ما 2895 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

ھا دەی بڕۆ دەی، فڕ فڕ ھەر بڕۆ با بەرزتر بین. بڕۆ بەرزتر، دیسان بەرزتر با مەرز و شار و حکومەت ھەمووی پاک ببێتەوە. بڕۆ سەرمخە با ھەر شین و سەوز بمێنێتەوە. با دەنگ و وشە ئیتر نەبینم. ئەو وشانەی وا ھەر کەس بە جۆرێک بەکاری دێنێت. بڕۆ با چیتر خاک و نیشتمان مانای نەمێنێت. 

 

خەو

رەسوڵ سەفەریانی

بەتەنیا جێم مەھێڵن ئەمشەو زریان ئەمچێنێێ. تەم و مژ... تو خوا تەنیام مەھێڵن. تەنیا... تەن یا، یا چی؟ یا دەروون. دەرون دەروونم و تەنم تەنیایە. من تەنیام ئەگەر دە، بیست، ھەزار، ملوێن و چل ملوێنیش بم. من ھەتا زۆر بم تەنیاترم. من لە خۆم ئەخۆم، زۆرتر بم زۆرتر لەخۆم ئەخۆم. بەڵام ھەر تەنیام  بە تەنیا ئەقیژێنم، دەنگم نایێت، ھاوار ئەکەم  ئەگرمێنم وەک ھەوری بەھار بەڵام دەورم ئیزۆلەێە و دەنگم لەخۆمدا دەخنکێت. شاعرێک گۆرانیم بۆ دەچڕێت. منیش دەیڵێمەوە. بە تەنیا جێم مەھێڵن ئەم شەو زریان... تەم و مژ دامدەپۆشێت... ئیتر ناوم نامێنێت. ناوم نا ..

ئەڵێم ئەگەر شاعیری ئەم شێعرە تەنیا ئەم شێعرەی  نوسیبێت و چیتر قەڵەمی لەسەر کاغز نەسواراندبێت، ھێشتا ھەر دەبێتە شاعیری ھەموو دەورەکانی ژیانی من. رەنگە بڵێن بۆ؟ رەنگە پێتان وایە کە من دەمەوێت لەم رێگاوە بە سەر شاعیرەکەدا ھەڵدەم. نا بڕوا بکەن وا نییە. بەڵکو ئەوە رووداوەکانی ژیانی منە کە دیاری دەکەن چی راستە و کام وتە پر بە پێستی ژیانمە و دەقاودەق لەگەڵ بەسەرھاتی من دێتەوە و ھاواری دەرونی ھاوار بڕاوی منە. ئەگینا من تەنانەت نازانم شاعیری ئەم شێعرە کێیە. ئەوە زریانی دایمی و تەنیایی ئەبەدیە کە وا لە من دەکات ئەم شێعرە بە شێعری خۆم بزانم. من چ بکەم لە ئازارەکانم، لەوەی کە بوونی منی لێواولێو کردوە لە زریان و ئازار. چ بکەم لە "ژیان"ی نێوخوراوە کە ھەر "ژان"ەکەی ماوە و یەک تاکە کەسیش شک نابەم کە پەنام بێت و بتوانم بێکەسییەکەمی  لەگەڵ بەشبکەم. بۆیە ھەمیشە زریان دەمچێنێت و لە ناو نادیاری و ناروونیدا دەژیم و تەنیا یەک نوکە دەرزی رووناکی لە ھیچ لایەکەوە نابینم و تەم و مژ دونیامی داگرتووە. با بۆتان بگێڕمەوە دەردی ھەمیشەییم. ئەرێ ھەمیشەیی من. منی تۆ، منی ئەو، منی ئێمە و منی من. ئەمە دەردی ھەر کەسێکە کە من بێت.

