ما 2606 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سارا ئەحمەدزادە

هەموو شەوێک بە هیوای ئەوە ئەچمە مەرگێکی قووڵەوە کە سبەی زەوییە بچووکەکەم بەم هەموو مرۆڤە خۆ بەزل زانەوە جارێکتر ڕوحی بێتەوە بەر، بەڵام مەخابن چەندین ڕۆژە بەیانیان کە بەخەبەر دێم ئەبینم هەموو هیواکانم مردوون و هەزارەها تەرمی بێناو ئەبینم.

 

زیندووم لەگەڵ خەمێکی بێ ناونیشان

سارا ئەحمەدزادە

سەردەمێک بوو شەقامەکان پڕ بوون له مرۆڤ، باخچەکانی شار لە بەهاری هەر ساڵێکدا ئەگەشانەوە و نازیان بە سەر ڕێبوارانی شاردا ئەکرد، دەرگای هەموو کووچە و کۆڵانەکان ئاوەڵا بوو، دەستەکان بە یەکدی ئاشنا بوون، هەمووان یەکیان ئەناسیەوە، باڵندەکان بە بێ هیچ ترسێک لە شەقەی باڵیان ئەدا و ئاسمان فڕکە فڕکی پەلەوەرەکانی تۆمار ئەکرد و زەوی زەردەخەنەی بەهاری لە سەر لێو بوو. من کەسێکی پیر نیم بەڵام لە بیرمه سەردەمێک بوو خەمەکانمان هاوبەشی ئەکرد، لەبیرمە زەمەنێک بوو باوەشەکانمان کراوە بوو بۆ ئازیزانمان من لەبیرمە ئەو کاتانە کە چۆن عاشقەکان ماچیان ئەبەشیەوە و چۆن ڕاستگۆیانە یەکدیان خۆش دەویست، لەبیرمە کە ئەستێرەکانیان لە ئاسمان دائەگرت و ئەیانکردن بە حەڵقەی هاوسەرگیری و پەنجەکانیان بە بەڵێنێکی ئەبەدییەوە ئەبەستەوە.

من پیر نیم بەڵام قۆناغێکم لەبیرە کە تەنیا ڕابردوویەکی نزیکە بەڵام ئەوینی ڕاستم تێدا بەدی کرد، ڕەحم و بەزەییم ئەبینی، پێوەندی مرۆڤایەتیم ئەبینی، هەروەها مەرگیشم ئەبینی مردنی جۆراوجۆر!! بەڵام ئێستا سەردەمی مەرگی خێرایە! ڕاکردنه لە مردنێکی فاشیستی و کپ و قێزەون و تێکەڵ بە سیاسەتێکی پووچەڵ. خودایه چ مەرگستانێکی پووچە!! چ داخێکی گەورە بە سەر مێژوومانەوەیە! لە چ شەڕێکی بێ چەک و بێ خوێن داین! ناتوانین ئازارەکانیشمان بەش بکەین! ئەمە چ دنیایەکە؟ دەروونمان شەقی بردووە لە خەمدا! خۆشم نازانم لە چ سەدەیەکدا ئەژیم؟! ئەزانم زۆر پیر نیم و تەمەنێکی کورتم بەڕێ کردووە بەڵام من ژیانی دوو سەدەی جیاوازم تاقی کردەوە، دوو سەدە کە هەموو شتێکم تیا بەدی کرد.

بە ئازاره ژین لەم مەرگستانە چەپەڵە. ئیتر بە ئاسمانی بێ کۆتاش سووکناییم نایا، چەندین مانگە ڕۆژئاوابوونیشم لێ ونە! من لە هەر دووک ئەم زەمەنە جیاوازانە جوانییەکانم لێ ون بوون! نازانم ڕۆژێک دێ هێندە پیر بم کە لە سەدەیەکی تر بژیم و جوانییەکی ئەم دنیایە تاقی بکەمەوە! نازانم کەی دێ نیشتمانێکی بێ خیانەت ببینم!؟ بڵێی ئەو ڕۆژە بێ کە مەرگی ئاوا بێ چرپە و زاڵم دەست لە یەخەمان بەردا؟! ئاخۆ ڕۆژێک بێ بە پیری دوو چاوی جوان ببینم پڕ لە ڕاستگۆیی و خۆشەویستی؟!

