەنعانی و ئاشورییەکانەوە هەندێ چیروانۆک و تایبەتمەندی خۆیان بووە. ناوی خواوەندی خۆر لەلای هورییەکان تیم- ئی یان توڤ ئی (simgi) یە واتە هەمان خواوەند ئوتوی کەیانی، خواوەند هوتوی ئەڵوانی و هوتی. ناوی خواوەندی مانگ، کەشکۆیە واتە گۆی ئاسمان ودەمانخاتەوە بیری کۆنفێدراسیۆنی کەشوەی زاگرۆس وا دەوڵەتی کاردونیای لە بابل دامەزراند. هوری یەکان نۆتی گۆرانییان نووسیوە و لە ڕووی دەقەوە ئامێری موسیقییان ژەندووە، زۆر سەیرە، هەروەها چەند چیروانۆکی وەک "کوماربی" یان نووسیوە. کوماربی ژیاننامەی خواوەندێکی نیوە بەرد نیوە مرۆڤە: کو واتە ڕەقەبەرد و ماربی یان مارڤی واتە مرۆڤ. تور یان هور ئەوەیە وا ئێستا پیی دەڵیین "گڕ" کاتێ ئەڵێین هوور یان خۆر مەبەستمان خۆ- ئورە واتە "گۆی گڕ"، ڕاستە وایە خۆری ئاسمان گۆی گڕاوی و ئاگرینە. کوێستانی تاورۆس یان نیشتمانی هوری یەکان هەمان مانای هەیە واتە کوێستانی خۆر، کوێستانی تور یان گوڕ. لە هەزاران ساڵ پێش ئێستاوە هوری یەکان یان توری یەکان لە شاری هەرران پەرستگەیان بۆ خوواوەندی خۆر یان تور بەرپا کردبوو. خواوەندی پارێزەری تیشکی خۆر یان گڕ واتە توڤ- ئی یان ئوتو ئەوپەڕی ڕێزی بوو، موغەکان قوربانی یان بۆ دەکرد و لە ڕێگەی ڕمڵ و ئەستێرلەپەوە خەرێکی چاودێریکردنی خۆر بوون و هەموو دیاردەکانی ئاسمانیان بۆ پێگەی خۆر و کاردانەوەی ئەستێرەکان و خۆر و مانگ و تروسکە واتە ئەستێرەی ئاناهیتا یان هانە لە سەر ژیانی سەر زەوی ڕەچاو (رصد) دەکرد. ئەو موغانە بە ئاتورپات بەناوبانگ بوون واتە پارێزەرانی ئاتورو بە پەرستگەی خواوەند ئوتو دەگوترا ئاتورمان. ئاتورپاتەکان جیهانیان بە دنیا و جیهانی ژێرزەوی و جیهانی سەرزەوی پێناسە دەکرد. بۆ وێنە خواوەندی جیهانی خوارەوە وا تاریکی تێدایە نێرک گەل و خواوەندی جیهانی سەروو واتە مێتافیزیک خواوەند ئوتو یە لەبەر ئەوەی بە تیشکی خۆر ژیان و ڕۆح ئەخاتە کڵیشەی بوونەوەرانەوە.هەروەها ئنلیل خواوەندی زەوی بوو، خواوەندێکی خۆشەویست و باوکانە بوو کە خێرخوازیی خەڵک بوو. هوری یەکان چەند خواوەندی دیکەیان هەبوو وەک تەزوو، شوێشە یان تیشک و... لە سەر بەستێنی شارستانیەتی هوری دوو شەهەنشایی سەریان هەڵدا هیتی یەکان و میتانیەکان و ئەم دوو شەهەنشایی یە و مێژوویان ڕەنگدانەوەی لە سەر مێژووی گەلی کورد زۆر بەهێز بوو. کاتێ هیتییەکان هێرشیان کردە سەر میتانی و کاردونیا و خۆیان دواتر بە هێرشی کیمریەکان و سکیتەکان لە نێوچوون، کوردستانی کون پڕبووەوە لە کۆنفێدڕاڵییە جۆراوجۆرە هەرێمیەکان (ئۆرارتو، ماننا، کوموش، گیلزان، خالدی، ئەڵو- مایت...) هەتا ساڵی ٦٠٠ی زایینی وا شەهەنشا گۆدەرزی ماد نەتەوەی کەیانی کە ماوەی هەزارو شەشسەت ساڵ بوو بە زاگرۆس و تاورۆس وناودووڕووان دا بڵاو ببوونەوە جارێکیتر لە ژێر چەتری دەوڵەتێکی یەکگرتوو بە ئایینێکی یەکگرتوو و زمانێکی یەکگرتووکۆ کردەوە. با ئەوەش بڵێم ئێزیدیەکان میراتگری ڕاستەوخۆی کولتوری ئایینی هوری یەکانن و پارێزەری کۆنترین ئایینی مێژووی حەوت هەزارساڵەی کوردن. بێجگە لە حەران،شارەکانی ئورکەش و ئوگاریت، نوزی و ماری و ئاراپخا شاری هورییەکان بوون.

