ما 2546 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ستیڤان شەمزینی

نەوشیروان مستەفا لە دەستپێکی کاری سیاسیی خۆیەوە تا کۆتایی ژیانی، بڕوای بە تەسفیە و پاکتاوی نەیارە سیاسییەکانی هەبووە، ئەگەر لە قۆناغەکانی شاخدا لە رێی ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگانەوە ئەو پرۆسەیەی بەڕێوە بردبێت، ئەوا لە قۆناغی دوای راپەڕیندا هەرچەند بۆی کرابێت هەمان کاری کردووە و هەر کاتێکیش توانای نەبووبێت، میکانیزمی تری دۆزیوەتەوە، وەک ئەوەی لە رێی خۆپیشاندانەکانەوە نەخشەی بۆ کێشابوو.

 پۆرترێتە راستەقینەکەی باوکی هەژاران

 

“لەوانەیە ئێمە مێژوومان بیر بچێتەوە، بەڵام مێژوو ئێمە لە بیر ناکات”
فریدریک جیمسن

ئەمڕۆ دوو ساڵ تێپەڕی بەسەر مردنی “نەوشیروان مستەفا”دا. لە نێو ئەو فەزا تەوتەمپەرستیی و مردووپەروەرییەی ئێمەدا، مەرگ دەسەڵاتێکی فراوانی هەیە لە سڕینەوەی پۆرترێتی راستەقینەی کەسایەتی تاکی مردوودا، بە شێوەیەک وێنایەکی ئیدیاڵی وەها بۆ مردووەکان دادەتاشرێت، بە هیچ کلۆجێک نەنگی و ناشرینییەکانیان نەبینرێت. ئەوەی راستی بێت دەمێکە ئەو جۆرە پرسەگێڕان و هەڵدان بە شکۆی مردووەکانم ناو ناوە زەلکاوی عاتیفی، گەر تەواو خۆت جڵەو نەکەیت، دەبیتە بەشێک لە ئاپۆرای شیوەنگێڕ. ئەمە نە تەنیا لە مردنی نەوشیرواندا بە زەقی دەرکەوت، بەڵکو لە هێنانەوەی تەرمی مەلا مستەفا و مردنی جەلال تاڵەبانیشدا بە هەمان ئەو تۆخییە دەرکەوتبوون و دەرکەوتن. ئەو دیمەنەی دوو ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە ناشتنی تەرمی نەوشیروان و دواتریش لە پیرۆزکردن و بە “مەرقەد”کردنی گۆڕەکەیدا بینیمان، جارێکی تر کرمێبوونی کولتووری سیاسیی کوردیی خستەوە بەرچاومان کە تەنیا ژینگەیەکی لەباری بەرهەمهێنانی سێکت و دەروێشگەرایی و سەرۆک و سەرکردەپەرستییە. لە هەمان کاتدا نەخۆشی سەندرۆمی ستۆکهۆڵمی کۆمەڵگەی کوردیی وەک فاکتێکی تاڵ بەرجەستە کرد، ئەم عاشقبوونە بە جەلاد، ئەوانەی ژیانی مرۆڤ پووچ دەکەنەوە و ئازادیی بە بارمتە دەگرن، وەنەبێ نەخۆشییەکی تازە دۆزراوەی دوای ئەو رووداوەی پێش پەنجا ساڵێکی بانکێکی شاری ستۆکهۆڵم بێت، بەڵکو بەشێوەیەکی پریمیتیڤ لای “ئیبن خەلدون” تیۆریزە کراوە و بەو پێیەی جەخت دەکاتەوە “چەوساوە هەموو کات عاشق و لاساییکەرەوەی چەوسێنەرەکەیەتی”. ئەم گەلاڵەیەی کتێبی “المقدمە” لە کەتواری کوردیدا بە روونی خۆی دەنوێنێت بەتایبەت لە پرسە و ماتەمینی سەرکردە سیاسیی و کاریزماتیکەکاندا.
بە دەستی خۆم نییە، هەموو کات لە بەرامبەر ستەمکاریی سەرکردە سیاسییەکاندا، چاوەڕوانی پیرەمێردە تۆڵۆستۆییەکی چیرۆکی “ئەسەرحەدون”م. تۆڵستۆی لەم چیرۆکەدا کە ساڵی 1903 نووسیوویەتی، لە رێی چیرۆکێکی هونەرییەوە بەسەرهاتی پادشا “ئەسەرحەدون”ی ئاشووری دەگێڕێتەوە، لەو کاتەی تەواوی شارێک خاپوور دەکات و کاولکاریی دەستی دەگاتە هەموو پنتێکی شارە داگیراکراوەکە و بە وتەی خۆی کێوێکی لە تەرمی سەربازانی دوژمن هەڵچنیوە، بیری لەوە دەکردەوە پادشا لایلی بە خازوق ئیعدام بکات. پیرەمێردێکی لێ پەیدا دەبێت و پێی دەڵێت، تۆ ئەسەرحەدون نیت، تۆ لایلیت. تۆ سەرنەکەوتوویت بەڵکو شکستت هێناوە. بۆ سەلماندنی قسەکانی داوا لە پادشا دەکات بچێتە ناو ئاوێک و سەری بخاتە ژێرەوە و ئەمیش شەربەیەکی ئاو دەڕژێت بەسەریدا، لەو چەند چرکە کەمەی سەری ئەسەرحەدون لەناو ئاوەکەدایە، خەیاڵە ترسناکەکان واقیع ئاوەژوو دەکەنەوە، خۆی دەبینێت بووە بە لایلی و بە رووتی لە گۆڕەپانی ئیعدامدایە، دەمێکی تر خۆی وەک کەرێکی کێوی دەبینێت، ئەسەرحەدون بە تیرێک راوی دەکات. لەم کاتە ناخۆشە سەری لە بن ئاوەکە بەرز دەکاتەوە و تووشی تۆقین بووە، پیرەمێردەکە بە هێمنی پێی دەڵێت “ئێستا بۆت روون بووەوە لایلی تۆیت، نەک هەر ئەو سەرباز و جەنگاوەرانە، بەڵکو ئەو ئاژەڵانەشی راوت دەکردن، بە ناوی میوانداریی و زیافەتەوە دەتخواردن خۆت بوویت، وات وێنا دەکرد ژیان بە تەنیا لە تۆدا هەیە و هەر تۆش مافی ژیانت هەیە”.
لە مردنی نەوشیرواندا چاوەڕوانی ئەوە بووم، کۆمەڵگە بە دەنگێکی کۆراڵئاسا بڵێت واتدەزانی جیهان بۆ تۆ دروستکراوە و ئەو هەموو گەنجە بۆ ئەوە لە دایکبوون سایکۆپاتێکی وەک تۆ یەک یەک بیانکوژێت. ئەگەر لە کاتی دەسەڵات و ژیانیدا ئەم دەربڕینە زبرە بەهۆی زەبروزەنگ و تۆقاندنی کاکە نەوەوە کردەیەکی ریسک ئامێز و مەحاڵ بووبێت، خۆ بایکۆتی ئەو هەموو شیوەنگێڕیی و خۆڕنینەوە دەستەجەمعییەی شارێک دەیتوانی هەمان مانا بدات. لەبەر ئەم فاکتۆرە هیچ ناوێکی ترم بۆ ئەو پرۆسێسی تەقدیس و تەوتەمیزەکردنەی نەوشیروان بۆ نادۆزرێتەوە، تەنیا ئەوەندە دەتوانم بڵێم زۆرینەی کورد گرفتارن بە نەخۆشی دەروونی و گرێی عاشقبوون بە جەلاد.

