فەڕۆخ نێعمەتپوور

 مەرج نیە کاراکتێری دەق کاری گەورە ئەنجام بدات و دەق گێڕانەوەی ئەم کارە گەورەیە بێت. کاراکتێری دەق لە رێگای ئەو کاریگەرییەوە لە زەینی خوێنەردا جێیدێڵێ، دەبێ بە قارەمان. چونکە خەسڵەتێک لە کاراکتێرەکەدا بەرجەستەیە و ئێمە ئەم بەرجەستەبوونە لە رێگای خوێندنەوەوە ئەزمووندەکەین.

 

لە میتۆلۆژیای یۆنانیدا سیزیف بە هۆی ئاشکراکردنی رازی خوداکان بەوە مەحکوم دەکرێ بەردێکی گەورە بخاتە سەر شانی و بیباتە سەر کێوێک، بەڵام بە گەیشتنی،  بەردەکە خلۆردەبێتەوە و سیزیف ناچارە جارێکی تر بیخاتەوە سەر شانی و دیسان بیباتەوە سەر کێوەکە. ئەمە دەبێ بە چارەنووسی سیزیف و ئەو ناچارە بەردەوام ئەم کارە دووپاتبکاتەوە. بێ ئەژمار،... هەتاهەتایە!

ئەمە لە راستیدا سزای خوداکانە کە بەسەر سیزیفدا سەپاندوویانە. ئاشکرابوونی رازی خوداکان هەڵگری سزایەکی گەورە، ترسناک و ئەبەدییە.

ئەلبێر کامۆ سەبارەت بەم بابەتە وتارێکی فەلسەفی نووسیوە بە ناوی 'ئەفسانە سیزیف'. کامۆ لەم وتارەیدا سیزیف ناودەنێ قارەمانی پووچ. سیزیف کە بەتەواوی سەرنجی کامۆی بۆلای خۆی راکێشاوە لای ئەم نووسەرە سەرکەوتنەکەی لە وشیارییەکەیدایە. سیزیف ئاگای لە ئەشکەنجەی خۆی و بێ ئاکامی و پووچیی کارەکەیەتی.

بەڵام بەڕاستی دەتوانین سیزیف تەنیا بە لەکۆڵگرتنی بەردەکە و دووپاتبوونەوەی بێ ئاکامی ئەم کردەیە بناسین، یاخود پێش ئەمە دەبێ سەرنج بدەینە ئەو رازەی وا لەوە پیش سەبارەت بە خوداکان ئاشکرای کردووە؟ داخۆ سیزیف پێش سزاکەی کە سەپاندنی کردەیەکی بێهوودەیە بەسەریدا، خاوەن کردەیەکی مانادار و بەسوود نەبووە؟

بێگومان سیزیف بە ئاشکراکردنی رازی خوداکان کارێکی گەورەی کردووە (سەرکەوتنی وشیاری)، کارێک کە جگە لە سەپاندنی رەنجێکی بێهوودە هیچ ئاکامێکی تری بۆ ئەو وەک پاڵەوانێک نەبووە. لێرەدایە، واتە لە سەپاندنی رەنجی بێهوودە بۆ خۆی وەک تاک، ئێمە لەگەڵ چەمکی پاڵەوانی پووچ (وەک کامۆ ناوی لێدەنێ)، یاخود لەگەڵ قارەمانگەرایی تراژیک، یان ژیانی پڕ لە تراژێدیای قارەمان رووبەڕوودەبین.

لەم پێناسەیەدا قارەمان کەسێکە سەرەڕای ئەوەی دەزانێ لە کارەکەیدا سەرناکەوێ، یاخود ئەگەری سەرکەوتنی یەکجار کەمە، یان کارەکەی دەبێتە سەپاندنی سزایەکی ترسناک بەسەر ژیانیدا، بەڵام هێشتا وازناهێنێ و نەفسی خەبات دەبێتە هەوێنی ژیانی. لە راستیدا ژیان دەقاودەق دەبێ بە خەبات. ئیتر سەرکەوتن یان سەرنەکەوتن دەچنە پلەی دووهەمەوە. لەم رووەوە رەنگە سەرنجڕاکێشترین رۆمان و چیرۆکەکان ئەو بەرهەمانە بن وا هەڵگری ئەم خەسڵەتەن.

