لە ئینگلیزییەوە: سایتی قەڵەم

ئێمە دەبێ هەموو ئەو شتانەی وا راستەقینە نین و کەم بایین و کەچی لامان وایە گرانبایی و راستەقینەن لە خۆمان دوور بخەینەوە. جا ئەمە دەتوانێ عادەتەکانمان بن، نەفرەت، پێوەندە خراپەکانمان و هەروەها ئەو بیر و کردە ناشیرینانە بن وا رۆژانە گیرۆدەیانین. دەست کێشانەوە لە ناڕاستەقینە دەبێتە هۆکارێک بۆ گەیشتن بە شتە راستەقینەکان.

 

عەسڵ و بەدەڵ

لە ئینگلیزییەوە: سایتی قەڵەم

'مینو' کیژۆڵەیەکی شیرین، لەبەردڵان و جوان بوو. تەمەنی شەش ساڵ بوو. مینو هەمیشە گوێڕایەڵی گەورەکانی بوو و دایک و باوکی لەبەر کرداری جوانی یەکجار خۆشیان دەویست.

مینو رۆژێکیان لەگەڵ دایکی چوو بۆ بازاڕ. لە کاتێکدا بە بەردەم دووکانەکاندا تێدەپەڕین، مینو سەرنجی چووە سەر گەردنبەندێکی مرواریی سپیی جوان لە رەنگی پەمەیی. لە دایکی پرسیاری کرد داخۆ دەتوانێ بیکڕێ. دایکی وتی ملوانکەکە تەنیا چەند پێنی قیمەتییەتی و داوای لە کچەکەی کرد بۆ ئەوەی بتوانێ بیکڕێ دەبێ لە هەندێ کاری رۆژانەدا یارمەتی دایکی بدا وەها کە پارەی پێویست بۆ کڕینی گەردنبەندە پەمەییە جوانەکە پاشەکەوت بکات.

مینو لیستێکی لەو کارانە ئامادەکرد وا دەیتوانی تیایاندا یارمەتی دایکی بدات. دایکی گەلێک خۆشحاڵ بوو و ئەوەندەی پارەی دەدایە کچەکەی کە بتوانێ سەرئەنجام گەردنبەندەکە بکڕێ.

مینو بە خۆشحاڵییەوە ملوانکەکەی کڕی و جگە لە حەمام لە هەموو شوێنێک هەموو کاتێک لە گەردنی دەکرد. دایکی پێی دەگوت گەردنبەندەکە رەنگ و گەشاوەییەکەی لەدەست دەدا ئەگەر لە کاتی حەمامدا لە ملیا بێت. مینوش بەقسەی دایکی دەکرد. مینو ئەوەندە حەزی بە گەردنبەندەکەی بوو کە تەنانەت لە کاتی خەویش دا هەر لە ملیدا بوو.

باوکی هەمیشە لە کاتی خەوتندا چیرۆکی بۆ کچەکەی دەگێڕایەوە. شەوێکیان لە دووای تەواوکردنی چیرۆکەکە باوکی لێی پرسی چەندە ئەوی خۆشدەوێ. مینو لە وەڵامدا وتی "تۆ دەزانی باوکە گیان من چەندە تۆم خۆش دەوێ." باوکی وتی "کەواتە ملوانکە مروارییەکەتم بدەرێ!" مینو وتی "باوکە گیان من تۆم زۆر خۆشدەوێ، بەڵام داوای ملوانکەکەم لێمەکە. من ئەو بووکەت دەدەمێ وا مانگێک لەوە پێش بۆمت کڕی." باوکی وتی "زۆر باشە کچم."

لە دووای چەند رۆژ هەمان گفتوگۆ لە نێوان مینو و باوکیدا روویدایەوە. مینو ملوانکەکەی نەدایە باوکی و لەجیاتی ئەمە داوای لە باوکی کرد پشیلەکە هەڵگرێ. باوکی بزەیەکی کرد و رۆیشت.

ئەم گفتوگۆیە چەندین جاری تریش دووپات بووەوە.

رۆژێکیان مینو لە کاتێکدا باوکی چیرۆکی بۆ دەخوێندەوە، خەوی لێکەوت. مینو گەردنبەندەکەی لە مشتیا راگرتبوو. باوکی ملوانکەکەی بە ئەسپایی هەلگرت. رۆژی دوواتر مینو لە باوکی پرسی "باوکە گیان، ئەوە چیت کرد؟"

باوکی زۆر خێرا لە بۆکسێکی پڕ لە خشڵدا ملوانکەیەکی مرواریی پەمەیی گرانبایی دایە دەستی و وتی "کچە شیرینەکە، ئەمە گەردنبەندە عەسڵە هی تۆیە. تەواوی ئەم ماوەیە من دەمویست ملوانکە بەدەڵەکەت لێ وەرگرم و ئەم ملوانکە راستەقینەت بدەمێ." مینو وتی "سوپاس باوکە گیان!"

مینو دەستبەجێ ملوانکەکەی خۆی دایە دەست باوکی بۆ ئەوەی گەردنبەندە راستەقینەکە وەربگرێ.

ئێمە دەبێ هەموو ئەو شتانەی وا راستەقینە نین و کەم بایین و کەچی لامان وایە گرانبایی و راستەقینەن لە خۆمان دوور بخەینەوە. جا ئەمە دەتوانێ عادەتەکانمان بن، نەفرەت، پێوەندە خراپەکانمان و هەروەها ئەو بیر و کردە ناشیرینانە بن وا رۆژانە گیرۆدەیانین. دەست کێشانەوە لە ناڕاستەقینە دەبێتە هۆکارێک بۆ گەیشتن بە شتە راستەقینەکان.

 

 Short Stories - pink pearl necklace