شرۆڤە

شاهەنشایی خاتوش (٣)

ئازاد کەریمی

هەر بۆیە پرۆفێسۆر دیسن نەیتوانیوە جامی حەسەنیان هەڵگرێ و بیشارێتەوە... ئەوە با بڵێین ئەو زانا ئەمریکاییە ئەو جامەی ویست بۆ وڵاتەکەی خۆی، کەس بۆ پرسیار ناکات ئەو جامە لە چوارچێوەی جوغرافیای ئێراندا وەک خۆیان دەڵێن دۆزراوەتەوە و هی خۆیانە، باشە بۆ ٤٠ساڵ شاردیانەوە و نیشانی خەڵکیان نەدا؟

 

شاهەنشایی خاتوش

هەروەک باس کرا، لە دڵی کولتوری هوری یەوە دوو دەوڵەتی میتانی و هیتی درووست بوون. باسی میتانی کراوە پێشتر و لەم بابەتەدا باسی شاهەنشایی هیتی دەکرێ. هیتی ،هوتی، گوتی و گیتی و کوتی هەر یەکێکن و بە شێوەزار و سەردەمی جیاواز کوتراون بەڵام دامەزرێنەری دەوڵەتی هیتی خانەدانی "خاتوش"ن. خانەدانی خاتو یان هاتو لە کۆنەوە لە دەوروبەری ڕووباری ئاڵ دەژیان. ئەوان شاری "خاتوش" یان ئاوەدان کردبووەوە. دواتر ئەوەندە هێزیان گرت کە شاهەنشایی خاتوش یان ئەوەی ئێستا پیی دەڵێن هیتی یان درووست کرد و مێژوویان نووسیەوە و ڕێڕەوی فەرهەنگی کوردیان بردە ئاستێکی دیکەوە. بنەماڵەی خاتوش کە ئێستا بە خات دەناسرێن و ئێزیدین، ڕەگەزیان دەگاتەوە بە "ئوتوخ گەل" پات شای شاری کەیانی "ئوروک" ی سومەری. ئوتوخ گەل لە بەردەنووسەکەیدا دەنووسێ "هوتانەکان شاهەنشایی کەیانی یان بردوەتە کوێستان" ئەوە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە: بەشێ لە کەیانییەکان کۆچیان بۆ کوێستانی زاگرۆس و تاورۆس کرد و خۆیان دەوڵەتیان دامەزراند بە بێ منەتی خزم و کەسە دەشت نشینەکانیان لە ١٥ شارەکەی کەیانی کۆن. خاتوشەکان یان هیتیەکان یەکێ لەو خانەدانانە بوون وا کۆچیان بەرەو سەرچاوەکانی ئاوی فرات و دجلە کردبوو،لەوێ شارستانیەت و دەوڵەتی خۆیان دامەزراند بەڵام هەموو بنەما کولتوریەکانی خۆیان پاراستبوو. هیتی یەکان لە دەوروبەری ڕووباری ئاڵ و سەرچاوەکانی ڕووبارە گرینگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست واتە دجلە، فرات و ئاراز و ئاڵ دا بنەی دەسەڵاتیان خست و دەوڵەتێکی بەهێزیان بۆ ماوەی ٩٠٠ساڵ و لە سێ قۆناغی جیاوازدا لە ڕۆژاوای مەزۆپۆتامیای باکووردا بەرپاکرد. ئەوان بڕوایان بە خواوەند خاتوش (خاتوس)، ئوتوس واتە خواوەند ئوتو واتە میترا، تاوس یان پارێزەری تیشکی خۆر بووە تەنانەت هێمای ئەم خواوەندەیان وا بە چەشنی خۆری باڵدار بووە بە جل و زرێی بەریانەوە وبە سەرسینگیانەوە نەخشێندراوە. ئەوانیش وەک میتانی و کەیانی و کەشوانی و ئەڵوانی و هوتانیەکان بڕوایان بە جمکەی خێر و شەڕ واتە کاوە و کاوەبەد بووە،ئەوان بڕوایان بە هامزاد و هامسا واتە موەکڵ بووە. ئەوانیش نەریتی گنوتی واتە سۆفی گەری یان بووە وەک هەموو شارستانیەتە کوردی یە کۆنەکان. بنەمای مرۆڤیان بۆ بەردی