کاتێک مانای خەبات ئەوەندە بەرجەستە دەبێتەوە کە سەرکەوتن یان سەرنەکەوتن تیایا دەکەوێتە پەراوێزەوە، ئیتر سنوورەکانی نێوان ژیان و خەبات دەسڕێنەوە و ژیان دەبێ بە خەبات و خەبات بە ژیان. ئەمە قورسترین شێوازی ژیانە. لەبەر ئەوەی بەردەوام خەمی ئەوی دی بەسەر کۆڵی خەباتکارەوەیە. لەبەر ئەوەی خەباتکار بەردەوام خۆی لە پێناوی پێناسەکانی دەرەوەی خۆی پێناسەدەکا. ئەو وەک خۆی لەناو ئەوی تردا وندەبێ. لێرەدا ئاڵترۆیزم (ئەوی دی خوازی) لەبەرانبەر ئێگۆیزم (خۆخوازی) بەرجەستەدەبێتەوە. تاک لە ناو گشتیەتێکدا بزردەبێ.

بەڵام داخۆ دەتوانین بڵێین سیزیف رازی خواکانی تەنیا لەبەر ئەوانی تر ئاشکراکرد؟ بێگومان نا. گەر سیزیف بەشێکە لە گشتییەتێکی گەورەتر ئەوا بێگومان ئەم ئاشکراکردنە جۆرێک لە خۆخوازیشی تێدایە لە راستیدا سنوورەکانی نێوان خۆی خوازی و ئەوی دی خوازی بە تەواوی لێک جیاوازنین و زۆر جار تێهەڵکێش دەبنەوە. فارس گوتەنی دیواری چینیان لەنێواندا نیە.

دەبینین سەرەڕای ئەشکەنجەی بەردەوامی سیزیف، بەڵام ژیانی ئەو بۆمان جێگای سەرنجە. ئەم سەرنجە بۆ چەند شت دەگەڕێتەوە:

ـ سیزیف جورئەتی بەزاندنی سنووری خوداکانی هەبووە،

ـ سیزیف رازێکی بڤەی ئاشکراکردووە کە پێوەندی بە فەلسەفەی خلقەتەوە هەبووە،

ـ سیزف بەم کارەی مرۆڤی گەیاندووەتەوە وشیارییەکی خودایی،

ـ سیزیف ئامادەیە هەموو رۆژێک بەردەکە بخاتە سەرشانی و بەردەوام ئەمە دووپاتبکاتەوە بە بێ ئەوەی لێی بژنەڤین کە پەشیمانە لە ئاشکراکردنی رازەکە،

ـ ئاشکراکردنی رازەکە دەتوانێ خۆی لە خۆیدا پاداشی سیزیف بێت،

ـ ئەم پاداشە کە خەسڵەتی گشتی هەیە هێزی بەردەوامبوون بە سیزیف دەبەخشی،

ـ سیزیف بۆمان سەرنجڕاکێشە لەبەر ئەوەی خۆمان بە قەرزداری دەزانین، هاوکات سەرسوڕماوین بە کارێک کە ئەو کردوویەتی و رەنگە ئێمە بۆ خۆمان جورئەتی کردنی ئەو کارەمان نەبێت،

ـ ئەوەندەی ئێمە لە قازانجی کارەکەی ئەو دەخۆین، ئەو بۆخۆی لێی ناخوا، بگرە بە ئەشکەنجەیەکی ئەبەدیش سزادراوە.

 

بەم شێوەیە ئێمە لەگەڵ چەمکی قارەمانی تراژیک یان پووچ رووبەڕوودەبین. پووچی یان تراژیکبوونێک کە لەگەڵ پووچی و تراژیکبوونەکەی هەڵگری مانای گەورەیە و، بۆیە بۆمان سەرنجڕاکێشە و دەبێ بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی لێکدانەوەی بنەماکانی بوون.

