شرۆڤە

بۆچی دەنووسین (٢٠)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە رێگای نووسینەوە ئێمە جۆری کارتێکەرییەکانی ژینگە لە سەر مرۆڤ و مرۆڤ لەسەر ژینگە دەنوێنینەوە. رەنگە بە نیشاندانی وێرانیی ژینگە دەتوانین نیشانی بدەین کە مرۆڤ سەرەڕای سەرکەوتنە رواڵەتیەکانی چەندە لە راستیدا بۆخۆیشی وێران بووە. شەڕەکان راستەوخۆترینی ئەو رووداوانەن وا پێکەوە هەم وێرانی سروشت نیشاندەدەن و هەم وێرانیی مرۆڤ.

 

پرسی ژینگە رەنگە هەتا سەردەمی سەرهەڵدانی شارە مودێڕنە گەورەکان و گەشەی تکنۆلۆژی نە پرس بووە و بگرە یەکجار دووریش بووە لە پرسێک کە هەڵبداتە چەمکی کێشە. مرۆڤ هەر لە سەرەتاوە خۆی لەبەرامبەر سروشتدا بینیوە. سروشتێک کە شوێنی ژیان و دابینکردنی پێداویستییەکانی بووە و بۆیە لای گرینگ بووە بتوانێ وەها بەسەریا زاڵ بێ کە بتوانێ بە بێ کێشەیەکی ئەوتۆ پێداویستییەکانی خۆی دابین بکات. لە راستیدا پێوەندی مرۆڤ لەگەڵ سروشت لەو قۆناغەدا (قۆناغی پێش سەرهەڵدانی شارەگەورە مودیڕنەکان) کە قۆناغێکی یەکجار بەرفراوان لە مێژووی مرۆڤ داگیردەکا، زیاتر پێوەندی 'من ـ سروشت' بووە. لەم پێوەندییەدا سروشت بوونێکی ترسناکە کە دەتوانێ بە دیاردەکانی خۆی زۆر ئاسان ژیانی مرۆڤ بخاتە ژێر هەڕەشەی خۆیەوە. لافاو، بوومەلەرزە، قات و قڕی و نەخۆشییەکان بەشێکی ئەو مەترسیانەن وا مرۆڤ هەمیشە لێیان ترساوە و نەک تەنیا بە کار و تێکۆشانی خۆی، بەڵکو لە رێگای جادوو و جۆرەها کردە و زەینی بانسروشتییەوە هەوڵی دەستەمۆکردن یاخود خۆپاراستنی لێیان داوە. یەکەمین لێکۆڵینەوەکان لە بابەت کێشانەوەی وێنەی ئاژەڵەکان لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان ئەوە پیشاندەدەن کە مرۆڤەکانی ئەو سەردەمە لە رێگای ئەم کێشانەوەوە هەوڵیانداوە لە پێش دەستکردن بە راو، رۆحی ئاژەڵەکان داگیربکەن بۆ ئەوەی ئاسانتر بتوانن راویان بکەن.

ئەو سەردەمانە لە راستیدا هەمیشە سروشت دەستی باڵای هەبووە و ئەوە ئەو بووە کە لە پێوەندی 'من ـ سروشت'دا رۆڵی بڕیاردەری سەرەکی هەبووە. بۆیە قەت مرۆڤ هەستی بەوە نەکردووە کە لە لایەن کردە و چالاکییەکانی خۆیەوە بوونی سروشتی خستبێتە مەترسییەوە، یاخود وەها کاریگەری لەسەر دانابێ کە ژیان و بوونی خۆیشی رووبەڕووی مەترسی کردبێتەوە.

بەڵام بەسەرهەڵدانی کۆمەڵگای سەرمایەداری کە تێیدا کتوپڕ ژیانی شارنشینی و گەشەی تکنۆلۆژی دەگاتە ئەوپەڕی خۆی، بەرەبەرە مرۆڤ لە رێگای دەست تێوەردانەکانی خۆی ناوەڕۆکی پێوەندی 'من ـ سروشت' دەگۆڕێ وەها کە 'من' جێگای سروشت دەگرێتەوە و دەبێتە کوێخای بێ ئەم لاولا بەسەرییەوە. هەڵبەت مرۆڤ سەرمەستی سەرکەوتنەکانی خۆی بە سەر سروشتدا هێشتا ئاگای لەوە نیە ئەم ناوەڕۆکە نوێیە چەندە دەتوانێ ترسناک بێت و پڕی زەرەرمەندی بێت بۆی. خەسارە یەک لە دووای یەکەکانی مرۆڤ لە سروشت وەهای کرد سەرئەنجام مرۆڤ لە دەیەکانی دوواییدا سەرنجی بچێتە سەر ئەم بابەتە و بیر لەوە بکاتەوە کە سروشت لە راستیدا دیاردەیەکی دژ بە ئەو نیە، بەڵکو شوێنێکە مرۆڤ لێیەوە هاتووە و بۆیە بەردەوامیی ژیانی سەداسەد بەستراوەتەوە بەم پێوەندییەوە. لێرەوە ئەم پرسە دێتە ئاراوە کە داخۆ فۆرمۆلەکردنی پێوەندیی نێوان مرۆڤ و سروشت لە قاڵبی 'من ـ سروشت'دا لە بنەڕەتدا فۆرمۆلەکردنێکی دروستە؟