لە نێوان نەوشیروان و ئەبوتەبەردا

لە هەفتاکانی سەدەی رابردوودا، لە پرۆسەی پاکتاوی ناو ریزەکانی حزبی بەعس لە عێراق، هاوکات بۆ لەناوبردنی ژمارەیەک کۆمۆنیستی چالاک، کۆمەڵێک کوشتن بەشێوازێکی نامۆ ئەنجامدران. پشکی شێری ئەو کوشتنانە رووی لە ئەکتیڤیستە سیاسییەکانی ناو باڵی دەستە چەپی پارتی بەعس بوو، ئەویش بە هۆڤترین فۆرمی کوشتن لە رێی تەور و کێردەوە، هەموو ئەمانەش بەسترانەوە بە تاقمێکی دەمامکداری چەتەگەرەوە کە کەسایەتییە یۆتۆپییە ریالییەکەی ئەبوتەبەر ناوێک بوو لە شاری بەغداد. باڵی سەدام- بەکر و زۆرینە لە حزبی بەعس بەو هەموو دڕندەییەی خۆیانەوە دەیانویست ئەبوتەبەر وەک شەبەحێکی خراپەکار بناسێنن و بەهیچ کلۆجێ نەیاندەتوانی خاوەندارێتی لە دڵڕەقییەکانی بکەن. نەوشیروانیش لە مێژووی نزیکی کورددا هەمان کارەکتەری ئەبوتەبەرە بە ڤێرژنە گوردییەکەی، بەڵکو توند و دڵڕەقانەتر پاکتاویی فیزیکی و نابەرجەستەی هەموو یار و نەیارانی کردووە. تەوروەشاندن بۆ کوشتنی مرۆڤ بەتایبەت نەیارانی سیاسیی فۆرمێکی زۆر دڵخوازی نەوشیروان بوو، ئەمەش کار رێکەوت نەبوو، چوونکە لە بۆتەی هەمان سیستمی پەروەردەیی ئەبوتەبەردا چاوی پشکوتبوو، بەو پێیەی دوا نارنجۆک خستنە ئاهەنکی سانەوی سلێمانی کچان لە رێی جەمالی ئەحە خورشەوە، بە سەپۆرتی نازم گزاری بەڕێوەبەری ئەمنی گشتیی ئەوکاتی عێراق کارئاسانی بۆ کرا بۆ سەفەری دەرەوەی وڵات و “کەناری دانوب”. مۆدیلی کوشتن لەسەر شێوازی قەسابەکان، وەک دوا فۆرمی دڵڕەقانەی کوشتن، مۆدیلێک بوو لە رێی نەوشیروانەوە چووە ناو مێژووی نزیکی سیاسیی کوردەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجی منە هەر ئەوە نییە هەردوو کەسایەتی ئەبوتەبەر و نەوشیروان لە یەکتر دەچن، بەڵکو ئەو واقیعە تاڵەشە هەنووکە لە دۆخی کۆمەڵگەی کوردیدا دەیبینین. ئاخر ئەبوتەبەر وەک دڕندەیەک چووە زبڵدانی مێژووەوە، لە چینی یادەوەریی عێراقییەکاندا وەک تارماییەکی ترسناک جێی خۆی گرتووە و ئامادەگی هەیە. کەچی نەوشیروان بە بیۆگرافیاکەی کە خوێن و کوشتن و تەوروەشاندنە، وەک مارتن لوسەر کینگ لای نەوەیەکی بێ ئاگا لە دیرۆک، وێنایەکی قەشەنگی بۆ کێشراوە. لەوە کۆمیدۆتراژیدتریش گۆڕەکەی وەک جێگەیەکی پیرۆز تەماشا دەکرێت “ناوهێنانی گۆڕی نەوشیروان، بە مەزار خۆی لە خۆیدا دەلالەتی زۆری هەیە یەکێک لەوانە پیرۆزیی پێ بەخشینە”. رەنگە ئەمە تاڵترین واقیعی زیهینی و بەرجەستەی کۆمەڵگەیەک بێت خوێنڕێژێک بە سیمبولی هیومانیزم و رابەری چاکسازیی سکێج دەکات، هەر بەو پۆرترێتە ساختەوە دەیەوێت بیخاتە لاشعور و مێشکی نەوەیەکی بێ مێشک و پاسیڤی وەک ئەو نەوە هەژارەی لە رووی خوێندەواریی سیاسیی و مەعریفییەوە لە کوردستان بەرهەم هێنراوە. هەروەک دەبینن هەموو وزەی ئەم نەوەیە لە چەند هەجو و جنێوێکی سیاسیدا خۆی دەبینێتەوە بەرامبەر کەسێک برینێک بخاتە نارسیزمییەوە و لە خەونی قووڵی بێ ئاگایدا نەقیزەیەکی هۆشیارانە بکات بە مێشکیدا و بێداری بکاتەوە. ئەو خەونی پێچەوانە دەبینێت و نایەوێت بەخەبەر بێتەوە!.

