رەسوڵ سەفەریانی

دەزانم ھەر لە بەیانییەوە، رەنگە ھەر لە ئێستاوە دەسپێدەکات. ھەر رێک لەدووای ئەم ئیمزا. ئای چەندە رقم لەم ئیمزا بوو. رەنگە ھەموو باجەکانیش کە تا ئێستا داومە تەنیا بۆ خۆبواردن لەم چرکەساتە بوو، لەم ئیمزا. ترس بوو ترس کە خستمیە ئەم رۆژە. ترس ژیانی منی وێران کردووە. چەندە من ترسنۆک بووم ئەوەندە ئەو بوێر.

 

وڕینەکانی پیاوێک

رەسوڵ سەفەریانی

دێتەوە، خۆم ئەزانم دێتەوە. ئەزانم، دڵم روونە، ئەمجاریش وەک جارەکانیتر ھەر سەفەرێکی کاتییە، موەقەتە. ھەموو جارێک ھات و ھەڵا کراوە و ھەوڵیانداوە ناوی بزڕێنن و لە دڵی مندا رەشی بکەن، بەڵام تاقەت و سەبری ئاشقانەم سەرکەوتووە و ئەویش گەڕاوەتەوە و رووی ھەموویانی رەشکردووە. من خۆم باشی دەناسم، ئەزانم چۆن مەزاجێکی ھەیە. بەتەنیا بیخە نێو فەوجێک پیاو بخەوێت کەس ناوێرێ دەستی بۆ ببات. من ئەیناسم. کوڕە ئەو بەساڵ رۆیشتووە و ھاتووەتەوە کەچی یەک تۆسقاڵیش ھەوەسی نەبوو. من خەریک بوو تۆقم ئەکرد، گشت گیانم ھەوەسی لێدەتکا و ئاو بە لالێوما دەھاتەخۆارەوە، بەڵام ئەو زۆر بە خەمساردیەوە دەیوت لاوە لێمگەڕێ. ئەیگوت بڕوابکە ھیچ دەماخی سێکسم نییە. ئەیگوت من حەزم لە پیاو نییە. قیزم ئەشێوێتەوە لە پیاو. دوای ھەر ونبوونێکی چیرۆکێکیان بۆ سازکرد. ئەم خەڵکە زۆر بێ شەرمن، ھەموو شتێک لە چاوی خۆیانەوە دەبینن. لەبیرمە یەکەم جار تەنیا یەک شەو ونبوو، بەیانییەکەی... .

ئای لەو جارەش کە یەکەم ونبوون بوو زۆر پەست و بێتاقەت بووم. رەنگە ھی ئەوە بوو باشم نەدەناسی، منیش وەک خەلکان بیرم ئەکردەوە. کە ھاتەوە شەڕێکم پێفرۆشت. تووڕەم کرد، بەڵام شەوەکەی نەمتوانی خۆم ڕاگرم، چووم داوای لێبووردنم لێکرد و ئاشتم کردەوە و وەک ھەمیشە سازبووینەوە. ئەو شەوە وتی ھێشتا بەھۆی تووڕەیمەوە ھەوەسم نییە، لێمگەڕێ، منیش لێیگەڕام.

من ئەوجارەش ئەمزانی ئەگەڕێتەوە سەیر ئەوەیە دەوروبەرەکەم لە خۆم بەتاوتر بوون و بەردەوام ئەیانپرسی لە کوێ بوو. ئاخری خۆم تووڕە کرد و وتم بەئێوە چی خۆم ئیزنم دابوو و خۆیشم ئەمزانی لەکوێیە.

لە کوێیە؟ چەندەم رقە لەم پرسیارە. بەدرێژایی ئەم ساڵانە ھەوڵمداوە دورە پەرێز بم و لە  کەس نزیک نەبمەوە. ھەموویان پاش چاک و چۆنی خێرا بە شکلێک دەجوونەوە سەر ھەمان پرسیار. ئەرێ ماوەیێکە... نایبینم خەریکی چییە؟ لە کوێیە؟

لە کوێ...ە.  

