ما 6421 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

ئەم بگرە و بەردە بەردەوام بوو تا گورگە رەش بە هێزی چەند حەیوانی دەرەکی و کۆی ئاژەڵ و سەگەکانی ناوخۆ لە دەسەڵات دەرکرا و لەدار درا. لە دووای گورگە رەش بۆشایی دەسەڵاتی ئەو وایکرد هەر دوو گۆڵەکە هەوڵبدەن بەشێک لە بۆشاییەکە بە قازانجی خۆیان پڕبکەنەوە.

 

چیرۆکی دوو گۆڵ

رەسوڵ سەفەریانی

هەر دووکیان لەدایکبووی یەک شوێن بوون و هەر لەوێش گەورە بوون و ساڵەها پێکەوە هەوڵیان دابوو کە رێگە بە کەسیتر نەدەن خۆی بخزێنێتە خاکی ژێر دەسەڵاتیان. ئەوان وەک دوو سەرۆکی باش هەموو هاوڕەسەنەکانیان دەپاراست و ئاگایان لێیان بوو. ئەم دووانە لە هەموو دەشت و کێوەکانی ئەو دەوروبەرەدا دەنگیان دابووەوە و هەموو لێیان دەترسان و نەیاندەوێرا بێنە شوێنی ژیانیان. ئەم دووانە جاروبار لەسەر زۆری و کەمی دەسەڵات مۆڕە یان لەیەک دەکرد، تەنانەت پەلاماری یەکیشیان دەدا بەڵام زۆری نەدەخایاند و رێدەکەوتنەوە. لەو سەردەمەدا گورگێکی رەشی دڕ هەبوو کە سەرەڕای دڕی و نەترسییەکانی زۆر لەمانیش دەترسا.

ئەم دوو گۆڵە سالێانی دورودرێژ لەسەر دەسەڵات و بەش لەگەڵ گورگە دڕەکەدا شەڕیان کرد و پەلاماری یەکیان دا. هەر کاتێک هەر دوو گۆڵەکە پێکەوە لەگەڵ گورگە دڕەکەدا بەشەڕ بهاتایێن ئەوا گورگەکە شکستی دەهێنا. بەڵام گورگە دڕەکە فێربوو کە چۆن لەگەڵیان بە شەڕ بێت. ئەو هەوڵیدەدا لە کێشەی نێو خۆدی ئەو دووانە کەڵک وەر بگرێت و بە یارمەتی یەکیان ئەویتریانی توشی شکست دەکرد. یەکێک لەم دوو گۆڵە زەرد بوو و لە نێو هاورەگەزەکان و سەگگەلی ژێر سەرۆکایەتی خۆی بە سەرۆک دەناسرا و زۆریش رێزیان لێدەنا. سەرۆک بڕێک موی سوور بەسەر تەپڵی سەریەوە و هەروەها لە نوکی گوێکانیدا هەبوو کە بەم هۆیەوە بە سەرۆک سەرسوور دەناسرا. ئەو ئەوەندە حوکمی دەڕۆیشت کە بە بێ سێ و دوو چی بویستایێت سەگەلەکەی بۆیان دەکرد. بە هۆی فێربوونی گورگە رەش هەتا دەهات نێوانی ئەو دوو گۆڵە خراپتر دەبوو. هەر ئەمە وایکرد کە بۆ نەدۆڕاندن و جێگە تەنگکردن بە یەکتر هەر جارە و یەکێکیان روویدەکردە گورگە رەش داوای یارمەتی دەکرد بۆ پەلاماربردنەسەر بەرانبەرەکەی. گورگە رەشیش کە لە خوای دەخواست خێرا رەوەیێک گورگی دەناردە شەڕی بەرانبەرەکەی و بۆ ماوەیێک خۆی دەبووە هاوبەشی دەسەڵاتی ناوچەکە.  

ئەم بگرە و بەردە بەردەوام بوو تا گورگە رەش بە هێزی چەند حەیوانی دەرەکی و کۆی ئاژەڵ و سەگەکانی ناوخۆ لە دەسەڵات دەرکرا و لەدار درا. لە دووای گورگە رەش بۆشایی دەسەڵاتی ئەو وایکرد هەر دوو گۆڵەکە هەوڵبدەن بەشێک لە بۆشاییەکە بە قازانجی خۆیان پڕبکەنەوە و جیا لەو بەشانەی پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی ئەمانی دەرهێنابوو و خستبویە ژێر چنگی خۆی، تەنانەت بەشێکیش لە هەرێمی گورگە رەشی تۆپیویش بخەنە ژێر رکێڤی خۆیانەوە. بەمە کەیف خۆش بوون. لەو رۆژەوە ئیتر هەموو یاسا و رێسای سەگیی خۆیان خستە گەڕ و هەموو ئەوانەی کە گورگە رەش سەپاندبووی بەسەریاندا ئیتر لابرا و دوور خرایەوە.

