فەڕۆخ نێعمەتپوور

مرۆڤ دەنووسێ لەبەر ئەوەی نووسینیش چەمکێکی دوالیستییە. 'نووسین' لە بەرانبەر 'نەنووسین'دا. بیرهێنانەوە لەبەرامبەر فەرامۆشیدا. ئەمەیش لەگەڵ خۆی هەڵگری رازێکی ترە و بۆیە دەربڕی دونیایەکی نەدۆزراوەی تر. دەنووسین لەبەر ئەوەی نووسین و دەق چەمکێکی دوالیستی دیکەن کە مرۆڤ داهێنەریەتی و بە 'بوون'ی زیاددەکا.

 

زۆر جار بۆ بەیادهێنانەوەی ئەو شتەی وا لەبیرمان کردووە، پەنا دەبەینەوە بۆ دژەکەی. بۆ وێنە بۆ وەبیرهێنانەوەی تاریکی بیر لە رووناکی دەکەینەوە. یاخود بەپێچەوانەوە. هەروەها دەتوانین بڵێین وێنای تاریکی بە بێ وێنای رووناکی مومکین نیە. بۆیە هاودژەکان مانایەکی یەکجار بەرفراوانتریان لە تەنیا وەبیرهێنانەوە هەیە. لە راستیدا هاودژەکان بەخشێنەری مانا و 'بوون'ن بە یەکتری. کەواتە هاودژەکان هەم کانگان بۆ فەرامۆشنەکردن و هەم کانگان بۆ بوون و بۆ مانا. هاودژەکان هەروەها دەبنە سەرچاوەی خوڵقاندن و قووڵبوونەوە. لە گەمەی نێوان دوو جەمسەری دژ و ناهاوشێوەدا دەکرێ دونیایەک مانا بخوڵقێندرێ (لێرەدا مانا نەک تەنیا وەک هەبوونی خودی شتەکە، بەڵکو وەک تەواوی ئەو مانایانەی تر وا بە هۆی ئەم گەمەوە لەدایکدەبن). کاتێک وەبیرهاتنەوە، مانا، خوڵقاندن و قووڵبوونەویش دەچنە پاڵ یەکتر، ئیتر بیر و دەق وەها سنوورەکانیان دەکشێن کە  ئەمە ئێمە بەرەو سەرزەمینە نادیار و سەیروسەمەرەکان دەبا وەها کە بۆ ناسینیان، لەگەڵ ئەوەی خۆمان هۆکاری خوڵقاندنیانین، دەبێ وزە و کاتێکی یەکجار بەرفراوان تەرخانبکەین. دەتوانین بڵێین سەرچاوەی هەموو ئەمانە دوالیزمە. دوالیزم رەنگە کۆنترین شێوازی رووانینی مرۆڤ یاخود بنەڕەتیترین فەلسەفەی مرۆڤ بێت. روانگە یان فەلسەفەیەک کە تێیدا هەموو شتێک بەسەر دوو بەشی دژبەیەک، بەڵام لەهەمان کاتدا نەپچڕاوە لە یەکتر و پێوەندیدار بەیەکترەوە دابەشکراوە. هەبوون و نەبوون، مەرگ و ژیان، چاکە و خراپە، رەش و سپی، شەو و رۆژ و... ئەو چەمکانەن وا دەربڕی دوو لایەنی بنەڕەتیی 'بوون'ن. ئەو چەمکە دووانانەی وا هەموو شتێک لە سەر لۆژیکی ئەوان راوەستاون. دوو چەمک کە لەیەکتر ناچن و دوو لایەنی بەتەواوی جیاوازن، بەڵام لەهەمان کاتدا بوونیان لەیەکترەوە وەردەگرن. بەڵام لەگەڵ ئەوەی مرۆڤ ملکەج بەم لۆژیکە بووە، وەها نەبووە کە هەر دوو جەمسەرەکە بە قەدەر یەک گرینگیان بۆ بەشەر هەبووە. لە نێوان تاریکی و رووناکیدا مرۆڤ بەرەو رووناکی کشاوە. لە نێوان چاکە و خراپەدا مرۆڤ مەیلی بەرەو چاکە هەبووە، ئەگەرچی بۆ سەلماندن و سەقامگیرکردنی رووناکی و چاکە هەمیشە کێشەی بنەڕەتی هەبووە و لەم رێگایەدا هەمیشە خۆی خیانەتی لەخۆی کردووە. رەنگە تراژێدیای ژیانی مرۆڤ سەلماندنی شتێک بووە کە سەلماندنی لە بنەڕەتدا نامومکین بووە (لانیکەم بە رواڵەت)، بەڵام قەت وازیشی لێنەهێناوە! رەنگە ئەمە بنەڕەتیترین هۆکار بۆ مانای ژیان بێت، ئەوەیکە مرۆڤ بە کردە تێکەڵی دوالیزمە و کەچی بەردەوام هەوڵی خۆقوتارکردنی لەم دوالیزمە داوە. دەشێ مرۆڤ پانتاییەکی فراوانتر لە بوون بکا بە رووناکی و بە چاکە، بەڵام بەگشتی چەمکەکانی دژ بەم دووانەی بۆ نەسڕێتەوە. هەڵبەت دەبێ ئەوەیشمان لەبیربێت کە لە دوالیزمدا لایەنە دژبەیەکەکان بەقەدەر یەک پانتایی 'بوون' داگیردەکەن و بۆیە لەدووامانادا هەر دوو لایەنەکە بەقەدەر یەکتر حوزوریان هەیە (نیوە بە نیوە). جا دەتوانین بڵێین جیهانی دوالیزم جیهانێکە ملکەجی پیشبڕکێ و ململانێیەکی ئەزەلی و ئەبەدی کە لەم پیشبڕکێ و ململانێیەدایە مرۆڤ لە قەوارەی دیاردەیەک بە ناوی ژیان قەرار دەگرێ و خۆی دەبینتەوە.