ئەرێ ئەوە لە کوێیت؟  

جا بە تۆ چی من لە کوێم. دێمەوە یان نا... بە تۆچی. پێم وتی ھەستە با بڕۆین. وتم کاک فڵانی لەگەڵمان دێت، ئەو زیرەکە رێگا و بان دەزانێت. وتم من نامەوێت لەوێ بژیم. ژیان لەوێ ئازاد نییە. وتم من حەزم لە ئازادییە بەڵام خۆت نەھاتی. ئێستا تێلم بۆ دەکەیت و دەپرسیت لە کوێم؟ خۆت ئەزانی من بڕیاری خۆمم داوە و ناگەڕێمەوە. ئەڕۆم تا دەگەمە بەھەشتی ئارەزووم. دەڕۆم و ھەر لەوێشەوە وێنەت بۆئەنێرم. سەد جار وتم ھەستە با بڕۆین. ھەرتاوێک بیانویێک، تاوی مناڵەکان، جارێک چاوەڕێی... ێیتر لێم گەڕێ خۆم تێلت بۆ ئەکەم.

 

لەکوێیە؟ لە ماڵی باوکییەتی؟

دایکی نەخۆشە ئەو ماوەیێک لە لای دەبێت. خۆم ناردم، وتم من ئاگام لە مناڵەکان دربێت تۆش لای دایکت بە تا چاک ئەبێتۆ.

ـ کوڕە ئەو خەڵکە قسە زۆرئەکەن. من بیستم وتیان لەگەڵ کەسێک چووەتە دەرۆ دەیەوێت بچێ بۆ ئوروپا.

گوێ بۆ قسەی کەس شل مەکە، ناتوانین دەمی خەلک ببەستین. با بڵێن، من خۆم ژنی خۆم چاکتر ئەناسم. باشە نەیانوت ئەو کەسە کێیە؟

وەللا وتیشیان، بەڵام من ناوەکەیم لەبیر نییە. کوڕە لێیگەڕی وەک خۆت وتت خەڵک زۆر شت ئەڵێن کە ھیچی وانییە. گرینگ ئەوەیە کە ئێوە بەیەکۆ باش بن و ژیانتان خۆش بێت با خەڵک ھەر قسە بکەن.

ئەلەو.... ئەلەو...

ـ ئەلەو ئەوە بۆ ھەڵیناگریت.

ـ بۆ ھەڵیگرم، مەگەر من نەموت ئیتر تێلم بۆ مەکە. لێمگەڕێ با ئازاد بژیم. نامەوێت دەنگت ببیسم. حەز ئەکەم ھەر بۆ خۆم بم.

بۆ خۆتی چی؟ ئەوە چی ئەڵێیت. تۆ ھێشتا ھەر ژنی منی لە ھەر کوێ بیت ھەر بەناو ژنی منی. ھەرچی بکەیت ئەڵێن ژنەکەی فڵانە کەسە.

ـ با بڵێن، جا کوا من گوێم لەو قسانە بووە. ئەوەنییە تا ئێستا توانیوتە پیاوێکی تەواو بیت. بڕۆ قوڕبەسەر من لێرە حاڵ ئەکەم و ماوەیێکیتر دەگەمە ئورووپا و لەوێوە تێلت بۆ ئەکەم و پیشانت ئەدەم کە لەکوێم.

ـ باوە خەڵک ئەڵێن لەگەڵ کەسێک پێکەوە رۆیشتون، راستە؟

ـ بۆ خۆت ئەدەی لە گێلی مەگەر خۆت نازانی، ئەوەتا ھەر ھاوڕێکەی خۆمە وا پێم وتیت. ئەو نەبووایێت من نەدەگەیشتمە ئێرە. ئەی بینیت؟

ـ ئا ئەیبینم. بەڵام ئەو خەڵکە چۆنیان زانیوە؟ مەگەر لەویێش کەسی ناسراوی لێیە؟ کەس ئێوەی پێکەوە بینێوە؟

ـ نازانم، بەڵام من بۆم موھیم نییە. جا تۆش خۆت ئەزانی، ئەتەوێت ئەمەیە و ناتەوێت تەڵاقم بە و مارەییەکەم بۆ بنێرە. ئەو کارەش ناکەیت  بڕێ پارەم بۆ بنێرە.

 

ئای لەم خەڵکە زۆر سەیرن، ھەموویان ئەڵێی ھەر بە سیخوڕی لەدایک دەبن. نازانم ئەم ھەموو زانیارییە لەسەر ژینی من چۆن دەسدەخەن. ھێشتا خۆم نەمزانیوە ئەوان ئاگادارن. ھەمیشە لە دوو چاوەکەیان یەکیان تەرخان کردوە بۆ چاودێری من و ژیانی من. بەڵام نابێ روویان بدەمێ ئەگینا تەواو دێنە نێو ژیانەکەم و ئەوەندەیتر تێکی ئەدەن. ھەر ئەوەندە بڵێم وایە و ئێوە راست ئەکەن ئێتر خێرا دەستور و رێ و شوێنیشم  بۆ دەکێشن و بەسەرمەوە دەوەستن کە ئیجرای بکەم . ئەمەش یانی ئەوەی کە واز لە ژنەکەم بێنم و ھەر خێراش دەستم بخەنە ناو دەستی کەسێکیتر و سەڵەواتێک و قوتار.