هەمیشە لەو شوێنەی رازێکی گەورە هەیە رەنگە پێویست بە قارەمانێک هەبێ بۆ ئاشکراکردن و لەقاودانی. قارەمانەکان هی ئەو شوێنەن وا هەم رازە گەورە قەدەغەکان هەن و هەم بێ ئەژمار ئەو مرۆڤانەی وا نایانەوێ و ناوێرن خۆ لە قەرەی سەرهەڵدانەوەی رازەکان بدەن. ئەم نەوێرانە دیارە هەمیشە بە هۆی زەبروزەنگ و ترس لە مردن و ئەشکەنجەوە نیە، ئەوەندەی دەتوانێ بە هۆی هەست بە هاوبەشی کردن (هاوقازانجی) لە راگرتنی ئەم رازەدا بێت. قارەمانبوون پێش لەهەر شتێک شکاندنی هەستی هاوبەشبوونە لەگەڵ زۆرینە، ئەو زۆرینەیەی دوواتر کەمکەم لە قارەمان دەگا و کارەکەی دەنرخێنێ. قارەمانبوون بینینی دووارۆژە، بەزاندنی سنوورەکانی ئیستایە. دیارە هەر بەو پێیەیش وا رازە گەورەکان نەبن، پیویستمان بە هەبوونی قارەمانیش نیە.

راز کە پێویستی بە دیاردەیەک بە ناوی شاردنەوە لەلایەن هەندێ کەسەوە هەیە، ئاشکراکردنەکەی وەک لە میتۆلۆژیای سیزیف دا بۆمان دەردەکەوێ، لەگەڵ کەسەکانی هەڵگری رازەکە رووبەڕووماندەکاتەوە. سەیر ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی تازە رازەکە ئاشکرابووە، نە ئەوان واز لە ئەشکەنجەدانی سیزیف دێنن و نە دەیانەوێ واز لە پلەی خودایی خۆیان بێنن. جا بۆیە ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە کە بۆچی درێژە بە جیهانی خۆیان وەک هەمیشە دەدەن؟ رەنگە باشترین وەڵام ئەوە بێت خوداکان دەزانن سەرەڕای هەر یاخیبوونێک شتێک بە ناوی چەمکی خودابوون، بەگشتی، درێژەی هەیە و هیچ قارەمانێک ناتوانێ کۆتایی پێ بێنێ. ئەوان لە رێگای سزادانەوە دەیانەوی ئەم بەردەوامییە گرێنتی بکەن. رەنگە ئەوان بۆ خۆیان وەک خوداکان (خودا کۆنکرێتەکان) نەمێنن (وەک چۆن خوداکانی یۆنانی کەونارا ئیستاکە هەر باسیشیان نەماوە)؛ بەڵام لە رێگای سزاوە مانەوەی چەمکی گشتیی خودا گارانتی دەکەن.

بەم پێیە یەکێک لە دیاردەکانی جیهان رووبەڕووبوونەوەی قارەمانە لەگەڵ خوداکان. خوداکان بەهۆی خەسڵەتی گشتگیری خۆیانەوە و بەهۆی ئەو شوێن و بارستاییەی لە بووندا داگیریدەکەن لەبەرانبەر خۆیاندا قارەمانەکان بە هەمان خەسڵەتەوە دروستدەکەن. قارەمان رازی ئەوان ئاشکرادەکا و لە رێگای ئەم ئاشکرابوونەوە دەبێتە هۆی لاوازبوونی شوێنیان و هێزی موقەدەسیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. خوداکانیش لە رێگای سزاوە دەیانەوێ بڵێن مرۆڤ سەرەڕای پەیبردن بە رازی خوداکان هێشتا ناتوانێ جێگای خوداکان بگرێتەوە و مەحکوومە بە ئەشکەنجەیەکی ئەبەدی. خوداکان دەیانەوێ بڵێن مرۆڤ ناتوانێ هەڵگری رازی ئەوان بێت، جا یان دەبێ بە مۆنۆپۆل بوونی ئەم رازە لە لای خوداکان رازی بێت، یاخود ملبداتە ئەشکەنجەیەکی ئەبەدی.