ڕەش یان گۆی هزر واتە "سیاگۆ" کە هەڵگری ئەندێشە و عەقڵ و زانست و بیرکردنەوەیە گەڕاندوەتەوە، ئەوە لە میترایسم و مەزدایسم دا کە سەرچاوەیان دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی هۆتۆئیسم یان خۆرگەرایی وا لە دڵی کولتوری کەیانی - سومەری یەوە هاتوەتە دەرەوە. بڕوانە ئاڤێستا چۆن باسی بیر و ئەندێشە دەکات. ئیزەدەکان تریش لە لای هیتییەکان پیرۆز بوون وەک زاڵ (خالدتو)، نێرگال و... هەبووە. کاتێ هیتی یەکان لەناوچوون بەشێک لە بنەماڵەی پاشایەتی ڕووی کردە ڕۆژهەڵات و لەوێ لە دەوروبەری گۆلاوەکانی وان و ورمێ وە هەتا دەگاتە ڕووباری جەخاتو لە دەوروبەری شاری سەقز دەوڵەتێکیان بە ناوی خالدی یان دەوڵەتی زاڵیان بەرپاکرد. خاڵدییەکان ڕاستەوخۆ دەوریان لە درووست بوونی دەوڵەتی ماننادا هەبوو. هیتی یەکان وکەشوانەکان ڕیشەی هاوبەشیان هەیە بڕوانە ناوی زەند کە ناوی دەسەڵاتدارێکی کەشوان- کاردونیایە (١٧٣٠-١٧٠٤پ.ز) لەگەڵ زەند شاهەنشای خاتوش (١٥٢٦-١٤٩٦پ.ز) یەکێکە. یان ناوی ئەڵوەن شاهەنشای هوتان (٢١٢٠-٢١١٤ پ.ز) لەگەڵ ئەڵوەن شاهەنشای خاتوش (١٣٤٤-١٣٢٢پ.ز) یەکێکە. ئایین و ناوی ئەم شاهەنشاهانە درکێنەری ڕاستیەکی زۆر ئاسایی و لاوەکی و لەبەرچاوە کەوا کوردستان لە بواری زمان و کولتورەوە یەک دەست بووە. ئیزەدێکی دیکەی خاتوش ئیزەد خاڵدتو واتە خواوەندی پارێزەری "زاڵ بوون" و سەرکەوتن لە شەڕ و بەربەرەکانێدا. زاڵ ناوی پاڵەوانێکی کۆنی کوردە و هەروەها ناوی شاهەنشایێکی خاتوش (هیتی)یە. هێزی زاڵ لە ئاڤێستادا بە ئەرغەنە (وەرهەرغەنە) ناوی دەبرێ و دەفەرمێ: ئەرغەنە ئیزەدی پارێزەری هێزی شەڕ وزاڵ بوون لە پێش ئیزەد میترا (هوتوش،خات تاوس)ەوە دەڕوا و شەڕی ڕاستی و درووستی دەکات لەگەڵ درۆزنان و پەیمانشکێنان. لە میتانی و کەیانی- سومەردا ئەرغەنە بە چەشنی بەراز نەخشێنراوە. لە دڵی شارستانیەتی هیتی دا شارێک بە نێوی ئەرغەنی هەیە و کوردانی زازا لەوێ دەژین. (نازانم فاشیستەکانی کەماڵ ئاتورک ناوی ئەرغەنی یان بە چی گۆڕیوە). سەرنجڕاکێشە ناوی شاژنێکی خاتوش وا ژنی زاڵ ی یەکەم بووە لێرەدا بنووسم، شاژن "نۆگوڵ" و کچەکەشی ناوی شازادە "یاسمین گوڵ" بووە.  پایتەختی شاهەنشاهی خاتوش شاری خاتوشا یە و لە نزیک ئانقەرەی تورکیای ئێستادایە. دەوڵەتی خاتوش ئەنجومەنی پیرانی بووە و هەموو سەرۆک هۆزەکان ڕا و بۆچوونی خۆیان دەربڕیوە،ناوی ئەم ئەنجومەنە: خوانکە یان خوان بووە وگەورەگەل بەدەوردا دانیشتوون و ڕاوێژیان کردوە. ناوی چەند شاهەنشای خاتوش لێرەدا کۆتایی بەم بابەتە دێنێ: خەسرەو١٦٠٠ی پێش زایین فەرای (فەرهاد) توش فڵامەرز شازەند شیدان (ناوی هۆزێکی کوردە لە ناوچەی گۆلاوی وان) سیاگۆ، سیاوۆش زاڵ ئەڵوەن یان هەڵمەت ئارمانجە قوباد.