باوکی هەژاران

نازناوی “باوک”ی هەژاران بۆ خۆی جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردنە. باوک رەمزی دەسەڵاتخوازیی خێزانییە و تێرمێکی پیاوسالارییە. رەنگە نهێنی کوشتنی ژنانی دوای ساڵی 1991 و راپەڕینی باشوور، بە بڕیاری باوکی هەژاران، زادەی ئەو دڵرەقییە باوکسالارییە بێت ئەندێشەی نەوشیروانی داگیرکردبوو. تەنانەت لەسەردەمی “گۆڕان”یشیدا، وەک پارتریارکێکی پیر هێندەی جەختی لە “سەوابیت”ی ئاینی دەکردەوە، تەنانەت نەیدەتوانی چەشنی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنیش باس لە کێشە جێندەرییەکان و یەکسانی رەگەزایەتی بکات. گەر لە مافی “موچەی کابان”یش وەک بەشێک لە بەرنامەی سەرەتای حزبەکەی بۆ هەڵبژاردن ورد بینەوە، ئەو مافە نەک یارمەتی ژن نادات، بەڵکو بەشێکە لە پرۆسەی بەندکردن و هێشتنەوەی ژنان لە مەتبەخی ماڵەکاندا، تا ئەوەی ژن وەک کارەکتەرێکی ئەکتیڤ پێ نەنێتە کایەی سیاسیی و ئابووری و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە. هەر بۆیە ژن لە حزبە نوێیەکەی ئەودا “گۆڕان” هیچ جێگەیەکی شایانی باسی نەبوو، دەست و رای ژن لە هیچ ناوەندێکی بڕیاردا نەدەبینرا و تائێستاش نابینرێت.

ئەوەش بە پێچەوانەی نەریتی هاوەڵە مێژووییەکەیەوە بوو”مام جەلال”، چوونکە هاوژینی ئەو “هێرۆ ئیبراهیم” رۆڵێکی ئێجگار بەرچاوی هەبوو لە ئاڕاستەکردنی ژیانی حزبیدا، هەمیشەش لە سەردەمی ژیان و دەسەڵاتی بێ سنووری خودی تاڵەبانیدا، وەک ژنێکی چالاک و خاوەن بڕیاری یەکلاکەرەوە دەرکەوتووە “قسە لەسەر ئەو سیاسەتە نییە هێرۆ ئیبراهیم بەڕێوەی دەبرد، بەڵکو قسە لەسەر پێگەکەیەتی، هەروەها هەڵسەنگاندنێکی بەراوردکاریشە”. هەر لەم سیاقەدا دەتوانین تێرمی “باوک” وەک وەسفێک بۆ نەوشیروان بەو دیوەدا بخوێینەوە لەسەر روانگەی پارتریارکی بینا بووە، کۆی وەسفەکەش بەسەریەکەوە “باوکی هەژاران” ناوێکی ترە پڕە لە ئیشکالییەت و سەیر و سەمەرەیی. ئاخر هەژاران باوکیان نییە، جگە لەو باوکە دڵڕەقەی وەک بردناشۆ بۆی چووە بە ناوی داکۆکیکردن لێیانەوە دەوڵەمەند دەبێت. داستانی نەوشیروانیش بە دەوڵەمەندبوونی خۆی و بەجێهشتنی سەرمایەیەکی خەیاڵی بۆ منداڵە بایۆلۆژییەکانی و هەژارتربوونی ئەو هەژارانەی لە ژێر باڵی باوکایەتیدا لە دەوری گووتارێکی سواو کۆی کردبوونەوە کۆتایی هات!!. ئەمە جگە لەوەی نازناوی باوکی هەژاران، باوکی پڕۆلیتاریا، ئەو نازناوانە بوون بۆ گەورە دیکتاتۆری سۆڤێتی “جۆزیف ستالین” داتاشرابوون. سەیر بکەن رابەری ریفۆرم و عەدالەتی کۆمەڵایەتی کوردیی، لە فەرهەنگی کێوە نازناوەکانی داتاشراوە؟!.

رێبازی نەوشیروان

رێباز، تەنانەت گەورەترە لە فەلسەفەیەکی دیاریکراو. جاری وا هەیە بە هیمەتی چەندان فەیلەسووف، بە تێپەڕینی چەند دەیە بگرە سەدەش، رێبازێکی تر بۆ ژیان و دنیا گەڵاڵە بووە. رێباز ناوبانگێکی هەڵەی هەیە لە فەرهەنگی زمانەوانی ئێمەدا. چون دواجار رێباز رێگەیەکە بۆ ژیان و بیرکردنەوە. حیساب لەسەر هەموو شتێکی ورد و درشت کراوە لە رێبازەکاندا. تێگەیشتنی من بەو جۆرەیە: سەرمایەداریی رێبازە، کۆمۆنیزم رێبازە، ئیسلام و کریستیانیزم رێبازن. چوونکە لە رێبازەکاندا مرۆڤ و کێشە و ئارەزوو و مەیل و خواستەکانی، ئێستا و ئایندە و رابردووی بە هەند گیراوە، ناکرێت بە چەند کتێبێکی پەرش و بڵاوی نەوشیروان بوترێت ئەمانە گەڵاڵکاری رێبازێکن بۆ ژیان، هیچ نەبێت بۆ مرۆڤی کورد. ئاخر زیاتر لە شەش کتێبی نەوشیروان گێڕانەوەی چیرۆکی کاری سیاسیی خۆیەتی و دەچنە خانەی بیۆگرافیا، چەندان کتێبی تری دەچنە بواری ساغکردنەوەی مێژوویی نەک مێژوونووسی، دوو سێ کتێبی تری ساغکردنەوەی رۆژنامەوانین. بە شەخسی خۆم لەو بوارەدا لە نەوشیروان زیاترم کردووە، هێشتا ناوێرم بە خۆم بڵێم رۆشنبیر، چجای خاوەن رێباز.
لە نەریتی کوردییدا کتێب نووسین، مرۆڤ دەکاتە خاوەن رێباز، ئەگەر وابێت دەبێت لە دنیادا ملیۆنان رێبازی جیا جیامان هەبێت بۆ ژیان، بۆ خەبات، بۆ شۆڕش و هتد.. ئێمە لە بیرمان چووە هەزاران کتێبی خراپ هەن، هەزاران کتێبی تریش بۆ ئەوە دەنووسرێن ببنە رێبازێک بۆ ژیان، بەڵام فەرامۆش دەکرێن. کەچی نەوشیروان هیچ تیۆری و ئایدۆلۆگییەکی بەرهەم نەهێناوە، هیچ کتێبێکی نییە بایی ئەوە بێت بکرێتە رێبەرێک لە بوارێکی دیاریکراودا، هێشتا هەوڵ هەیە ئەفسانەیەک بە ناوی رێبازی نەوشیروانەوە دروست بکرێت. وەک وتم کتێب مرۆڤ ناکاتە خاوەن رێباز، دەبێت ئەوەش بە بیر بهێنینەوە، زۆرینەی دیکتاتۆر و خوێنڕێژەکان بەدەر لە کاریزما و تواناکانیان لە بواری وتارداندا، خاوەنی کتێب بوون، لەم رووەوە کتێبی “ماین کامپف”ی ئادۆلف هیتلەر و “کتێبی سەوز”ی قەزافی و کتێبە زۆر و بۆرەکانی ستالین و ماوتسی تۆنگ و سەدام حسێن و جەمال عەبدولناسر و تاد.. نموونەی زیندوون. هەرچەند لێرەدا چوواندنی کەیسەکان لە ئارادا نییە، بەقەدەر ئەوەی راوەستانە لەسەر سترۆکتۆرە سایکۆلۆییەکانی پشت چیرۆکی ئەم دیکتاتۆرانەی بیۆگرافی خۆیان بە خوێن نووسیووەتەوە.