شاهەنشایی میتانی

لە دڵی شارستانیەتی هوری یەوە دەوڵەتی میتانی و دەوڵەتی هیتی بەرپاکرا. هەرچەندە دەوڵەتی هیتی دوو سەدە پێش میتانیەکان درووست ببوو، بەڵام سەرەتا باسی دەوڵەتی میتانی دەکرێ لەم بابەتەدا: ئەستێرەی میتانیەکان لە پازدە سەدە پێش زایینی یەسوع واتە ٣٥٠٠ ساڵ لەمەوبەرلە ئاسمانی مێژووی کوردستانی کۆندا هەڵات. میتانی یەکان بە گوێرەی ناوی چەند شاهەنشایان، هەندێ ڕاستیی لە ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکی ئەو سەردەمەی ڕۆژاوای ڕووباری فرات دەردەخەن. ئەوان خاوەنی شارستانیەتێکی درەوشاوە لە بواری کۆمەڵایەتی، دیپلۆماسی و ئارتەشداری بوون. سەربازان و شەڕوانانی میتانی بە مارجانگو واتە مەردی جەنگی دەناسران. ئاشوریەکان باجیان پیدەدان ،تەنانەت جارێکیان شای میتانی "شاویس" پەلاماری ئاشووری دا ودرگا زێڕینەکانی کۆشکی پاشایەتی ئاشوری هەڵکەند وهێنایەوە بۆ "خوەشکان" پایتەختی میتانی. هەروەها ئەوان لەگەڵ فەڕۆخەکانی مسرپەیمانیان بەست و چەند شازادەیان وەک دوختو (تادوخیپا) مێردی بە فەڕۆخی مسر کرد. دوختو یان تادوخیپا کە بە زمانی مسری کۆن بە نێفێرتیتی دەناسرا. بیرۆکەی خواوەند "ئوتو" یان "هوتوس" ی لەگەڵ خۆی برد بۆ کۆشکی فەڕۆخەکانی مسر و "ئەخناتون" بوو بە ئەو فەڕۆخە یاخییەی وا بوومەلەرزەی ئایینی-سیاسی خستە کۆمەڵگەی مسرەوە. خواوەند ئاتون وا هەمان خواوەند ئوتو یە وا کوردانی کۆن لە سەردەمی کەیانی یەکانەوە بڕوایان پیی بوو، خواوەندی پارێزەری تیشکی خۆر. میتانییەکان خاوەنی کتێبخانە،برجی ئەستێرەوانی، ئاتورمان و پەرستگە، سوپای بەهێز، دەزگای دیپلۆماتیکی بەهێز و شارستانیەتێکی پێشکەوتوو لە سەردەمی خۆیاندا بوون.کتێبخانەی حەران وا پڕ بوو لە کتێبی فەلسەفی و ئەستێرەوانی و بیرکاری و کیمیا هەتا سەدەی هەشتی زایینی کتێبخانەی هەرە گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. لە کۆتاییدا بە هۆی دژایەتی کردنی مامون خەڵیفەی عەباسی لەگەڵ ئێزیدیەکان و مەنداییەکان کە میراتگری ئایینی باوکوباپیرانی کوردان بوون، ئاگری تێبەر درا، کتێبەکان و تۆمارەکان سووتێندران، ئەستێرەوانان و پیران و دەروێشان و موغان شەهیدکران، برجی ئەستێرەوانی ڕووخێندرا و خەڵکێکی زۆر کوژران لە بەر گۆشەی چاوی خەڵیفەی موعتەزلی عەباسی و ئەو دینەی وا ئەو قەبووڵی بوو. ناوی شاهەنشاهانی میتانی سەرەڕای ئەوەی کوردین باسی پێگەی ئایینی ئەوانیش لە کۆمەڵگەی خۆیاندا