ما 8856 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەو کە سەرەتا دڕدۆنگە و نازانێ بڕوات یان دەعوەتە کتوپڕی و چاوەڕواننەکراوەکەم لێ قبوڵ بکات، ئارام لە پەنجەرەکەوە تێدەپەڕێ و دێتە ژوورەوە. بە شوێنیا بۆیەکی سارد لە چەشنی ئاسن، ئەویش لە پەنجەرەکەوە تێدەپەڕێ و دەچێتە ژوورەوە. لەبەر خۆمەوە دەڵێم وای لە خۆی کردووە بۆ ئەوەی کەس نەیناسێتەوە. تەنانەت خودایش.

 

سێبەری پشت پەنجەرەکە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سی و پێنج رۆژە لە ماڵەوەم. زەخیرەم لێخستووە و ناچمە دەرەوە. دەرگا و پەنجەرەم لەسەر خۆم داخستووە. بە تەنیا خۆم لە گەڵ ژوورەکانی چەندین ساڵەی خۆمم. بە خۆشییەوە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ یەکتر نیە. وەک هەمیشە ساتەکان پێکەوە بەڕێدەکەین، هەرچەند ئەمجارەیان وەک جارەکانی تر و رۆژ و شەوەکانی تر نیە.

ساتەکانم بەسەر تەلەفۆنکردن، چاوکردن لە نێت و لە تەلەفزیۆن، گوێگرتن لە رادیۆ، خوێندنەوەی کتێب، پیاسە بە ناو ژوورەکان، راکشان و ڕامان لە سەقف، چێشت لێنان و بەتایبەت سەیرکردنی پۆڕنو دابەشکردووە. هەڵبەت دیارە ئەو کاتژمێرانەی وا بەخەبەرم. مێژوو دەڵێ سەردەمی مەترسییەکان و مەرگ، مرۆڤەکان زیاتر بە سەر یەکترەوەن!

بەڵام بە تێپەڕینی رۆژەکان بەرەبەرە تاقەتم بەسەردەچێ و دەبێ لە بیری شتێکی تریشدا بم. دەچم لە ژوورە گچکە لەبیرکراوەکە کە پڕی شمەکە فرامۆشکراوەکانن، ئەلبۆمی وێنەکان بەهەر شەڕەشەقێک بێت دەدۆزمەوە. تۆزی لێدەتەکێنم و دەیهێنمە ژووری دانیشتنەکە و پەڕە بە پەڕە هەڵیدەدەمەوەو بە وردی سەیریان دەکەمەوە. دووای ساڵانی ساڵ. پێم وابێ لانیکەم دە ساڵیش دەبێ سەیرم نەکردوون. لە سەردەمی کڕۆنا، پیاچوونەوە بە رابردوو تام و چێژێکی تری هەیە.

وێنەکانی منداڵی، سەردەمی مێردمنداڵی و گەنجیەتی و دوواتر کەمێکیش کشاوەتر، لەوێن. بەڵام هەر ئەوەندە. ئیستا دەزانم لەو کاتەوەی وێنەی دیجیتاڵی و موبایل سەریانهەڵداوە چیتر ئەلبۆمەکە تازەنەکراوەتەوە. ئەلبۆمەکە لە سەر سنووری دە ساڵ لەوە پێش راوەستابوو و، هەم من و هەم کات و هەم دونیای نوێ فەرامۆشی کردبوو. هەستدەکەم دە ساڵ لەوە پێش ئەوەندە دوورە، دوورتر لە وێنەکانی منداڵی و گەنجیەتیم. لە دەرەوە بەفرێکی ناوەخت دادەکا.

نازانم چەندە کات بە ئەلبۆمەکەوە بەسەردەبەم، هەر ئەوەندە دەزانم پشت و ملم دێشێن. خۆم دەکێشمەوە و لە خۆم (سەر کۆشم) دووریدەخەمەوە و لەسەر مێزەکە دایدەنێم. خەو دەمباتەوە.

کە خەبەرم دەبێتەوە، دەبینم ژوورەکە تاریک تاریکە. من کە سەرەتا نازانم لە کوێم و خۆم وەک خۆم نابینمەوە، چاوێک بە ژوورەکەدا دەگێڕم و ئەوسا هەراسان رادەبم. تیشکە بێ هێزەکان لە پەنجەرەکەوە خۆ بە ژوورەوەدا دەکەن. تینوومە، یەکجار تینوومە. سەرتاپای لەشیشم ئارەقە. دەڵێی لە سەحرای عەرەبستانم داوە. بەڵام هێشتا هەنگاوێکم هەڵنەهێناوە هەست بە سێبەری شتێک یان کەسێک لە پشت پەنجەرەکە دەکەم.

پێم سەیرە ناترسم. بەڵام ناترسم. شتەکە بە ئەسپایی سەرەتاتکێ دەکا. من گڵۆپەکان هەڵناکەم. لێدەگەڕێم لەو تاریکاییەدا لەو سێبەرەی بڕوانم وا لە بەستێنی تیشکە کز و ناڕوونەکانی دەرەوەدا، لە نێوان ئێرە و ئەوێدا، بە من و بەو شوێنەی وا من لێی راوەستاوم مەشغوڵە. نازانم تا چەندە من دەبینێ، بەڵام دەزانم لە ئاستێکدا دەمبینێ. ئارام بەرەو پەنجەرەکە هەنگاو هەڵدەگرم. شتەکە ماوەیەک سەرەتاتکێ ناکا. من رادەوەستم. پاش ماوەیەک دیسان سەری پەیدا دەبێتەوە. پێش ئەوەی بگاتێ سەرەتاتکێیەکی تر بکات، دەگەمێ و پەنجەرەکە دەکەمەوە. ئەوسا سێبەرێکی سەرتاپا تاریک دەبینم بە عەبایەک لە تەوقی سەرەوە تا بەری پێ. بە چاوە تاریک و بۆشەکانییەوە و بە چەناکەیەکی درێژی ترسناکەوە کە دەگاتە سەر سینگی. نازانم بۆ ناترسم، بەڵام ناترسم. من کە  سی و پێنج رۆژە میوانم نەبووە و بۆ خۆشم سەردانی کەسم نەکردووە، بەتەمای ئەوەی خوا سەرئەنجام بەزەیی بە مندا هاتووە و یەکێکی بۆ رەخساندبێتم تەواو پەنجەرەکە دەخەمە سەر پشت و فەرمووی ژوورەوەی دەکەم. ئەو کە سەرەتا دڕدۆنگە و نازانێ بڕوات یان دەعوەتە کتوپڕی و چاوەڕواننەکراوەکەم لێ قبوڵ بکات، ئارام لە پەنجەرەکەوە تێدەپەڕێ و دێتە ژوورەوە. بە شوێنیا بۆیەکی سارد لە چەشنی ئاسن، ئەویش لە پەنجەرەکەوە تێدەپەڕێ و دەچێتە ژوورەوە. لەبەر خۆمەوە دەڵێم وای لە خۆی کردووە بۆ ئەوەی کەس نەیناسێتەوە. تەنانەت خودایش.

دیسان گڵۆپەکە هەڵناکەم. هەر دووکمان لە سەر مۆبلەکە بەرامبەر یەکتر دادەنیشین. سەرئەنجام دەڵێم:

ـ غیرەتی چاکت هەیە بە ئاپارتمانی چەند قاتدا هەڵدەگەڕێی. بەڵام من تێتدەگەم!

ـ هەڵنەگەڕام، لای من لەسەر زەوی خوار و سەر و راست و چەپ و پێش و دووا مانای نیە، من تەنیا دەڕۆم، هەر ئەوەندە!

ئەوسا بە لاچاو سەرنجێکی خێرا ئاراستەی ئەلبۆمەکە دەکا. سەیری وێنەیەکی گەنجیەتی من بە قژێکی زۆرەوە. دەڵێ:

ـ کەچەڵیش بووی! کەچەڵیش نیشانەیەکی ترە بۆ نزیکبوونەوەی مەرگ!

ـ من کە قژی زۆری ئەو سەردەمەو قژ تەنکیی ئیستاکەم بە تەواوی لەبیر چووبووەوە، دەڵێم:

ـ ئەو ساڵانە یەکجار دوورن. بەڵام من هەر بەکارم.

ـ خەفەتی لێ ناخۆی؟

ـ دایکم بەشی منیش خەفەتی لێدەخوا!

ـ دایکت؟

ـ دایکم.

ئەوسا دەستدەکا بە گیرفانیدا و لیستێک دەردەهێنێ و دەڵێ:

ـ بەڵام دایکت لەمێژە مردووە!

من کە نازانم بۆ ئەمەم لەبیرچووبووەوە و لە دڵی خۆمدا گۆناهەکەی بۆ لەبیرکردنی ئەلبۆمەکە دەگێڕمەوە، دەڵێم:

ـ راستدەکەی!.... بەڵام باشتر،... باشتر کە مرد. ئەگەرچێ بە مردوویش خەفەت خواردنی لەبیرناچێتەوە.

ئەوسا دەست بۆ ئەلبۆمەکە دەبا و لاپەڕە دووای لاپەڕە سەیری وێنەکان دەکا. دەڵێم:

ـ  نۆرەی منە وا نیە؟ خوا جەزای بەخێرباتەوە!

ـ زۆر دڵنیا نیم، ئاخر نازانم ڤیرووسەکە چووەتە ناو لەشتەوە یان نا! لێرەوە تێپەڕیم بۆ ئەوەی بزانم خۆی گەیاندووەتە ئێرەیش یان نا.

من کە دڵنیام گرتوومە و بەڵام هێشتا خۆی نیشان نەداوە، دەڵێم:

ـ پێویست ناکا هەمیشە بیانوویەک هەبێت. ڤیرووسەکەیش لێرە بێت بەڵام بەشی ئەوەندە مەجالی تیایە.

نیگا بێ چاوەکانی ئاراستەی من دەکاتەوەو دەڵێ:

ـ با هەمیشە دەبێ بیانوویەک هەبێ.

ـ بێگومان کاتێک یەک بیانووش هەبێ، کارەکە زۆر ئاسانترە؟

ـ مممم،... دەتوانین وایش بڵێین.

من کە پێم سەیرە لە دووای ئەوەیش هاتووەتە ژوورەوە هەر بە دەنگی بۆڕ دەدوێ، دەڵێم:

ـ ببورە،... ئیستا دێمەوە،... ئا ئیستا.

ئەو یەک بە خۆی دادەچڵەکێ.

ـ هەڵبەت نە پێوەندی بە جەنابتەوە هەیە و نە بە کڕۆناوە!

میوانە ناوەخت و عەجایەبەکەم مڕەی دێ.

ـ من هەر لەوە نەگەیشتم ئەمە چ بوونەوەرێک بوو خوا خوڵقاندی، دیارە کفر نەبێ کفر نەبێ،... لە ناو ئاژەڵاندا تەنیا ئێوەن ئاواتان لێ دێ،... پەکککووو!

من کە پێم سەیرە ئەو لە هەموو چیرۆکەکە گەیشتووە، دەستبەجێ تێدەگەم بە نیگا بێ چاوەکانییەوە لەو تاریکییەدا هەموو شتێکی بینیوە. دەلێم:

ـ ئێمەیش بەدەست خۆمان نیە. سی و پێنج رۆژ زۆرە.

بە نووکی پەنجەی شایەتمان ئاماژە بە خوارەوە دەکەم و دەڵێم:

ـ لە جیهانی خۆیدا دەژی، نە دەزانێ شەڕی یەکەم و دووهەم چییە و،... نە دەزانێ ڤیرووسی کڕۆنا چییە.

من کە نازانم بەو نیگا بێ چاوانە لەوێ دەڕوانێ یان نا، روو وەردەگێڕم و چیتر لەمە زیاتر دەرفەتی نادەمێ و بەرەو حەمامەکە دەڕۆم. لە حەمام بە سابوون جوان جوان خۆم دەشۆم و بە تیتۆڵیش ئەوێ.

ئەو هەروا سەرقاڵی ئەلبۆمەکەیە. دەڵێم:

ـ ئەلبۆمت هەیە؟

چەناکەی درێژتر دەبێ (من ئەمە وەک پێکەنینی ئەو لێکدەدەمەوە) و، دەڵێ:

ـ ئەلبۆم هی ئەوانەیە کاتی دەژین،... سی چل پەنجا یاخود هەفتا هەشتا ساڵ. هی ئەوانەیە وا دەمرن.

ـ یا رەنگە هی ئەوانەیە وا شەیتانی دەبن!

کتوپڕ ئەلبۆمەکە بەتووندی دەبەستێ و رادەبێ و رووەو پەنجەرەکە دەڕوا. پێم وابێ دەیەوێ بڕوا. دەڵێم:

ـ هێشتا نۆرەی من نەهاتووە، وانیە؟

ـ ئەوەی من دەیبینم نا، بەڵام پەلەم نیە.

ـ وەعد بێ نەهێڵم ئەمجارە شەیتانی ببم،... وەعد بێ!

بە تووندی لادەکاتەوە. لە نیگا بێ چاوەکانییەوە وەها ئاورێک دەبارێ کە ژوورە تاریکەکە رووناک دەکاتەوە. من دەکشێمەوە و دەست بەوێوەم دەگرم. دەمەوێ بڵێم تکایە تکا، بەوە نیە شەیتانی بوومە، بەڵام نایڵێم.

ئەو لە پەنجەرەکەوە هەڵدەفڕێ! عەباکەی دەکاتەوە و دەبێ بە هەیکەلێکی وەها گەورە و زەلام کە لەو تاریکاییەیشدا سێبەرە قورس و گەورەو گرانەکەی جادە و خانووەکان دەلێسێتەوە.

دەست بە دەممەوە دەگرم و لە ترس و لە شەرمان ئەژنۆم شلدەبێ و لە شوێنی خۆم چۆکدادەدەم.

 

خۆ ئەوە ئیزرائیل بوو،... ئیزرائیل!

 

گەڕان بۆ بابەت