فەڕۆخ نێعمەتپوور

نووسین بەرجەستەکردنەوەی پێنج هەستە سەرەکییەکەیە، لێکگرێدانی جیهانە لە رێگای ئەم پێنج هەستەوە بە جیهانی دەروونی مرۆڤەوە. نووسین گێڕانەوەی حاڵەتە دەروونییەکانی مرۆڤە. رۆچوونە بە ناو جیهانی هەستە دەروونییەکاندا. هەروەها پرۆسەیەکە تێیدا هەموو شتێک ئاماژەیە بەم حاڵەتە دەروونیانە.

 

هیوم فیلسووفی سکۆتلەندی، ئیمپریست، واتە ئەزموونگەرا بوو. بەگوێرەی ئەو هەستەکان سەرچاوەی سەرەکیی ناسینن. لای ئەم فیلسووفە هەر ناسینێک گەر بەجۆرێک لە هەستەکانەوە سەرچاوەی نەگرتایە ئەوا دەبوایە فڕێدرابا. کەواتە هەر پێنچ هەستەکانی مرۆڤ، واتە بینین، بیستن، بۆنکردن، تامکردن و بەرکەوتن (یان دەستلێدان)، دەوری بنەڕەتی لە رەوتی ناسینی دونیا لای مرۆڤ دەگێڕن. گرینگیی گەڕانەوە بۆ ئەم بۆچوونە ئەو کات خۆی دەردەخا کاتێک پێداگریی ئەقڵگەراکان لەسەر ئەقڵ وەک سەرچاوەی سەرەکیی ناسین بێنینەوە بەرچاوی خۆمان. کاتێک ئەوان هەستەکان رەددەکەنەوە و بە جێی متمانەیان نازانن.

ئەمانە ئەو پێنچ هەستەن وا لە کاتی نووسینی دەق لە لای نووسەری ئەدەبیش دەوری سەرەکی دەگێڕن. گەر جوانناسی بریتی بێت لە ناسینی هەستی (دیارە هەر ئەم هەستانە بە تەنیا دەورناگێڕن و لە درێژەی بابەتەکەدا دێینەوە سەر ئەم چەمکە)، ئەوا بەم پێیە هەستەکانی مرۆڤ لە پێشکەشکردنی دەقی ئەدەبیدا دەوری سەرەکی دەگێڕن. بینین، بیستن، بۆنکردن، تامکردن و بەرکەوتن لای نووسەری دەقی ئەدەبی دەگەنە ترۆپک. بۆ پێشکەشکردنی دەقێکی چیرۆک ئاسا تەنیا ئەوەندە بەسە لەم هەستانەوە دەستپێبکەین. بینین، بیستن، بۆنکردن، تامکردن و بەرکەوتنی ئەو دیمەنەی وا دەمانەوێ وەسفی بکەین دەبنە دەروازە سەرەتاییەکانی چوونە ناو جیهانی دەق. هەڵبەت لێرەدا چیتر ئەو دیمەنەی وا دەمانەوێ وەسفی بکەین، راستەوخۆ لەبەر دەستماندا نیە و لە راستیدا لە رێگای ئەو وێنانەی (ئایدیا) وا لە ناو زەینماندا هەن هەوڵی وەسفکردنەوەیان دەدەینەوە. واتە وەسف ناڕاستەوخۆ دەبێ، بەڵام دیسان دەرفەتی ئەوە هەیە وەسفەکان بە جۆرێک بە ئەزموونە راستەوخۆکانمانەوە گرێ بدەینەوە. ئەمە بەتایبەت لە دەقە ریالیستییەکاندا یەکجار بەرجەستە دەبێتەوە.

دیارە ئەمە نابێ ئێمە بگەیەنێتە ئەو بۆچوونەی کە گوایا دەقی ئەدەبی بریتییە لە راگواستنی راستەوخۆی جیهانی بەرهەست، بەپێچەوانەوە دەقی ئەدەبی تێکەڵ بە خەیاڵە و بۆیە بەجوانی خۆی لە جیهانی بەرهەست جیادەکاتەوە. بەڵام لە مانا هیومییەکەیدا ئەو وێنە و وێنایانەی وا وەسفدەکرێن دەبێ رەگیان لە جیهانی هەستدا هەبێ و دەبێ بە جۆرێک بۆ سەلماندنی خۆیان بۆ جیهانی بەرهەست بگەڕێنەوە. بە واتایەکی تر تەنانەت وێڕای خەیاڵی بوونی دەقیش، دیسان دەق دەبێ ئاماژەی خۆی لە جیهانی هەستەکانەوە وەربگرێتەوە.