 شەو خەوم زڕا، ئۆقرەم برا. دوای کەوتم کە بیھێنمەوە و ئۆقرەم پێبدات.  کەوتمە رێ و گەڕام. گەڕام و گەڕام. ھەموو وڵات گەڕام.  ماڵە رووخاوەکان و وێران بووەکانی زەبری بۆمب و تۆپی ھەناردەی جیرانە مێھرەبانەکەم پشکنی، بەڵام کەسی لێ نەبوو تا خەوی لێ بێت. چووم بۆ نەخۆشخانەکان و لای بریندارەکان دیتم ئەوانیش لە ئازاردا خەبەرن. سەردانی دایکی کۆست کەوتووم کرد بەڵام خەو لە لای ئەویش نەبوو، ھەر خۆی بوو و فرمێسکەکانی. چووم بۆ لای مناڵە ئاوارەکان ھەر ھەموویان چاویان زاق و پر لەترس بوو، لەرووم ھەڵنەھات سوراخی خەویان لێبگرم. رووم لە کێوەکان کرد. لەوێ تەنانەت باڵندەکانی سەر چڵە بەڕوەکانیشم بەسەرکرد و لە ھەموویان سوراخی خەوم گرت. ھەموویان بەدەم جریواندنێکێ خەمبارانەوە سەریان ھەڵسوراند و وتیان نازانین لای ئێمەش نەماوە. وتیان لەو کاتەوە بۆنی دووکەڵی بەڕوەکان دەماخمانی خنیوە، خەو لە لامان فڕیوە. چووم بەرەو ژوور و بە زنارەکاندا ھەڵگەڕام. لەوێ کەروێشکە گرمۆلە بووەکانی بناری لوتکەکانیشم بینی بەڵام تەنیا ترسیان پێ بوو. ترس بە سەر و روو و تاڵە تاڵەی مووە سیخبووەکانیانەوە دەبریسکایەوە. دەیانگوت خەو بە یەکەم بۆمب مرد و نەما. وتیان خەم جێی خەوی گرتوەتەوە. وتیان خەو چیرۆکێک بوو کە شەوانە دەمانگێرایەوە و ئێستا ئیتر بیسەری نییە. بەرەوژوور سەرکەوتم، چوومە لای پیرە ھەڵۆی قەندیل نشین. وتم ئەو کە خاوەن ئەزموونە و ھەزاران ساڵە لوتکە نشینە و دەزانێت خەو کە فڕی بۆ کوێ دەچێت و لە کوێ دەخەوێت و کێ دەحەوێنێت و کێ بە باڵی نەرمی دەباتە وێستگەی رۆژ. 

وتم ئەی پیرە ھەڵۆی بەرزە فڕی بەرزە نشین، تۆ دەزانی خەو کە زڕا رووی لە کوێیە و کوێ دەکاەتە شوێنی ژین

پیرە ھەڵۆ زۆر بە خێرا سەری ھەلھێنا و بە نەرمی وتی، وەرە پێشی پێم بڵێ ئەتۆ کێیت وچۆن ھەتا ئەم لوتکەت بڕی

خۆت دەزانی ئەم لوتکە ھەڵۆ نشینە و کەسێ نامۆ بێ و بێ رەگ و ریشە، نە خاک رێی دەدات نە تاشە بەردی ژینگە پارێزی ئەم کێوە شینە.

وتم ئەزانم ھەڵۆی بەرزە فەڕ بۆیە وا منیش رێگام گرتە بەر. ئەمزانی خاک و ئاو و شاخەکان ئەمناسنەوە گشتیان بە ئاسان. 

ئەزانم گشتمان رۆڵەی یەک خاکین بە گشتمان گیری دەستی ناپاکین. دەستێ گڕاوی دەستێ دێو ئاسا، کەس نازانێ کەی. یا خۆ لە کوێوە ھات و  لەپڕدا لێرە دایسا.

ئێستا من لێرەم وێل وسەرگەردان بەدوای خەومدا، ھاتووم بۆلای تۆ بۆ ھەڵفڕیینێ. فڕینێک فڕین، فڕینێکی وا کە بمباتە نێو ئەو ئاسمانە، ئەو دور دور دورانە. فڕین فڕ فڕ فڕ ھەتا ئەوشوێنە نە دەنگ دیار بێت و نە وشە نە زمان، تەنانەت رەنگیش سادە بێتەوە تەنیا لەو رەنگەی ئارامی ئەدا بە دڵ و دەروون. رەنگی سەوز و شین. دە بمفڕێنە ، ھەستە باڵ لێدە، فڕە فڕ، فڕ فڕ ئەونەم بفڕێنە ھەتا نیشتمان یەکسەر نوقم ئەبێت، سنور نامێنێت زەوی خڕ دەنێت. ھەڵۆ ھەر خێرا دوو باڵی لێدا و ئامادە وەستا و بەسەر ئاماژەی پێدام بۆ پشتی. 