گۆڤاری رزگاری .. شەڕەجنێو و دژایەتی

ئەوکاتەی نەوشیروان مستەفا کادرێکی گەنج و چالاکی باڵی مەکتەبی سیاسیی پارتی بوو، شەڕێکی سەخت و خوێناویی لە نێوان هەردوو باڵەکەی پارتیدا بەڕێوە دەچوو، نەوشیروان بە سروشتی حاڵ کەسێکی دەمارگیر و توند بوو لە مامەڵە و هەڵوێستدا، لە ماوەیەکی ئێجگار کەمدا وەک دڵسۆزی باڵی مەکتەبی سیاسیی و دوژمنێکی گەورەی باڵی بارزانی و خودی بنەماڵەی بارزانی خۆی بە هەموو لایەک ناساند، ئەم هەڵوێستانە بە روونی لە ژمارەکانی گۆڤاری “رزگاری”دا دەردەکەون. ئەو گۆڤارە یەکەم ژمارەی لە ساڵی 1969 بڵاوبۆیەوە و نەوشیروان خاوەن ئمیتیازی بوو، تێکڕاش سیانزە ژمارەی لێ دەرچوو لەماوەی یەک ساڵدا، چوونکە دوا بەدوای دەرچوونی بەیاننامەی یانزەی ئازار و توانەوەی باڵی مەکتەبی سیاسیی لە باڵی بارزانیدا، ئیدی ئەو گۆڤارەش نامێنێت، ئەگەرچی کاتی خۆی “رەفعەتی مەلا” لە چاوپێکەوتنێکدا وتبووی ئەم گۆڤارە بەپارە و پیتاکی دەوڵەمەندەکانی سلێمانی دەرچووە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە بە هاوکاریی و دارایی رژێمی عێراق دەردەچوو، ئەگەر وابووایە کاک رەفعەت دەیتوانی ناوی دوو لەو دەوڵەمەندانەی بهێنایە کە پێش 50 ساڵ یارمەتی ئەو گۆڤارەیان داوە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی گۆڤاری رزگاری ئەوەبوو، ستایڵی کاری رۆژنامەوانی کوردیی گۆڕی و ئاستی رەخنە و نووسینی سیاسیی هێنایە خوارەوە بۆ شەڕەجنێو و موهاتەرات، دەکرێت بڵێین سەرەتای شەڕەجنێو و موهاتەرات نووسین لە بواری رۆژنامەوانی کوردییدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڤارە، چوونکە ئەوە یەکەمجار بوو بە درێژایی حەفتا و یەک ساڵی تەمەنی رۆژنامەوانی کوردیی بەوجۆرە زمان و دەربڕینە گۆڤارێک بە زمانی کوردیی دەربچێت. ئەو گۆڤارە تۆوی دوژمنایەتی لە نێوان بەشەکانی کۆمەڵگەی کوردییدا چاند، ئەو کولتوورە سەقەت و خراپەی یەکتر رەتکردنەوە و داشۆرینی مێژووی یەکتر لە لاپەڕەکانی ئەم گۆڤارەوە چەکەرەیان کرد و پاشان بوونە کولتوورێکی باوی ناوی ژیانی حزبایەتی لە کوردستاندا، بەتایبەت لە قۆناغەکانی دواتردا کە نەوشیروان دەبێتە سەرکردەی مەیدانی یەکێتی و هێز و چەک و میدیا و توانستی مرۆیی هەموو دەکەونە بندەستی. بە کورتی و کوردیی نەوشیروان، “رزگاری” بۆ سێ مەبەست دەرکرد، یەکەم: داشۆرینی سیاسیی و دروستکردنی فەرهەنگی شەڕەجنێو. دووەم:دژایەتی بنەماڵەی بارزانی. سێیەم: کۆکردنەوەی نوخبەی گەنجی باڵی مەکتەبی سیاسیی بۆ دروستکردنی رێکخستنێکی نوێ.

