فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەنووسین لەبەر ئەوەی بە هۆی ژیانەوە و بەهۆی دووری و تێپەڕینەکانەوە لێواولێوی نۆستالۆژیاین. نووسین فڕین بە ناو مەوداکان و بە ناو لێڵییەکاندایە. دووبارە ژیاندنەوەی رابردووە. هەستکردنەوە بەو کاتانەیە وا ژیاین و بەڵام دیسانەوە دەمانەوێ هەستیان پێبکەینەوە و بەجۆرێک تیایانا بژینەوە؛ رەنگە لەبەر ئەوەی کاتی خۆی جوان هەستمان پێنەکردن.

 

'ژنی سەر باڵکۆنەکە' لە کێشانەوەی 'کاسپار داڤید فرێدریک' ناوی ئەو تابلۆیەیە وا تیایا ژنێک لەسەر باڵکۆنێک دانیشتووە و لەوێوە سەیری ئەو کێو و دارستانانە دەکا وا لەو دووردوورانە لەناو مژ و لێڵیدا دەکالێنەوە. ئەم تابلۆیە نموونەیەکە لە هونەری رۆمانتیزم. هونەرێک وا سەرقاڵی دوورە، مێژوو لای گرینگە و نۆستالۆژیا ئەو چەمکەیە وا ئەو بە دیاردەکانەوە دەبەستێتەوە.

کاتێک دیاردەیەک لێمان دوورە، مانای ئەوەیە ناسینی دژوارە و بۆیە رەنگە مرۆڤ تەنیا بە شێوازێکی رووکەشیانە بتوانێ لێی نزیک بکەوێتەوە و بیناسێ. دووری دەبێتە هۆی لێڵ بوونی وێنەکە و دەست پێڕانەگەیشتنی مرۆڤ. بۆیە وەها دیمەنێک ئەوەندەی خەیاڵ و هەستەکانی ئێمە دەبزوێنێ، شتی تر نابزوێنێ. نیگا لە دیمەنەکەدا غەرقدەبێ و هەوڵدەدا لە رێگای وێناکردنە دەروونییەکانەوە بگاتە دیاردەکە و بیکا بە بوونێکی ئاشنا. بەڵام داخۆ ئەمە دەستدەدا؟ بێگومان نا. لەبەر ئەوەی هەرچی بکەین دیاردەکە لێمان دوورەو و خەیاڵ تەنیا رێگای نزیکبوونەوەیە لێی. لێرەوە چەمکی خەیاڵ یەکجار بەرجەستەدەبێتەوە. هەروەها لەگەڵیشیا نۆستالۆژیا. نۆستالۆژیا وەک خۆشەویستی و حەزمان بۆ سەردەمانێک وا بەسەرچوون و ئیتر قەت ناگەرێتەوە.

کاتێک دووری، خەیاڵ و نۆستالۆژیا یەکدەگرنەوە، گشتییەتی وێنەکە گۆڕانی گەورەی بەسەردادێت. لە لێکئاڵانی ئەم سێ چەمکەدا دەقی تر بە تایبەتمەندی دیکەوە لەدایکدەبێ. ژنی سەر باڵکۆنەکە لە دیمەنێک دەڕوانێ کە بە بەردەم باڵکۆنەکەیەوە دەستپێدەکا تا دەگاتە ئەو دووردوورانە. لەبەر دەمی هەموو شتێک چەند نزیکە و چەند ئاسان دەتوانێ خۆی بەدەستەوە بدات، بەڵام هەر ئەوەندی چاوهەڵدەبڕێ هەموو شتێک کتوپڕ گۆڕانی گەورەی بەسەردا دێت. مەودا، نزیک دەکوژێ و لە راستیدا ئەوە دەسەلمێنێ پێوەندێک لە نێوانیاندا نیە. یان گەر هەست بکەین کە پێوەندێکیش لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام لامان وا نیە نزیک بتوانێ ئێمە بە دوورەوە بگەیەنێ. لە راستیدا دوور هەر دوورە و، نزیک تەنیا چەمکێکە بۆ ئەوەی بیرمان بخاتەوە کە ئەو دوورە تازە قەت نابێتەوە بە نزیک و ئێمە بۆ هەمیشە دەبێ وەک خۆی مامەڵەی لەگەڵ بکەین. دوور لێرەدا تەنیا بە خەیاڵ دەیگەینێ و بە نۆستالۆژیا هەستی پێدەکەینەوە. رەنگە هەر ئەوەندە بە ژنی سەر باڵکۆنەکە ببڕێ هەستێ بچێ دەستێک بە گیا و دارەکانی بەردەمیدا بێنێ بۆ ئەوەی تەنیا خەیاڵی بۆ دوورەکان تیژتر بکا و بەس. کارەساتەکەیش لەویدایە کاتێک دەبزوێ و لە باڵکۆنەکە دێتە خوارە چیتر دیمەنەکە نامێنێ و هەموو شتێ کتوپڕ بزردەبێ!