دوالیزم تەنیا دیاردەیەکی دەرەکی نیە. واتە هاودژەکان تەنیا لە دونیای دەرەوەی زەین خۆیان دەرناخەن. چەمکە دوالیستەکان دەکشێنە ناو جیهانی دەروونی مرۆڤەوە و لێرەوە دوالیزم دەبێ بە چەمکێکی دەروونیش. چاکە و خراپە کە مانای ئەخلاقین، نموونەیەکی ئەم دوالیزمە دەروونیەن. کاتێک دوالیزم بەم چەشنە هەموو شوێنێک داگیردەکا و دەبێ بە بنەرەتی بوون لەهەموو شوێنێک، ئیتر نووسەر و هونەرمەند ناتوانن لێی بێ بەری بن. ئەمە دەبێتە سەرچاوەیەکی یەکجار گەورە بۆ دەق و بۆ خوڵقاندن. نووسەر لە رێگای وردبوونەوە لەسەر دیاردە دەرەکی و دەروونییەکان دەچێتە ناو دونیای دەقەوە و لەگەڵ ئەو جیهانە پێوەندی دەگرێ وا کتوپڕ خەسڵەتی جادوویی پەیدادەکا. جیهانێک پڕ لە رەمز و راز کە بەردەوام لە خۆئاوەڵاکردن و خۆداخستندا چەمک و مانای نوێمان پێدەبەخشێ. شتێک وەک چاوشارکێ.

دوالیزم بەم چەشنە دەبێ بە سەرچاوەی نووسین و خوڵقاندنی دەق. ئەمە هەر لە سەردەمی خوڵقاندنی حەقایەت و چیرۆکەکانی بەرئاگردانەوە دەخوا هەتا هەنووکە کە نوێترین شێوازەکانی بەرهەمهێنانی دەق داهێنراون. دێوی سپی و دێوی رەش، حەقایەتی گورگ و بزن، دێوەزمە و مرۆڤ تا دەگاتە چیرۆکی 'رۆبینسۆن کرۆزوئە' کە بەرنگاربوونەوەی مرۆڤە بەرانبەر سروشت. هەروەها رۆمانە رۆمانسیەکانی دەربڕی ئەشق و شکست، رۆمانە ریالیستییەکانی دەربڕی کێشە کۆمەڵایەتییەکان (دەوڵەمەندی و هەژاری)، ریالیزمی سۆسیالیستی (کێشەی نێوان چینی کرێکار و چینی سەرمایەدار)، رۆمانی مودێڕن (گەمەی نێوان تاک و کۆ)، رۆمانی پۆستمودێڕن (گەمەی نێوان مودێڕن و نەریت)، هەموو دەربڕی دوالیزمن. نووسەر بە پابەندبوون بە ئەقڵی دوالیزمی و گەڕانە کۆنکرێتیەکانی خۆی بە ناویا، هەوڵدەدا بواری تازەی لێبخاتەوە. دوالیزم ئەو دەروازە گەورەیەیە وەها جیهانێکمان بەروودا دەکاتەوە کە هەستدەکەین قەت ناگەیەن سنوورەکانی. رەنگە وەک هەر چەمێکی تریش خاوەن سنوور نەبێ ئەوەندەی خاوەن لۆژیکی خۆکردنەوەیە. هیچ شتێکیش بەقەدەر جیهانی دەق ئاشنا بەم خەسڵەتە نیە.