بنەماڵەی بارزانی .. گرێی سەرەکیی نەوشیروان

زۆرێک لە هاوتەمەنەکانی نەوشیروان باس لەوە دەکەن، ئەو پیاوە جگە لەوەی کەسێکی ناکۆمەڵایەتی “سایکۆپاسی” بووە، لەهەمان کاتدا کۆمەڵێک گرێی دەروونیشی هەبووە. یەکێک لە گرێ دەروونییەکانی ئەوە بووە ئەو لە زووەوە هەستی کردووە لە چینی خوارەوەی کۆمەڵەوە هاتووە و باکگراوەندێکی گوندیی هەیە، لەوەش خراپتر وەک هاوڕێکانی بە شانس نەبوو، چوونکە باوکی حەماڵ بوو لە گومرگ.، یەکێکی تر لە گرێیەکانی بریتی بووە لە سڵەمینەوە و شەرمنی بەرامبەر بە مێینە. بەڵام گرێی راستەقینەی نەوشیروان مستەفا بریتی بوو لە گرێ و فۆبیا لە بەرانبەر بنەماڵەی بارزانی و پارتی. چوونکە لە ماوەی نیو سەدەدا هەستی توندەڕەوانەی ئەو پیاوە بەرامبەر بە پارتی و بنەماڵەی بارزانی هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهات. ئەگەر جەلال تاڵەبانی و سەرکردەکانی تری ناو باڵی مەکتەبی سیاسیی، بەهەر هۆیەک بێت سەرئەنجام بووبنەوە بە دۆستی پارتی و بنەماڵەی بارزانی، کەچی نەوشیروان خەونی دەرپەڕاندنی فیعلی پارتی لە ناوچەی سۆران و سنووردارکردنی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و هەژموونیان لەسەر کوردستان تاکو مردنی لە کەللەی نەهاتە دەرەوە، تەنانەت هەندێک شارەزا لە زووەوە پێیانوابوو هەموو بانگەشە و ئەجیندا و هاتوهاوارێکی نەوشیروان بۆ یەک شت بوو، ئەویش وەک وتمان بۆ کورتکردنەوە و نەهێشتنی دەسەڵاتی پارتی و بنەماڵەی بارزانی. تەنانەت وەک بینیشمان یەکێک لە پاڵنەرەکانی هاتنە دەرەوەی لە یەکێتی دەگەڕایەوە بۆ رێککەوتنی ستراتیجی نێوان یەکێتی و پارتی، گەرچی ئەو رێککەوتنە کۆتایی هێنا بەویستی سڕینەوەی هەردوولا بۆ یەکتر، بەڵام لای نەوشیروان ئەم پرنسیپە واتای تەسلیمبوونی مام جەلالی بە بنەماڵەی بارزانی دەبەخشی.
د.جەمال نەبەز لە کتێبی “کوردستان و شۆڕشەکەی”دا، دەنووسێت: جەلالی حاجی حسێنی کەلۆش، ئەو کوردەی هاوبیری “کاژیک” بوو، لەکاتی نێوبژیکردنی شەڕەقۆچی سەرکردەکانی پارتی و یەکێتیدا، لە نەوەتەکاندا کوژرا، جارێکیان لە کاک نەوشیروانی پرسیبوو، لە نەمسا باوەڕنامەی لە چیدا وەرگرتووە؟. کاک نەوشیروان بە پێکەنینەوە گوتبووی باوەڕنامەی لە “مەلایکوژیدا” وەرگرتووە. ئەم دەربڕینە لە رووکەشدا زۆر سادەیە، بەڵام گوزارشت لە هەستی راستەقینەی نەوشیروان دەکرد، ئەگەر وانەبێت چۆن فەرمانی دەدا بە تەقاندنەوەی نارنجۆک لە بەردەم قوتابخانەیەکی کچاندا کە بەهۆی رێکەوتننامەی ئاشتی یانزەی ئادارەوە ئاهەنگیان دەگێڕا. نەوشیروان مستەفا بە درێژایی پەنجا و سێ ساڵ گرێیەکی گەورەی دەروونی بەرامبەر بنەماڵەی بارزانی هەبوو، هەرچەند ئێمە نامەوێت ببینە پارێزەری بنەماڵەی بارزانی، بەڵام ئەمە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت لە بارەی بوونی گرێی بنەماڵەی بارزانی لەلایەن نەوشیروانە. تەنانەت لە رووداوەکانی حەڤدەی شوباتی 2011دا هەموو وزەی جەماوەری ناڕازی و خۆپیشاندەرانی، لە بارەگای لقی چواری پارتیدا خاڵی کردەوە. ئەمە خیانەتی دووەم بوو، لە دوای ئەوەی خۆپیشاندەرانی بە ئاژاوەگێڕ و تێکدەر لە قەڵەم دا، پاشتریش لە لە 13-3-2011ەوە لە شاشەی تیڤییەکانەوە دەرنەکەوت و هیچ قسە و لێدوانێکی نەبوو، تاکو لە پرسەی دایکی مەسعود بارزانیدا و دوای تەواوبوون و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان دەرکەوتەوە.
حەمەسەعید حەسەن، لە ساڵی 1994 لە وتارێکیدا لە ژێر ناوی “زەبروزەنگ و بەرژەوەندیی تایبەتی لە هەڵوێستی سیاسیی و گووتاری رۆشنبیریدا” ئەو نامەیەی نەوشیروان بۆ سەید کەریم بە بیر دەهێنێتەوە داوای پاکتاوی بەرەی “جود” بە تایبەتی پارتی دەکات لە رێی تیرۆر و جەنگی کورتخایەنی بە بەرنامەوە. ئەو لە وتارەکەیدا نووسیوویەتی: نەوشیروان لە نامەیەکدا لە 23-3-1983 بۆ سەید کەریم دەنووسێت “خۆت رەئی من لە شەڕدا باش ئەزانی، من هەرگیز لایەنگری شەڕی دوور و درێژخایەن و بێ بەرنامە نیم، لەگەڵ لایەنەکانی دیکە “جود”، من لایەنگری خۆ ئامادەکردن و دانانی بەرنامەی تەسفیە و موباغەتە و بڕاندنەوە و بەلاداخستنی شەڕەکەم لە ماوەیەکی کورتدا”. ئەم شەڕەش کە نەوشیروان باسی کردووە درێژکراوەی ئەو تەسفیە سیاسییە بوو چەندان کادری قیادە مەوقەتەی کردبووە ئامانج لەوانە “سدیق ئەفەندی، عەبدولی سوران، قادر بەنا، نوری حەمەعەلی و..هتد” کە هەریەک لەم کادرە نهێنییانەی پارتی لە سلێمانی بەشێوەی نادیار لەلایەن گروپەکانی سەر بە نەوشیروانەوە لەو سەروبەندانەدا تیرۆرکران.
ئامانجی سەرەکیی نەوشیروان مستەفا بڕاندنەوەی پارتی و هەژموونی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی بوو لە ناوچەی سۆران لە قۆناغی یەکەمدا، پاشان لە سەرتاسەری کوردستاندا لە قۆناغی دووەمدا. هەر لەم روانگەوە ئەوکاتیش لە گەرمەی هەراوهوریای گۆڕان و بانگەشە دیماگۆگییەکانیدا، پێموابوو گەمەکانی نەوشیروان لە بنەڕەتدا دژی پارتی و بنەماڵەی بارزانییە، ئەگینا نەوشیروان هیچ کێشەیەکی ئەوتۆی لەگەڵ یەکێتی نییە، ئەگەر کێشەشی هەبێت تەنیا کێشەی شەخسییە و لەگەڵ کەسی یەکەمی ناو یەکێتییە، بەڵام نەوشیروان کێشەی لەگەڵ هەموو پارتییەک و لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی هەیە و بە بێ هیچ ماندووبوون و وچانێک لە ماوەی پەنجا ساڵدا بێ دابڕان ئەو کارەی کرد و تا مردیش لە ژێر ناوی گۆڕان درێژەی بە هەمان شەڕی براکان دا وەک خۆی لە کتێبی پەنجەکان یەکتر دەشکێنن بە وردی حکایەتەکانی دەگێڕێتەوە.