هەستەکان دەبنە بنەمای چێکردنی وێنە ئەدەبییەکان و بەتێکەڵبوونیان لەگەڵ خەیاڵ و فەنتازی دەقی ئەدەبی لەدایکدەبێ. بگرە لە رێگای فەنتازیاوە بە هۆی لێکدانی خەیاڵ ئامێزی دیاردە بەرهەستییەکان دەکرێ وێنای یەکجار خەیاڵیش بخوڵقێ. بەم جۆرە، دەقی ئەدەبی بەشداری دەکاتەوە لە خوڵقاندنی جیهان. واتە بە پیشکەشکردنی ئەو دیاردانە و ئەو شتانەی وا لە جیهانی بەرهەستدا دەستناکەون، بوون لە قووڵایی و لە ئاسۆی خۆیدا بەرفراوانتر دەکاتەوە. بێهۆ نیە لە دەستەواژەی ئەفراندن بۆ دونیای ئەدەب کەڵک وەردەگیردرێ. ئەفراندنێک کە لاسایی خودا دەکاتەوە.

بە گوێرەی هیوم جیهان لەسەر هەستەکانمان کاریگەری دادەنێ و دوواتر ئەم کاریگەرییە لە دەروونی مرۆڤدا دەبێتە ئایدیا. نووسەر کە دەبێ خاوەن ئەزموونی دەرەکی و دەروونی پتر بێت لەگەڵ دەورووبەری خۆیدا، بێگومان دەروونی پڕە لە ئایدیاکان و تەنیا ئەوەندە دەمێنێتەوە کە بیەوێ لە چوارچێوەی دەقدا دایبڕێژێتەوە و لە رێگای خەیاڵەوە جیهانی تریان لێ بخوڵقێنێ. بە پێیە نووسەر دەبێ ژیانی پڕ بێ لە ئەزموونەکان. نووسەر دەبێ زیاتر لە هەر کەسێکی تر هەستەکانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە لە پێوەندیدا بن بۆ ئەوەی ئایدیای زیاتر لە دەروونیدا چێبکرێ، بۆ ئەوەی ژمارە و رادەی ئایدیاکان ئەوەندە زیادبن تا نووسەر لە ئاستی بەرفراوانتردا بتوانێ ئاوێتەی یەکتریان بکا و دیاردەی نوێتریان لێبخوڵقێنێ. بۆ وێنە ژیانی نووسەرانی وەک همینگوای، ماکسیم گورکی و شۆلۆخۆف لێوڕێژی وەها رووداوگەلێکن.

بەڵام مەرج نیە رووداو خۆبەخۆ ببێتە هۆی خوڵقاندنی نووسەر. لێرەدا گەلێک هۆکاری تر پێویستن. بۆ وێنە رەوتێک کە تێیدا رووداوە دەرەکییەکان بەدەروونی دەبنەوە و ئەوجا نووسەر دەتوانێ بیانکا بە دەقی ئەدەبی. کەواتە لەپاڵ رووداوە دەرەکییەکاندا دیاردەیەکیش بەناوی رووداوە دەروونییەکان بوونی هەیە کە هەبوونی یەکجار پێویستە. لە وەها حاڵەتێکدا رووداوی دەرەکی لە رێگای کاریگەریی خۆیەوە لە سەر دەروون دەبێ بە رووداوی دەروونی و لێرەدا ئەزموونێکی هەستیانەی تر لەدایکدەبێ. بگرە جاری وایە تاقە رووداوێکی دەرەکی دەتوانێ ببێ بە وەها رووداوێکی دەروونی کە دەرفەتی خولقاندنی دەق بەتەواوی لای هەڵگرەکەی دەگونجێنێ

ئەوەی لێرەدا بە گوێرەی نەریتی هیومی دەبێ پێی لەسەر دابگرین ئەوەیە کە بە بێ هەستەکان و بە بێ جیهانی دەرەوەی ئێمە ناکرێ جیهانی دەق بخوڵقێ. لە راستیدا پێوەندیی نێوان هەستەکان و جیهانی دەرەوەیش لە وەها ئاستێکدایە کە هەتا ئەم پێنج هەستە لای نووسەر بەهێزتربن ئەوا ئەگەری خوڵقاندنی دەق بەهێزترە. هەر بەم پێیە هەتا رووداوەکانی دەرەوەی نووسەریش بەهێزتر بن دیسان ئەگەری خوڵقاندنی دەق دەبەنە سەرەوەتر. دەق پێوەندی راستەوخۆی بە ئەزموونەکانی ژیانەوە هەیە.

