ما 2696 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رۆدان ئازاد

کەرکووک!

دەستێکم چڵە زەیتوون

دەستێکم کۆتری ڕووخۆش.

نیشتمان، کە لێم دزرا

لە زمانمدا خۆم دەنێژم.

 

ڕۆژهەڵاتی شەهید

(بۆ سەلیمی و تەواوی خوێنەڕژاوەکان)

 

رۆدان ئازاد

 

 

چوومە هەولێر

چوار خواوەند

دەرگای پەرستگای خۆریان لێکردمەوە.

ئاشوورییەکان لە ئاوی گەرمی زمانیان هەڵژەنیم.

تێپەڕیم و

ڕێگاکان لوولتر دەبوونەوە.

حەیرانبووم بە گەردی پەپوولە مێیەکانی ناودەشت.

حەیران حەیرانێ

پشدەر نانێک دەخوات و دووان دەبەخشێ.

گەڕامەوە هەیبەت سووڵتان،

مافی خۆشەویستیم لە ئاگر وەرگرتەوە.

سلێمانی شانەکانی خوێنیان لێ دەفیچقا.

هێشتا گەرمیان شوێن نوقرچی سەربازە جل خاڵخاڵۆکییەکان لەسەر پێستی مۆر مابوو،

شقارتەم لە شلەخەجێی قادسلێکان دا.

حەیران حەیرانێ

تا دەگەمەوە هەڵەبجە،

غاز دەروونی باڵندەکانی سەرشانم تێکدەدات.

خۆم دەگەیەنمە سەر گۆڕی هەڵۆ بەگ و

باسی هەناسە تەنگیی هەشتاوهەشتی بۆ دەگێڕمەوە.

هەڵدەستێتەوە و

خۆڵ و خاک لەخۆی دەتەکێنێ،

سۆزێک دەچڕێ و

جەڵتە دەچێتە دەمارەکانییەوە.

ڕێوییە شاخپەروەرەکانی شار

تەرمەکەی دەپێچنەوە و

دەیدەنەوە دەم ڕووبار.

دەچمە سەر قەڵا و

بەزمانی کوردی دەڵێم:

کەرکووک!

دەستێکم چڵە زەیتوون

دەستێکم کۆتری ڕووخۆش.

نیشتمان، کە لێم دزرا

لە زمانمدا خۆم دەنێژم.

گەڕان بۆ بابەت