نەوشیروان چەند مارکسی بوو ئەوەندەش گۆڕانخواز بوو

لە ساڵی 2010ەوە پێداگریم لەسەر ئەوە دەکرد نەوشیروان مستەفا سەرکردەیەکی گۆڕانخواز نییە، بەو مانایەی بیەوێت ئەو کەموکوڕییانەی لە ئەزموونی دەوڵەتداریی کوردستاندا هەیە بەرەو چاکتر بیانگۆڕێت، بەڵکو ئەوە تەنیا بیانوویەکە بۆ درێژەدان بە شەڕێکی سەخت و شەخسی لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی لە پێشیانەوە مام جەلال، ئەو مامەی بە درێژایی 40 ساڵ، مام و برا گەورەی نەوشیروان بوو، تا ئەو ئەندازەیەی ئامادەبوو خۆی بداتە بەر ئەو گوللەیەی ئاڕاستەی ئەو مامە دەکرێ. نووسەر و کادری پێشووی کۆمەڵەی رەنجدەران “عارف کەریم” باس لە سەرەتای کاری سیاسیی نەوشیروان مستەفا و کۆتاییەکانی ساڵانی شەستەکان دەکات و دەنووسێت “لەو ساڵانەدا نەوشیروان مستەفا دەستیکرد بە وەرگێڕانی وتەکانی ماو (کتێبە سوورەکە) هەروەها کتێبولکەکەی خەلیفەکەی ماو (لین پیاو) لەسەر شەڕی پارتیزانی، جگە لەوە مەرحوم شازاد جەمیل سائیب ئیمتیازی گۆڤارێکی مانگانەی وەرگرت بەناوی رزگاری و نەوشیروان مستەفا سەرنووسەرەکەی بوو. وتار و بابەتەکانی گۆڤاری ناوبراو چەپڕەوانە بوو، بیروباوەڕی ماوتسی تۆنگی تیادا بڵاودەکرایەوە”. پاشان دەنووسێت “فاکتەری سەرەکی بڵاوبوونەوەی ماویزم لە کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ هاتنی گروپەکەی سازمان ئینقلابی حزب تودە ئێران کە توانییان سەرنجی مام جەلال رابکێشن بەلای خۆیاندا و بیگۆڕن بۆ کەسێکی ماویست، دواتریش نەوشیروان مستەفا و کۆمەڵێک لە کادرە رۆشنبیرەکانی ناوچەکان و لقی سلێمانی بوونە هەڵگری ئەم بیروباوەڕە، بەندەش یەکێک بووم لەوانە”.
لە قۆناغەکانی دواتردا نەوشیروان دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەران کە دیسانەوە ئەمیش رێکخراوێکی مارکسی لینینی بوو، دواتر لە پاش تیرۆری گوماناوی شاسوار جەلال “شەهید ئارام” سکرتێری ئەوکاتی کۆمەڵەی مارکسی لینینی، نەوشیروان دەبێتە سکرتێری کۆمەڵە، تا سەرئەنجام لە کۆتایی هەشتاکاندا لەناو باڵی جەلال تاڵەبانیدا دەیتوێنێتەوە. ئەگەر سەیر بکەین نەوشیروان مستەفا بەلانیکەمەوە چارەگە سەدەیەک وەک سەرکردە و لایەنگرێکی سەرسەختی بیروباوەڕی مارکسی کاریکردووە و خۆی ناساندووە، بەڵام دواتر لە کاتی نووسینەوەی یادداشتەکانی خۆیدا ئەوە روون دەکاتەوە هەرگیز باوەڕی بە مارکسیزم نەبووە. وەک خۆی لە بەرگی یەکەمی یادداشتەکانیدا “لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ” لە لاپەڕە 172 ئاماژەی بۆ کردووە هەرگیز باوەڕی بە کۆمۆنیزم نەبووە و هەرگیزیش رۆژێک لە رۆژان لە دڵەوە مارکسی نەبووە، بەڵکو بڕیارێکی ناچاریی بووە بۆ کۆکردنەوەی ئەو ژمارە بێشوومارە گەنجەی ئەوکاتە لەژێر کاریگەریی هەژموونی مارکسیزمدا بوون. هەربۆیە لای من بەرزکردنەوەی دروشمی “گۆڕان”یش لە هەمان ئەو دروشمی “مارکسیزم”ە دەچوو کە نەوشیروان چارەگە سەدەیەک گەنجانی کوردیی پێ تەخدیر کردبوو، لە ساڵی 2011شدا لە وتارێکمدا نووسبووم هەر لەم روانگەوە دوورنییە دوای دە ساڵێکی تر ئەگەر عومر باقی بێت، لە بەرگێکی تری یاداشتەکانیدا نەڵێت، من بڕوام بە گۆڕان و ریفۆرم نەبووە، بەڵکو ئەوە پاساوێکی باش بوو بۆ ئەوەی خەڵک بۆ ئامانجە سیاسییە تاکە کەسییەکانم کۆ بکەمەوە. بە کورتی نەوشیروان چەند مارکسی بوو، هەر ئەوەندە گۆڕانخواز بوو.

