ما 2739 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد

گەر خاوەنی خۆشەویستی ئینسانێک بم

دەتوانم رقی چەندانی دی بشۆمەوە

چەترێکم هەڵدا، بەڵام خێرا دامدایەوە و

سلاوێکم لە باران کرد

 

چەند شیعرێکی 'کوئون' (٢)

لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد


شاعیرەکە

 

ئەو زۆردەمێک بوو شاعیر بوو

مناڵ و ژنانیش وایاندەووت

نەک هەر شاعیر، لە کەسانی دی شاعیترە

بەچکە بەراز و یەکانەش، بە نرخەنرخ وایان دەوت

بەڵام ئەو لە کاتی گەڕانەوە لە سەفەرێکی درێژدا

لە ڕێگا مرد

کەچی لە ماڵۆچکەکەیدا، یەک شیعریشییان نەدۆزیەوە

مەگەر بۆ ئەو شاعیر نەبوو، ئاخر هیچی نەنووسیبوو

شاعیرێک لەبری ئەو شیعرێکی نووسی

با گورج بردی

کەچی دواتر ئەو شیعرانەی چەندین سەدە لەوە و پێشتر

لە خۆرهەڵات و خۆرئاواوە، کۆن یاخود تازە نووسرابوون

هەموو دایان لە شەقەی باڵ و

هەڵفرین.

 

 

چرپەکە

باران دادەکا

لای مێزی نووسینەکەوە دادەنیشم

مێزەکە بە چرپە دەدوێ:

جارێکیان من گوڵێک،  گەڵایەک، یان قەدێک بووم

من رەگێکی ژێر ئەرز بووم، تا سەوزەلانی بیابان باڵام درێژدەبوویەوە.

 

پارچە ئاسنی سەر مێز دەڵێ:

من مەڵاشوی گورگێک بووم

کە بە تەنیا،لە شەوانی مانگەشەودا دەیلووراند

 

بارانەکە کۆتایی دێ

من دەچمە دەر

چیمەنە تەڕەکە لەگەڵما دەدوێ

جارێکیان من شادی و دڵتەنگی ئێوە بووم

ژیان و گۆرانی ئێوە، من خەونتان بووم

 

من بە مێز و

ئاسنەکە و زەمین دەڵێم: جارێکیان من تۆ و تۆ و تۆ بووم

ئێستاش من تۆ و تۆ و تۆ

                            

 

  جۆرێک لە شادی

 

ئەوەی من ئێستا بیری لێدەکەمەوە

کەسێکی دی

لە شوێنێ دی،

ئێستا بیری لێدەکاتەوە

بۆیە مەگری!

 

ئەوەی من ئێستا بیری لێدەکەمەوە

کەسێکی دی

لەشوێنێ دی، بەیانی بیری لێدەکاتەوە

بۆیە مەگری!

 

شادی هێنە،

کە منی خۆم لە چەند منی دی پێک هاتووە و

لە زۆر شوێنی کەی دنیادان

شادی هێنە

کە منی خۆم لە چەند ئەوانی دی پێک هاتووە

بۆیە مەگری!

 

 

بێ ناونیشان

 

ئەو گوڵەی لە چوونە خوارەوەدا بینیم

لە هەڵگەرانمدا بۆ سەرەوە، نەهاتە بەرچاو

 

لە باراندا

کەڵەشێرێک بەسەر گردێکەوەیە

من لەژێر گوێسوانەیەکدا، چاوەڕوانم بارانەکە خۆشکاتەوە

 

کەمێك دواتر

هەردوولا خۆمان دەپاراست، سەیری چاوی یەکتری بکەین

 

 

لە باراندا چیمەن سەما دەکا

بەردیش دەنوێ

 

ئەو گەڵایانەی دەوەرن، بەرەو زەوی لە سەمادان

وەختێک منیش ئەم دنیایە بەجێدێڵم، حەزدەکەم منیش سەما بکەم

 

گەر خاوەنی خۆشەویستی ئینسانێک بم

دەتوانم رقی چەندانی دی بشۆمەوە

چەترێکم هەڵدا، بەڵام خێرا دامدایەوە و

سلاوێکم لە باران کرد

 

کاتێک بە تەنهایی دەخۆمەوە

 

بە مێشکوژ لە مێشێکم دا

بەری نەکەوت

ئاه چەند باش بوو، وای چەند باش بوو، چەند زۆر باش بوو

 

 

ئا لەو باوکە

 

ئەو رۆژەی کچەکەم هات

گوڵی ناو شەش ئینجانەکە کرانەوە

ئەو رۆژەی کچەکەم ڕۆی

پەنجەم بڕی.

 

 

گەڕان بۆ بابەت