لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

بازنەی گورگەکان تەنگتر بوویەوە. جارێکی تر ئەم پیرە پیاوە، پێش ئەوەی کۆتایی بە ژیانی بێت، دیمەنی کێشمەکێشی گاکێوییەکەی هاتەوە بەرچاو. سەری شۆڕکردەوە بۆ نێوان ئەژنۆکانی. دوای ئەم هەمووە ئیتر چی گرینگ بوو؟ ئەمە یاسای ژیان نییە؟

 

یاسای ژیان

جەک لەندەن

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان       

ئەو پیرە پیاوە سوورپێستەی لە سەر ئەو بەفرە دانیشتبوو، کاسکووش بوو. کاسکووش سەرۆکی پێشووی هۆزەکەی  بووە. ئێستاکە ئەوەی ئەم پیاوە دەتوانێ بیکا، ئەوەیە دانیشێ و گوێ راگرێ بۆ قسەی ئەم و ئەو. چاوەکانی کزو لەکارکەوتوون. ناتوانێ ببینێ، بەڵام گوێکانی تەواو کراوەن بۆ بیستنی هەموو دەنگێک.

"ئەها!'' ئەمە دەنگی 'سیت کام تو ها'ی کچی بوو. کچەکەی لە سەگەکانی ئەدا بۆ ئەوەی لە بەر دەم سوورتمەکەیدا رایانگرێ. ئەم پیاوە لە لایەن کچەکەی و کەسەکانی تریشیەوە پشتگوێ خراوە. چار نییە ئەوان دەبێ بە دوای دۆزینەوەی مەیدانی تازەی راودا بگەڕێن. رێگایەکی دوور و بەفرینیان لەبەرە. رۆژانی ناوچەکانی باکووریش لە کورت بوونەوەدان. خۆ ئەم هۆزە ناتوانێ چاوەڕێی مەرگ بمێنێتەوە. کاسکووش خەریکە دەمرێ.

دەنگی کڕەکڕ و قرچەقرچی پێستەی بەستوو و رەقهەڵاتووی ئاژەڵان پێی دەگوت کە دەواری سەرۆکی هۆز خەریکە دەڕوخێندرێ. سەرۆکی هۆز راوچییەکی بەتوانایە، ئەو کوڕی کاسکووشە. کاسکووشیش بەجێدەهێڵری بۆ ئەوەی بمرێ.

هەر لەو کاتەیدا کە ژنەکان بە کارەوە خەریک بوون، کاسکووش گوێی لە دەنگی کوڕەکەی بوو ژنەکانی دەنگ ئەدا خێراتر بن. کاسکووش جوان گوێی هەڵخستبوو بۆ ئەم دەنگانە. ئەوە دواجارە ئەو دەنگانە دەبیستێ. مناڵێک دەگریا، ژنێکیش بە گۆرانییەکی نەرم و لەسەرخۆ ژیری دەکردەوە. ئەم مناڵە 'کووـ تی' ناوبوو، ئەم پیاوە پیرە بیری لەوە دەکردەوە کووـ تی مناڵێکی نەخۆش و لاوازە لەوانەیە بەزوویی بمرێ. ئەوانیش بە ئاگرکردنەوە کونێک لەو خاکە بەستووە دەکەن. ئەو لەشە چکۆلەیەی بە بەرد دادەپۆشن بۆ ئەوەی بیشارنەوە و گورگ نەیخوا.

''باشە، ئەمە چـییە!؟ چەند ساڵێک ژیان و پاشان مردن. ئەم مەرگە چەند چاوبرسییە، برسیترین سکی بەلاوەیە و قەت لە مرۆڤ خواردن تێر نابێ.''

کاسکووش گوێی راگرت بۆ دەنگەکانی تر، ئێتر دەنگێکی دیکەی نەدەهاتە گوێ: پیاوەکان گوریسە چەرمینەکانیان لە دەوری سوورتمەکان ئاڵاندبوو بۆ ئەوەی لە کاتی رۆیشتندا کەلوپەلەکانیان نەکەون.