بەختی نووسەری ئەدەبی لەم بوارەدا ئەوەیە کە زۆرتر خەریکی گەمەیە لەگەڵ دوالیزمی دەروونی تا دوالیزمی دەرەکی. رۆچوون بە ناخی کاراکتێرەکانیدا زیاتر لە چەمکە دوالیستییە دەرەکییەکان ئەو بە چەمکە دوالیستییە دەروونییەکانەوە دەبەستێتەوە. واتە گەڕان بە ناو دونیایەکدا کە بە پێچەوانەی دونیای دەرەکی نابیندرێ، بەڵام نووسەر ناچارە بیبینێ و کەشفی بکاتەوە. گەڕانێکی میکرۆییانە لە بەرانبەر گەڕانێکی ماکرۆییانەدا. هەڵبەت زۆر جاریش ئەمە بریتی نیە لە کەشفکردنەوە، ئەوەندەی بریتییە لە خوڵقاندن. کەواتە گەڕان لە دونیای دوالیزمدا گەڕانێکی خوڵقێنەرانەیشە نەک تەنیا کەشفکەرانە. رەنگە گەڕانی میکرۆییانەیە ئەم دەرفەتە دەخوڵقێنێ. چونکە بۆ بینینی دیاردە بچووکەکان زۆر جار نووسەر دەبێ بە چاوی خەیاڵ بڕوانێ نەک بە چاوی ئاسایی. چاوی ئاسایی دونیای ماکرۆ دەبینێ و چاوی خەیاڵ دونیای میکرۆ. دونیای دوالیستی پڕە لەو دیاردانەی کە دەبێ بە چاوی خەیاڵ ببینرێن. ئەو دیاردانەی هەن، بەڵام نابیندرێن و تەنیا خەیاڵ دەتوانێ بەرگی بوونیان بەبەردابکا! هەموو ئەمانەیش بە حوکم و بە هۆی چەمکە دوالیستییەکانەوە دێنە ئاراوە. لە راستیدا هاودژەکان خاوەن وەها وزەیەکی لەبن نەهاتوون و دەتوانن وەها خەیاڵ لای نووسەر ببزوێنن کە کاتێک لەو سەری دەقەوە دێتەوە دەر، بۆ خۆی لای سەیربێت. سەرسوڕمانێک کە یەکێک لە خەسڵەتەکانی دەقی باشی ئەدەبییە.

بۆیە دەتوانین بڵێین ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی لە دونیایەکی دوالیستییەوە دێین و ناچارین بە پشکنینی ئەو دونیایەی کە ئەگەرچی لێوەی دێین، بەڵام هێشتا شارەزای نین. نووسین گەڕان بەناو دونیای دوالیستی و پشکنینیدایە. مرۆڤ کە بۆ خۆی بەرهەمی گەمەی دوو چەمکی دوالیستیی مەرگ و ژیانە، لە رێگای نووسینەوە بە شوێن هۆکارەکانی ژیان و مەرگی خۆیەوەیەتی. "بۆ نەبوو و بۆ هەنووکە هەیە و بۆ دیسان نابێتەوە؟" ئەمە رەنگە سەرەتاترین و سەرەتاییترین پرسیارەکانی مرۆڤ بن، بە درێژایی مێژوو و بە درێژایی هەبوونی. لە رێگای نووسینەوە دەمانەوێ بەناو چەمکە دوالیستییەکاندا شۆڕبینەوە (هەم وەک خۆیان و هەم وەک پێوەندیی نێوانیان). دیارە بە شێوەی کۆنکرێت و هەستپێکراو. دەنووسین بۆ ئەوەی بزانین بۆچی لە دونیای دوالیستییەوە سەرچاوەدەگرین و بۆچی هەر لە ناو چەمکە دوالیستییەکانیشدایە بزردەبین. راستییەکەی ئەوەیە کاتێک دەمرین تەنیا لەناو چەمکی مەرگدا خۆمان نابینینیەوە. چونکە بۆ ئەوەی بتوانین وێنای مەرگ بکەین (تەنانەت لە کاتی مردنیشدا) پێویستیمان بە هاودژەکەی واتە 'ژیان' هەیە. ئەو گۆڕەی وا تێیداین، چەمکی دوالیستییە لەبەر ئەوەی مردووی تیانێژراوە نەک زیندوو. لەبەر ئەوەی زیندوو چێی کردووە، تاجەگوڵی لەسەر دەنێ و شیعر لەسەر کێلەکەی دەنووسێ

مرۆڤ دەنووسێ لەبەر ئەوەی نووسینیش چەمکێکی دوالیستییە. 'نووسین' لە بەرانبەر 'نەنووسین'دا. بیرهێنانەوە لەبەرامبەر فەرامۆشیدا. ئەمەیش لەگەڵ خۆی هەڵگری رازێکی ترە و بۆیە دەربڕی دونیایەکی نەدۆزراوەی تر. دەنووسین لەبەر ئەوەی نووسین و دەق چەمکێکی دوالیستی دیکەن کە مرۆڤ داهێنەریەتی و بە 'بوون'ی زیاددەکا.

درێژەی هەیە...