دەمەوێ پڕ بە شاره بچووک و تۆزاویەکەم هاوار کەم خودایە خەستەخانەکان بڕووخێنە، قەڕەوێلەی نەخۆشەکان بشکێنە، دنیا بسڕەوە و جارێکی تر سەرلەنوێ ئەم شارە و کوردستان و جیهانم بۆ دروست کەوە، دەمەوێ بچمە سەر بەرزترین کێو و هاوار بکەم خودایه پێویستمان بە ڕێبەرێکە کە ئازادیمان بۆ بێنێ پێوستمان بە پێشەوایەکە کە بمانباتە زەمەنێکی تۆزێ جوانتر، زەمەنێک کە ئیتر بێز لە یەک نەکەین! ئاخەر ئێمە لە دێر زەمانەوە فێر بووین کە تەنیا ڕۆژگار تێپەڕێنین بە هەموو دەرد و مەینەتییەکانیەوە نەک ئەوەی کە بژین و هەموومان بە عەدڵەوە بمرین! ئا من لێرەوە پێتان دەڵێم ئێستا چ سەردەمێکه کە سەرۆکەکان بەهاریان لێ قەدەغە کردووین! ئێوە پێم بڵێن لە چ مێژوویەک بەهار زەوت کراوە؟! ئەوەتا بەهار لە منیش و لە تۆش قەدەغە کراوە! ئەوەتا ماڵەکانمانیان پڕ کردووە لە تەم و غوبار، غوربەتیان بۆ کردووین بە ئاو و دەرخواردمان ئەدەن، ئەوەتا سەرۆکەکانمان کە سەرۆکی من نیین و هەرگیزیش نەبوون بەڵام هەموو ڕۆژێک تەنیایی بە بەرمدا ئەکات.  ئێمە لە قۆناغێکداین کە پەرستگا و شوێنە پیرۆزەکانیشیان داخستووە ئەو شوێنانەی زەمەنێک کەعبەی دڵی ڕەنجاوی زۆر مرۆڤی بێکەس و تەنیا بوون، من بە گومانم لەوەی کە چەندین مانگە مرۆڤەکان تەنانەت خوداشیان لەبیرکردووە و دەرگای هیچ مزگەوت و پەرەستگایەک ناکەنەوە، ئەزانم کە تەنانەت لە ماڵە چۆڵەکانیشیان بیرێکی بچووکی خولقێنەری ئەم جیهانە بە دڵیاندا تێناپەڕێ و هیچ دەستێکیش بەرزنابێتەوە بۆ ئازادی من و تۆ. من دەزانم مێژوو ئەمە لە یاد ناکا! مێژوو دەردەکان و ناوی مردووەکان بە نەخۆشییەکی دەستکرد تۆمار دەکات بەڵام ئەی کێ ئازارەکانی دەروونیان تۆمار دەکات!؟ کێ وێنەی ڕۆحە پەشۆکاوەکان ئەکێشێ و ئەیانکا بە تابلۆیەکی هەمیشه زیندوو! ئەی کام هەواڵنێر هەواڵی نەخۆشە دەروونییەکان لە قەهری نەیاران لە سەر شاشەکان بڵاو دەکاتەوە؟ ڤایرۆسێکی چکۆلە دنیای هەژاند بەڵام چاوەکانی تۆ لەم سەردەمە پڕ لە مەینەتە بەتەنیا دڵە ماندووەکەمی ڕووخاند! دە بێ وەفاییەکان بوەستنن و جارێکی تر باوەش بکەنەوە بە ڕاستییەکان، بە ژیانێکی پێکەوە بوون! ئەزانم بەم شەوە وڕێنەکانم لە پارچەکاغەزێک کۆتایی نایا بەڵام زمانم نازانێ چەن ئازار بڵێتەوە؟!

هەموو شەوێک بە هیوای ئەوە ئەچمە مەرگێکی قووڵەوە کە سبەی زەوییە بچووکەکەم بەم هەموو مرۆڤە خۆ بەزل زانەوە جارێکتر ڕوحی بێتەوە بەر، بەڵام مەخابن چەندین ڕۆژە بەیانیان کە بەخەبەر دێم ئەبینم هەموو هیواکانم مردوون و هەزارەها تەرمی بێناو ئەبینم و تەنیا من زیندووم لەگەڵ خەمێکی بێ ناونیشان...

Håp - av Lisa Ruhe - Inzpero

گەڕان بۆ بابەت