پاکتاوی سیاسیی.. نەریتی هەمیشەیی نەوشیروان مستەفا

نەوشیروان مستەفا لە دەستپێکی کاری سیاسیی خۆیەوە تا کۆتایی ژیانی، بڕوای بە تەسفیە و پاکتاوی نەیارە سیاسییەکانی هەبووە، ئەگەر لە قۆناغەکانی شاخدا لە رێی ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگانەوە ئەو پرۆسەیەی بەڕێوە بردبێت، ئەوا لە قۆناغی دوای راپەڕیندا هەرچەند بۆی کرابێت هەمان کاری کردووە و هەر کاتێکیش توانای نەبووبێت، میکانیزمی تری دۆزیوەتەوە، وەک ئەوەی لە رێی خۆپیشاندانەکانەوە نەخشەی بۆ کێشابوو و یەکەم چرکەی لە ئێوارەی 17 شوباتی 2011 دەستیپێکرد و دواجار لە رۆژی 19 نیسان بە تووڕەیی دەسەڵات و بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران کۆتا هات. دیسان لە ساڵی 2015 سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران بووەوە، ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانی خستە خزمەتی شەڕی کۆنە قینی خۆی لەگەڵ پارتی، ئێمە ئەگەر سەیر بکەین، نەوشیروان ویستوویەتی بەهەر نرخ و رێگەیەک بووە پارتی و بنەماڵەی بارزانی تەسفیە بکات، یان بەلانیکەمەوە پەڕاوێزیان بخات لەسەر شانۆی سیاسیی. هەرچەند ئەوە مافی خۆی بوو، بەڵام ئێمە مافی خۆمانە بڵێین نەوشیروان بە ماسکی گۆڕان و گۆڕینی سیستمی سیاسیی دەموچاوی خۆی داپۆشیبوو.
محەمەد حاجی مەحموود، لە بەرگی چوارەمی یاداشتەکانیدا “رۆژمێری پێشمەرگەیەک” دەنووسێت “نەوشیروان مستەفا لە کاتی هەڵبژاردنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان داوای لە ئێمە دەکرد هێزی خۆمان بۆ دژایەتی پارتی یەک بخەین و لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا وتی: دەمانەوێ یەکێتی نیشتمانی بەرامبەر پارتی سەربکەوێت، منیش لەوانەیە کێشەم هەبێت لەگەڵ یەکێتی و مام جەلال! بەڵام کێشە بۆ پێشکەوتنی میللەتەکەمە. من پێشکەوتنی میللەت لە پێشکەوتنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە دەبینم و ئێمە و ئێوەش شۆڕشمان کرد بۆ ئەوەی ماڵی مەلامستەفا نەیەنەوە و ببنە برابەشمان، من بۆ سەرکەوتنی یەکێتی و سەرکەوتنی مام جەلال هەموو توانای خۆم سەرف دەکەم”. هەر بۆیە نەوشیروان لە پێش راپەڕین و دوای راپەڕین ئەندازیاری شەڕی راستەوخۆ بووە لەگەڵ پارتی، بە ئامانجی دەرپەڕاندنی پارتی و بنەماڵەی بارزانی، خۆی وتەنی تا بچنەوە لە کەرەج ببنەوە بە پەنابەر. ئەمەش بە نرخێکی گران تەواو بوو، بە تایبەت بە خوێنی هەزاران کەس و تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی گەیشتە خاڵی کۆتایی خۆی، بەڵام نەوشیروان چوونکە لایەنگری تەسفیە بوو، وەختێک یەکێتی لەگەڵ پارتی رێکەوتنی ئەنجامدا و بڕیاریاندا ململانێی دیموکراسی یەکتر بکەن، لە حزبەکەی جیابووەوە، ئەویش وەک رێگەیەک بۆ درێژەپێدان بە سیاسەتی تەسفیە و پاکتاوی سیاسیی.
وەنەبێت ئەم سیاسەتەی تەنیا بەرامبەر بە پارتی پەیڕەو کردبێت، نەخێر ئەم سیاسەتە بەرامبەر بە کۆی حزبەکانی تری کوردستان لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە پراکتیس کراوە. هەر لە حزبی سۆسیالیست و شیوعی و ئیسلامییەوە بیگرە تا دەگاتە کۆمۆنیستە کرێکارییەکان. نەوشیروان مستەفا لە قۆناغی شاخدا ئەندازیاری پاکتاوی “حسک” بوو هەر بەبڕیاری ئەو شەڕێکی خوێناویی گەورە بەرپابوو لە نێوان یەکێتی و حسک، لەم نێوەندەدا بە بڕیاری فەرمی ئەو هەریەک لە “مام ئاراس، شێرکۆی شێخ عەلی، عەبدوڵڵا سوور” کە سێ سەرکردەی سۆسیالیست بوون شەهید کران، هەر لەو نێوەندەدا پاسۆک “حزبە کۆنەکەی رێبین هەردی” بێبەش نەبوو لە سیاسەتی تەسفیەی نەوشیروان مستەفا، پاساوی هێرشکردنە سەر پاسۆک و راوەدونیان بۆ ئەو بیانووە لاوازە دەگەڕایەوە گوایە “مولازم شوان” نزیکەی 15 پێشمەرگەی یەکێتی لە تراکتۆرێکدا کوشتووە، بەڵام پرۆسەی لەناوبردنی شیوعییەکان و شەهیدکردنی 90 پێشمەرگەی ئەو حزبە لە گوندی پشئاشان و قەڕناقا لوتکەی ئەو سیاسەتە توندەی پاکتاوی سیاسیی بوو کە نەوشیروان مستەفا ببووە پێغەمبەری.
قادر رەشید “ئەبو شوان” یەکێک لە سەرکردەکانی پێشووی حزبی شیوعی لە کتێبەکەیدا بەناوی “پشتئاشان لە نێوان ئازار و بێدەنگیدا” باس لە شێوازی ئۆپەراسیۆنی قەلاچۆکردنی شیوعییە “تەحریفییەکان” لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە دەکات و لە کتێبەکەدا هاتووە: هێزەکانی یەکێتی بە سەرکردایەتی نەوشیروان مستەفا لە بەهاری ساڵی 1983 هێرش دەکەنە سەر بارەگاکانی حزبی شیوعی عێراقی و پاسۆک و حسک لە گوندەکانی پشتئاشان، قەڕناقا، بۆڵێ، ئاشقۆڵکە و رەزگە. نزیکەی 90 کەس دەکوژرێن و چەندین کەس بریندار دەکرێن. ئەوەی جێگای سەرنجە شێوەی هەڵسوکەوتی نەوشیروان و هێزەکەیەتی لە شەڕەکەدا. کە پەنجەی کچێک بەناوی ئەحلامیان بڕیوە بۆ ئەوەی ئەڵقەکەی لێ ببەن، تەرمی پێشمەرگەیەک بەناوی عەلی حوسێن لە ژێر خاک دەردێنن بۆ گەڕان بەدوای چەکەکەیدا و تەرمەکەش لە رۆخی رووبارەکە بە جێدێڵن، کەسێک بەناوی ئەبومەکسیم خاوەنی 7 منداڵ دەبێت، بێ ئەوەی دەست بکاتەوە دەدرێتە بەر گوللە و دەکوژرێ، ئەو دیلانەی پارەیان پێبووە رووت دەکرانەوە و بە دیلی دەکوژران. “هەندرێن”ی رووناکبیر کە لەو کاتە پێشمەرگەی حزبی شیوعی بووە دەڵێ: من خۆم گوێم لێبوو نەوشیروان لە رادیۆکەی خۆیانەوە دەیگووت، ئێمە وەک باڵندەیەک سەری حزبی شیوعی هەڵدەکێشین‌ و دواتر پەڕوباڵییان هەڵدەکێشین. کەسێک وا قسە بکات، چاوەڕوانی هەموو شتێکی لێدەکرێت.
ئەم سیاسەتە لە قۆناغی تردا هەموو ئەوانەشی گرتەوە کە لەناو یەکێتی نەیاری سیاسەتی رەسمی بوون، بۆ وێنە خوێندنەوەی یاداشتەکانی “پشکۆ نەجمەدین” واتە “ئەزموون و یاد” بەروونی ئەوەی تێدا دەبینرێت نەوشیروان مستەفا سەرباری ئەوەی ئاڵای شۆڕشی سەرکوت کردووە، تەنانەت فەرمانی بە لایەنگرانی خۆی کردووە هەمیشە دەستوچاوی سەرکردەکانی ئاڵای شۆڕش لە نێویشیاندا پشکۆ نەجمەدین ببەستنەوە. لە پاش راپەڕینیش ئەم سیاسەتە لە دژی پارتی و ئیسلامییەکان و زۆر دڵڕەقانەش بەرامبەر بە کۆمۆنیستەکان ئەنجام درا و درێژەی هەبوو، حاڵی حازریش نەوشیروان مستەفا لە ژێر دەمامکی گۆڕانەوە خەریکی تەسفیەکردنی سیاسییە بە تایبەت بەرامبەر بە پارتی. بۆیە کاتێک ئاوڕ لە مێژووی ئەم پیاوە دەدەینەوە هیچی تر نییە جگە لە چەند لاپەڕەیەکی خوێناویی لە تەسفیەکردنی چالاکوانە سیاسییەکانی کورد.

