ما 5634 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

محەممەد محەممەدمورادی

گشتێتیی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات لە لاوازترین رەوشی فکری و مادیی مێژووی خۆیدایە. ڕەوشی ئەم هێزانە پڕاوپڕ ئەو قسەی نیچەیە کە ئەڵێ جەنگاوەر بێکار بن بەردەبنە گیانی یەکتر. ئۆپوزسیۆنی ڕۆژهەڵات دەمێ ساڵە بێکارن. ئەم ماوە دوورودرێژە بێکارییە وای لێکردوون لە خۆیان و لە بۆچیێتیی بوون‌بە جەنگاوەر نامۆ ببنەوە.

 

داهاتووی پرسی نەتەوەیی لە ڕۆژھەڵات

محەممەد محەممەدمورادی

زۆرمان بیستووە چەپگەرایی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی بەلاڕێدا برد. ئێ باشە خۆ ئێستا هێزێکی وا لە کوردستاندا نەماوە تەنانەت لە ئاستی تیۆریکیشدا فڕی بە چەپگەراییەوە بێت، دەی کێشە چییە ئەم بزووتنەوەیە بۆ ناخەنەوە سەر ڕێگە.

نەخێر کێشە لە چەپگەراییەوە نییە، هەر لە بنەڕەتەوە کورد عەقڵانییەتی پرسی نەتەوەیی لاوازبووە. بەداخەوە عەقڵانییەتی کوردی چ لە ئاستی سەرکردایەتی و چ لە ئاستی کادر و بەدەنەدا عەقڵییەتێکی ساوا، شەرمن و نەخوێندەوارە. با نموونەیەک بھێنمەوە،: کە دێتە سەر حسێبکردنی ژمارەی جەماوەری خەڵکی کورد لە ئێراندا باس و مشتومڕێکی زۆری لێدەکەوێتەوە. لایەنێک دەڵێ ۴ ملوێن، لایەنێکی تر ۶، ئەویتر ۸ و دە و دوانزە... ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەگشتی ئەگەر ئاگاداری مێژووی دوو چەمکی بوون (existence) و وشیاری (consciousness) بووایەتن، دەیانزانی کە ئەم حسێبکردنە چەندە هەڵە و بێسوودە.

بوون، وشیاری دەستنیشان دەکات. تو فەلسەفە و زانستی دنیا بێنە خەرجی بکە و بیسەلمێنە کە خەڵکی کرماشان کوردن ئەگەر ئەو خوی بەکورد نەزانی چی لێدەکەیت؟ بەڵام لە  ئەگەری روودانی گۆڕانێکارییەکدا بە ڕەخساندنی دۆخێکی ئابووریی لەبار و دابینکردنی ئەمنییەت تو ئەتوانی نەک هەر کرماشان بەڵکوو خەڵکی تورکی 'ورمێ'ش هان بدەی خۆویستانە هەوڵبدەن بکەونە ناو کوردستان.

 زیاتر لە دە حیزبی گەورە و بچووک چاوەڕێی دواڕۆژی کوردستان ئەکەن کە لەباری تیۆری و ئەساسنامەییدا هیچیان سێ جیاوازیی بنەڕەتییان پێکەوە نییە. بە گشتتان چەپ و چەپگەراییتان لە کوردستان کوشت. دەی فەرموون ئازا گۆ و ئازا مەیدان، ئەو گوڕانکارییەی ساڵانێکە چاوەڕێی ئەکەن، نزیکە. ئەگەر هەر ئاوا بچنە پێشەوە کوردستان ئەکەن بە دەریای خوێن. ڕاست ناکەن، نا. پلە و پایە و بەرژەوەندیخوازی ئەو شتەیە کە هەوڵی بۆ ئەدەن و خەریکین نەک پرسی نەتەوەیی.

دوو فاکتەری ئابووری و ئەمنییەت ئەگەر کاری بۆ بکرێت و پلانیان بۆ دابنرێت ئەتوانن داهاتووی کوردستان لە ئێران و دەرەوەی ئێراندا گەرەنتی بکەن.

 ئەمنییەت و گەشەی ئابووریی (لانیکەم تا پێش هاتنی داعش) وایکرد کە کورد لە عێراق ببێت بە هاوڵاتیی پلە یەک. هەتا ئێستەش هاوڵاتیی کورد بەبێ ڤیزە و کەفالەت ئەچێ بۆ بەشەکانی تری عێراق بەڵام ئەوان بۆ هاتن بۆ کوردستان پێویستیان بە کەفالەتە. هەرچەند لە هەرێم ئەم شتە بەهۆی هەبوونی نەوتەوە کرا نەک لە ڕێگای عەقڵانیەتەوە.

