ما 4587 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەتوانین بڵێین ناتوانین خوێنەر بخەینە ناو بازنەکەوە. خوێنەر لە راستیدا وەک بازنەیەکی تر کە تێهەڵکێشی بازنە سەرەکییەکە دەبێتەوە لەگەڵ نووسەر و دەق پیوەندی بەرقەراردەکا. بەم پێیە دەتوانرێ بە گوێرەی ژمارەی خوێنەرەکان، بازنەی تر هەبێ کە تێهەڵکێشی بازنەی خوێنەر ـ دەق دەبێتەوە و لێرەوە بێ ئەژمار مانای تر چێ ببێ کە لە بنەرەتدا بەستراونەتەوە بە هەمان مانای یەکەم کە خۆی لە پێوەندی نێوان نووسەر و دەقدا دەبینێتەوە.

بۆچی دەنووسین (٣)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

هەبوونی نووسەر لای خۆی وەک نووسەر ئاشکرایە و هەبوونی دەقیش وەک دەق دیسان ئاشکرا. بەڵام هێشتا دەق نەبووەتە بوونێکی کۆمەڵایەتی. دەق بۆ ئەوەی ببێ بە بوونێکی کۆمەڵایەتی پیویستی بەوەیە لە سنووری نووسەر و خۆی واوەتر بڕوات و بگاتە کەسی سێهەم، کەسی سێهەمیش لێرەدا مانایەکی فراوانتر لە یەک تاک وەردەگرێ و دەبێ بە لانیکەم کۆمەڵێک خوێنەر یاخود پەیاموەرگر. بەڵام هەبوونی ئەم لایەنی سێهەمە بە مانای ئەوە نیە کە ئەوانن دەبنە سەرچاوەی هەبوونی دەق و هەبوونی نووسەر. لایەنی سێهەم، تەنیا نووسەر و دەق وەک بوونێکی کۆمەڵایەتی دەسەلمێنن. لە راستیدا لە پێش لایەنی سێهەم نووسەر و دەق بوونیان هەیە، بەڵام ئەم بوونە بەگشتی نەبووەتەوە و لەناو سنوورەکانی خۆیاندا قەتیس ماون. لایەنی سێهەم کە لەدایک دەبێت، نووسەر و دەق لە گوندەوە دەکا بە شار و بە وڵات و بە جیهان. بەم پێیە نووسەر و دەق خەسڵەتی ناسیونالیستییان هەیە و پەیاموەرگر خەسڵەتی جیهانی و ئینتەرناسیوناڵ.

ئیستا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە داخۆ دەتوانین پەیاموەرگر بخەینە ناو بازنەکەوە؟ (واتە بازنەی نووسەر و دەق) داخۆ دەتوانین بڵێین پەیاموەرگریش دەبێتە ئەو پنتەی کە دەتوانێ جێگۆڕکێ بکات لەگەڵ نووسەر و لەگەڵ دەق؟

بێگومان لە تەعبیرێکی هێرمێنۆتیکیدا ئاسۆکان و هەگبەی رووانینی خوێنەر (پەیاموەرگر) دەتوانن لە سازدانەوە و چێکردنەوەی مانا لە دەقدا دەوربگێڕن. بەم پێیە دەق هەمیشە مانای دیکەی لێ بەرهەم دێتەوە. لەگەڵ ئەوەی دەتوانین ملکەچی ئەم راستییە بین، بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە کە خوێنەر لە هەمان پێوەندیدایە وا نووسەر و دەق لەگەڵ یەکتری تێیدان. بە چەند هۆکار:

ـ مەودای شوێنیی نێوان نووسەر و دەق لە مەودای شوێنیی نێوان دەق و خوێنەر یاخود نووسەر و خوێنەر یەکجار کورتترە. بەو واتایە کاتێک دەق لە دایکدەبی، لەتەنیشت نووسەردایە. نەفسی ئەم شوینی لەدایکبوونە، فەزایەکی نزیکتر زیاتر دەبەخشێتە نووسەر،

ـ مەودای کاتیی نێوان نووسەر و دەق لە مەودای کاتیی نێوان دەق و خوێنەر یاخود نووسەر و خوێنەر درێژترە. بە مانایە لە دایکبوونی دەق زەمەنێکی درێژتر لە خوێندنەوەی داگیردەکا،

ـ دەق چونکا بەرهەمی داهێنانی نووسەرە، زیاتر هەڵگری ماناکانی زەینی نووسەرن تا ماناکانی زەینی خوێنەر.

