محەممەم محەممەدمورادی

بەسەر ئەمەشدا ئەوەی گشتمان بینیومانە ڕێبەرایەتی مەگەر بە ئینشعاب دەنا نەگۆڕە. لەم حیزبانەدا پڕۆسەی دەنگدان (بەڕواڵەت) بەشێوەی دێمۆکراتیک بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەساسەن پڕۆسەکە گەندەڵە و هەمان پێشەوایانی پێشوو هەڵدەبژێردرێن. دیارە بەشێکی زۆر لە دەنگدەران تێنەگەیشتوون لە ئایدیای ئازادی و کەوتوونەتە ناو مەحفلگەرایی و بەرژەوەندیی خۆیان.

 

داهاتووی پرسی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات (٧)

سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک - سۆسیال دێمۆکراسی

حدکا – حدک - کومەڵەی شۆڕشگێر - کۆمەڵەی زەحمەتکێشان

محەممەد محەممەدمورادی

 

دیارە هەر نووسینێک ئامانجێکی لە پشتە. ئامانجی نووسینی ئەم کۆمەڵە یاداشتەش لە سەرەتاوە ئەوەبوو نیشانی بدات ناکۆکی، لێکترازان و پەڕتەوازەیی ئۆپۆزیسیۆنی ڕۆژهەڵات هەر هۆکارێکی بێت بەهۆکاری فکری و تیۆرییەوە نییە، ئەبێ مێژوو ئاگادار بێت و شاهیدی بدات بۆ نەوەکانی داهاتوو کە ئۆپۆزیسیۆنی ڕۆژهەڵات لە ئێستادا پێکهاتووە لە دەیان هێز و لایەنی گەورە و بچووکی پێکناکۆک و پەڕتەوازە کە لەباری سیاسی و تیۆرییەوە هیچ تەزاد و جیاوازییەکی جەوهەری و چارەهەڵنەگریان  پێکەوە نەبووە و نییە. 

لە بەشی پێشوودا (بەشی ۵و۶) نیشانم دا کە کۆمەڵەCPI کە هەڵگری دروشمی حکوومەتی کرێکارییە، چ ئێستە بێت یان لە داهاتوودا ناچارە دواجار هەر بێتە ناو دەوڵەتی ئێتلافییەوە.

لەم بەشەدا لەم چوار لایەنە حدکا- حدک - کومەڵەی شۆڕشگێر- کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و دوو چەمکی سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک و سۆسیال دێمۆکراسی دەکۆڵمەوە.

لە ئاستی تیۆریدا گرنگترین توخمی جیاکەرەوەی ئەم چوار حیزبە لە یەکتر، جۆر و شێوازی تەعامولکردنیان لەگەڵ سەرمایەداریدایە.

سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک و بە گشتی نامیلکەی کورتەباس لەلایەن بەڕێز قاسملووەوە لە کۆنگرەی شەشی دێمۆکراتدا پێشکەش و پەسەند کرا و بوو بە "بەشێکی گرنگ لە ڕێبازی" ئەو حیزبە، بەڵام حیزبی دێمۆکرات هەرگیز پڕاوپڕ بەشێوەی عەینی و مێژوویی ئەو چەمکەی پێ هەزم و قبووڵ نەکرا. لە ئەساسنامەی "کۆنگرەی شانزە" هەردوو دێموکراتەکەشدا ئاماژە بە سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک دراوە، بەڵام تەنها لە دوو پاراگرافدا و زۆر زووتێپەڕ و هاکەزایی.

سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک و سۆسیال دێموکراسی هەردووکیان یەک بەرنامە و پێڕەوپڕۆگرامی یەکسانیان لێدەکەوێتەوە. هەرچەند بەپێی ئەزموونی عەینی و مێژوویی حیزبە سۆسیال دێمۆکڕاتەکانی ئەورووپا و باس و مشتوومڕێک کە لەم دواییەدا لەسەر ئەم دوو چەمکە ساز بووە، باس لەوە دەکرێت سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک چەند پلە لە سۆسیال دێموکراسی چەپتر و ڕادیکاڵترە. واتە سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک دواجار وەکوو بەرنامەی درێژخایەن باوەڕی بە عبوور و تێپەڕین لە سەرمایەداری هەیە، بەڵام سۆسیال دێموکراسی نا. 