 شەقەی تیژی شەلاقی چەرمین و فەرمانی جووڵان  بۆ پێشەوە بە سەگەکان، دەنگی دایەوە.

''گوێ بگرە لە وەڕە و نووزەی سەگەل. چەند بێزارن لە کارکردن."

سوورتمەکان دوورکەوتنەوە. سورتمە لە دوای سورتمە بە هێواشی بەرەو بێدەنگی جووڵان. کاسکووش دەبێ دوایین ساتەکانی ژیانی بەتەنیا بمێنێتەوە.

''ئەی ئەوە چییە؟'' خرمەی بەفری ژێر پێڵاوی کەسێک هات. پیاوێک لە لایەوە راوەستا و بە ئەسپایی دەستی نایە سەر ئەو سەرە پیرەی. کوڕەکەی بوو ئەمەی کرد. هاتەوە بیری، کوڕی پیاوە پیرەکانی تر ئەمەیان نەدەکرد، بە بێ ماڵاوایی بەجێیان دەهێشتن. بیری گەڕایەوە بۆ رابردوو، بەڵام دەنگی کوڕەکەی هێنایەوە هۆش. ''بابە چۆنی، باشی؟''  کوڕەکەی لێی پرسی.

پیاوە پیرەکەش وەڵامی دایەوە ''ئەرێ، باشم کوڕم.''

کوڕەکەی گوتی ''دارت بەلاوەیە و ئاگرەکەیش دەگڕێ، هەواکەی تاڵ و ساردە، لەوانەیە بەفر ببارێ. هەر ئێستەش وا خەریکە دەبارێ. پیاوانی خێڵ بەپەلەن. باریان قورس و سەنگینە. سکیان تەواو برسیی نەختێک خواردنە. رێگا دوورە و منیش دەبێ بڕۆم. هەموو شتێک باشە؟''

ـ ''ئەرێ باشە. من وەک دوایین گەڵای ساڵی لقی ئەو دارەمە. بە هەڵکردنی یەکەم هەناسەی با دەکەومە زەوی. دەنگم وەکوو دەنگی پیرێژنێکە. چاوەکانم ئیتر ڕێم پیشان نادەن، پێ بەرەو کوێ هەڵگرم. ئەمن ماندوومە و هەموو شتێک باشە.''

سەری بەرەو سینگی شۆڕ کردەوە و گوێی راگرت بۆ خرمە خرمی بەفری ژێر پێی کوڕەکەی کە دووردەکەوتەوە. دەستی برد بۆ چڵە دارێکی تەنیشتییەوە. یەک یەک ئەمانە ئاگر ئەیانخوا. هەنگاو بە هەنگاو مەرگ ئەویش دادەگرێ.

 کاتێک چڵەدارەکان سووتان و نەمان، سەرما دێت. لە پێشدا قاچەکانی سەهۆڵ دەکەن، دواییش دەستەکانی. سەرما لە دەرەوە بۆ ناوەوە بە لەشیا دەخزێ و دەمرێ. هەر وا بە ئاسانی... ئەرێ، هەر وایە و هەروا دەبێ، هەموو مرۆڤەکان دەبێ بمرن.

خەم و پەژارە دایگرت، بەڵام ئەو خەمی خۆی نەدەخوارد. ئەمە رێچکەی ژیان بوو. بۆخۆی لە نزیکەوە لە سەر ئەم سەرزەمینە ژیابوو، ئەم یاسایە بۆ ئەو تازە نەبوو. ئەوە یاسای لەشە. سروشت بەزەیی  بە لەشدانایەت. سروشت تەنیا حەزی لە گروپ و رەگەز و توخمەکانە.