گۆڕانکاریی بە نەوشیروان مستەفا نەدەکرا

گۆڕینی دۆخی سیاسیی کوردستان و بنبڕکردنی دیاردەی گەندەڵی بە کەسێکی وەک نەوشیروان مستەفا نەدەکرا، چوونکە خۆی داهێنەری سیاسەتی فیفتی بە فیفتی بوو، خۆی بۆ یەکەمین جار کۆمیتەی حزبی لە زانکۆی سلێمانی کردەوە، خۆی یەکەم سەرکردەی حزبی بوو دەستی وەردایە کاروباری زانکۆ، نەک حەرەمی زانکۆی شکاند، بەڵکو دەیان موحازەرەی لە زانکۆی سلێمانی وتۆتەوە، خۆی بەرپرسی ئەو هەیکەلە رێکخستنە بوو یەکێتی هەیبوو، خۆی زۆربەی ئەندامانی پەرلەمان و کاربەدەستانی حکومی سەر بە یەکێتی تەشخیس دەکرد، خۆی دەستی باڵای هەبووە لەناو هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگای زانیاریی و ئاسایشدا، تەنانەت لە یەک کاتدا سێ سەرکردەی سەر بە باڵەکەی، ئەو دەزگا هەستیارانەیان بەڕێوە بردووە “قادر حاجی عەلی- بەرپرسی دەزگای زانیاریی، دانا ئەحمەد مەجید- بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایش، مستەفا سەید قادر- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە”. دواتریش وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاری سلێمانی و دەیان پۆستی گرنگی تر دەکەونە بن دەستی سەرکردەکانی باڵی ریفۆرم. تۆوی ئەو گەندەڵییەی ئەوان باسی دەکەن زادەی ئەو قۆناغەیە نەک ئێستا، ئەوسا کە دەسەڵاتیان هەبوو نەک ئەوەی باسی چاکسازییان نەدەکرد، بەڵکو زمانی ئەوەیان دەبڕی رەخنە بگرێت و بڵێت کوا پارەی قەرەبووی وشکەساڵی کە پارێزگاری ئەوسای سلێمانی بۆ گردەکە و خودی خۆی خەرج کردبوو، هەموو خۆپیشاندانێکیان بە زەبری چەک سەرکوت دەکرد، وەک سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2006، کە لە سلێمانی و کەلار و هەموو شوێنەکانی تر لەلایەن سەرکردەکانی ئێستای گۆڕانەوە سەرکوتکران.
تەنانەت بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەکانی خۆم، تەنیا لە ماوەی ساڵی 2003 تا ئەو کاتەی وازی لە یەکێتی هێنا، نەوشیروان مستەفا بڕی یەک ملیۆن دۆلاری وەک مووچە و بۆ شەخسی خۆی وەرگرتبوو!!. بەپێی زانیارییەکان ساڵی 2003-2004 مانگانە (50.000) پەنجا هەزار دیناری سویسری وەرگرتبوو کە دەیکردە (600.000) شەش سەد هەزار دیناری سویسری لەو ساڵەدا، هەروەها لەساڵی (2004-2005) مانگانە (5) پێنج هەزار دۆلاری وەرگرتبوو کە دەکاتە (60) شەست هەزار دۆلار لەو ساڵەدا. پاشان لەساڵی (2005) هەتا مانگی دووی (2007) مانگانە (50) پەنجا هەزار دۆلاری وەرگرتبوو کە کۆی پارەى ئەو چواردە مانگە دەکاتە (700) حەوت سەد هەزار دۆلار، پاش وازهێنانیشی لە یەکێتی و بۆ دامەزراندنى کۆمپانیاى وشە (10) دە ملیۆن دۆلارى لە مام جەلال وەرگرتبوو. کەواتە ئەو کاتە دادپەروەریی لە کوێ بوو؟. ئایا کەسێک لە چوار ساڵدا یەک ملیۆن دۆلار مووچەی وەرگرتبێت چۆن دەیتوانی باسی ریفۆرم بکات؟، مەسەلەکەش ئەوە نییە ئەو پارەیە وەک مووچە وەریگرتبوو، خۆزگە ئەوکاتە بیوتبایە ئەوە گەندەڵییە و زۆرە. ئیتر ئێمە چۆن ریشی خۆمان بدایەتە دەست کاکە نەوە گۆڕانمان بۆ ئەنجام بدات، کە دوای مردنی خۆی گردێکی سەدان دۆنمی لە ناوجەرگەی سلێمانی و کارگەی چیمەنتۆ و سوپەرمارکێت و پاڵاوگەی نەوتی لە دوا جێمابێت؟.

20-5-2019
خۆرئاوای زەمین

گەڕان بۆ بابەت