ما 5066 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاوڕێ نەهرۆ

ئەگەر نەجمەدین ئەربەکان بە باوکی ئیسلامی سیاسی لە تورکیا بژمیردرێ ئەوا فەتح اللە گوڵەن بە باوکی ئیسلامی کۆمەڵایەتی ئەژمیردرێ لە ریگای ریکخراوی خەیرخوازیەوە ئەستیرەی هەڵکشا. ئیستا ئەروغان وەک دیکتاتوریک مامەڵە دەکا و دەیەوێ بەشیوەیەک لە شێوەکان ئیمپراتوریەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە.

 

 

تورکیا لە نیوان دوێنێ و ئەمرۆ

(کورتە باسێک)

هاوڕێ نەهرۆ 

ئەگەر باسی رابوردووی تورکیا بکەین، دەبێ ئاوەڕ لە ئیمپراتوریەتی عوسمانی بدەینەوە زیاتر لەوەش باسێ سەردەمە جیاوازەکانی ئیسلام بکەین هەر لە خولەفای راشدینەوە کە بیست و نۆ ساڵی خایاند. سەردەمی ئەبوبەکر دوو ساڵی خایاند، عومەر دە ساڵی خایاند، عوسمان دوازدە ساڵی خایاند، ئیمام عەلی پینج ساڵی خایاند. دواتر دێینە سەر سەردەمی ئەمەوێ کە حەسەن وازی لە خلافەت هینا بۆ مەعاویە کە ماوەی نەوەد و یەک ساڵ لەسەر حوکم تا رووخانی لەلایەن دەوڵەتی عەباسییەوە. سەردەمی 'عەباسی'یش پینج سەدو بیستو چوار ساڵی خایاند تا رووخانی لە لایەن 'هولاکۆ'وە کە بەغدای گرت کۆتایی بە حوکمی عەباسی هینا. لەسەدەی پازدەوە سەردەمی عوسمانی دەستی پێ ئەکا تا دوای جەنگی جیهانی یەکەم کە پێیان دەگوت (پیاوە نەخۆشەکە) تا ریکەوتنامەی سیڤەر ساڵی ١٩٢٠ کە دوو مادەی تیایە ٦٢ و ٦٤ دانی بە دەوڵەتی کوردستانی نراوە کە سنوری جوگرافی بەربلاوی هەیە کەچی لە رێکەوتنامەی لوزان لەساڵی ١٩٢٣ پەشیمان بوونەوە. لە دوای ئیمپراتوریەتی عوسمانی ناوێک هاتە کایەوە بە ناوی ئەتاتورک کە لە ساڵی ١٨٨١ لە سالونیکی یونان لە دایک بووە لە تەمەنی ٣٥ ساڵی بووبە نەقیبی سوپا لەشەرەکانی دەوڵەتی عوسمانی دژی یونان لەلایەک فەرەنساو بریتانیا لەلایەک روڵی بەرچاوی گێڕا تا کرایە جەنراڵ وحزبی تەرەقی دانا لە شەری سەربەخۆی تورکیا روڵی بەرچاوی گێڕا لە والی عوسمانی مەحەمەدی شەشەم یاخی بوو لە ئەنقرە نە چووە ئیستانبول لە ساڵی ١٩٢٣ بەشداری ریککەوتنامەی لۆزانی کرد لە سویسرا، سنوری دەوڵەتی تازەی تورکیایان دیاری کرد لە سەدا هەشتا وازیان لە ئەرزی داگیرکراوی سەردەمی عوسمانیان هینا. پێشتر ئیمپراتوریەتی عوسمانی جگە لە ئاسیای بچوک، روژهەڵاتی باشوری ئەوروپای داگیر کردبوو تا حجازو نیمچە دوورگەی عەرەب و میسرو عیراق و سوریاو فەلەستین و باکووری ئەفریقا، لە ئەوروپاش جگە لە بوڵغاریا و رومانیا و یونان و هەندی وڵاتی بەلقان تا دەگاتە هەنگاریا.