بۆیە دەتوانین بڵێین ناتوانین خوێنەر بخەینە ناو بازنەکەوە. خوێنەر لە راستیدا وەک بازنەیەکی تر کە تێهەڵکێشی بازنە سەرەکییەکە دەبێتەوە لەگەڵ نووسەر و دەق پیوەندی بەرقەراردەکا. بەم پێیە دەتوانرێ بە گوێرەی ژمارەی خوێنەرەکان، بازنەی تر هەبێ کە تێهەڵکێشی بازنەی خوێنەر ـ دەق دەبێتەوە و لێرەوە بێ ئەژمار مانای تر چێ ببێ کە لە بنەرەتدا بەستراونەتەوە بە هەمان مانای یەکەم کە خۆی لە پێوەندی نێوان نووسەر و دەقدا دەبینێتەوە. بەم پێیە چونکە ژمارەی خوێنەران بێ ئەژمارن، دەتوانرێ جەغزی سەرەکی لە ناو ئاپۆرای بێ ئەژماری بازنەکانی تردا نوقم ببێ و هەر بۆیە لامان وابێ کە لە راستیدا ئەوەی هەیە خوێنەرە نەک دەق. لە کاتێکدا کاکڵی لێکگرێدانی هەموو بازنەکانی تر هەمان جەغزی یەکەمە کە هەنووکە بەڕواڵەت لەبەر چاومان ونە. خوێنەر دەتوانێ ماناکان فراوانتر بکاتەوە و ئاسۆی نوێ بە دەق ببەخشێ، بەڵام لە دووامانادا هەموو ماناکان و خوێندنەوەکان دەگەڕێنەوە سەر هەمان دەق و شوناسی و رێچکەی خۆیان لەوەوە وەردەگرن. هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ سەر یەک سەرچاوە و ئەم سەرچاوەیە خەسڵەتی یەکەییان پێدەبەخشێت. هەموو خوێندنەوەیەک مەجبوورە سەرەتا ئادرەس بدات و ئەمە لە راستیدا دەستپێکی یەکگرتنەوەیانە. کەواتە هەموو خوێندنەوەیەک تێکەڵێکە لە یەکگرتووی و جیاوازی. هەموو خوێندنەوەیەک دەبێتە نوێنەری شتە هاوبەشەکان و شتە جیاوازەکان. دەبێتە دیالکتیکی نێوان گشت و تایبەت. لەگەڵ ئەوەی خوێنەر ناتوانێ لەگەڵ نووسەر و دەق جێگۆڕکێ بکات، بەڵام لە رێگای گەمەی خۆی لەدەرەوەی بازنەی سەرەکی، نووسەر و دەق بەکۆمەڵایەتی دەکاتەوە و لە لوکاڵ و کاتی تایبەتەوە رایاندەکێشێتە ناو جیهان و کاتی گشتی و یەکجار بەرفراوانترەوە.

لێرەوە دەتوانین بڵێین خوێنەر خەسڵەتی پۆست لوکاڵی و پۆست کاتی هەیە. هەتا دایرەی زمانی بەکاربەرانی دەقیش فراوانتر بێ ئەوا ئەم خەسڵەتە پۆستیانەی وا باسمان لیکردن فراوانتر دەبن. هەڵبەت دەبێ پێ لەسەر ئەوە دابگرین کە ئەم خەسڵەتە پۆستیانەی خوێنەر، بەمانای لەخوارتربوونی گرینگیی نووسەر و دەق نین، بە پێچەوانەوە ئەوە نیشان دەدەن کە بە بێ نووسەر و دەق ئەم خەسڵەتی پۆستیانە لەبنەرەتدا ناتوانن شکڵ بگرن و لەدایک بن. نووسەر و دەق دوو هاوڕێی سەرەتایین کە دوواتر هاوڕێیەتی خوێنەر قبوڵدەکەن، ئەو هاوڕێ نوێیەی ژمارەیان ئەوەندە زۆرە کە ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنن نووسەر و دەق سەردانی هەموو شوێنێک بکەن و بۆ گەلێک شوێن وەک میوانێکی خۆشەویست دەعوەت بکرێن. بەم شێوەیە سنوورەکان دەبڕن و مانایەکی پۆست سنووری وردەگرن. نووسەر و دەق دەبن بە بوونێکی پۆست سنووری، بەڵام هەڵقوڵا لە لوکاڵەوە. ئەوان ئەم مانای لوکاڵییە قەت ونناکەن و هەموو خوینەرێک ناچارە پیش خویندنەوەی دەق، ئاوڕبداتەوە سەری.