رۆمان و چیرۆکی مودێڕن وەک بەرهەمی سەردەمی سەرمایەداری کە تێیدا بەرەبەرە چەمکێک بەناوی 'تاک' شکڵ دەگرێ و ئەم تاکە دابڕاو لە پێوەندییە نەریتییەکان کتوپڕ خۆی لە قەرەباڵغیی شارەکاندا دەبینێتەوە و هەستی تەنیایی و دڵەڕاوکێ و ئازادی دەستی پێدەدا، خۆیان لەم پرسە دوور رانەگرتووە. رۆمان و چیرۆک بە حوکمی ئەوەی بەردەوام ناچار بە وەسفکردنی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ژینگە بوون، بەجۆرێک باسیشیان لە سروشت و لە ژینگە کردووە بۆیە بۆ لێکۆڵەرێک دەق دەتوانێ سەرچاوەیەک بێت بۆ جۆری ژینگە سەردەمە جۆراوجۆرەکان و هەروەها دەربڕی جۆری رووانینی مرۆڤ بۆیان. رۆمانی 'شەڕ و ئاشتی'ی تۆلستۆی بە وەسفکردنی شەڕە گەورە و گرانەکانی ناپلیۆن بە جوانی جۆری هەڵسوکەوتی مرۆڤ لەگەڵ سروشت و لەگەڵ ژینگە دەنوێنێتەوە. یاخود رۆمانی 'ماڵئاوایی لە چەک'ی هەمینگوای. لەم بوارەدا نموونە یەکجار زۆرن. یان رۆمانەکانی چارڵز دیکێنز کە بە پیشاندانی گەشەی لە رادەبەدەری شاری لەندەن و پیسبوونی گەڕەکە هەژارنشینەکانی، چەندە لەگەڵ توانای رووخێنەری شارەکان بەرامبەر بە سروشت  ئاشنامان دەکا.

بەڵام رەنگە زۆربەمان ئەو ئەزموونەکان هەبێ کە کاتی خوێندنەوەی دەق کەمتر سەرنجمان دەچێتە سەر لایەنە ژینگەییەکان و ئەوەندەی بە رووداو و لایەنەکانی تری ناو دەقەوە سەرقاڵین، پرسی ژینگە لامان بەرجەستە نیە. ئەمەیش زیاتر بەو هۆکارەیە کە زەینی زۆرینەی ئێمە هێشتا لە قۆناغی پێوەندی 'من ـ سروشت' بە رێبەری 'من'دایە. لە راستیدا سەرنجدان بە لایەنە سروشتی و ژینگەییەکان پێویستیی بە چێکردنی کلتورێکی نوێ بۆ خوێندنەوەی دەق هەیە کە ئەمەیش زیاتر لە لایەن رەخنە و بەشی پەروەردەوە دەبێ کاری لەسەر بکرێ. رەنگە لامان سەیر بێت ژینگە وەک پانتاییەکی بەرفراوان و سەرەکی کە دەق تیایا روودەدات ئەوەندە لە چاومان دووربێت کە نەیبینین! بەڵام ئەمە راستییە. هەڵبەت لە بیرمان نەچێ تەنانەت لە دەقە ئایینییەکانی وەک ئیسلام و یەهوودی و مەسیحی دا خوا رستەخۆ باسی ئەوەمان بۆ دەکا کە ئەو سروشتی بۆ مرۆڤ چێکردووە بۆ ئەوەی کەڵکی لێوەربگرێ و بە سەریا زاڵ بێ. واتە لەم ئایینانەدا سروشت ئامرازی مرۆڤن بۆ سەلماندنی مرۆڤایەتی خۆیان (نەک بە مانا ئەخلاقییەکەی، بەڵکو بە مانا دژەسروشتییەکەی).

زۆر جار دەق لە فۆڕمی رۆمانتیسم دا ئاواتەخوازی گەڕانەوەیە بۆ ژیانی پێش شارنشینی. گەڕانەوە بۆ ناو سروشت. هەرچەند گەلێک رەخنەگر بەتایبەت مارکسییەکان ئەمە بە کۆنەپەرستی لێکدەدەنەوە و لایان وایە شتی وا تازە نابێ. بەلام ئەمە نەبووەتە رێگرێک لەسەر سەرهەڵدانی وەها دەقگەلێک. خۆشیی ئەدەب لەوەدایە چوارچێوە ریالییەکان دەپسێنێ و زۆر جار دەبێتە دەربڕی هەستێکی تاکەکەسی، ئەگەرچی ئەم هەستە کەمتر لەگەڵ رەوتە واقعەکانی دەورووبەر پێوەندی دەگرێ و، ملکەچیان دەبێ.