هەردووی ئەم چەمکانە ئەگەڕنەوە بۆ بەرنامەی ئێرفۆرت نو نامیلکەی خەباتی چینایەتیی چینی کرێکاری کارل کائۆتسکی کە حیزبی سۆسیال دێمۆکڕاتی ئەڵمانیا، سۆسیال دێموکراسیی سۆڤیەت و سۆسیال دێموکراسیی بریتانیا... و تەنانەت ئینترناسیۆناڵی دووەمیش هەر لەسەر ئەم بەرنامەی ئێرفورتە بونیاد نران. ئەم بەرنامە ئامانجی کورتخایەنی ڕێفۆرمیستی هەبوو و لە درێژخایەندا ئامانجی تێپەڕین لە سەرمایەداری بوو. ئەم بەرنامە لە دوای مردنی مارکس پێشکەشکرا، بەڵام هەر ئەو کات ئێنگلس ‌و دواتر لنین و کۆمۆنیستە بەرجەستەکانی تر دژی ئەم بەرنامە بوون و گەورەترین ڕەخنەیان لەم بەرنامە ئەوە بوو کە هیچ ئەڵقەیەکی پێوەندیدەر لەنێوان بەرنامەی کورتخایەن و درێژخایەندا بوونی نییە. بۆ نموونە دەیانگوت چەسپاندنی هەشت سەعات کار و بیمەی بێکاری چ پێوەندییەکی هەیە بە ڕووخاندنی سەرمایەدارییەوە. بە گشتی لایان وابوو سەرمایەداری بە ڕێفۆرم ناڕووخێت. 

ئەوەی پێوەندیی بە باسەکەی ئێمەوە بێت ئەوەیە کە لەوانەیە بە ڕواڵەت سۆسیالیزمی دێمۆکراتیکی دێمۆکراتەکان (تەنانەت ئەگەر پێیشی پابەند بن!) بڕێک ڕادیکاڵتر بێت لە سۆسیال دێموکراسیی کۆمەڵەکان، بەڵام مێژوو نیشانی داوین که ئەم بەرنامانە ناتوانن سەرمایەداری تێپەڕێنن و هیچکام لەم چوار حیزبەش وەها ئێدعایەکیان نەکردووە.

سەبارەت بەم دوو چەمکە پێویستە هەموو لایەک بزانن ئەگەر وایدانین هەر ئێستا کورد (بە CPI و پەژاک و پاک و خەباتەوە) کۆنتڕۆڵی ڕۆژھەڵات بگرێتە دەست و بە زۆرینەی دەنگ سۆسیال دێمۆکراسیی پاڕلمانی پەسەند بکەن، بێگومان ئاستی چەپ و ڕادیکاڵبوونی سۆسیال دێمۆکراسییەکە نەک بە حەز و مەرامی ئەم لایەنانە بەڵکوو ئیمکانات و واقعییەتە مادی و ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵاتە کە ئەم بابەتە دەستنیشان ئەکات. بۆنموونە هەبوونی نەوت لە نۆروێژدا ڕێگەی داوە بە سۆسیال دێمۆکراسیی نۆروێژ تەنانەت زۆر ڕادیکاڵتر بێت لە سۆسیال دێمۆکراسیی وڵاتانی دیکەی باکووری ئەورووپا.