لەساڵی ١٩٢٤ ئەتاتورک پارتی جەهەبەی دامەزراند کە پارتیکی سوسیال دیموکرات و عەلمانیە تا ئەمروش بوونی هەیە، ئەتاتورک ئاینی لە دەوڵەت جیا کردەوە. لە ساڵی ١٩٢٨ ئەلف و بێ عەرەبی زمانی تورکی گورێ بۆ لاتینی. لەساڵی ١٩٣٤ تەربوش و ستارەی قەدەغە کرد جل و بەرگی ئەوروپی سەپاند بەسەر خەڵک دا. هەروا لە هەمان ساڵ دا شورەتی حاجی و مەلاو شیخ و حەزرەت و جەناب و ئەفەندی لە دائیرەی باری شارستانیەتی قەدەغە کرد. تا ساڵی ١٩٣٨ کۆچی دوایی کرد و عسمەت ئونۆنۆ جیگای گرتەوە، شایانی باسە تاساڵی ١٩٤٦ تاقە حزبی فەرمانرەوا هەبوو. لە دوای ئەم بەروارەوە بلورالیزمی حزبی لە تورکیا دەستی پێ کرد لە پاڵ پارتی گەلی کوماری حزبی دیموکراتی دامەزرا، ئەوە بوو لە سالی ١٩٥٠ حزبی دیموکراتی لە هەلبژاردن سەرکەوت و مەحمود جەلال بایار بووە سەرۆکی حکومەت. شایانی باسە لە ساڵی ١٩٦٠ و ١٩٧١ و ١٩٨٠ لە تورکیا عەسکەر کۆدتای کردووە، ئاخرینیان ساڵی ١٩٨٠ بوو بە سەروکایەتی کەنعان ئیڤرن، ماوەی دوو ساڵ حزبەکانی قەدەغە کرد تا ساڵی ١٩٨٣ نەجمەدین ئەربەکان حزبی رفاهی دامەزراند، تاساڵی ١٩٩٨ قەدەغەیان کرد. ئەمجارەیان بە شیوەیەکی تر هاتنە کایەوە لە ژیر ناوی پارتی فەزیلە تا سالێ ٢٠٠١ درێژەیان کێشا دیسان قەدەغەیان کرد بە تومەتی ئەوەی ئاراستەی ئیسلامی سیاسیان هەیەو دەیانەوێ شوناسی سیکۆلار لە رژیمی تورکیا لابەرن تا وەکو ساڵی ٢٠٠١ پارتی داد و گەشە پیدانیان دامەزراند بە هەمان ناوەروک لە ساڵی ٢٠٠٣ لەسەر تەختی دەسەلاتە، ناسراوترین دەم و چاویان ئەردوغانە سەرەتا ساڵی ١٩٩٤ بە سەروک شارەوانی ئیستانبول دەستی پێکرد دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣ بوو بە سەرۆک وەزیران دواتریش سەروکی وڵات

لە ساڵی ٢٠١٦ دووچاری کودتایەکی شکست خواردوو بوو، تومەتی کودتا خرایە ئەستوی فەتح اللە گوڵەن کە ئیستا لە ئەمریکا دەژی. ئەگەر نەجمەدین ئەربەکان بە باوکی ئیسلامی سیاسی لە تورکیا بژمیردرێ ئەوا فەتح اللە گوڵەن بە باوکی ئیسلامی کۆمەڵایەتی ئەژمیردرێ لە ریگای ریکخراوی خەیرخوازیەوە ئەستیرەی هەڵکشا. ئیستا ئەروغان وەک دیکتاتوریک مامەڵە دەکا و دەیەوێ بەشیوەیەک لە شێوەکان ئیمپراتوریەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە، سیستەمی پەرەلەمانیی گۆری بۆ نیمچە سەروکایەتی، ئەردوغان یەکەم سەرۆکە راستەوخۆ لە لایەن خەلکەوە هەڵبژیردرا، تورکیا لەساڵی ١٩٥٢ وەوە ئەندامی پەیمانی ناتۆوە، لەساڵی ١٩٥٩ داوا کاری بەرزکردوتەوە بۆ یەکیتی ئەوروپا کە تورکیا ببی بە ئەندام بەڵام لە بەر کیشەی قوبرس و لەم دواییەش مافی مرۆڤ لە تورکیا تا ئێستا داواکەی هەڵپەسێردراوە. قوبرس دوورگەیەکی بەریتانی بوو ساڵی ١٩٦٠ سەربەخویی وەرگرت لە دوو نەتەوە پێک هاتووە کەمینەی تورک لە باکور، زورینەی یونانی لە باشورو ناوەراست، پەرلەمانیکیان هەیە ٨١ ئەندامە، پەنجاو شەشی یونانی یە و بیست و چواری تورکە، لە ساڵی ١٩٧٤ کودتا کرا، تورکیا بە هەڵی زانی دووسەد هەزار سەربازی نارد بۆ داگیرکردنی باکووری قوبرس لە ساڵی ١٩٨٣ حکومەتیکی سەربەخوی دامەزراند بە ناوی (قوزای قوبرس) بە سەروکایەتی رەئوف دەنگتاش شایانی باسە تەنیا تورکیا دانی پیا دەنێ. ئەمرۆ پارتی داد و گەشەپێدان بە سەروکایەتی ئەردوغان بە هاوپەیمانی لەگەڵ (مەهەپە) حوکمی تورکیا دەکا، ئۆپوزیسیونی تورکیاش پێکهاتووە لە (جەهەپە) و (هەدەپە) لەگەڵ چەند پارتیکی بچوک.

 

گەڕان بۆ بابەت