بێگومان هەمیشە جۆرێک لە ململانێ لە نێوان مرۆڤ و سروشتدا دەمێنێتەوە. سروشت و دونیای دەرەوەی مرۆڤ ئەو شوێنە بەردەوام نەناسراوەیە وا هەمیشە ئێمە هەوڵی ناسینی زیاتری دەدەین. بۆ ئەم ناسینەیش زۆر جار دەبێ دەست وەردەینە سروشت و، سنورەکانی سەربەخۆیی ژینگە ببەزێنین. دیارە ناسینی ئێمە لە سەر سروشت تەنیا بە مەبەستی ناسین نیە، مرۆڤ لە رێگی ناسینەوە دەیەوێ بەسەر سروشتدا زاڵ بێت و بە قازانجی خۆی کەڵکی لێوەربگرێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە ئەم رەوتە ببێتە هۆکاری وێرانیی سروشت. رەنگە گەر مرۆڤ بتوانێ لە کاتی ئەم پێوەندییەدا بە ئەزموون وەرگرتن لە رابردوو سەرنجێکی زیاتر بداتە کەسایەتیی سەربەخۆی سروشت، ئەوا بە هەمان شێوە وا گۆی زەویی وێرانکرد شوێنەکانی تر وێران نەکا. لە راستیدا پێوەندی 'من ـ سروشت' تا زەمەنێکی بەرچاو دەمێنێتەوە، بەڵام بەو مەرجەی بتوانین هاوسەنگییەکی لۆژیکی لە نێوان دوو جەمسەری ئەم پێوەندییەدا بدۆزینەوە و بە کردەوە ملکەجیشی بین. هاوسەنگییەکی نوێ و بە قازانج بۆ هەر دوولا.

لە دونیای ئەمڕۆکە گەلێک هەوڵی ژینگەپارێزان هەن دەتوانن ببنە هەوێنی چیرۆک و رۆمان. لە کوردستانی ئێران گەلێک رێکخراوی ژینگەپارێز هەن کە بگرە ئەندامەکانیان ژیانیشیان لە پێناوی پاراستی سروشتدا لە شەڕێکی نابەرامبەردا بەخشی. ئەمانە نموونەن لە ژیانی راستەقینە بۆ ئەوەی بۆ ناو دەق راگوێزرێن.

جگە لەمە دەق دەتوانێ لە رێگای فەنتازیای رووتەوە ئەو نەریتە سێهەمەی وا لە پێوەندی لەگەڵ 'من ـ سروشت' باسمان لێکرد بکا بە نەریت و بە کلتور و دەروونیاتی مرۆڤ بۆ شوێنێکی تر رابگوێزێ. تەنیا بەو مەرجەی نووسەران زیاتر لە جاران سەرنجیان بچێتە سەر ژینگە و سروشت.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی ژینگە بنوێنینەوە، لەبەر ئەوەی ژینگە بەستێنی سەرەکی ژیان و لەمەوە بەستێنی سەرەکی دەق و رووداوەکانییەتی. دەنووسین چونکە لە رێگای نووسینەوە سەرنجی خوێنەر و نەوەکانی داهاتوو دەبەینەوە سەر پرسی ژینگە و سروشت. لە رێگای نووسینەوە ئێمە جۆری کارتێکەرییەکانی ژینگە لە سەر مرۆڤ و مرۆڤ لەسەر ژینگە دەنوێنینەوە. رەنگە بە نیشاندانی وێرانیی ژینگە دەتوانین نیشانی بدەین کە مرۆڤ سەرەڕای سەرکەوتنە رواڵەتیەکانی چەندە لە راستیدا بۆخۆیشی وێران بووە. شەڕەکان راستەوخۆترینی ئەو رووداوانەن وا پێکەوە هەم وێرانی سروشت نیشاندەدەن و هەم وێرانیی مرۆڤ. دەنووسین لەبەر ئەوەی نیشانی بدەین ئەم جۆرە وێرانیانە بە هۆی گەشەی تکنۆلۆژیاوە بەردەوام روو لە زیادبوونن. نووسین راوەستانە لەسەر ژینگە و، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دانی ئەو پەیامەیە کە سروشت لە راستیدا شوێنێک نیە بۆ زاڵبوونی ئێمە، ئەوەندەی شوێنێکە بۆ پێکەوە ژیان لەگەڵیا.

 درێژەی هەیە...