لە درێژەدا دێمەوە سەر ئیمکاناتی مادی و ئابووریی ڕۆژھەڵات برێتی لە ئاو، کارەبا، کشتوکاڵ و باغداری، مەعدەن، توریزم و...، بەڵام ئێستا پرسیارە گەورەکە ئەوەیە مادام هەر چوار حیزبەکە بە نیسبەت پرسی نەتەوەییەوە لە ئەساسنامەدا قایل بە فێدرالیزمن بۆ ئێران و قایلن بە دیموکراسیی پارلمانی بۆ کوردستان و هەروەها لە بواری ئازادییە سیاسییەکان، یەکسانیی ژن و پیاو، پرسی کەمینەکان، ژینگە و... تەواو یەکسانن، ئەی کێشە چییە بۆچی ناتوانن ڕاستگۆیانە پێکەوە و لەگەڵ هێزەکانی تر گشتییەتێکی یەکپارچە پێک بهێنن؟

ئەم حیزبانە، جگە لەوەی کە پێکەوە ناتوانن کاری هاوبەش بکەن، لە ناو خۆیشیاندا دەیان کێشەی قووڵی تەشکیلاتی و سازمانییان هەیە کە سەرپۆش کراون و ڕێگە بە هیچ جۆرە دەنگێکی جیاواز و ڕەخنەیی نادەن. خودی ئەوەی کە لەبری دوو حیزب ئێستا چوارن بەرهەمی ئەو ناکۆکییە چارەسەرنەکراوانەیە.

حیزبی دێموکرات بەحەق ئەیوت ئێران مافی کورد بە ڕەوا نازانێ، بەڵام دواتر کە کۆمەڵە وەکوو هێزێکی نوێ هاتە گۆڕەپانی سیاسییەوە، دێمۆکرات کۆمەڵەی پێ قبووڵ نەدەکرا، بەهۆی نەبوونی سازوکاری دێمۆکراتیکی تەشکیلاتی و چارەسەرنەکردنی دێمۆکراتیکی کێشەکان ئینشعابیان تێکەوت کەچی مونشەعبەکان بە نامەشرووع دەزانن، ئێستەش بە هەمان شێوە بە هەموویان پەژاکیان پێ قبووڵ ناکرێ. ئەمانە هەمووی بەرهەمی نەبوونی عەقڵانییەتی مۆدێڕنی دێمۆکراتیک و تێنەگەیشتنی ئەم هێزانە لە قووڵایی ستراتیژیک و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیانە پێکەوە.

ئەساسنامەی هەرکام لەم حیزبانە دەخوێنیتەوە هەست ئەکەی لە پارلمانی یەکێک لە وڵاتانی باکووری ئەورووپادا بەشدارن، بەڵام کە سەیری واقیع ئەکەی هێشتا دەورانی دەرەبەگایەتی و مولوکولتەوایفییان تێنەپەڕاندووە. هەرچەند فۆڕمی ئەم یاداشتانە مەجالی ئەوەم پێ نادات بە قووڵی خەسارناسیی ئەم ڕەوشە بکەم، بەڵام ئەبێ لە ئێستبدادی شەرقی و شێوەبەرهەمهێنانی ئاسیاییدا بۆ ڕیشەی ئەم کێشانە بگەڕین. 

هێگل فەلسەفەی مێژووی خۆی بە «جیهانی ڕۆژهەڵات»ەوە دەست پێدەکات، کە مەبەستی ئەو لە جیهانی ڕۆژهەڵات، چین و هێند و پاشایەتیی دێرینی ئێرانە. ئەم بەشە بە شارستانییەتی وەستاو [stationary] دەزانێ، واتە کۆمەڵگاگەلێک کە گەیشتوونەتە پنتێکی دیاریکراو لە کامڵبوون و لەوەدوا جووڵەیان نەکردووە. هێگل ئەم جیهانە «بەدەر لە مێژووی جیهان» وەسف دەکات و کەمترین بایەخیان پێ دەدات و لای وایە لە ڕەوتی گەشە و پێشکەوتنی جیهاندا پشکێکی ئەوتۆیان بەرنەکەوتووە و، لەبەرامبەریشدا لەو ڕەوتەدا هیچ دەورێک ناگێڕن. دواتر مارکس و ئێنگێلس گەیشتنە ئەو قەناعەتە کە لە ئاسیا و باکووری ئەفریقا شێوەیەکی بەرهەمهێنان لە ئارادا بووە جیاواز لە فیۆدالیزم و ناویان نا شێوەبەرهەمهێنانی ئاسیایی. بەپێی تیۆریی مارکس و ئێنگێلس سێ تایبەتمەندیی بەرچاوی ئەم کۆمەڵگایانە بریتی بوون لە:

۱- بەهۆی تایبەتمەندیی سروشتی و پرسی ئاو و ئاویاریی ئەم ناوچانەوە پێش ئەوەی کە کۆمەڵگا چینایەتی ببێتەوە و دابەش بێت بەسەر چینەکاندا، دەوڵەتی بەهێزی موتەمەرکز و ناوەندی شکڵی گرتووە.

۲- خاوەندارێتی تایبەت وەکوو کۆمەڵگا ئەورووپییەکان بوونی نەبووە و خودی دەوڵەتی ناوەندی خاوەنی هەموو زەوی‌و زار بوو و خودی ئەم دەوڵەتە ڕێگر بوو لە گەشەکردنی چینە کۆمەڵایەتییەکان و دەوڵەت خۆی ببوو بە جێگرەوەی چینی حوکمڕان.

۳- سەقامگیرییەکی نەگۆر لە گوندەکاندا بوونی هەبووە، ئەگەر حکوومەتی ناوەندی لە درێژەی هەزاران ساڵدا سەدان جار دەستاودەست کرابێت، شەڕی ناوخۆ بووبێت، وڵاتانی دراوسێ هێرشیان هێنابێت، گوندەکان کە پێکهاتەی سەرەکیی ئینسانی و ئابووریی ئەم وڵاتانە بوون هیچ گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکیان بەخۆیانەوە نەدیوە. 

ئەوەتا گوندەکانی کوردستان تا چوار پێنج دەیە پێش ئێستە ڕێک وەکوو هەزاران ساڵ پێشتر ژیان و بەرهەمهێنانیان دەکرد. هەربۆیە ئەم کۆمەڵگایانە، چ وەکوو تاک یاخود بەشێوەی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ دێمۆکراسی نامۆن.

دیارە ئێستا ئیتر موناسباتی کاڵایی و سەرمایەداری باڵی کێشاوە بەسەر هەموو جیهاندا و ئەم شێوە بەرهەمهێنانی ئاسیاییە کۆتایی هاتووە، بەڵام گرنگییەکەی لەوەدایە کە بۆ ناسینی واقیعی مادی و تەنانەت سایکۆلۆژیکی ئەم کۆمەڵگایانە پێویستە بزانین بە چ ڕەوگەیەکدا تێپەڕیون و بوونەتە سەرمایەداری. ئەم بەشە لە جیهان بووەتە سەرمایەداری، بەڵام ئەوەی کە بە فیۆدالیزمدا تێنەپەڕیوە و ڕاستەوخۆ لە بەرهەمهێنانی ئاسیاییەوە پێی ناوەتە ناو سەرمایەداری بووەتە هۆی ئەوە کە سەرمایەدارییەکی تایبەت و جیاواز ئەزموون بکەن.

چین خەریکە ئەبێت بە گەورەترین ئابووریی جیهان، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە دێمۆکراسیی بورژوایی نەهادینە بکاتەوە و دیسپۆتیزم یان ئیستبداد لە ڕەگ و خوێنیاندایە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (CPJ) چین گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەوانانە، هەر لەم ڕاپۆرتەدا پلەی دووهەم هی تورکیایە، پلەی سێهەم سعوودییە و میسر و پاشان ئێران و ڤییەتنام و ئیریترەیە. تەنانەت یەکێتیی سۆڤیەت کە گەورەترین شۆڕشی سۆسیالیستیی جیهانی بەخۆیەوە بینی دواجار ستالینیزم و دیاردەی گولاک و قەتڵوعامی خەڵکی لێکەوتەوە و هەتا ئێستاش نەیتوانیوە ئیستبدادی شەرقی تێپەڕێنێت. هەروا کە ئەبینن ئەم کێشە گەورەتر لەوەیە دابەزێندرێت بەس بۆ کوردستان و ئینسانی کورد، بەڵام خودی ئەم تیۆرییە دەتوانێ کێشەی ڕێبەرایەتیی ئەم حیزبانە ڕوون بکاتەوە.

کوردستان بەشێک بووە لە ئێرانێک کە هەتا ئێستاش دێمۆکراسیی بورژوایی بەخۆیەوە نەدیوه. لەڕاستیدا ئێران باشترین نموونەیە بۆ تێگەیشتن لە تیۆریی بەرهەمهێنانی ئاسیایی. نەک هەر ئێران بەڵکوو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیش هەر ڕاستەوخۆ لە بەرهەمهێنانی ئاسایییەوە لەژێر کاریگەری گوتاری ڕۆژاوادا هەوڵیاندا بۆ بونیادنانی دەوڵەت - نەتەوەی مۆدێڕن، بەڵام لەغیابی دێمۆکراسی و لەڕێگەی زەبروزەنگ و سڕینەوەی نەتەوەکانی دیکەوە. ڕوون و ئاشکرایە کە کێشەی کورد هەر لە ئەساسدا بەرهەمی ڕاستەوخۆی شێوەبەرهەمهێنانی ئاسیاییە لەلایەکەوە و لەلایەکی تریشەوە دەستێوەردانی ئیمپریالیزم بۆ بەسەرمایەداری کردنی ئەم وڵاتانە لە سەرەوە.

هەتا چەند دەیە پێش ئێستا شێخ و مەلا ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی ئەکرد و خەڵک ئەکەوتە دوای تاکەکەس. چەمکی پێشەوا (مەبەست قازی محەممەد نییە) لە ناوەندی هەموو جووڵانەوەیەکی سیاسیدا بوو. خەڵکی کورد وەکوو ئەورووپا بە عەقڵانییەتی ڕۆشنگەریدا تێنەپەڕیبوون، خەڵکی کورد داوای مافی دێمۆکراتیکی خۆیان دەکرد، بەڵام بەو مانا نەبوو کە خۆیان لە دێمۆکراسی تێگەیشتوون و بوونەتە خاوەن مێنتالیتە و ئەخلاقی دێموکراتیک. هەتا ئێستاش ئەم ڕەوشە بەردەوامە و خەڵک ئەکەونە دوای پێشەوا، پێشەواکانی ئێستاش ڤێرژێنی سیکیولاری هەمان شێخ و مەلای نادێمۆکراتی جارانن.

هێگل لە فەلسەفەی مێژووی خۆیدا باس لەوە دەکات کە مێژوو مانایەکی دیاریکراوی هەیە و «مێژووی جیهان هیچ نییە جگە لە پێگەیشتن و پێشکەوتنی وشیاری [یان وشیاربوونەوە] لە ئایدیای ئازادی» و دەکرێ بڵێین ئەم بابەتە تێمای سەرەکیی فەلسەفەی مێژووی هێگلە و بۆ ئەم ڕەوتە ـ ڕەوتی پێشکەوتنی ڕادەی وشیاریی لە ئایدیای ئازادی ـ چەند قۆناغ لە شانشای ئێرانەوە وەکوو سەرەتای مێژوو تا دەگاتە جیهانی گریکی و جیهانی ڕۆمی و دواتر جیهانی ژێرمەن دەستنیشان دەکات و بۆ هەر کام لەم قۆناغانە ئاستێک لە وشیاری [لە ئازادی] قایل دەبێت.

هەرچەند ناسیۆنالیزمی ئێرانی لەسەردەمی ڕێژێمی پێشوودا هەوڵی زۆریان داوە بڵێن ئێران کۆیلەداری تێدا نەبووە، بەڵام تێیدا بووە و کوردیش لە ڕەوگەی مێژژودا وەکوو بەشەکانی تری ئێران بەو ئاستە لە وشیاری گەیشت کە کۆیلەداری تێپەڕێنێت، ئەڵبەت دەرەبەگایەتی تا ئەم دواییانە لە هەندێک ناوچەدا پلەیەکی خەفیفی هەمان کۆیلەداری بوو و هێشتا لە هەندێک ناوچەی سەرانسەر کوردستاندا عەشیرە و عەشیرەگەرایی بەردەوامە. کوردیش وەکوو هەموو خەڵکی ئەم ناوچانە کۆیلەداریی تێپەڕاندووە و بە ئاستێکی ڕێژەیی لە وشیاری و تێگەیشتن لە ئازادی گەیشتووە، بەڵام هێشتا زۆری ماوە بگاتە ئەو ئاستە لە وشیاری و تێگەیشتن لە ئازادی کە وەک هێگل ئەڵێت ئازادییەکانیان نەفرۆشن بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی و کورتخایەن.