 تەنیا گۆڵە سەرۆک و گۆڵە چاوسەوز نەبوو کە بە مەرگی گورگە رەش شاد بوون، بەڵکو گورگە بۆریش کە بە گورگە ئەفەندی دەناسرا و رەنگێکی بۆری خۆڵەکەوەیی هەبوو زۆر خۆشحال بوو. ئاخر زۆر لە گورگە رەش دەترسا. کاتێک بیستی گورگە رەشیان گرتوە و دەسەڵاتیان لێسەندوەتەوە، دانیشت و شوکری خوای کرد. وتی ئیتر ئەمجارە نۆرەی باز بازێنی خۆمە. هەتا هەر کوێ کەیفم لێبێت دەچم و لە کام چیای ئەوێ پێم خۆش بێت راودەکەم . ئاخر نێچیرەکانی ئەوێ تامێکی تریان هەیە. ئیتر دەتوانم خۆم لەوێ نەچیرڤانیش دابنێم بۆ ئەوەی راوم بۆ بکات و بۆم بێنێت با بیخۆم. ها ها ها... زۆر خۆش ئەبێت. ئەو گۆڵانە هەر هیچ نین هەر کاتێک نەیانەوێت بە مەیلم بگەڕێن هەر هەموویان بەکاڵی دەخۆم. پاش خۆشحاڵیێکی زۆر و هاوکات مۆڕەکردن، لە پڕ بێ دەنگ بوو و بڕێک کەوتە فیکرەوە و لە پڕ بە دەنگێکی بڕێک بەرز وتی نا خەم مەخۆ ئەویش هیچ نییە. خۆ گورگە شێخ لە گورگە رەش بەهێزتر نییە، جگە لەوە خۆ ئەویش وەک من خاوەندارییەتی لەو بەشەدا نییە.

گورگە شێخ ماوەیێکی زۆر نەبوو دەسەڵاتی لە گورگە شا سەندبوو و ببووە خاوەن بەشێکی گەورەی جەنگەڵەکە کە دەکەوتە رۆژهەڵاتی گۆڵەکانەوە. سەرەتاکانی هاتنە سەرکاری گورگە شێخ بوو کە گورگە رەش بە هانی هەر ئەم شێرە چاو شینە پەلاماری کردە سەر گورگە شێخ بۆ ئەوەی لە دەسەڵات لایبەرێت و خۆی ببێتە خاوەنی ئەو بەشەش. بەڵام گورگە شێخ بە نوشتە و جادو هەموو دەست و پاوەنەکانی کۆکردوە و هێرشەکەی گورگە رەشیان تێک شکاند و بەزاندیان. هەر ئەوکاتە گورگە شێخ هەوڵیدا لە رێگەی گۆڵەکانەوە گوشار بخاتە سەر گورگە رەش و شکستی پێ بێنێت. بۆیە پەنایانی دەدا و خواردن و هێزی دەدانێ.

شێرە چاوشین کە بەناو بۆ یارمەتی دانی گۆڵەکان هاتبوو تا لە دەسەڵاتی گورگە رەش رزگاریان بکات، پاش کوشتنی گورگە رەش و خواردنی بەلاشی ناوچەکە و هەروەها بۆنی نەوت وای لێکرد کە بنکە و بارەگایێکیشی لەوێ کردەوە و پڕی کرد لە هێز و کەوتە چاودێری هەموو دەوروبەرەکەی. ئاخر شێرە چاوشین زۆری حەز لە بۆنی نەوتە، لە هەرکوێ ئەو بۆنە ببێت ئەو وەک  گیرۆدە لەوێ دەکەوێت، تەنانەت ئەگەر نەیدەنێ بە شەڕ وەریدەگرێت. ئەم کارە بە تایبەت گورگە شێخی توڕەکرد، بۆیە ئەویش هەوڵیدا بە پێوەندی دروستکرد لەگەڵ گۆڵەکان بەتایبەت گۆڵە چاو سەوز هەر چۆنێک بووە رێگە لە پیلان و بەرنامەکانی شێرە بگرێت. گورگە شێخ دەیزانی شێرە بۆنی نەوتی لە ماڵی ئەوانیش هەست پێکردوە و دەیەوێت بەڵاکەی گورگە رەش بە سەر ئەویشدا بێنێت. هەر بۆیە گورگە شێخ  هەموو سەرکردە و ئازاکانی خێڵی خۆی کۆکردەوە پلانێک بۆ شێرە چاوشین بڕێژن کە نەتوانێت زیانیان پێ بگەیێنێت. لە کۆتاییدا سەرکردەیێکیان هەڵبژارد و ئەرکی تایبەتیان پێ سپارد. ئەم سەرکردە  زۆری رقی لە رەگەزی سەگ بوو و زۆریش بە بوونیان قەڵس بوو. هەمیشە دەیگوت قەڵسم. بۆیە ناویان نابوو قەڵسم. گورگە شێخیش پێی دەگوت حاجی قەلسم. حاجی قەڵسم زۆر زیرەک بوو، قەت ئەوەی لەدڵیدا بوو لە رواڵەتیدا نەیدەدرکان. بە ئاسانی دەیتوانی بەرانبەرەکەی تەسلیمی رەفتاری خۆی بکات و بچێتە دڵیەوە و سواری دڵی بێت و بیکاتە پیاوی خۆی.‌