وایدانێن دواڕۆژ (وەک هەرێم) بە هەمووتان توانیتان نیو ملوێن کەس چەکدار بکەن، ئەمانە ئیتر سوپان، پولیسن یان هەر شتێک ناوی دەنێن نەک پێشمەرگە و چریکی خۆبەخش، ئەمانە پارە و مەعاشی مانگانەیان پێویستە. ئەگەر مامناوەند هەریەکەو ۲۰۰ دۆلار مەعاشیان بێت! ئەبێ بیر لەوە بکەنەوە مانگانە بەس بۆ هێزی مرۆیی ۱۰۰ ملوێن دۆلارتان پێویستە. ئاوا بڕوات ئەبێ بنکە و بارەگا و لقی زیاتر لە دە حیزب لە هەموو شار و شارۆچکەکاندا ببێت، هەریەکەو تیڤی، ڕادیو و ئۆرگانی تایبەت بەخۆیان هەبێت. بوودجەی میلیتاری و دابینکردنی چەکووچۆڵ لەلایەک و مەعاشی کارمەندانی بەشەکانی تر و خانەنشینانی کوردستان لە لایەکی تر و دەیان تێچووی گەورەی تر.

 ڕۆژھەڵات نەوتی نییە! بێزەحمەت پێمان ناڵێن دەتانەوێ ئەم پارەیە چۆن دابین بکەن؟

ئالێرەدایە کە عەقڵی کوردی خۆی نیشان ئەدات! یان خۆتان ئەدەن بە دەم شەپۆلی ڕووداوەکانەوە، یان بۆ ساتێک سەیرێکی خۆتان و پێگە و پلانتان ئەکەن و دێنەوە بەخۆتاندا. مەبەستم ئەوە نییە کە بڵێم ڕۆژھەڵات چونکە نەوتی نییە پوتەنشێڵی دەوڵەتداریشی نییە!

نا بەپێچەوانەوە، وەکوو خۆم خۆشحاڵم نەوتی نییە. مێژوو نیشانی داوە نەوت لە هیچ کوێ گەشەی بە ژیانی مرۆڤ نەداوە. ئابووری بەس نەوت نییە....

لە بەشی (١)ی پێشوودا گەشتینە ئەو شوێنەی ڕۆژھەڵات نەوتی نییە. وە من وەکوو خۆم پێی خۆشحاڵم. وای دانین بە هێرشی دەرەکی یاخود بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانەوە ئێران دەشێوێت. ئەزموون نیشانی داوە لە وەها دۆخێکدا حکومەتە ناوەندییەکان یەکەم کاریان ئەوەیە کوردستان چۆڵ دەکەن، ئەمەش لەو ڕووەوەیە کە کوردستان هێزی چەکداری ئامادەی هەیە و خەڵکانێکی زۆریش لە ناوخۆ لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئەتوانن بەو هێزانە زیاد بن. نموونەکەشی شۆڕشی گەلانی ئێران و ئەم دواییەش سەرەتای بەهاری عەرەبی لە سووریادا. ئۆکەی، با بڵێین بەبێ شەڕ یاخود بە خۆڕاگرییەکی کەمی هێزی حکومەتی ناوەندی یان ئەپەڕەکەی بە سەختی کوردستان دەگرنەوە. لە گرتنەوەی ڕۆژەڵاتەوە تاکوو بەهێزبوونەوە و سەقامگرتنی حکومەتی ناوەندی کاتێکی ئێجگار کەم و چارەنووسسازتان لەبەردەستدایە. ئەو بڕگە هەستیارە کاتییە ڕێک ئەو خاڵەیە کە بە باوەڕی هێگڵ خاڵی لەدایکبوونی مێژووە.

کەواتە عەقڵ حوکم دەکات هەر ئەمڕۆ، هەتا ئێستە بەچیوە خەریک بوون وازی لێ بێنن و دەست بکەن بە کاری هاوبەش و پلان و پڕۆگرامدانان با لەو کاتە هەستیارەدا دەستەوەستان بەرنەبنە گیانی یەکتر و شەڕی ناوخۆ.

لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستە (هەرچەند وەک خۆم لام وا نییە کورد ئەمەی پێبکرێت) دەوڵەتێک لە تەبعیددا دروست بکەن (Government in exile). نموونەکەشی لە کاتی حەنگی جیهانیی دوهەمدا لەندەن دەوڵەتی تەبعیدیی فەڕانسە، بەلجیک، چیکوسلواکی، یۆنان، هۆڵەند، نۆروەی و چەندین وڵاتی تری لەخۆی گرتبوو. تەنانەت زۆر پێشتر لەوەش ساڵی ۱۹۱۹ کاتێک یابان کۆریای داگیر کرد، سیاسییەکانی کۆریا لە شانگهای دەوڵەتی تەبعیدیی کۆریایان پێک هێنا. ئەوەی کە کوردی ڕۆژەڵات ئەم هەنگاوە بنێت یان تەنانەت هەست بە گرنگبوونی بکات نازانم، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی میدیا و ئینتێرنێتەوە وەکوو بارە فەنی و تەکنیکییەکەی زۆر بە ئاسانی و بەبێ هیچ تەزویرێک ئەکرێت دەنگدان و هەڵبژاردنی مەجازی بکرێت و هەر حیزب و لایەنێک پێگە و کورسیی خۆی لە پەڕلەمانی تەبعیدیدا بۆ دەربکەوێت و ئەو دەوڵەتە بورژواییە دڵخوازەتان پێک بێنن و ئەزموونی بکەن.

هەنگاوی دووهەم دەستنیشان کردنی شێواز و جۆری حوکمڕانییە. ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنی ڕۆژهەڵاتی یەک تاکە حیزب بووایە ئەویش لە جۆری زەقترین شێوازی کۆمۆنیستی دیسان بونیادنانی کۆمۆنیزم نەک لە ڕۆژەڵات بگرە لە سەرانسەر ئێراندا خەونێک زیاتر نەبوو چونکە ئەساسەن کۆمۆنیزم دەبێ لە ئاستی جیهانیدا کاری بۆ بکرێت. کەواتە ئەمێنێتەوە کایەکردن لەنێوان بازنە یاخۆد هێڵێکدا لە سۆسیال‌دیموکراسییەوە بۆ نیۆلیبڕاڵیزم.

داهاتووی دوور چۆن دەبێ نازانم بەڵام لەم خاڵەدا بە حەز و خواستی ئێوە نییە، داهات و تێچووەکانی دەوڵەتە  revenues expenditures of Government)) کە شێواز و فۆڕمی دەوڵەتەکە دەستنیشان دەکات.

لەسەر ڕاپەڕاندنی ئەرکە دیموکراتیکەکان بریتی لە هەموو جۆرە ئازادییەک و مافی ژنان و مافی کەمینەکان لام وانییە ناکۆکییەک لەناو هێزەکانی ڕۆژەڵاتدا هەبێت. لەوانەیە لایەنێک ڕادیکاڵتر و لایەنێک بڕێک کۆنزێروات بێت بەڵام زۆرینەیان لەسەر ئەمانە کۆکن و لەو ڕووەوە کە زۆرینە سیکیولارن ئەتوانن لەسەر نۆرمێکی باش و قبووڵکراو ڕێک بکەون. بەڵام پرسە گەورە و هەرە چارەنووسسازەکە شێواز و جۆری ئابوورییەکە کە دەوڵەتەکەی لەسەر بونیاد بنێن.

وەک پێشتر وتم ئەمە ئیتر بە حەزی ئێوە نییە، ڕۆژهەڵات نەوتی نییە یان لانیکەم لە ئێستە و داهاتووی نزیکیشدا بۆ ئێوە نابێتە مال. کەواتە لە هەنگاوی یەکەمدا ئێوە ناتوانن دەوڵەتی خۆشبژیو (The welfare state) بونیاد بنێن. تەنانەت ئەگەر بشکرایە دیسان لە ئاستی جیهانیدا پاشەکشێ بەم جۆرە دەوڵەتانە کراوە. ئەمێنێتەوە دیتر داهاتە دەوڵەتییەکان بریتی لە تەکس و فرۆشتنی خزمەتگوزارییە حوکمییەکان. لە بەشی داهاتوودا هەوڵ ئەدەم بە کورتی چاوێک بخشێنم بەسەر داهاتە ئێحتماڵییەکانی دەوڵەتی داهاتووی رۆژهەڵاتدا. ئەم داهاتانە ڕادابەدەر گرنگ و چارەنووسسازن (ئەبێ ئەنستیتۆ و کەسانی پسپۆڕی ئەو بوارە ڕێک بکەون و کاری لەسەر بکەن. ڕەنگە من بتوانم بەس ئاماژەیەکی زووتێپەڕیان پێبدەم) چونکە بە ڕوونبونەوەی کۆی داهاتی ڕۆژهەڵات, بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات دەیان هەنگاو پێش دەکەوێت. لە هەنگاوی یەکەمدا بۆتان دەردەکەوێ ئایا ئەساسەن دەوڵەتێک لە کوردستان ئەتوانێ خۆی ببات بەڕێوە یان باشتروایە لەسەر ئێران بمێننەوە! ئەگەر دەوڵەتی خۆتان دەوێ بەپێی واقعیەتەکان بۆتان دەرئەکەوێ چ شێوازێکی ئابووری هەڵبژێرن و چەندە ڕێژەی زەریبە tax rate لەپێش چاو بگرن. حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ئەگەر بکەونە ناو ئەم پڕۆسەوە  ئۆتۆماتیک ئەکەونە بەردەم دووڕێیانێک؛ یان لەم بازبازێن و ئینشعاب و قەشمەجاڕی و پلەوپایەخوازییە بەردەوام ئەبن یاخود ئەبێ ژیرانە شەرەف شەهامەتیان هەبێت و تێبگەن کە پرسی نەتەوەیی بەم گاڵتەجاڕییە ناکرێت.

