فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئێمە دەنووسین چونکە ئازادین، چونکە دەمانەوێ ئازادبین، چونکە نووسین لە بنەرەتدا پرۆژەی ئازادکردنی مرۆڤە. ئەم ئازادکردنەیش لە سەردەمی سەرهەڵدانی مودێڕنیزمدا پێش لەهەر شتێک خۆی لە قوتاربوون لە نەریت و لە میتافیزیادا دەبینێتەوە.

 

ئەگەر نووسین بریتی بێت لەسەربەخۆکردنی خۆمان و ئەوانی تر، ئەوا نووسین دەکەوێتە کێشە و ململانێیەکی گەورە و ریشەیی لەگەڵ هەموو ئەو لایەن و شوێنانەی وا ئەم سەربەخۆییە پێشێلدەکەن و هەوڵدەدەن مرۆڤ لە ئاست خۆیاندا بکەن بە کۆیلە. ئەمە جگە لە دەسەڵات و ئایینە زەوینییەکان هەموو چەمکە میتافیزییەکانیش دەگرێتەوە. بۆ وێنە هەموو وێناکانی مرۆڤ لەمەڕ خودا. خودا وەک چەمکێکی میتافیزی هەمیشە لە پێوەندێکی نابەرابەردا بووە لە گەڵ مرۆڤ. خودا هەمیشە خۆی وەک سەرچاوە و بوونی کامڵ سەیرکردووە و مرۆڤیشی وەک 'ئاکامی سەرچاوە' و وەک بوونێکی ناکامڵ. وەک بوونێکی پاشکۆ. لێرەوە مرۆڤ لە دووامانادا دەبێ هەمیشە ملکەجی خودا و دەسەڵاتە میتافیزییەکان بێت و لەم ملکەجبوونە نکۆڵی نەکا. بێهۆ نیە لەو سەردەمەی ئایین هەم لەدەسەڵاتدا زاڵە و هەم لە کۆمەڵگادا، هەم کەمترین ژمارەی نووسین لەدایک دەبێ و هەم خوێنەرەکان لە کەمترین ژمارە و لە کەمترین ئاستدا دەبن. لە کۆمەڵگای ملکەجی دەسەڵاتە میتافیزییەکان ژمارەیەکی کەمتر لە خەڵکی جورئەتی ئەوە بە خۆیان دەدەن کە لە توانا ئەقڵییەکانی خۆیان بۆ سەربەخۆ بیرکردنەوە کەڵک وەربگرن و، لێرەوە نووسین پاشەکشەدەکا. ئەو نووسینەیش وا لە پێناوی سەلماندنی میتافیزیادایە لە ئەقڵێک کەڵک وەدەگرێ کە پێش ئەوەی دەست بکا بە نووسین، خۆی کردووە بە کۆیلە و بۆ سەلماندنی ئەم بەکۆیلەبوونە دەستی داوەتە قەڵەم. لێرەوە بەو ئاکامە دەگەین نووسین شوێنی گومان، پرسیارخوڵقاندن و کردنەوەی رێگا نوێیەکانە، شوێنی هینانەوەی بەڵگەیە بە شێوەی ئەزموونی و بەدوور لە باوەڕە باوە هەمیشەییەکان. لە نووسیندا هیچ شوێنێکی قەدەغە بوونی نیە. تەنیا بە مەرجی باوەڕهێنان بەم یاسایەیە (واتە کراوە بوونی هەر باسێک و نەبوونی قەدەغە)، نووسین لە کامڵترین و بەرینترین ماناکانی خۆیدا شکڵ دەگرێ. ئەو ئەقڵ و ئەو دەقەی لەوە پێش دەسەڵاتێکی میتافیزیا بۆ خۆی وێنادەکا و ئەوجا دەستدەکا بە نووسین، هەر لە یەکەمین هەنگاوەکانی جووڵەی خۆیدا ئەقڵ و تواناکای خۆی تەسلیم کردووە و دەستی خۆڕادەستکردنی بەرزکردووەتەوە. ئەم شێوازە لە نووسین بەردەوام خۆی سنووردار دەکا. بەم پێیە ئەگەر میتافیزیایەک هەبێ تەنیا میتافیزیای ئازادیی رەهای ئەقڵە بۆ بیرکردنەوە. بۆیە مرۆڤ دەنووسێ بۆ ئەوەی ئەم میتافیزیایە بسەلمێنێ. چونکە تەنیا لەم رێگاوەیە مرۆڤ دەتوانێ بە مرۆڤایەتی خۆی بگا و بوونی خۆی وەک مرۆڤ بسەلمێنێ.