حاجی قەڵسم چووە لای گۆڵەکان و خۆی بە دۆستیان نواند و خۆی لە دڵیاندا جێگیر کرد. بەڵام بە هانی گورگە بۆر کە وادەی یارمەتی بە گٶڵە سەرۆک دابوو، گٶلە سەرۆک زۆر لە پێوەندییەکەدا نەچەقا. قەڵسم ئەوەندە قووڵ و رەگدار پێوەندی لەگەڵ گۆڵە چاوسەوز دروست کرد کە ئیتر بەرەی گۆڵە چاوسەوز بەتەواوەتی ببوونە بنەماڵەی گورگە شێخ و وەک باوکی خۆیان سەیریان دەکردن و قەت بە بێ ئیزن و ئاگاداری ئەو، بە تایبەت حاجی قەڵسم، تەنانەت خەڵکەکەی خۆیشیان بۆیان نەبوو یەک کەرویشکیش بخۆن. ئەمە لە لای گۆلە سەرۆک ترس و دڵە ڕاوکێی دروست کرد. گۆڵە سەرۆک کە نیوەی ناوچەکەی بەدەستەوە بوو دەترسا کە بە یارمەتی گورگە شێخ گۆڵە چاو سەوز هەمووی لێ بسێنێت و دەستی لە بن هەوانەکەوە دەرچێت و بیدۆڕێنێت و لە ئاکامدا گۆڵە سەوز ببێتە براوەی رکابەری چەندین شاڵەی نێوانیان. بۆیە وردە وردە پاڵیدا بە گورگە بۆری ئەفەندییەوە. ئەویش کە لە خودای بوو کە رۆژێک ئەو خەونەی بێتە دی و پێ بنێتە شوێنی پێی گورگە رەش و حوکمی ئەوێش بکات، خێرا پشتیانی گرت. بەم شێوە هەردوو گۆڵ سەرەڕای سەرۆک بوونی خۆیان، بۆماننەوەیان لە سەرۆکایەتیدا بوونە پەتکراوی گورگەکانی دراوسییان. لەوە بەدوا گورگە بۆر هەموو ناوچەکەی بەشی گۆڵەسەرۆکی کردە مەیدانی تەرتەرانێی خۆی و هەمووی پڕ کرد لە گورگی بۆر لە نەتەوەی گورگە بۆری ئەفەندی و ئەرکی گۆڵەکانیش بوو بە پاراستنی قازانجەکانی گورگەکان و پڕکردنی هەنبانی خۆیان. لەو رۆژەوە ئیتر نازناوی هەرکامیان وشەیێکی تری پێ زیاد بوو. گۆڵە سەرۆک بوو بە سەرۆک ئەفەندی و گۆڵە چاو سەوزیش بوو بە سەوزەی شێخ. گورگە ئەفەندی و گورگە شێخ ناوە ناوە بۆ دڵنیا بوون لە وەفاداری گۆڵەکانیان و هاوکاتیش لە کاتی شەڕ و ناتەبایی نێوانی خۆیان دوو گۆڵەکەیان ئەدا بەشەڕ. ئەوانیش بۆ سەلماندنی وەفا و ئەمەگی خۆیان ئامادە دەبوون کە پەلاماری یەکتر بدەن و هاشاوڵ ببەن بۆ یەکتر و هەر کەسیکیش خاوەنەکانیان بیەوێت بیگرن و تەقدیمی گورگە بۆر و گورگە شێخی بکەن. ئەم گۆڵانە هەرچی هەبوو و نەبوو خواردیان و دایان بە ئەربابەکانیان و وردە وردە لە کۆمەڵی سەگ کەس نەما و گورگە بۆر و گورگە شێخیش پێکەوە رێکەوتن و ئیتر پێویستیان بە گۆڵەکان نەما، بۆیە لە جەژنی رێکەوتنیاندا هەرکەسە و گۆڵی خۆی دڕی و پێکەوە خواردیان. 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت