حیشمەت خوسرەوی

 بە گشتی مرۆڤ دەتوانێ بڵێت رۆسۆ ویستی لە رێگای سۆسیال کۆنتراکتەوە وەکوو مۆدێڵێکی سازگار بۆ چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگە و هەروەها چەمکی ئازادی، پێمان بڵێت کە رێگاییەکی دیکە هەیە بۆ پچڕاندنی زنجێری کویلیەتی و رزگاربوون لە دەستی کۆت و بەندەکانی مۆدێرنیزم یان کۆتایی هێنان بە پەێوەندی نێوان کۆیلەی سیاسی و خاوەن شکۆ.

 

ژان ژاک رۆسۆ و نرخی ئازادی

حشمەت خوسرەوی

 

" ئازادی بەو مانایە نییە کە مرۆڤ هەرچی پێی خۆش بوو بیکات، بەڵکوو بەو مانایەدێت مرۆڤ بۆ ئەوکارەی کە پێی خۆش نییە ناچار نەکرێت بە ئەنجامدانی" (ژان ژاک ڕۆسۆ)١

 

پێویستە جار و بار مێشکمان لە پێوەندی لە گەڵ پەیڤی بیرمەندانی بواری فەلسەفە و سیاسەت ئاپدەیت بکەینەوە. ژان ژاک رۆسۆ پاش تۆماس هابز و جان لاک زۆرترین قسەی هەیە سەبارەت بە چەمکی ئازادی و قەراردادی کۆمەڵایەتی. ئاشنایی من لە گەڵ کارەکانی رۆسۆ دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٨ لە باشووری کوردستان لە رێگای هاوڕێ خۆشەویستم "فەڕۆخ نێعمەتپوور" لە ئەنجۆمەنی قەڵەمی کوردستانی ئێران. گرنگی و نرخی ئازادی لای رۆسۆ لە رێگای تێوری ئازادی(The theory of freedom) کە بەشێکە لە بەناوبانگترین کتێبی ناوبراو واتە تێزی قەراردای کۆمەڵایەتی(The Social Contract) ، زۆرتر مایەی تێگەیشتنە. رۆسۆ پێ وابوو کە بنەما ئەخڵاقییەکانی فەلسەفە و سیاسەت گڕێدروای سرووشتن. بە ماناێکی دیکە، ناوبراو پێی وابوو ژینگەی فەلسەفەی مۆدێڕن نابێ تەنیا لە چوارچێوەی بابەتەێل زانستی یان میتافیزیکی چڕ بکرێتەوە. ناوبراو هەوڵیدەدا تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ لە رێگای بارۆدۆخی گرێدراوی سروشتەوە شرۆڤە بکات. واتە ئەو کاری بۆ ئەوە دەکرد مرۆڤەکان لە دەستی پێناسە یان کاریگەرییەکانی قەواعدی کۆمەڵایەتی رزگار بکات و بەم جۆرە خودی مرۆڤ ببێت بە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی سروشتی، گەردوونی و جیهان پەسەند. هەڵبەت نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێت کە کارەکانی رۆسۆ تا رادەیەک کاریگەرییان لە تێزەکانی بیرمەندانی پێش خۆی وەکوو "تۆماس هابز" و "جان لاک" وەرگرتبوو بە هەندێک جیاوازییەوە کە لێرەدا جێگای باسکردن نیە. بە گشتی مرۆڤ دەتوانێ بڵێت رۆسۆ ویستی لە رێگای سۆسیال کۆنتراکتەوە وەکوو مۆدێڵێکی سازگار بۆ چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگە و هەروەها چەمکی ئازادی، پێمان بڵێت کە رێگاییەکی دیکە هەیە بۆ پچڕاندنی زنجێری کویلیەتی و رزگاربوون لە دەستی کۆت و بەندەکانی مۆدێرنیزم یان کۆتایی هێنان بە پەێوەندی نێوان کۆیلەی سیاسی و خاوەن شکۆ. رۆسۆ بە پێچەوانەی بیرمەندانی دیکە پێی وابوو دەوڵەت هەیئەتی سیاسی یان کۆمەڵگەی سیاسی پێناسە دەکات، بەڵام حکومەت لە کەسانێک پێکدێت کە لە لایەن گەلەوە هەڵبژێردراون تاکو خواست و ئیرادەی گشتیی گەڵ جێبەجێ بکەن. مادام حکومەت لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێرداوە، هەر بۆیە هەر کاتێک پێویست بێت دەتوانن بیگۆڕن یان ریفۆمی تێدا بکەن. حکومەتەکەی رۆسۆ زۆرتر لە بواری ئابووریی سیاسیدا شرۆڤە دەکرێت و ناوبراو پێی وابوو کۆمەڵگە وجوودێکی ئەخڵاقی هەیە و گوزارشت لە ئێرادەی گشتی دەکات، نەک ئێرادەی تاکەکەسی یان ئێرادەیەکی تایبەت.

 

ژێرنووس:

١ـ تێبینی: ئەو پەیڤەی رۆسۆم لە پەیجی هاوڕێ ئۆمێد دانەر لە فەیسبووک وەرگرتووە.