ما 4845 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئازاد کەریمی

پاڵو بە واتای بەربەرەکانێ نێوان میترا و سۆڵ یان سۆر، شۆر (خواوەندی خۆر) دێت. کاتێ میترا و سۆر پێکەوە ململانێ دەکەن و سۆر یان سۆڵ دەبەزێت میترا تیشکەکانی خۆرواتە (شید) لە خواوەندی سۆردەستێنێت.

 

 

شاهەنشایی مونا- ماد (کۆتایی وەرزی یەکەم)

شەوی چلە، شەوی ئافراندنی ئیزەد میترا، خات (تاوس) ی پاڵەوان

نازانم سەبارەت بە پاڵەوان وا پەسن و یەکێ لە نازناوە بەناوبانگەکانی خات تاوس ە چۆن دەست پێبکەم لەبەر ئەوەی ئەم کەسایەتی یە ئایینیە ئەوەندە لە سەر ژیانی کورد کاری کردووە کە دەبێ وا بیربکەیتەوە دوای خودای ئافرێنەر خات تاوس بنەمای هەموو باوەڕەکان بووە.

لەگەڵ ئافراندنی مرۆڤەوە بڕواداری بە خودا و دواترخۆشویستنی ئیزەد خات، ئیزەد تاوس دەستی پیکردوە. خات تاوس لە وشەی کەیان (سومەری) ئوتو وە هاتووە. بە درێژایی چەند هەزارساڵ بە شێوەزارە جۆراوجۆرەکانی ئەم زمانەی وا ئێستا پێی دەڵێن کوردی ئەم وشە بە زماندا هاتووە.

ڕەگەزی وشەی ئوتو وشەی "تو" وە. تو واتە هەسارەی خۆر، "ئو" واتە زات و گەوهەری بنەمای خۆر. بنەما و جەوهەری خۆر بریتی یە لە ئاگر.

ئاگر ژیانی مرۆڤی مانادار کردووە. لە تاریکایی و سەرمادا مرۆڤ جی پێدەکرێ؟ مرۆڤ تێگەییشت کە بێ گەرما و ڕووناکایی خۆر هیچی پیناکرێ،هیچ نیە و خێرا دەپووکێتەوە.

دژوارە خۆمان بنێینە جێگەی یەکەم مرۆڤ، مرۆڤی وشیار و ژیر کە بوو بە شوێنکەوتەی وەڵامی ئەو پرسیارانەی وا لە مێشکیدا وەک برووسکە ئەهات و مرۆڤی مات دەکرد و لەو ماتبوونەدا بیری لەوە دەکردەوە دەبێ چ بێ، هۆکار چیە؟

یەک وشەی زازاکی هەیە کە زۆر گونجاوە بۆ ناونانی مرۆڤی هۆشمەند لەبەر ئەوەی ئەم بابەتە قورس و فەلسەفی یە و دەبێ وێناکان گونجاوی باسەکە بن با زووتر تێگەییشتنی لێدەستەبەر بێ.

وشە زازاکیەکە بریتی یە لە بەرخۆدار، واتە وریا و تەندرووست بەڵام خۆدار واتە خاوەن خۆ، تەندرووست.

خۆدار یان خاوەن خۆ بریتی یە لە شارەزا بوون بە خۆ یان زاتی خۆت.

شارەزایی و خاوەن خۆیی و خۆداربوون هەمان معرفت، معرفە، شناخت،visdom, wisdom,cognition بە زمانەکانی عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی و نۆروێژی یە.

ئەم خۆداریی و خاوەنخۆییە سەرچاوەی لە ئینساندایە لە ئینسانی زەنگ،ژیرو خاوەن هزری ڕاگیرکردنی ئەزمون و تەجرەبەکان لە مێشک و هەڵسوکەوتی دا و لە گەوهەر یان عنصری ئافراندندا خۆنواندن دەکات. واتە سەنگی ڕەش کە ماکی ئافراندنی مرۆڤی ژیر و زەنگ و زرەنگە وا لە چیرۆکی ئافراندنی مرۆڤدا لە دەقە سۆمەرییەکان کە ئارشیڤی باوک و باپیرانی گەلی کوردە بە یادگار نووسراوە و بە میرات گەییشتووە بە ئێمە.