لە رۆمانتیزمدا هەموو شتێک یەکجار بەو شوێنەوەی وا لێیەوە دانیشتووین پێوەندی هەیە. رۆمانتیزم بریتییە لە مەودا، هەمیشە مەودا. بۆیە مێژوو لای ئەوان مانایەکی تر و گرینگییەکی تر وەردەگرێ. مێژوو کە وەک دیمەنەکەی بەردەمی ژنی سەر باڵکۆنەکە دوورەدەستە و بریتییە لەو کاتانەی وا ژیاین و کەچی بەرسەرچوون، دەبێتەوە بە بزوێنەری هەست و جیهانبینی ئێمە. لەخۆوە نیە مرۆڤی رۆمانتیست خاوەن هەستی زۆر و خاوەن نۆستالۆژیای فراوانە. تراژێدیاکە لەوەدایە کە ئەگەرچی سەرەرای هەموو هەستی بەسۆز و نۆستالۆژیای قووڵی، جاران ناگەرێتەوە و دوورەکان قەت نابنەوە بە نزیک، بەڵام ئەو وازیان لێناهێنێ. لە راستیدا جیهانی ئەو دەبێ بەم هەستانە و هەر لەم بوارەدایە مانا بە بوون و بە دەقی خۆی دەبەخشێ. رەنگە هۆکارەکەیشی ئەوە بێت کە کەمتر روانگەیەک بەقەدەر رۆمانتیزم جووڵێنەری هەست و رۆچوون بە قوولاییەکانیدایە. رۆمانتیزم خودی ئەشقە. ئەو شوێنەیە مرۆڤ سەرتاسەر دەبێ بە بوونێک لە پێناوی ئەوی تردا. رووتبوونەوەی مرۆڤە لە ناو خۆبەخشیندا. ئەو شوێنەیە هەستدەکەین بۆ ئەوەی بتوانین رۆحی دیاردەکانی تر، رۆحی سروشت و تەنانەت رۆحی خۆمان باشتر هەست پێبکەین و بەناویا قووڵتر و بەرینتر گوزەربکەین، دەبێ پەنای بۆبەرین.

دیارە مەرج نیە رۆمانتیزم دەبێ هەمیشە پاڵ بە خەمەوە بدات. رۆمانتیزم زیاتر لەوەی خەم، شادی، سڕبوون، نوقمبوون و سەرهەڵدانی هەستەکان لە هارمۆنیایەکی بێ وێنەدا بێت، بریتییە لە پشکووتنی رۆح. وەک پشکووتنی گوڵێک کە دەیەوێ بۆ ناسینی ئاسمان سەر لە ئاسمان بسوێ، بەڵام هەرچی دەکا نایگاتێ و کەچی هەستیش دەکا هەر دەیگاتێ. رۆمانتیزم باوەڕپەیداکردن بە ئەشق لەبەر خودی ئەشقە نەک لەبەر ئاسەوارەکان و خێرەکانی. رۆمانتیست تەنانەت گەر ئەشق ببێتە هۆکاری نەهامەتی و چارەڕەشی و بەدبەختیشی، ئەوا هەر دەستی لێهەڵناگرێ. رۆمانتیزم خۆی لە خۆیا دەبێتە ئامانج. هەموو شتێ مانای خۆیان لەوەوە وەردەگرن. جۆرێکە لە مەستی. دوورەکان، نۆستالۆژیا و مێژوو ئەو شوێنانەن وا هەمیشە هەن و قەت لێی وننابن. تەنیا ئەوەندە بەسە خەیاڵی بڕوات، یاخود بچێتە باڵکۆن و لە دوورەکان بڕوانێ، یاخود لە ئاسمان، یان لە یاریی فڕینی باڵندەیەکی غەریب لە پانتایی ئاسماندا. هەموو ئەمانە چەند ئاسان دەتوانن بیانوو بن بۆ رۆچوونەکان بەناو ناخ و بە ناو خەیاڵدا. رۆح چەند ئاسان لەم روانگەیەدا دەکەوێتە باڵەفڕە و خۆی بە هەموو لایەکدا دەکوتێ.