کۆنفێدراسیۆنە ناوچەییەکان

 ١١٨٠-٩٠٠ی پێش زایین کاتێ شاهەنشایی هیتی ڕووی لە لاوازبوون کرد بوو بە پاشاگەردانی وهەر بنەماڵە و خانەدان و شازادەیەک بۆ خۆی دەسەڵاتی دامەزراند.هەندێکیان ڕوویان لە ڕۆژهەڵات کرد و لە هەر شوێنێک وا دەستیان بەسەریدا ڕۆییشت، خۆیان دابین کرد و دەوڵەتێکی ناوچەییان بۆ خۆیان درووست کرد. لە ساڵنامە ئاشووریەکاندا باسی چەند نیمچە دەوڵەتی وەک سان گەل، مەهران، کوموشکی، نایری، خاڵدتی و موساسیر دەکرێ. لە سەدەی ١٢ی پێش زایینەوە هەتا سەدەی حەوتەم واتە لە مەودای پێنسەت ساڵدا زۆر ئاڵوگۆڕ لە ناوچەکەدا درووست دەبێ. ئاشوریە سامی نەژادەکان سەرەتا لە ڕکێفی بابل دا بوون پاشان بەشێک بوون لە دەوڵەتی میتانی، کاتێ شاهەنشایی هیتی، دەوڵەتی میتانی ڕووخاند و ڕووی کردە بابل و دەوڵەتی کاردونیای ڕووخاند، ئاشور پشووی وەرگرت و ئەمجار سەربەخۆیانە دەستی دایە داگیرکاری و پەلامار. دیارە کوردستانی کۆن گۆڕەپانی ڕمبازێن و دەستدرێژی ئاشوور بوو. کەشوانەکان ، هوتان و ئەڵوەن و هوری- میتانیەکان و خاتوش- هوری یەکان کەوتنە سازدانەوەی خۆیان دوای ئەوەی شاهەنشاییەکانیان ڕووخا. ئێستا کوردستان پڕە لە دەوڵەتە هەرێمی و ناوچەییەکان، بەڵام هێزی یەکگرتنەوەیان نامێنێ. ئاشور ئەوەندە دڕندانە هەڵسوکەوت دەکات کە مەودا بە کوردەکان نادات خۆ خڕبکەنەوە. ئاشور بوو بە هۆی ئەوەی زیاتر لە شێست هەزار جوو لە ئیسرایێلەوە ڕاگوێزی کوردستان بکرێن وزمانی ئارامی ببێ بە زمانی ئیداری. هەروەها خێڵی شوانکارەی پەرسوماد شوێنی خۆیان بەجێبهێڵن و ڕووبکەنە هەنخامان واتە ئەنشانی ئیلام. هەروەک باس کرا خواوەند خالدتو کە ئیزەدی شەڕو زاڵ بوون و سەرکەوتن بوو لە شاهەنشایی هیتی دا زۆر ڕێز و حورمەتی هەبوو. ناوی چوارپادشای خاتوش، خاڵتودیا بووە. بەشێ لە خانەوادەی خاتوش ڕوویان کردە سەرچاوەکانی ڕووباری ئاراخش (ئاراز) و گۆلاوی وانێ وشارستانیەتی "نەیری- مان" واتە دەوڵەتی "خانەدانی نەیری" یان بەرپاکرد. ناوی نەریمان( نەیری مان) یادگاری دەسەڵاتدارێتی ئەو دەوڵەتەیە. کۆنفێدراسیۆنی خانەدانی نەیری پێک هاتبوو لە هاوپەیمانی نۆ یان هەشت هۆز، ئەوان سەرەڕای ئەوەی ئیزەد خاتوش یان ئوتو کە دەبێتە تاوس یان میترایان زۆر خۆش دەویست بەڵام ڕێزی تایبەتیان بۆ خاڵدتو هەبوو. خاڵدتو ئیزەدی شەڕ و زاڵ بوون، بە شێوازی پاڵەوانێک وا سواری شێربووە دەردەکەوێ.