ئەمانە هەمووی ئەگەڕێتەوە بۆ هزر و حکمەتی کەیانگیر یان کەیان گۆر کە بە حکمەتی گەوهەرانی یان "هزری گاورانی" ناوی دەبەین. لایەنگرانی ئەم ڕێبازە هزری یە بە گاور یان گەوهەری دەناسران کە لە کوردستان دەژیان و لە دەقە ئاشووریەکاندا بە خۆموردی تۆمار کراون.

لە زمانی کوردی ئێستادا بە زی ئودسودرا دەڵێن جۆمەرد (زازاکی)، جوامێر (سۆرانی)، جامێر (کورمانجی)، جامەرد (گورانی) و خدر (ئارامی).

کاتێ عەموریەکان ڕوویان کردە وڵاتی مەزۆپۆتامیا واتە ناودووڕووان، بە خەڵکێکی پێشکەوتوو گەییشتن و لە پەنای ئەواندا فێری شارستانیەت بوون، ئەوان بەو خەڵکە پێشکەوتووەیان دەگوت شومور یان گۆمەرد واتە نەتەوەی گۆمەرد لەبەر ئەوەی خەڵکی کەیان گور خۆیان بەو ناوە دەناساند.

لەو سۆنگەوە زی ئود سودرا یان گەومودرا (گۆمەرد) کە بە خدری زیندوو دەیناسین و باوکی گەلی کورد و مرۆڤایەتی یە لە دەقی ئافراندن دا یەکەم مرۆڤی هزرمەند دەناسێندرێ و گەوهەری هەبوونی دەگەڕێندرێتەوە بۆ بەردی ڕەش (ئاقێقی ڕەش)یان بە کوردی کۆن کیکوڵی، کەیکوڵو یان کەکوڵ.

تاوس ڕەفیق و دۆستی زی ئود سودرا لە ئەندێشەی گاورانی دا زۆر هێژا و بەڕێز بوو.لەبەر ئەوەی جلوەی تیشکی خۆر بوو. تیشکی خۆر لە جەستەی ئەودا خۆی نیشانی مرۆڤ دەدا.

خۆر لە خۆیدا هەسارەیەکی هەردەم ڕووناکە کوژانەوە و مۆنی و تاریکایی لە گەوهەری ئەودا نیە و هەر بۆیە تاریکایی لەودا کۆناگرێ،تاریکایی لەودا لە نێو دەچێ. هەر بۆیە لە ڕۆشنایی تیشکی ئەودا تاریکایی وا داپۆشێنەری ڕاستیەکانە لەنێو دەچێ و ڕاستیەکانی ناو تاریکایی ئەوەی وا ئەو بە هێزی تاریکایی خۆی شاردوویەتەوە دیار و ئاشکرا دەبن.

تاریکایی هۆکاری ون بوون و شاراوەبوونی ڕاستیەکانە، لە ژێر پەردەی ئەودا کاری خراپ دەکرێ و کەس پێینازانێ، خراپ کاران چەواشە دەکەن وکەس نایبینێ.

هەر بۆیە نادادپەروەری و ستەمکاری زیاد دەکات ،دزەکان بۆ بە شەودا دزی دەکەن و لە دیواری ماڵی خەڵک سەردەکەون؟ تێرۆریستەکان بۆ لە تاریکاییدا خەریکی پلاندانانن بۆ خەڵک کوشتن؟ لە بەر ئەوەی لە تاریکاییدا کەس نایانبینێ و ئەوانیش بە متمانەوە خەریکی خراپەکاری و تێکدانی پیوەندیەکانی نێوانی خەڵکن و بە ترساندنی خەڵک بنەما و شیرازەی کۆمەڵگە تێکدەدەن بۆ ئەوەی خۆیان سوودی لێوەربگرن و تاڵان ودزی زیاتر بکەن.