راستە ئەوە ئەقڵە سەرچاوەی تەنانەت میتافیزیای ئایینیشە، بەڵام هەر ئەقڵە کە دەتوانێ دەستبداتە رەخنە لەم میتافیزیایە و بەردەوام بێت لە رەوتێک کە پێی دەگوترێ رەوتی بەردەوامیی بیرکردنەوە بە گوێرەی ئەقڵ. توانای سەیرو سەمەرەی ئەقڵ لەوەدایە ئەو شتەی دەیخوڵقێنێ سەرلەنوێ دەیداتەوە بەر رەخنە و لێکۆڵینەوە و هەوڵدەدا بگاتە شوێنەکانی تر. ئەقڵ پانتاییەکی فراوانترە لە هەموو چەمکەکان و بگرە چەمکی میتافیزیایش. ئەوە خودایە بە دەوری ئەقڵدا دەسووڕێتەوە نەک ئەقڵ بە دەوری خودادا. ئەگەر بەپێچەوانەی ئەمە بایە دەبا قەت مرۆڤ گومانی لە میتافیزیا و خودا نەکردایە و بەردەوام باوەڕی پێی بووایە و ئەم باوەڕەیش لە چوارچێوەی یەک خودای تایبەتدا بووایە. رەنگە ئەقڵ تەنیا میتافیزیای جیهانی مرۆڤ بێت، میتافیزیایەک کە رواڵەتێکی تایبەتی نیە و بەگوێرەی تواناکانی خۆی هەر جارە شێوازێک وەردەگرێ. لە راستیدا ئەقڵ بوونێکی بێ روخساری هەڵگری روخسارەکانە. خۆی لە بنەڕەتدا خاوەن هیچ روخسارێک نیە، بەڵام دەتوانێ لە رەوتی بیرکردنەوەکانی خۆیدا هەڵگر و دەربڕی روخسارەکان بێت. ئەمە خەسڵەتی هەموو دیاردەیەکی سەرچاوەئاسایە. سەرچاوە لە فرەچەشنیی خۆیدایە سەرچاوەیە. ئەقڵ گەورەترین ئامرازی مرۆڤە بۆ دەربازبوون لە میتافیزیا و لە نەفیکردنەوەی دەسەڵاتە بان ئەقڵانییەکان. لە خۆوە نیە ئایینەکان ئەوەندە پێ لەسەر باوەڕە دەروونییەکان دادەگرن و هەوڵدەدەن زیاتر بە هۆی هەستەوە مرۆڤ بە باوەڕەکان ببەستنەوە. ئەقڵ شوێنی رەوینەوەی باوەڕە. شوێنی رەوینەوەی هەستە. بۆیە تاریک و سارد و ترسناک دەنوێنێ.

هەڵبەت ناتوانین بڵێین کە لە دەقی ئەدەبیدا ئەم خەسڵەتە زاڵە. دەقی ئەدەبی کە تێیدا ستاتیک (جوانناسی) زاڵە و ستاتیک بریتییە لە ناسینی هەستیانە دیاردەکان، پێش لە هەر شتێک ئێمە بە هەستەکانەوە دەبەستێتەوە. بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی نووسەری دەقی ئەدەبی لە رێگای باوەڕمەندبوون بە ئەقڵەوە لەوە پێش نەکەوتبێتە دۆخی گومانکردن لە میتافیزیا وەها کە بتوانێ ئەم حاڵەتە بەشێوەی ستاتیکی لە دەقە ئەدەبییەکانیدا بەکارنەهێنێ. لە راستیدا لێرەدا ئەقڵانییەت بۆ نووسەری ئەدەبی مەرجێکی پێش نووسینە بۆ ئەوەی بتوانێ بەشێوەی رەها و ئازاد مامەڵە لەگەڵ دەق و لەگەڵ نووسیندا بکا.