گشتێتیی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات لە لاوازترین رەوشی فکری و مادیی مێژووی خۆیدایە. ڕەوشی ئەم هێزانە پڕاوپڕ ئەو قسەی نیچەیە کە ئەڵێ جەنگاوەر بێکار بن بەردەبنە گیانی یەکتر. ئۆپوزسیۆنی ڕۆژهەڵات دەمێ ساڵە بێکارن. ئەم ماوە دوورودرێژە بێکارییە وای لێکردوون لە خۆیان و لە بۆچیێتیی بوون‌بە جەنگاوەر نامۆ ببنەوە. لە ئاستی سەرکردایەتی و کومیتە ناوەندی و دەفتەر سیاسیی و بەشێکی زۆر لە کادرە باڵاکاندا باوەڕیان کردووە کە ئەم دۆخەی ئێستایان ژیانی ڕاستەقینەی سیاسیی ئەوانە. هەر بۆیە بە هەموویان شەڕیانە لەسەر بەشکردنی کێکێکی خەیاڵی. سەرکردایەتییەکی پیر و تاکڕەو و ڕقەسۆ کە ئامادەن حیزبێکی گەورە بکەن بە پێنج بەش بۆ ئەوەی کە هەلی کاری باشتر بۆ پێنج سکرتێر و جێگرسکرتێر و (بۆ نموونە)۲۰۰ کەس کومیتە ناوەندی و ۲۰۰ کەس دەفتەر سیاسی بخولقێت. گشتیان خولیایانە پاڵەوان بن تەنانەت ئەگەر لە کۆڵانەکەی خۆشیاندا بووبێت. شەڕ و بەربەرەکانێ بۆ وەرگرتنی پشکێک لەم کێکە خەیاڵییە ئەوانی هەزاران کیلۆمەتر لە خۆیان و ئامانجەکانیان و ئەرکەکانین دور خستۆتەوە و پاسیڤ و بێکەڵکی کردوون. ئەم شەڕە بڕستی ئەم ئۆپۆزیسیۆنەی بڕیوە و خەڵکی ناوخۆیشی نائومێد و دڵشکاو کردووە. منیش وەکوو ئەو خەڵکە و بگرە زیاتر لە هەموو کەس نائومێدم و ئەساسەن نووسینی ئەم یاداشتانەش بەهۆی ترس لەداهاتووەوەیە دەنا هیچ حەزم لەوە نییە ببمە ئایدۆلۆگی ناسیۆنالیزم. بەڵام ئەم هێزانە هەن و گۆڕانکاریش بەڕێوەیە و لایشم وانییە لەم ئۆپۆزیسیۆنە کارێکی عەقڵانی بووەشێتەوە و بەم شێوە بڕۆنە پێشەوە کوردستان ئەکەن بە گۆمی خوێن مەگەر بەڕاستی موعجیزەیەک ڕوو بدات و بێنەوە بە خۆیاندا.

لەبەرامبەریشدا حکومەتی ئێران هەم لە ناوخۆ ‌و هەم لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە تەواوی عەقڵانییەت و پێگەی خۆی لەدەست داوە.

ئۆپۆزیسیۆنی ڕۆژهەڵات ئەبێ ئێستە بڕیار بدات و وای دانین موعجیزەیەک ڕوو دەدات و بڕیار دەدەن کۆ ببنەوە بۆ کاری هاوبەش، خۆئامادەکردن و تەمرینکردن بۆ سیاسەت. چونکە ئۆردوگانشینی سیاسەت نییە بەڕێزان، لەباشتیرن حاڵەتدا مەنەیجمێنتە. 