هێزی تاریکایی واتە "نغرۆمان" بەردەوام لە هەوڵدایە سنووری دەسەڵاتی خۆی لە بەستێنی ئافراندندا بەرفراوان بکات و تەنیا هێزێک کە ڕێگەر و لەمپەرە لەم ئامانجەدا هێزی "سپێدە مان"ە کە لە ڕووناکایی ڕۆژدا جلوە دەگرێ.

هەسارەی ڕۆژ بە تیشکی خۆی تاریکایی هەڵدەبڕوسقێنێ و ڕۆژهەڵدێ ،لە ڕۆژهەڵاتەوە و بە یەکەم تیشکی خۆر ئاسۆ ڕووناک دەبێ.

نغرۆمان و سپێدەمان جمکە و دووانەن و کوڕی زی ئوروان (گەوئورون) واتە خواوەندی کات و دەمن. هەردوو لە زگی باوکیاندا بوون بەڵام نغرۆمان واتە هێزی تاریکایی هەتاهەتایی فێڵی کرد و بە چەقۆ زگی باوکی دڕێ و هاتەوە دەرەوە دەیویست هەموو جیهان و کەشکەشان داگیر بکات بەڵام سپێدەمان واتە هێزی ڕووناکایی بەرەنگار بووەوە و کەوتنە زۆران لەگەڵ یەک و هەرتاوێک وجارێ یەکێکیان سەردەکەوت و بە سەر ئەوی دیکەدا زاڵ دەبوو بەڵام لە کۆتاییدا سپێدەمان لە شەوی ٢١ی دێسەمبەردا واتە ئەمشەو بەسەر نغرۆماندا زاڵ بوو. کاتێ ئەم زاڵبوونە مسۆگەر بوو ئیزەد میترا واتە ئیزەدی پارێزەری تیشکی خۆرهاتە هەبوون.

زوروان باوکی نغرۆمان و سپێدەمان بڕیاری دا بۆ ئەوەی ستەم لە هیچ لە براکان نەکرێ بۆ ماوەی دیاریکراوی هەزارساڵ دەسەڵات بدرێ هەر یەک لە جمکەکان. دوای ئەو هەزارساڵە برادەرەکەی دیکە ببێت بە دەسەڵاتدار.

ئەم بڕیارە لە هەبوونی ئیزەد میترا لە دڵی بەردێکەوە و لە ئەشکەوتێکەوە لە ژێر دەریای خات خۆی نواند. کاتێ میترا لە دایک بوو کەڵەشێر قوقاندی و مژدەی سەرکەوتنی سپێدەمانی دا. یەکەم تیشک کە ناوی کاک ڕمەیە تیشکێکی زۆر درێژ و کەڵەگەتە و لەگەڵیدا میترا بە چەرخە زێڕینەکەیەوە بە ئاسماندا گەشت دەکات و دنیا ڕووناک دەبێتەوە و تاریکی دەڕەوێتەوە .

ئەم شەڕە شەڕێکی ئاسایی نیە و زۆر دژوارە . دەبێ بە بەرز ڕاگرتنی هەستی مەعنەوی و پاڕانەوە لە پەروەردگار و ئافەرین کردنی ئیزەد میترا ورەی سپێدەمان ی هەتاهەتایی بەرز ڕابگیردرێ تاکوو بتوانێ بە سەر برا ستەمکارەکەی واتە نغرۆمان ی هەتاهەتایی دا زاڵ بێ.

میترە یان میهرە، کوردانی کەونار بە مەهرو ناساندوویانە. خواوەندی خۆشەویستی و ژنومێردایەتی، بڕیاروپەیمان وپاڵەوانی و دادپەروەری و ئازایەتی بووە.

ئایینی مەهرانی یان میترایی لە مەزۆپۆتامیا واتە ڕۆژاوای کوردستانی جوغرافیایی و لە مەڵبەندی سۆریش یان هۆریش، فەرا، کە ئێستا لە باکوری کوردستان دایە سەریهەڵداوە (دیارە سۆریاش بە گوێرەی ئۆستورەکان لە سوریگاش واتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکی پاراستنی تیشکەکانی خۆری بە میترا سپارد و سوێندی وەفاداری بۆ خوارد).