ئەوان دواتر لە مێژوودا بە شاهەنشایی "ئورارتو" ناوبانگیان ڕۆییشت. ئورارتو لەگەڵ ئاشور کەوتە شەڕ و پێکدادان. پایتەختی ئورارتو شاری توش- پا یە. توش هەمان ئوتوی کەیانی خواوەندی خۆرە و پا واتە بەرزایی. بەستێنی شارستانیەتی خاتوش (هیتی) لە ڕووباری ئاڵ لە باکووری کوردستانەوە بووە هەتا ڕووباری جەخاتو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. خاتوش و کەشوان و ئەڵوان- هوتان لەم مەڵبەندەدا بە یەک دەگەنەوە. ئەم ناوچە ناوی سوریگاش یان جێگەی خۆرە و پەرستگە یان ئاتورمانی زۆر پیرۆزی ئاردینی (موساسیر) بەرپاکراوە. لە نزیک گۆلاوی ورمێ شارێک بە نیوی ئیدی بووە و هەڵگری شاەرستانیەتی خاتوش بووە. لە ڕۆژی شەمە ١٢ی مانگی ئاپریلی ١٩٥٨ گروپێکی توێژەری ئەمریکایی بە سەرپەرشتی پرۆفێسۆر ڕۆبێرت دیسن" Robert Dyson" لە گردی حەسەنیان ی شاری نەغەدە دوای هەڵکۆڵینێکی بەرفراوانی ئەم گردە، کەوتن بە سەرگەنجێکی زۆر بەبایەخی کۆن. وەک تەرمی دوو ئەویندار کە لە باوەشی یەکدا مردوون و هەروەها جامی کۆماربی، جامێکی زێڕینی ٩٥٠ گر.ئەم جامەیان بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ تا ساڵی ١٩٩٨ لە خەڵک شاردەوە و لەم ساڵەدا ئیجازەی نمایش کردنی درا و خەڵک توانییان لە مۆزەخانەی تاران چاویان پێیبکەوێ. ئەو کرێکارە تورکە وا لە بەر دەست بەڕێز ڕۆبێرت دیسن کاری کردوە و ئەم جامەی دۆزیوەتەوە، چیرۆکێکی سیاسی هەڵبەستووە گوایە دیسن پێی کووتووە من خەڵاتت دەکەم و پوڵێکی زۆرت دەدەمێ و دەنگ مەکە ئەم جامەت دۆزیوەتەوە. بەڵام ئەو کابرا دەچێ بە سەرپەرشتی گروپە ئێرانییە توێژەرەکە دەڵێ من ئەو جامەم دۆزیوەتەوە، هەر بۆیە پرۆفێسۆر دیسن نەیتوانیوە جامی حەسەنیان هەڵگرێ و بیشارێتەوە... ئەوە با بڵێین ئەو زانا ئەمریکاییە ئەو جامەی ویست بۆ وڵاتەکەی خۆی، کەس بۆ پرسیار ناکات ئەو جامە لە چوارچێوەی جوغرافیای ئێراندا وەک خۆیان دەڵێن دۆزراوەتەوە و هی خۆیانە، باشە بۆ ٤٠ساڵ شاردیانەوە و نیشانی خەڵکیان نەدا؟ لەبەر ئەوە ئەم جامە مێژووی خەڵکی کوردستان لە سەردەمی سومەرەوە هەتا دەگاتە هوری و کاشی و گوتی و لولوبی و هیتی دەگێڕێتەوە. بە چەند هێمای وا بە سەر ئەم جامە زێڕینەدا نەخشێندراوە. جامی حەسەنلو لە جەنگەی هارت و هاوارە پان ئیرانیستیەکانی ساڵانی پەنجا و شەستدا دۆزرایەوە، ئەم جامە دەگێڕێتەوە پێگەی ئایینی میترا وئایینی مەزدا نەک لە باشووری ئێران بەڵکوو لە کوردستان و هەموو چوارگۆشەی ئەم خاکە زێڕینە سێ سووچەدایە. پێشتر باسم کردووە کوماربی واتە بەرد - مرۆڤ ، خواوەندێکی کۆنی هوری یە و لە کولتوری میتانی و خاتوش دا ڕەنگدانەوەی هەبووە. بێ هۆکار نیە ناوی ئەو ناوچەی وا ئاتورمانی ئاردینی یان موساسیری تێدا بەرپا کراوە سوریگاش یان خوریاش ە، لەبەر ئەوەی شارستانیەتی هوری لەم ناوچەدا باڵادەست بووە و ئاتوروانانی هوری ڕوویان کردوەتە ئەم شوێنە و ئەو پەرستگە گەورە لەم ناوچەدا و بە فەرمانی شا چاردری کوڕی ڕوش فەرمانڕەوای ئورارتو لە ساڵی ٨٢٥ی پێش زایین تێدا بەرپاکراوە.