لە رۆمانی 'سێبەری با' لە نووسینی نووسەری سپانی 'کارلۆس رویز زافون' لە لاپەڕەی حەوت کاراکتێرێکی چیرۆکەکە کاتێک کوڕە بچووکەکەی دەباتە کتێبفرۆشییەکی کۆن کە تێیدا کتێبی کۆن دەفرۆشن، سەبارەت بە کتێب دەڵێ: "هەر کتێبێک لێرە دەیبینی، خاوەن رۆحە. رۆحی نووسەرەکەی، رۆحی ئەوەی خوێندوویەتەوە و ئەوەی وا لەگەڵیا ژیاوە و خەونی لەگەڵا بینیوە. هەر جارێک کتێب خاوەن دەگۆڕێ، هەر جارێک کەسێک نیگاکانی بەسەر لاپەڕەکاندا دەگەڕێ، رۆحی کتێبەکە گەورەتر و بەهێزتر دەبێ." (Vindenes Skygge, Gyldendal Norsk Forlag AS 2004, side 7) لەم پێناسەیەدا رۆمان وەک دەقی ناو دوو توێی بەرگێک تەنیا بریتی نیە لە رۆحی نووسەرەکەی. ئەو رۆحەی کە ئەگەر سەداسەد بە پێناسەکانی رۆمانتیزمیش پابەند نەبووبێ بەڵام هەمیشە جۆرێک لە نۆستالۆژیا و جۆرێک لە دوورەدەستبوونی ئەو دیاردانەی وا وەسفیان دەکا لەناو کتێبەکەیدا رەنگدەدەنەوە، بەڵکو لەگەڵ رۆحی خوێنەر و خاوەنە نوێیەکانیشیدا تێکەڵ دەبێ و بۆیە رۆحی دەق هەتا دێ گەورە و گەورەتر دەبێ. لەم گەورەبوونەیشدا هەموو نۆستالۆژیا و خەون و خەیاڵی کەسەکانی تر هەن و پێکەوە لایەنی رۆمانتیستی دەق بەهێزتر دەکەن.

ئەگەر رۆمانتیزم بە ئازادکردنی هەستەکان و ناردنیان بۆ رابردوو و بۆ دوورەکان جۆرێک لە رەهابوون لە هەنووکە دەخوڵقێنی، ئەوا لەو سەریشەوە بوون و جەستە دەکا بە شوێنێک  بۆ ژیانی خودی 'بوون'، جەستەی دیاردە دوورەکان و رابردوو و بەم شێوازە مرۆڤ دەبێتە دیاردەیەک لە هەنووکە و لە رابردوو. وەها مرۆڤێک بە هەموو لۆژیکێک لە ئێستا دوورە و دەبێتە کەسێکی خەیاڵی. بەڵام ئەمە بۆ ئەو گرینگ نیە، گرینگ ئەوەیە ئەمە روانگە و حاڵەتێکە وا دەتوانێ دونیایەکی تری پێ بخوڵقێندرێ. جیهانێکی دی کە پەلکێش دەکرێ بۆ هەنووکە. کەواتە بۆ رۆمانتیستێک دەکرێ جیهانی خەیاڵی، جیهانی ژیانیش بێت.

بەڵام بۆ هەمیشە مەوداکان و دوورەکان تەماوین؟... داخۆ هۆکار خودی دوورییە، کزبوونی چاوی ئێمەیە، یاخود هۆکار نوقمبوونیانە لە ناو زەمەندا؟ هەمووی ئەمانە دەتوانن وەڵام بن. نە هەستی مرۆڤ راستەوخۆ دەگاتە هەموو شوێنێک و نە زەمەنیش لە گوزەری خۆیدا هەمیشە روون و شەفافە. مرۆڤ وەک جەستە لە چرکەساتدا دەژی، بەڵام بە خۆشییەوە دەتوانێ وەک زەین و وەک خەیاڵ لە رابردوو و لە داهاتوویشدا تەنانەت بژی. ژیانێکی خەیاڵی و نۆستالۆژیک.

کەواتە ئێمە دەنووسین بۆ ئەوەی مەوداکانی نێوان خۆمان و ئەوانی تر پڕبکەینەوە. دەنووسین لەبەر ئەوەی بە هۆی ژیانەوە و بەهۆی دووری و تێپەڕینەکانەوە لێواولێوی نۆستالۆژیاین. نووسین فڕین بە ناو مەوداکان و بە ناو لێڵییەکاندایە. دووبارە ژیاندنەوەی رابردووە. هەستکردنەوە بەو کاتانەیە وا ژیاین و بەڵام دیسانەوە دەمانەوێ هەستیان پێبکەینەوە و بەجۆرێک تیایانا بژینەوە؛ رەنگە لەبەر ئەوەی کاتی خۆی جوان هەستمان پێنەکردن. نووسین خوڵقاندنی مێژووە. رەوینەوەی تەم و مژەکانە. دەنووسین چونکە زەمەن دیاردەیەکە لە چەشنی هەست؛ چونکە شوێن دیاردەیەکە لە چەشنی دانیشتنێک وەک ژنی ناو تابلۆکە. نووسین باوەڕکردنە بەوەی کە بەشێکی گرینگی ژیان دوورییەکان و مەوداکانە،... چ بمانەوێ و چ نەمانەوێ!

درێژەی هەیە...

Woman On The Balcony by Carl Gustav Carus | Carl gustav carus ...