ئایینی میترایی ئایینی دەوڵەتە کوردیە کەونارەکانی ئەڵوەن، گەوتان، چاردنیای کوش، میتانی وهیتی، ئورارتو، ماننا و شاهەنشاهی ماد بووە. یەکێ لە بەڵگەکان بەردەنووسێک بە ڕێزمانی بزمارییە سەبارەت بە پەیماننامەیەکی نێواندوو دەوڵەتە کوردیەی سەردەمانی کۆن (میتانی و هیتی)و تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ ١٥سەدە پێش زایین و تێیدا سوێند بە ئیزەد میترا خوراوە.

مەهرو (میترا) نازناوی "نەبەز" یان نەبەرزی پێدەبەخشری کاتێ دوژمنەکانی دەبەزێنێ. چیروانۆکی میترا دەگێڕێتەوە: میترا لە ناخی بەردێکەوە دێتە دەرەوە کە لە ئەشکەوتێکدایە.پاشان لە گەڵ گایێکی ئاسمانی (دەوار، تاوەر، تائورلی لە کوێستانی تاوروس لە ئادیامان) زۆران دەگرێت و دەیبەزێنێ و دەیباتە ناو ئەشکەوتێکەوە و کاردێک دەچەقێنێتە ناوشانی گاکەوە و قوربانی دەکات. سەگ و مار و دووپشک و قاڵاوی لێ پەیدا دەبن. لە شوێنی برینی سەرشانی دەوارەکەوە سێ چڵ گەنم و نمامێکی مێو شین دەبن. دوومەشخەڵدار بە مەشخەڵی ئاگرەوە لە لای ڕاست و چەپی میتراوە ڕاوەستاون یەکیان ناوی "کاوە"یە ومەشخەڵەکەی بەرەو سەرەوە ڕاگرتوە وئەوی دیکەشیان ناوی"کاوە بەد"ە و مەشخەڵە ئاگرەکەی بەرەو خوارەوە گرتوە. کاوە هێمای پیت، سپیایی و بەرەکەتە و کاوەبەد هێمای شوومی و ڕەشی و نەحسی یە. ئەو دوو مەشخەڵدارە ئاماژەن بۆ سپینتە یان ژیان وئەنگەرە یان مەرگ.کاتێ میترا دەیەوێ دەرکەوتەی مادی و جەستەیی هەبێ وەک پەلەوەری مەهرو یان تاوس خۆی نیشان دەدات.

ئایینی میترا ئایینی"پاڵو" یان "پاڵە"کانە.

پاڵو بە واتای بەربەرەکانێ نێوان میترا و سۆڵ یان سۆر، شۆر (خواوەندی خۆر) دێت. کاتێ میترا و سۆر پێکەوە ململانێ دەکەن و سۆر یان سۆڵ دەبەزێت میترا تیشکەکانی خۆرواتە (شید) لە خواوەندی سۆردەستێنێت.

ئەم زۆرانە چارەنووسسازە لە دەریای فەرای کەرت دەگرن.

فەرای کەرت خانووی ئیزەد سۆر یان سۆڵە وا لە ڕۆژهەڵاتدایە و پیرۆزایەتی ئەم دەریا بە هۆی ئەوەیە سەرچاوەی ژیان یان ئاوی ژیانە وئەهورامەزدا لە ئاوی ئەم دەریا ئاودێری "داری ژیانی" کرد داری ژیان سەرچاوەی هەموو ڕووەکەکان و گیاوگژ و سەوزەڵانی و شینایی یەکانی جیهانە ولە باخی ئادان لە ڕۆژهەڵاتدایە.