دەکرێ بە گوێرەی ئەزموون و سەبکی نووسەر، نووسەران هەر کامەیان لەسەر یەک یان چەند هەستێک پێدابگرن. بۆ وێنە لەسەر دیتن یان بۆنکردن، یاد هەردووکیان و هتد. بەم پێیە هەر هەستێک دەوری سەرەکی بگێڕێ ئەوا دەق گۆڕانی بەسەردادێت. نووسەر دەتوانێ بە هەڵبژاردنی هەستەکان، رێبەرایەتی جۆری تەماسگرتنی ئێمە لەگەڵ جیهان بکا. نووسەر دەتوانێ تەنانەت لە راهێنانی ئەم هەستانە و بەهێزترکردنیان دەوربگێڕێ. کایەی نووسەر لەنێوان ئەم هەستانەدا و وەبەریەکخستنیان و لێکدوورخستنەوەیان دیمەنەکانی بەردەمی ئێمەیش دەگۆڕێ. بێگومان وێناکردنی چەمێک لە رێگای بۆنەوە جیاوازە لە وێناکردنی لە رێگای چاوەوە، هەر بەو رادەیەیش کە هەبوونی هەر دووکی ئەمانە دیسان گشتیەتی دیمەنەکە لای ئێمە جۆرێکی تر لێدەکەن.

بۆیە گەمەی سەرەکیی نووسەر لەسەر هەستەکانە. گرینگە نووسەر بە درێژایی ژیانی لە پێوەندێکی تۆکمە و گرینگدا بێت لەگەڵ هەستەکانی. وەها کە بتوانێ کاریگەرییەکانی جیهانی دەرەوە زیاتر لە دەروونی خۆیدا وەک ئایدیا خەزن بکا. نووسەر لە کاتی نووسیندا دەبێ بەردەوام بگەرێتەوە سەریان، دەبێ بتوانێ لە پێوەندی جۆراوجۆر لەگەڵ یەکتر دایانبنێ. گەر پێویستیش بوو بە گوێرەی وێنا تەنانەت لاشیانبەرێ. بگرە ئیزنی ئەوەی هەیە لای خۆی بۆن و تامە تایبەتییەکان دروستبکا. ئەو بۆن و تامانەی وا لە جیهانی دەرەوە لە پێوەندیی لەگەڵ شتێکی تایبەت بوونی نیە، بەڵام لای نووسەر یاخود کاراکتێرەکانی دەتوانێ هەبن. هەمووی ئەمانە دەروازەی جیهانێکی بەرفراوان بەڕووی نووسەردا دەکەنەوە. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی نووسەر ئەوەندە خۆی بە شتە بەرهەستەکانەوە نەبەستێتەوە و بە بەدەروونیکردن و بە بەتاککردنی دیاردە گشتییەکان، دەرفەتی خوڵقاندنی جیهانی تایبەتی خۆی هەبێ. جیهانێک کە تایبەتی دەقەکە خۆیەتی و بەم شێوەیە خۆی لە دیاردە گشتییەکان جیادەکاتەوە.

دیارە وەک ئاماژەی پێدرا واوەتر لە پێنج هەستە سەرەکییەکە قسە لەسەر هەستی دیکەیشە. ئەو هەستانەی وا لە رێگای ئەم پێنج هەستەوە هەستیان پێناکەین و بە هەستە دەروونییەکان ناویان دەرکردووە. بۆ نموونە وەک هەستی ئەشق، هەستی نەفرەت و هتد. ئەو هەستانەی زیاتر لە حاڵەتێک دەچن کە بەرهەمی رەوتێکی ئاڵۆزی دەروونین. دەقی ئەدەبی لەگەڵ ئەم جۆرە هەستانە خاوەن رابردوو و مێژوویەکی نەپچڕاوە و گرینگە. بگرە هەموو ئەو پەیامانەی وا پێنج هەستەکە دەیاندەن، لە پێناوی وەسفکردنی ئەم جۆر هەستە دەروونییانەن. واتە حاڵەتە دەروونییەکان ئامانجی گێڕانەوەی دەقن. بۆیە گرینگە جۆری لێکگرێدانی پێنج هەستەکە خۆیان لە وەها ئاراستەیەکدا ببیننەوە. گەر وەسفی جیهانی دەرەکی یاخود گێڕانەوەی ئەو پەیامانەی وا پێنج هەستەکە دەماندەنێ لەم پێناوەدا نەبێ، ئەوا دیتن، بیستن، بۆنکرن، تامکردن و بەرکەوتن دەبنە گێڕانەوەیەکی بێ هەست. بەکورتی پێنج هەستەکە زەمانێک دەبنە هەست کە لە خزمەت خوڵقاندنی هەستێکی دەروونیدا بن. ئەگینا وەک جیهانی دەرەوە سارد و بێ رۆح دەردەچن.

بۆیە، ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی جیهانی هەست خۆی لە خۆیدا سەرچاوەیەکی گرینگی ناسینە. نووسین بەرجەستەکردنەوەی پێنج هەستە سەرەکییەکەیە، لێکگرێدانی جیهانە لە رێگای ئەم پێنج هەستەوە بە جیهانی دەروونی مرۆڤەوە. نووسین گێڕانەوەی حاڵەتە دەروونییەکانی مرۆڤە. رۆچوونە بە ناو جیهانی هەستە دەروونییەکاندا. هەروەها پرۆسەیەکە تێیدا هەموو شتێک ئاماژەیە بەم حاڵەتە دەروونیانە.

درێژەی هەیە...