لە بەشی پێشوودا باسی بڕگەیەکی کاتیی گرنگم کرد لە گرتنەوەی ڕۆژهەڵاتەوە تا بەهێزبوونەوەی حکومەتی ناوەندی. ئەم بڕگە کاتییە ڕادەبەدەر گرنگە چونکە دوا دەرفەتی ڕۆژهەڵاتە بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی. لەم بڕگە کاتییەدا لەناو ئێراندا یان بە جیابوونەوە هەر شتێکتان چەسپاند و گەرەنتیی نێونەتەوەییتان بۆ وەرگرت ئیتر ئەوە دەسکەوتی تاهەتایی ڕۆژهەڵات ئەبێت. با نموونەیەک بێنمەوە; لە ۲۰۰۳وە دەیان جار لەنێوان هەولێر و بەغدا کێشە و ناکۆکی هاتۆتە پێش بەڵام بەغدا وێڕای ئەوەی ئەیتوانی بە هێرشی ئاسمانی هەرێم تەسلیمی خۆی بکات بەڵام نەیکردووە چونکە مەشرووعییەت و گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو ڕەوشەی هەرێم هەیە.

دیارە لە هەرێم ئەم گەرەنتییە بە ئەنفال و بەدیاریکراوی بە کیمیاباران بەدەست هات، لاتان وا نەبێت سەدەی بیت و یەکە و ئەم ڕووداوانە لە ڕۆژەڵات دووپات نابێتەوە، دڵنیا بن ئۆپۆزیسیۆنی ڕۆژهەڵات ئاوا بڕوات، ئەبێ چاوەڕێی شتی خراپتر بین.

بێننە پێش چاوتان ڕۆژهەڵات گیراوەتەوە و دیموکراتەکان دەستیان کێشاوە بەسەر موکریاندا و کۆمەڵەکانیش لە باشووری ڕۆژهەڵات جێگر بووونە. جگە لە شەڕ و ناکۆکیی نێوان دو دیموکرات پێکەوە و لانیکەم پێنج کۆمەڵە پێکەوە،  ئەبێ شەڕی مەشرووعییەت و ڕەوایی لەگەڵ پەکەکەش بکەن، ئەمەش جگە لەوەی کە حیزبی پاک و خەبات و چەند ڕێکخراوی تر و ئیسلامییەکان و ئێسڵاحتەڵەبی ناوخۆ هەر ئاوا بێدەنگ تماشای ئەم شەڕ و فەرتەنە ناکەن.

ئەگەر ئێستە دەستبەکار نەبن ئەمە داهاتووی رۆژهەڵاتە و ئەگەر کەسێکیش هەیە بڵێ وا نییە تکایە با بێت و لەم نائومێدییە دەرمان بێنێت.

حکومەتی ئێران پۆزسیۆنە و هێزە کوردییەکان ئۆپۆزیسیۆنەکەین. ئۆپۆزسیۆنەکەش بەداخەوە تا ڕادەیەک هەڵگری هەمان ئەخلاقی تاکڕەوی و بەرژەوەندیخوازی و دیکتاتۆرییەتن. ژمارەی ئەو کادر و ئەندامانەی کە لە ماهییەتی ئەم هێزانە نائومێد ‌و هیوابڕاو دابڕاون و ئاوارەی وڵاتان بوونە زۆر زیاترە لە ئەندامانی چالاک و خاوەن‌بەرژەندیی ئێستای ئەم هێزانە. هیوادارم ئەوانیش بێنەوە بەخۆیاندا و هەست بە ئەرک و بەرپرسیارێتی بکەن و زەخت بخەنە سەر ڕای گشتی و خودی ئەم هێزانە بۆ ئەوەی کە هەتا دەرفەت هەیە پڕۆژەیەکی عەقڵانی بۆ داهاتوو دەست پێبکەن. کەس دڵسۆزی ئێوە نییە، نە ئەمریکا نە سعوودیە و نە ئسڕائیل، بەپێچەوانەوە سەرمایەداری بەوپەڕی توانای خۆی هەوڵ ئەدات بۆ ڕیگریکردن لە ڕێککەوتنی ئێوە. لە بەشەکانی داهاتوودا دێمەوە سەر ئەم باسە کە بۆچی سەرمایەداری هەوڵ بۆ ناکۆکی نێوانتان ئەدات.

* زمانی ئەم زنجیرە یاداشتە بەئەنقەست زمانێکی سادەیە

 

درێژەی هەیە...

گەڕان بۆ بابەت