بەڵام لەگەڵ چەمکی قارەمانی تراژیکی ئێمە لەگەڵ چەمکی قارەمانی سەرکەوتوویش رووبەڕووین. ژیان و کۆمەڵگا تەنیا شوێنی سەرهەڵدانی قارەمانەکانی وەک سیزیف نیە، ئەگەرچی سیزیفیش وەک وتمان تەنیا هەڵگری چەمکی شکست نیە. قارەمان هەمیشە هەڵگری جۆرێک لە سەرکەوتنە. لایەنی شکستی قارەمان لەوەدا زۆرتر بەرجەستەدەبێتەوە کە سەرکەوتنەکەیشی سەرکەوتنێکی بەرجەستەیە. بە واتایەک هەتا شەو تاریکتر بێت، رۆژ رووناکتر دەنوێنێ.

کاراکتێر لە دەقی رۆمان و چیرۆکدا بە جۆرێک لە مانای قارەمان نزیک دەکەوێتەوە. هەڵبەت مەرج نیە کاراکتێری دەق کاری گەورە ئەنجام بدات و دەق گێڕانەوەی ئەم کارە گەورەیە بێت. کاراکتێری دەق لە رێگای ئەو کاریگەرییەوە لە زەینی خوێنەردا جێیدێڵێ، دەبێ بە قارەمان. چونکە خەسڵەتێک لە کاراکتێرەکەدا بەرجەستەیە و ئێمە ئەم بەرجەستەبوونە لە رێگای خوێندنەوەوە ئەزمووندەکەین.

دەق لەخۆیدا بە جۆرێک مەیلی قارەمانگەرایی هەیە. هەر کاراکتێرێک بتوانێ خەسڵەتێک لەخۆیدا بەرجەستەبکاتەوە، مانای ئەوەیە خۆی لە دەورووبەری جیادەکاتەوە و لە رێگای ئەم جیابوونەوەوە شتێک لە ناو دەورووبەریدا دەگۆڕێ (بەجیا لە ئاست و بەرفراوانیی ئەم گۆڕانە). بۆیە کاراکتێری ناو دەق هەمیشە لەگەڵ خۆی هەڵگری جۆرێک سزایشە؛ سزای تەنیایی، سزای کێشە دەروونییەکان، سزای بەردەوامیی لە حاڵەتێک و... هتد). ئەو مرۆڤانەی وا دەبنە قارەمان، دەبنە هۆکاری سەپاندنی جۆرێکی تایبەت لە ژیان بەسەر خۆیاندا. تایبەتبوونێک کە تەنیا سەردەمانێک تایبەتییە و دیسان لە رەوتی بەردەوامی ژیاندا ئاسایی دەبێتەوە. هەڵبەت جگە لەو قارەمانانەی وا لەگەڵ خوداکان تێدەکەون و تێدەگیرێن.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی دەمانەوێ ژیانی قارەمانەکان بگێڕینەوە. لەبەر ئەوەی دەمانەوێ بینوێنین بەشێکی گرینگی ژیانی ئەوان تراژێدیایە و زۆر جار خۆی لە پووچی هەڵدەسوێ. دەنووسین چونکە دەمانەوێ لە قەوارەی کاراکتێرەکاندا قارەمانەتی بەرجەستەبکەینەوە، هەرچەند ئەم خەسلەتە زۆر جار لە خەسڵەتی کەسانی وەک سیزیف و پرۆمیتۆس نەکا و فۆڕمی تر وەربگرێ (پرۆمیتۆس ئاگری لە خواکان بۆ مرۆڤ دەزی و لەبەر ئەمە خوداکان گرتیان، لە زنجیریان کێشا و باڵندەیەکیشیان راسپارد هەموو رۆژێک بەشێک لە جگەری بخۆن). نووسین ژیانکردنی وشەییانەیە لەگەڵ قارەمان، وردبوونەوەی هەنووکیانەیە لەگەڵ ئەوەی بەسەر ئەواندا رابرد. ئێمە دەنووسین چونکە لە رێگای نوواندنەوەی پووچی و تراژێدیاوە دەمانەوێ خودی ژیان و مرۆڤ لە قووڵایی ئەم چەمکانە ئاگاداربکەینەوە و لێیان پرسین داخۆ ئەمانە خەسڵەتی ئەبەدی و ئەزەلین، یان کاتی و تێپەڕ.

درێژەی هەیە...