 

ـ  ئەوە چی دەڵێیت. تەڵاقی چی و شتی چی. من بەس پرسیارمکرد. ئاخر تۆ ئەبێ بیر لەمنیش بکەیتەوە و خۆت بخە جێگای من. لە روانگەی منیشەوە بڕوانە بۆ پرسەکە. تۆ خۆت لێرە نیت و نازانیت خەڵک چی دەڵێن.

ـ ھەر وەک وتم من گوێم لێ نییە خەڵک چی دەڵێن. ھەر بۆم گرینگ نییە و نامەوێت خۆم بخەمە دەس و دەمی خەڵک. ئەی تۆ بۆ ناییت لە چاوی منەوە بڕوانیت. وەرە بزانە لە روانگەی منەوە پرسەکە چۆنە. دەوەرە بیبینە ئەوەی وا من ئەیبینم. ئەوەی کە تۆ قەت نایبینیت و ھەستیشی پێ ناکەیت. وەرە دەی بێ لێرەوە لەم شوێنەوە، لە چاوی منەوە بزانە چی ئەبینیت و چۆنی ئەبیبیت.

من نامەوێت چیتر لەو شوێنە و بەو شێوە بژیم. زۆر ھەوڵمدا دەربازبم لەو قەفەسە و بچمە دونیای فڕین. من ئەمەوێت ئاوەھا بژیم، بڕوانە. ئەیبینیت؟

ئەرێ ئەینینم. دونیای بێ بەربەست. ئازاد لە ھەموو شتێک لە ھەموولەمپەرێکی رەوشتی و ئەخلاقی و ئاینیی. تۆ ئەتەوێت باڵەکانت بەکار بێنیت و بفڕی. بفڕی لە ئاسمانی بێ بەربەستدا. وەک مەلێک لە ھەر کوێ پێت خۆش بوو بنیشیت و لەگەڵ ھەرکەس حەزت کرد ھێلانە سازبکەی.

ـ ئەرێ وایە بەڵام من ھێلانەم ناوێت. ھێلانە بەستراوەیی دێنێت. من ئەمەوێت پابەندی ھیچ نەبم و خۆم بە کەس و ھیچەوە نەبەستمەوە. ئەگەر لەبیرت بێت ئەو مناڵانەش خەتای تۆ بوو. من حەزم لە مناڵ و مناڵ بەخێوکردن نەبوو.

 

ـ بەڵام خۆ مناڵی قوڕبەسەر نەبوونەتە لەمپەری رێگای تۆ. ھەتا ئێستاش تۆ ھەر بەو شێوە ژیاویت کە ویستوتە. کوا تۆ قەت لە بەر مناڵ دەستت لە حەزێکی خۆت ھەڵگرتووە. من خۆم قووربانی ھەمووتان کردووە. راستە من لە روانگەی تۆوە ھەتا ئێستا دونیام نەبینیبوو، بەڵام قەتیش رووانگەی خۆمم نەسەپاندووە بەسەر تۆدا، لەراستیدا تۆ قەت گوێت بۆ روانگە و بۆچوونی من نەگرتووە. تۆ ھەر لە مێژە بە بێ بەربەست ژیاویت. من ھەموویم ...

 

لێگەڕێ کابرا ئەوە ئەتەوێت چی بڵێیت دیسان. دیسان ئەتەوێت بڵێیت ھەموویت قەبوڵکردوە لەبەر ئەوەی خۆشت ویستووم. بیستومە و سەدجاریشم بیستوە... .