خواوەند سۆڵ یان سۆر دوای ئەوەی لە ململانێی لەگەڵ خواوەند میترا پشتی لە زەوی درا سوێندی خوارد هەتاهەتایە وەفادار بێ بە میترا.سۆڵ سواری چەرخ، ڕادە یان گەردان (گەردوون) دەبێ وبەرەو خۆردەڕوات. سۆڵ هەتاهەتایە لە خزمەتی میترادایە و میترا سواری گەردوونەکەی خۆی دەکات ولە سەردان و سەیران و هات وچۆکانی میترادا گەردونەوانیەتی.

هێمای سۆڵ خاچی شکاوە و لە بنی زۆربەی ئەو کاسە وجام و قەدەحانەدا کە لە ژێر زەویدا دۆزراونەتەوە و هی سەردەمانی کۆنن بەتایبەت هی سەردەمی سۆمێریەکان بەناوبانگ بوون نەخشێندراوە لە بەر ئەوەی ئیزەدی سور بڕیاری دا وەفادار بێ بە ئیزەد میترا.

کوردانی کۆن یادی لەدایکبوونی ئیزەد میترا وا لە جەستەی "ئوتوس" تاوسی پیرۆزدا خۆدەنوێنێ بەرز و پیرۆز ڕادەگرن، موغانی گاور ڕۆژوویان دەگرت و خەڵکی ئاسایی بە خواردنی شەوچەرە و شووتی (زەبەش،شفتی) و پاڕانەوە لە خودای ئافرێنەر وا دەوران دەگێڕێ ئاواتی سەرکەوتنی سپێدەمان و هەڵهاتنی ڕۆژ لە ئاسۆوە دەخوازن.

بیرکردنەوەی شەوی لە دایکبوونی ئیزەدی پارێزەری هێزی پاڵەوانێتی و هێزی پەیمان و بڕیار و خۆشەویستی وئازایەتی و دادپەروەری وا هەواڵبەری سەرکەوتنی سپێدەمانی هەتاهەتایی بە سەر نغرۆمانی هەتاهەتایی یە لە سەر مرۆڤی کورد ئەرکێکی ئەخلاقی و بیرمەندانە و ویژدانییە. خات (تاوس) کە نمووی ئیزەد میترا لە سەر زەوی یە تەنیا یەک سیمبۆلە و ئافەرین کردنی خات (تاوس) بە واتای شەریک بۆ خودای ئافرێنەر درووست کردن نیە، هەر کەس لافی وا لێبدات درۆزن و بەدڕەوشت و خودانەپەرستە.

باوکی ئێمەی کورد گۆمەردی زیوای زیندوو ئێمەی فێری خواناسین و خاوەن خۆیی وخۆداری کردووە، بەو ناونیشانەی وا گۆی ڕەش لە دەستی ئیزەد میترادا کە هێمای بیرکرندوە و معرفت و زاناییە ئاماژەیە بە مرۆڤ و خۆناسین و پەروەردگارناسین.

ئیزەد میترا بە پاڵە، پاڵو، پاڵەوان، یاپاڵ، پەیلە، پەهلە، فەیلە، مەهرە و مەهرو، توس، تەوس، توش، توش نەوزەڕ، ماتاوس و خات و ئوتوس، ئوتو بەناوبانگ بووە.

زمانی کوردی پێشتر بە زمانی پاڵەوی بەناوبانگ بووە و لە سەرتاسەری کوردستان لە ماراش لە کوێستانی تاوەر لە ڕۆژاوای چەمی فراتەوە بگرە هەتا هەنگوماتان (هەمەدان)قسەی پێکراوە.

گاتا یان گەە بەواتای "تێگەییشتن" کە فەرمایشی پیر زەردەشتە بە زمانی پاڵەوی نووسراوە. ئەم زمانە کە وەک خۆی ماوەتەوە و بە کوردی بەناوبانگە، زمانی حکمەتی گاورانی یە و لە سەردەمی سومەریەکانەوە قسەی پێدەکرێ.

دروود و ئافەرین لە باوکی ئێمەی کورد گۆمەردی زێوای زیندوو.

شەوی لە دایک بوونی ئیزەدی پاڵەوان، ئیزەد میترا بەرز و پیرۆز بێ.

گەڕان بۆ بابەت