دەدرکێنێ. ڕەنگدانەوەی بیرۆکەی "ئاتوروانی" وا دوو ڕێچکەی ئایینی مەهرایی (خات تاوس یان میتراییسم) و مەزدایی (زەردەشتی) لێکەوتەوە و ئایینەکانی مەندایی،مانەوی، مەزدەکی، ئێزیدی و یارسانی بە دوای ئەواندا هێنایە گۆڕەپانی کولتوریی خەڵکی کوردستانەوە بوو بە هۆکاری پاراستنی کولتوری ئەو نەتەوەی وا زیاتر لە حەوت هەزارساڵ لە ناوچەکەدا ژیاوە و خاوەنی ژیار و شارستانیەت، پێناسە، مێژوو، زانست، هونەر، ئایین، زمانی تایبەت و زاراوەی جۆراوجۆر، جلوبەرگ و نەریتی تایبەتی خۆیەتی. بۆ کورد لەناو نەچووە؟ لە بەرئەوەی فەرهەنگەکەی هی خۆیەتی و بەشێکە لە ویژدانی. لە ئاڤێستادا باسی چەند پلە و پێگەی ئایینی کراوە و هەروەها موغە میتراییەکان خاوەن حەوت پلەی ئایینین وەک ئێزیدیەکان: پیر و فەقیر و دەروێش و کۆچەک و... وادیارە شاهەنشاهانی میتانی سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتداری دنیایی بوون دەسەڵاتداری ئایینیش بوون وەک پات شێ یان پادشاکانی کەیانی-سۆمەر و ئەڵوەن و هوتی و کەشوانی یەکان: ١-  ئەرتا ٢- وەهەرز یان بەرزان ٣-  دەریۆز یان شویدەر کە دەبێتە دەروێش بە زمانی کوردی ئێستا،زەردەشت لە گاتادا دەفەرمێ من دەریۆزم واتە دەروێشم. ٤-  گۆدەرز، واتە پارێزەری گەوهەری زانست و هزر ٥-  ئەردەوان، ئەرتاوان واتە لە توخمی پیرۆز ٦- ئەردەشێر، شێرپلەی چوارەمی پیاوانی ئایینی ئاتوروان بوو، کەم کەس دەیانتوانی بەو پلە بگەن. ٧- توش یان تاوس، ئەوەندە بەناوبانگە ئیتر پێویست ناکات شتی زیاتر بنووسم ٨- شاوەیس (شاویس)، واتە سەرۆک خانەدان. ئێستا بە هەڵە بە شاویس دەڵێین شاوەیس. شاویس وشەیەکی هەزاران ساڵەی کوردییە و خەڵکی ئێمە "ویس" لەگەڵ "ئووەیس ئەلقەرەنی" کەسایەتی بەناوبانگی ئیسلامی تێکەڵ دەکەن. ٩-کوردی ویس یان گوردی ویس.واتە پاڵەوانی خانەدان ١٠- شاوەران یان شاپور لە سەردەمی شاوەرانی دووهەم دا هیتییەکان کە دەوڵەتێکی بەڕەگەز کەیانی بوون هێرشیان کردە سەرمیتانی و کەشوان- کاردونیا ولە ناویان بردن. بنەماڵە بەناوبانگەکانی میتانی بە کوردستاندا بڵاو بوونەوە و گەییشتنە سنووری دەریای پیرۆزی ورمێ و دەریای پیرۆزی ئوتوس پا واتە دەریای وان. ئەو دوو دەریا وا ئاویان ناخورێنەوە و یەکیان تاڵە و ئەوی دیکەیان سوێر. لەوێ ئاتوروانان و خانەدانەکان گرسانەوە و شارستانیەتی ئورئارتو،گیلزان، مەهران و ماننایان دامەزراند. ئەوانە دواتر بوون بە بەردی بناغەی شەهانشایی ماد.

 

درێژەی هەیە...