ئەمە بیرێکی قووڵ بوو بۆکاسکووشی پەککەوتوو. وێنەی ئەمانەی لە ژیاندا زۆر دیبوو. شیلە یان ئاوگی درەخت لە سەرەتای بەهاردا؛ گەڵای کەسکی تازە پشکوتوو، نەرم و گەش وەکوو پێست؛ کەوتنە خوارەوەی گەڵای وشک و زەردەوەبوو. لەم تەنیاییەدا هەموو ئەوانە مێژوو بوون.

چڵێ داری تری خستە سەر ئاگرەکە و کەوتەوە بیری رابردووی. ئەو سەرۆکێکی گەورەش بووە. رۆژانێکی زۆر لە فراوانی خواردن و خۆشی و  پێکەنیندا ژیابوو؛ ئەو کاتانەی بەو سکە زلانەوە ئاژەڵەکانیان بە نەکوژراوی بەجێدەهێشت؛ ئەو رۆژانەش کە ژنان  منداڵی زۆریان هەبوو. ئەو رۆژانەشی دیبوو بەبێخواردن بە سکی برسی دەمانەوە، ئەو رۆژانەی کە ماسی نەدەهات و ئاژەڵیش بەزەحمەت پەیدا دەبوون.

بۆ حەوت رۆژان ئاژەڵەکان نەهاتن. دوایی ئەو رۆژەی هاتەوە بیر کە مناڵ بوو بینی گورگەکان کەڵەکێوییەکیان کوشت. ئەو لەگەڵ  'زینگـ ـ ها'ی هاوڕێیدا بوو، کە پاشان لە چۆمی یوکۆن کوژرا.

ئە‌‌رێ، بەڵام کەڵە کێوییەکە.

 ئەو رۆژە ئەو و زینگ ـ ها، بۆ یاری کردن چووبوونە دەر. لە خوار چۆمەکەدا شوێن پێیەکی تازەی کەڵەکێوییەکی سەنگین و گەورەیان دۆزییەوە. زینگ ـ ها وتی، ''ئەمە کەڵێکی پیرە،  لە رەوەکەی دواکەوتووە. گورگەکان لەوانیتر  جیایان کردۆتەوە. قەت بەجێی ناهێڵن.''

هەر ئاواش بوو. بە شەو و بە رۆژ بەبێوەستان گاز لە لمبۆزی دەگرن لە قاچی دەگرن. دەوری چۆڵ ناکەن، هەتا دەیخەن.

زینها و ئەو هەستیان کرد خوێن لە لەشیانا جووڵا. کۆتایی ئەم رووداوە  بۆ دیتن دەبوو.

بۆیە شوێن پێی کەڵەکێوییەکە و گورگەکانیان هەڵگرت. هەر هەنگاوێک چیرۆکێکی جیاوازی بۆ دەگێڕانەوە. ئەوان دەیان ـ توانی کارەساتەکە بەو شێوەی کە روویداوە ببینن: ئێرە ئەو جێگایە بوو کە، کەڵەکە شەڕی پێنەکرابوو. بەفرەکە بە گەلێ قاچ هەڵشێلرا بوو. گورگێک بەرلەقەی گاکێوییەکە کەوتبوو.

 هەر وەها، دیبوویان گاکێوییەکە بە سەرکەوتن بە گردێکدا هەوڵی هەڵاتنی دابوو. بەڵام گورگەکان لە دواوە هوروژمیان بۆ بردبوو. گاکێوییەکە کەوتبوو، دوانی لەژێر خۆیا مراندبوو. ئێستا ئیتر روون بوو کۆتایی نزیک بۆتەوە.

بەفرەکەی بەردەمیان سوور ببوو. ئەوجا دەنگی شەڕیان هاتە گوێ. ئەو و زینگ ـ ها بەسینگەخشکێ نزیکتر بوونەوە، بۆ ئەوەی گورگەکان نەیان بینن. ئەوان کۆتایی کارەساتەکەیان بینی. ئەم وێنەیە ئەوەندە بەهێزبوو، لە هەموو ژیانیدا لەلای مابۆوە. چاوە مردوو و کوێرەکانی دیسان ئەم کۆتاییەیان دەبینییەوە، هەر وەک چۆن لە رابردوویەکی دووردا بینیبوویان.