شاهەنشایی خۆری دادپەروەر ئورارتو

ساڵی ٨٥٨ی پێش زایین، ئارامە لە بنەماڵەی زاڵ (خاڵدتوشای خاتوش) توانی دەوڵەتێکی بەهێز لە دەورووبەری گۆلاوی وانێ درووست بکات و لەگەڵ گەورەترین دەوڵەتی ئەو سەردەمەی جیهان واتە ئاشوور بەربەرەکانێ بکات. ئارام و خەڵکەکەی لایەنگری ئیزەدی ئوتوس واتە تاوس یان میترا خواوەندی پارێزەری تیشکی خۆربوون. دەوڵەتی ئارامە وا بە شاهەنشایی ئورارتو یان "ئاگری ئارتە" واتە ئاگری پیرۆز دەناسرا هەوڵی بڵاو کردنەوەی ئەم ئایینەی دەدا. بەرپاکردنی پەرستگە و ئاتورمانی ئەردینی( دینی ڕاست) کە بە زمانی ئاشوری پێی دەگوترا موساسیر لە هەرێمی سوریاش یان خوریاش ئەم ڕاستیە دەدرکێنێ. "ئاتورمانی ئەردینی" دوای ئاتورمانی شورران واتە حەران پیرۆزترین ئاتورمانی کوردستانی کۆن بووە. بە گوێرەی ڕاسپاردە ئایینیەکانی تاوس یان میترا خواوەندەکانی هانە ونانە، ئەرخەنە وخالدتو و هامسا و هامزادەکان و جووتەی خێر و شەڕ، گاوەسوار، شێرسوارو... خۆشەویستن و قوربانییان بۆدەکرا. دەوڵەتی ئورارتو بە هۆی تایبەتمەندی شەڕوانییەوە ڕێزی تایبەتی بۆ ئیزەد خالدتو هەبوو. پێش شەڕ و دوای شەڕ قوربانی بۆ خاڵدتو دەکرا. سیستەمی ئاوداری و ئاودێری و ئاوەڕۆی ئورارتو زۆر پێشکەوتوو بووە، ئەوان بۆری و لولەیان لە قوڕی برژاو واتە سواڵەت درووست کردوە. کشت و کاڵ و باخداری و ئاژەڵداری لە سەردەمی ئەواندا زۆر پێشکەوتوو بوو. ڕێزمانی ئەوان بزماری بووە. ئەوان بۆ یەکەمجار کڵاوقوچی ئاسنیان بەکارهێناوە، مردووەکانیان لە دەخمەدا هەڵگرتوە . ناوی چەند هۆزی بەناوبانگی کورد هەر لە ناوچەی وانێ و جۆلەمێرگ و ئاگری و ئەخلات و سەڵماس ومێرگەسۆر بە نێوی شاهەنشایانی ئەوانەوەیە. میرنشینێکی کوردی لە سەدەکانی ڕابردوودا بە ناوی یەکێ لە پادشاکانی ئورارتووە تۆمار کراوە. خانەوادەی بەناوبانگترین پاڵەوانی کورد واتە ڕۆستەم سەر بە نایری و ئورارتوییەکانە. - زاڵ (خاڵدتو) باوکی ڕۆستەم-  نەریمان (نەیری مان) باوەگەورەی زاڵ- ڕۆستەم واتە ڕوسا تاخمە (لە توڕنی ڕوسا شا) /هوزی ڕوستایی - هۆزی ئەستونی و میرنشینی ئەستونی سەر بە (ئیشپوئینی شا) هۆزی چادری و شاری چاردەران (چاڵدەران) سەر بە ناوی چاردوری شا -هۆزی ئەرگۆشی سەر بە ئارگیشتی شا ناوی توش- پا لە ناوی توش، تاوس یان میتراوە وەرگیراوە. توشپا پایتەختی ئورارتویە. ناوی چەند شاهەنشای ئورارتو کۆتایی بەم باسە دێنێ: ئارام چاردەران ئەستون ئەرگۆش ڕوسا، ڕوش ئاری مەنا مەنۆ.

درێژەی هەیە...

 

سەرچاوەکان: نێت