راستە دەی با ئیتر قبوڵی نەکەم. چیم خۆش ئەوێت؟ کێ؟ ھا کێ، کێم خۆش ئەوێت. دە بەستە ئیتر ئەڵێیت باسی ئەشقی  ڤەرھاد ئەکەیت بۆ شیرین یان مەم و زین. ئەوە نییە ئەویش خەریکە ئەسوتێت بۆ تۆ و دەستی نەیار ناھێڵێت. خۆ تۆ خۆیشت قەتت نەزانیوە ئەڤین چییە و لە کوێی  ئینسان دەئاڵێت و چ تامێکی ھەیە. کەس نەزانێت خۆت ئەزانیت ئەمە کە تۆی بەستوەتەوە و ناتەوئت ئەم پەتە پرتوکاوەی ھاوبەشی لەگەڵ ئەو بپچڕێت، ئەشق نییە. ترسە. ھەر رێک ترس لە نەزانین. تۆ نەتزانیوە و نازانیت چۆن  خۆشەویستی بکەیت و چۆن گەرای خۆشەویستی لە لای بەرانبەرەکەت دروست کەیت و ئەو گەرا  بکەیتە ئەشق. لەبیرتە کە تازە ریش و سمێڵت لێھاتبوو، دڵت چوبووە سەر کچی نانەواکەی گەڕەک. چیت کرد؟ توانیت بینوێنیت و سەرنجی رایکێشی؟ نە بەخوا، ھەر لە دڵتا ھێشتەوە تا پیست کرد و لەبارت برد. خۆزگا ھەر لەبار بچوایێت، وای لێھات کە دڵیشمی لە گوڕ بردۆ و وەک دانی عەسەبکێشراو ئیتر قەت نەیزانی ئازاری ئەوین چییە. ئاخر ئەوجۆرەی بیستوومە ئازاری ئەوین ھەوێنی شەرابی خۆشەویستییە. خۆشەویستیش ھۆی سەرخۆشییە و سەرخۆشیش جەوھەری ئیلھامی ھەموو نووسینەکان و حیماسەکانە و تەنانەت خولقانی کارەساتە گەورەکانیشە. منی بێ بەش لەو ھەوێن و شەرابە، قەت بەو سەرخۆشییە نەگەیشتووم کە بوێرم ھەنگاوێکی حیماسی ھەڵگرم. بەڵام دەزانم ئەو کردویەتی و چێشتویەتی، بۆیە ھەنگاویشی بۆ ھەڵدەگرێت.

 

دەزانم ھەر لە بەیانییەوە، رەنگە ھەر لە ئێستاوە دەسپێدەکات. ھەر رێک لەدووای ئەم ئیمزا. ئای چەندە رقم لەم ئیمزا بوو. رەنگە ھەموو باجەکانیش کە تا ئێستا داومە تەنیا بۆ خۆ بواردن لەم چرکەساتە بوو، لەم ئیمزا. ترس بوو ترس کە خستمیە ئەم رۆژە. ترس ژیانی منی وێران کردووە. چەندە من ترسنۆک بووم ئەوەندە ئەو بوێر. ھەرچیێکی ویست کردی و وتی و وتم فەرموو، تەنیا بۆ ئەوەی ئەم ھەنگاوە ھەڵنەگرێت. ئەوھەنگاوەی کە لە ئەساسدا من ئەبووا ھەڵیگرم بەڵام ئەو بە جێگای من ھەڵیگرت. وتی بە مەرجێک دێمەوە نیوەی ماڵەکە بکەی بە ناومەوە، وتم باش. ھاتەوە. وتی دانانیشم ئەگەر مارەییەکەم نەدەیتێ. وتم فەرموو. وتی لەم شارە دانانیشم، حەزئەکەم بچینە شارێک کەس نەمانناسێت. ئەوەشم کرد. وتی تاقەتی قسەی خەڵکم نییە، حەزناکەم بە پێوەندی لەگەڵ خزمەکانت. وتم باشە. ھەر وتی، وتم باشە. وتی کارێکم ماوە کە بیکەم ئیتر بە ئاواتم ئەگەم.

 

دڵخۆش بووم کە پاش ئەو کارە ئیتر دادەنیشێت و چڵاوچڵ ناکات. بە جۆرێک ئەو قسە ھیوابەخش بوو بۆم. وتم سالھایە بەدوای حەزەکانیەوە بوو، وادیارە بە ھەمووی گەیشتووە. تەنیا یەکیان ماوە با بیکات، پاش ئەوە وادیارە منیش بە تاکە حەزم دەگەم. ئیتر ھەر لام دەبێت و بە تەنیام ناھێڵێت. خۆم ئەمزانی کە رۆژێک ماندوو ئەبێت و دادەنیشێت. دادەنیشێت و تەنیایی پیریم بۆ پڕ دەکاتەوە. ئیتر وەک ھەموو ئەو خەڵکە شان بە شانی ئەچمە گەشت و میوانی . ئیتر ترسم نابێت لە دیداری خەڵک، چیتر پرسیار ھەراسم پێ ھەڵناگرێت. خۆم لە خەڵک نادزمەوە. چاوەڕێ بووم زووتر دواکاریش بکات. دواکار، دواشت، نەمزانی ئیمزایە.