ئەم کێشە تایبەت نییە بە خەڵکی عەوام، ڕۆشنبیرە ڕەهەندییەکان لە یاشوور گوێی عالەمیان خوارد بە دروشمی سەربەخۆیی کەچی دواجار لەبەر بەرژەوەندی تایبەت هەریەک و سەریان کرد بە یەکێک لە حیزبەکاندا.

هەرچەند ئەم بەشەی یاداشتەکان تایبەت بوو بەو چوار حیزبەی سەرەتا ناوم بردن، بەڵام بێگومان زۆربەی باسەکان هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و پارچەکانی تری کوردستانیش ئەگرێتەوە. 

کێشەی ڕێبەرایەتی خاڵی هاوبەشی هەموو ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتە. ئەم کێشە لە دوو ئاستدا هەم لە ئەستۆی خودی ڕێبەرایەتیدایە و هەم بەشێکی زۆرینەی بەدەنەی حیزبەکانیش لێی بەرپرسیارن. ڕێبەرایەتی بەهەمان عەقڵی دەرەبەگایەتی و تاکگەرایی و بەرژەوەندیخوازییەوە حیزب بە موڵکی تایبەتی خۆیان و ئامرازێک بۆ گەیشتن بە خۆلیا و فانتازیا شەخسییەکانیان ئەزانن. بەسەر ئەمەشدا ئەوەی گشتمان بینیومانە ڕێبەرایەتی مەگەر بە ئینشعاب دەنا نەگۆڕە. لەم حیزبانەدا پڕۆسەی دەنگدان (بەڕواڵەت) بەشێوەی دێمۆکراتیک بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەساسەن پڕۆسەکە گەندەڵە و هەمان پێشەوایانی پێشوو هەڵدەبژێردرێن. دیارە بەشێکی زۆر لە دەنگدەران تێنەگەیشتوون لە ئایدیای ئازادی و کەوتوونەتە ناو مەحفلگەرایی و بەرژەوەندیی خۆیان. بەشێکیشیان کە بە وەزعەکە ناڕازین دیسان لەترسی دەرکران و تۆمەت و بەدناوکران بێدەنگی هەڵدەبژێرن کە زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێین ئەم بەشە لە بەدەنەی حیزبەکان لەڕاستیدا بە دیل گیراون. کەمینەیەکی زۆر زۆر کەمیش کە ئەم کۆتووبەندە تێدەپەڕێنن و قەڵەمی ڕەخنە هەڵدەگرن دەمەودەس بەرەوڕووی تۆمەت و تانەوتوانجی جۆربەجۆر دەبنەوە.

هەتا ئەمڕۆش ئیستبدادی شەرقی لەناو خودی ئەم حیزبانەدا بوونی هەیە و ڕوو لە دەرەوەش بەرامبەر بە یەکتر لە سۆنگەی حەزف و سڕینەوەوە تەعامول دەکەن.

سەرەڕای ئەوەی کە زەروور و پێویستە هەموو ئەمانە بزانین، بەڵام ئینسان بە ئومێدەوە زیندووە و با زاتگەرایانە تەماشایان نەکەین و ئومێدوار بین کە مادام لەباری تیۆری و سیاسییەوە هیچ جیاوازییەکی جەوهەری و چارەهەڵنەگریان نییە بێنەوە بەخۆیاندا و هەوڵ بدەن لەم کاتە هەستیارەدا گشتییەتێکی یەکپارچە پێک بێنن و بەناوی کوردی ڕۆژهەڵاتەوە سیاسەت بکەن.

بەشی داهاتوو تایبەت ئەبێت بە کۆدار-پەژاک.

 

درێژەی هەیە...