خوێنەر لەگەڵ ئەوەی مافی ئەوەی هەیە ببێتە دانیشتوو و هاووڵاتی نیشتمانی دەق، بەڵام وەک یەکەمین نەوەی کۆچبەرانی دانیشتووی وڵاتێکی تر هەم رەگیان لە نیشتمانی خۆیدا هەیە و هەم رەگی لە نیشتمانی دووهەم. بگرە رەگی یەکەم هەمیشە بەهێزترە، چونکە لە باری زەمەنی و شوێنەوە لە پلەی یەکەمدا دێن. لە لێکدانەوەیەکی شوبهێندراودا دەتوانین بڵێین نووسەر و دەق پابەندن بە جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤەوە و بۆیە سڵناکەن لە وەرگرتنی خوێنەر و پێدانی هەموو ئەو مافانەی وا ئەوان وەک هاووڵاتی نوێ پێناسەدەکەن. لێرەوە نووسەر و دەق مامەڵەیەکی مودێڕن و پۆستمودیڕن لەگەڵ خوێنەردەکەن. مودێڕن چونکە مافی رادەربڕین و لێکدانەوە بە خوێنەر لەسەر خۆیان دەبەخشن و پۆستمودیڕن چونکە خوێنەر هاوکات دەتوانێ مافی رەوایەتە گەورەکانیش لە دەق و لە نووسەر بستێنێتەوە و نەیکا بە کاریزمایەک لە جیهانێکدا کە لە بنەرەتدا کاریزماکوژە.

هەر دەقێک لە دوو توێی ئەو بەرگەدا چاپکراوە و لە قاڵبی ئەو زمان و وشانەدا تێیدا بەکاربراون بۆن و بەرامەی سەردەمێکی تایبەتی لێدێ و هەگبەی هیچ خوێنەرێک ناتوانێ ئەم بۆن و بەرامە تایبەتە لە ناو ببات و لەبەر چاوی نەگرێ. بۆیە بەرهەمهێنانەوەی هەر مانایەکی تازە لە دەق دیسان بە خودی دەقەوە بەستراوەتەوە و بە پێیە هیچ لێکدانەویەک ناتوانێ ئەوەندە رادیکاڵیانە بێت کە هەموو تان و پۆکانی پێوەندیی خۆی لەگەڵ رابردوو پچڕاندبێ. رابردوو بەردەوام حوزوری هەیە و بوونی خۆی دەسەلمێنێ. دەق شوێنی ژیان و بوونی رابردووە. بە بێ دەق مێژوو رەنگە بوونی نەبێ. بۆیە نووسەر و دەق دەبنە ئەو رۆحە کلاسیکیانەی کە لە دارستانە ترسناکەکانی زەمەنی زووەوە سەرەتاتكی دەکەن و جورئەتی خوێنەر بۆ گەڕان لە ناو خۆیاندا دەخەنەوە بەر تاقیکردنەوە. ئەو خوێنەرەیش ئازا و بە جورئەتە کە نەک تەنیا بە هەگبەی خەون و ئایدیا و بۆچوونەکانی خۆیەوە دەگەرێتەوە بۆ ناو دارستانەکە، بەڵکو هەوڵدەدا بە شێوازی خۆی بگەرێتەوە و رەنگە بۆ خوێندنەوەی دارستان تەنیا خوێندنەوەی تاقە درەختێکی لا بەس بێت!

بۆیە دەتوانین بڵێین نووسەر دەنووسێ بۆ ئەوەی هەروەها بە بازنەکانی ترەوە وەسڵ بێت و بکەوێتە پێوەندی ترەوە. نووسەر بگرە بە بێ ئەوەی بۆخۆیشی بیەوێ یان بە بێ ئاواتەخوازی بێ دەنووسێ چونکە دەیەوێ نووسین و خۆی بەکۆمەڵایەتی بکاتەوە، بەکۆمەڵایەتی زیاتر لەوەی وەک بوونەوەرێکی ئاسایی هەیە.

باسمان لە پۆستمودێڕن کرد. ئایدیایەک کە لە نیوەی دووهەمی سەدەی رابردووەوە بیرەکانی بە خۆیەوە سەرقاڵکرد و زۆر کەس وەک پارادایمێکی نوێ لێکیان دایەوە کە مرۆڤ ناچارە بەڕەچاوکردنی دونیا و دیاردەکان لێک بداتەوە. لێرەدا بۆ ئەوەی باسەکە لە گۆشەنیگایەکی ترەوە شی بکەینەوە خۆمان دەهاوینە ناو ئەم بازنەیە و لەوێوە درێژە بە قسەو باسەکەمان دەدەینەوە. باسێک کە بۆ لێ تێگەیشتنی پێش لە هەر شتێک پێویستمان بە لێ تێگەیشتن لە مودێرنیزم هەیە.

درێژەی هەیە...

گەڕان بۆ بابەت