ھا دەی بڕۆ دەی ، فڕ فڕ ھەر بڕۆ با بەرزتر بین. بڕۆ بەرزتر، دیسان بەرزتر با مەرز و شار و حکومەت ھەمووی پاک ببێتەوە. بڕۆ سەرمخە با ھەر شین و سەوز بمێنێتەوە. با دەنگ و وشە ئیتر نەبینم. ئەو وشانەی وا ھەر کەس  بە جۆرێک بەکاری دێنێت. بڕۆ با چیتر خاک و نیشتمان مانای نەمێنێت. 

باڵت بە ھێز و فڕین بەردەوام ئەی پیرە ھەڵۆی سوڵتانی لوتکە و دڵسۆز و ھاوڕام. ئێستا کاتیەتی کە من بە تەنیا، ھەر بە تەنیا خۆم،  پڕ بە پێستی بوون ھاوار ھەڵدەم. ھاوارێ پڕ بە خڕۆکەی زەوی، پڕ بە گوێی زەوی. بنەڕێنم و  خڕۆکەی شین سەوز لە خەو ھەستێنم خەوی ێەویش ووک خۆم با بتارێنم. بەڵکو بتوانم تاوێک بیدوێنم.

 ھۆ ھۆ ھۆ ھۆ ھۆ زەوی

ئەی خڕۆکەی سەوز و شین

بمدوێنە

بمدوێنە ئەی ھەسارەی پڕ لە گڕ

پێم بڵێ باکو بزانم من لە کوێوە ھاتووم

ئەو بستە خاکەی  کە ئێستا من تیادەژیم

ناوی چی بوو پێش لە من

 ماڵی کێ بوو پێشی من

چی بووە ناویان کێوەکانی ئارارات و ئاربەبا و قەندیل ئەودەمە

کێ لە "وان" و سیروان و دجلەدا  

خۆی دەدایە دەم شەپۆل و 

کێ شەپۆلی بڕ ئەدا

کێ بوو یەکەم جار

گەنمە تۆی پرژانە سەر خاکی بە پیتی شارەزوور

پێم بڵێ با من بزانم، بەرز بڵێ با بزانن گشت جیھان

با بزانن کێ یەکەم جاری روواو، کێ لەوێیە نارەسەن

ھاتە جواب لێم ئەو خڕۆکە پڕ بەڵا

 من چی بڵێم و چۆن بڵێم

کێ لە خودی خاکەکەت باشتر دەتوانێ بڵێت

تۆ رەگت رۆچوو لەخاکی ژینگەکەت 

تۆ بە دێ ئێن ئەیش ئەچیتۆ سەر خاکەکەت

 تۆ بووی کە ناوت نایە سەر کێوەکان و دۆڵەکان و ئاوەکەت

غەیری تۆ ھەرچی ھەیە خاوەنی ئەو شوێنە نین

یەک بە ئەسپ و شیر لەوسەری دونیاوە ھات

یەک وەکو جیران ھات وخۆی خزانە ماڵەکەت

یەک بەناوی دین ھات و وەک پەتا کەوتە وڵات 

ئەم ھەموو توۆی ھەرزە کەوتە مەزرای ژینی تۆ

یەک دەبێتە خاوەنی خاک و یەک دەبێتە دینی تۆ

یەک بە بوونت قەلس ئەبێت و حەزدەکا ناوت نەبێ

یەک بە کێوی ناوت دەبا و خۆی بە شاری دادەنێ

ئەم ھەموو ھات و ھەرایە، ھەردەمێک لای تۆ بەپای

چونکو ئەو چەند ھەرزەگێاێە  چاک ئەزانن تا تۆ ھەبیت

ناکرێت رەگیان بھاوێن، تۆو برێژن، تامی خاوەندارێتی راستی بچێژن

. دز کە خاوەن ماڵی ھێشتەوە ھەر دزە و ھەر دز دەمێنێ. 

ھەردەمێ خاوەنماڵ نەما، دزدەبێتە خاوەنی.

ھاتمەوە یەکسەر لەوێوە

چوومە دیجلە، چوومە فرات و شاری وان 

چوومە قەندیل، ئاگرێکم کردەوە، 

ئاگری مان و نەمان

بێ گڕ و بێ دووکەڵ ێک

قەت نەسوتێنێ دارەکان

ئاگرێ وا، من بپارێزێ لە زریان

 

گەڕان بۆ بابەت