ئێمە دەنووسین چونکە ئازادین، چونکە دەمانەوێ ئازادبین، چونکە نووسین لە بنەرەتدا پرۆژەی ئازادکردنی مرۆڤە. ئەم ئازادکردنەیش لە سەردەمی سەرهەڵدانی مودێڕنیزمدا پێش لەهەر شتێک خۆی لە قوتاربوون لە نەریت و لە میتافیزیادا دەبینێتەوە. بێهۆ نیە بیرمەندانی سەردەمی رۆشنگەری بەگژ شێوازی نەریتیانەی سەردەمی خۆیداندا دەچنەوە و دوواتر لە سەدەی نۆزدە لای نیچە ئەم نەریتە لە راگەیاندنی 'مەرگی خودا' بە ترۆپی خۆی دەگا. مەرگی خودا دەبێ بە مەرجێک بۆ رەهاکردنی توانا ئەقڵییەکانی مرۆڤ. چونکە هیچ شتێک بە قەدەر خودا بەری بە رەهاکردنی وزەکانی مرۆڤ نەگرتووە. خودایەک کە هەمیشە هەوڵیداوە مرۆڤ وەک کۆیلە و وەکو پاشکۆی خۆی بهێڵێتەوە وەها کە قەت لێی رزگاری نەبێت. خودا ناوەندترین چەمکی نەریت و میتافیزیایە و بۆیە لێدانی دەبێ بە سەرەکیترین پرۆژە و گرینگترین ئەرکی مرۆڤ بۆ رزگاری ئەقڵ و رەهاکردنی تواناکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ بە بێ ترس و بە بێ هیچ لەمپەرێکی دەرەکی و دەروونی. بەڵام ئەمە پرۆژەیەکی ئاسان نیە. لاوازکردنی دیاردەیەک کە هەزاران ساڵە هەیە و تەنانەت لە سەردەمی مودێڕنیشدا (دیارە بە شێوازی تر) درێژە بە ژیانی خۆی دەدا ئەوەندە ئاسان نایەتە بەرچاو. بۆیە لێرەوە دوو دیاردە سەرهەڵدەدا: یەکەم پێشکەشکردنی فراوانی دەق، دووهەم رۆچوونەوە بە مانای خودا بە شێوازی بەدوور لە نەریت. لە حاڵەتی یەکەمدا فراوانیی دەق دەبێتە هۆی ئەوەی کە تەنیا دەقە ئایینییەکان سەرچاوەی رووتێکردنی خەڵکی نەبن و خەڵکی بۆ وەرگرتنی زانیاری و تێرکردنی نیازە دەروونییەکان بتوانن رووبکەنە دەقەکانی تریش، لە حاڵەتی دووهەمیشدا خودا لە چەمکێک کە لە ژێر دەسەڵاتی بنکە و دامودەزگا ئایینیەکاندایە دێتەدەر و مانای تر وەردەگرێ. تەنانەت خودا بەگوێرەی رادەی مرۆڤەکان بەتاک دەکرێتەوە و ئەو دەرفەتە فەراهەم دەبێ کە هەر کەسێک بتوانێ وێنای خۆی لە خودا هەبێ. ئەمە دیارە بە مانای رەوینەوەی میتافیزیا نیە، بەڵام لانیکەم بە مانای رەوینەوەی دسپۆتیزمی میتافیزیایە کە هەوڵیدەدا خودا لە رێگای ترس و تۆقاندنەوە و لە رێگای یەک تاقە خوداوە لە ژیانی خەڵکیدا بهێڵێتەوە. بەتاککردنی مانای خودا لە راستیدا رێگای بۆ ئەوە دەکردەوە خەڵکی بە بەکار‌هێنانی توانا ئەقڵییەکانی خۆیان، خۆیان خودای خۆیان وێنابکەن. ئەمە هەنگاوێک بوو بۆ چالاککردنەوەی ئەقڵ، ئەگەرچی هێشتا بەدوورە لە سڕینەوەی یەکجارەکی چەمکی خودا. بەتاککردنی چەمکی خودا دەبێتە هۆی ئەوەی خودا وەک سەردەمی زوو ئەرکی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی ژیان و کۆمەڵگادا نەگێڕێ و ببێ بە چەمکێکی زۆرتر دەروونی. دیارە وەک چەمکی دەروونی دەتوانێ پێش بە ئازادی بگرێ، بەڵام ناتوانێ پێش بە نووسین بگرێ چونکە لای تاک خودا دەکرێ وەها مانابگۆڕێ کە بێ ئازارترین بوونەوەری دونیا بێت!

بۆیە لە سەردەمی نوێدا دەتوانین بڵێین ئەم دەرکەوتەیە لە خودا دەبێ بە هاندەرێک بۆ نووسین. تەنانەت خودا دەبێ بە یەکێک لە کاراکتێرەکانی ناو جیهانی دەق. خودا خەسڵەتی سەرچاوەی خۆی لەدەستدەدا. مرۆڤ وەک کاراکتەرێک بەکاری دێنێ بۆ ئەوەی لە رێگای ئەوەوە باس لە بۆچوون و خەونەکانی خۆی بکا.

بۆیە نووسین دەبێ بە خوڵقاندنی پانتاییەکی نوێ، پانتاییەک کە تێیدا خودا وەک کاراکتەرێک چیدی موقەدەس نیە، بەڵکو لەپاڵ کاراکتێرەکانی تردا لە خولقاندن یاخود لە ژیانکردن لەم جیهانەدا رۆڵ دەگێڕێ. رێک وەک هەموو بوونەوەرەکانی تر.

درێژەیی هەیە....