ماوەیەکی درێژ مێشکی بە رابردووەوە خەریک بوو. ئاگرەکە لە دامرکانەوەدا بوو، سەرما گەیشتبوە لەشی.

 دوو چڵ داری تری خستە سەر ئاگرەکە، تەنیا دوو چڵی تر مابوون. ئەمە ئەو ماوەیە یە، کە ئەو دەژی.

زۆر تەنیا و  خەمبار بوو. یەک لە دوو دارە دوایینەکانی نایە سەر ئاگرەکە. دار لە نێو ئاگردا چ دەنگێکی سەیری لێوە دێ!

نا، ئەوە دەنگی دار نەبوو. پڕبەخۆی  هەڵلەرزی کاتێک دەنگەکەی ناسی... گورگەکان.  

لوورەی گورگێک وێنەی گاکێوییە پیرەکەی  هێنایەوە پێش چاو. لەشی گاکیوییەکەی دەبینی لەتوپەت دەکرێ و خوێنی گەشی دەرژایە سەر بەفرەکە. ئێسکە بۆرە رووتەکانی دەبینی لە تەنیشت خوێنە بەستووەکەوە کەوتبوون. لەشی هێرشبەری گورگە بۆرەکانی دەبینی، چاوە بریقەدارەکانیان، زمانە تەڕ و درێژەکانیان و ددانە تیژەکانیان. ئەو دەیبینی لە بازنەیەکدا دەوریان داوە و وردەوردە نزیکتر و نزیکتر دەبنەوە.

هەستیکرد لمۆزێکی تەڕ و سارد لە سەری درا. لە ناخەوە بەم لێدرانە بەرەو پێش هەڵبەزییەوە بۆ ئەوەی لە خۆی دووری خاتەوە. دەستی برد بۆ ئاگرەکە، چڵۆسکێکی گڕداری هەڵگرت. گورگەکە ئاگرەکەی دی، بەڵام لێی نەترسا، وەرگەڕایەوە و بە ئاسماندا لووراندی بۆ گەلە گورگی هاوڕێی. ئەوانیش بە برسییەتی پڕ بەقوڕگیان، وەڵامیان دایەوە و بەڕاکردن بە دەنگییەوە هاتن.

پیرە پیاوەکە گوێی شل کرد بۆ گورگە برسییەکان. هەستی دەکرد لە دەوری خۆی و ئاگرەبچووکەکەی کۆ بوونەتەوە. چڵۆسکە گردارەکەی لێ راوەشاندن، گورگەکان لێی نەتەکینەوە. لەم کاتەدا، یەکیان بە ئارامی لێی نزیکتر بوویەوە، هەر وەک بیهەوێ توانای ئەم پیرە پیاوە  تاقی بکاتەوە. یەکیتر و یەکیتر بە دوایدا هاتن. بازنەکەی دەوری تەنگتر و تەنگتر بویەوە. هیچکام لە گورگەکان دوا نەکەوتن.

بۆ دەبێ بەربەرەکانێ بکا؟ بۆ دەبێ بە ژیانەوە بنووسێ؟ دارە گڕدارەکەی فڕێدا. دارەکە کەوتە نێو بەفرەکە و کوژایەوە.

بازنەی گورگەکان تەنگتر بوویەوە. جارێکی تر ئەم پیرە پیاوە، پێش ئەوەی کۆتایی بە ژیانی بێت، دیمەنی کێشمەکێشی گاکێوییەکەی هاتەوە بەرچاو. سەری شۆڕکردەوە بۆ نێوان ئەژنۆکانی. دوای ئەم هەمووە ئیتر چی گرینگ بوو؟ ئەمە یاسای ژیان نییە؟