شرۆڤە

بۆچی دەنووسین (٢١)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئێمە دەنووسین چونکە نووسین ئاوردانەوەیە لە لوکاڵ و پێناسەکردنەوەیەتی لە رەوتێکی بێکۆتاییدا. هەروەها نووسین تێپەڕاندنی لوکاڵ و بەلوکاڵ کردنی جیهانەکانی تری دەرەوەی لوکاڵە. بەم پێیە نووسین بەلوکاڵ کردنی هەموو جیهانە، جا چ لە ناو جیهانی فیزیکیدا و چ لە ناو جیهانی دەروونیدا.

 

زۆربەمان رەنگە لە ژوورەکاندا لە دایک دەبین. جا یان ژوورێک لە ماڵەوە، یان لە خەستەخانە. شوێنی دەستپێکی ژیان ئەوێیە بە بێ ئەوەی جەستەی ناوشیاری ئێمە پێی بزانێ، بەڵام ئەمە بەر بەوە ناگرێ دوواتر چەمکی لۆکاڵ لە زینی ئێمەدا شکڵ نەگرێ. لوکاڵ دەتوانێ لە گەڕەکەوە دەست پێبکا تا شار و تا وڵات و... هتد. لۆکاڵ وەک زۆربەی چەمکەکان چەمکێکی رێژەییە و دەکرێ بە گوێرەی بەستێنی باسەکە گەورە و بچوکیەکەی گۆڕانی بەسەردابێت. گەڕەکی من لە بەرامبەر گەڕەکێکی تردا دەتوانێ لوکاڵ بێت، شاری من لە بەرامبەر شارێکی تر و وڵاتی من لە بەرامبەر وڵاتێکی تر، هەروەها گۆی زەوی لەبەرامبەر گەردوون. بەڕاستی سەیرە کە ئەم چەمکە ئاوەها بتوانێ لە پانتاییەکی یەکجار بچوکەوە بگاتە ئاوەها سنوورە پڕمەوداکان. بەڵام راستەقینەیە، لەبەر ئەوەی لوکاڵ تەنیا شوێنێکی فیزیکی نیە بەڵکو هەستێکی دەروونیشە، هەستێکە تێیدا دیاردەیەک بەناوی 'ئەوێی بوون' سەرهەڵدەدا. کاتێکیش ئەم هەستە سەرهەڵدەدا ئەوسا تێدەگەین بۆ ئەوەی خۆمان بە هی شوێنێک بزانین پێویست ناکا هەموو بەشەکانیمان بینیبێ.

بەڵام داخۆ ئەمە سەیرنیە؟ ئاخر چلۆن مرۆڤ شوێنێکی نەبینیبێ و کەچی دەکرێ هەستی 'ئەوێی بوون'ی تیا پێکهاتبێ؟ وەڵام دەتوانێ سادە بێت. لەبەر ئەوەی مانای لوکاڵ هەتا لە باری جەستەییەوە بەرفراوانتر دەبێ، رۆڵی 'ئەوی تر' واتە ئەو شوێنەی تر وا لە بەرامبەر لۆکاڵەکەی مندا قەراردەگرێ تۆختر دەبێتەوە و بەم شێوەیە 'ئەوێی بوون' لە راستیدا بە هۆی 'ئەوی تر'ەوەیە شکڵ دەگرێ. بۆ نموونە بۆ ئەوەی من هەست بە دیاردەیەک بەناوی نیشتمان و وڵات بکەم، پێویستە نیشتمان و وڵاتێکی تر هەبێ کە سنوورەکانی وڵاتی من دیاری بکا بۆ ئەوەی من بزانم لەم وڵاتەوە هاتووم و بۆیە ئەگەرچی هەموویم نەبینیوە، بەڵام هی ئەوێم و ئەم هەستەم لە راستیدا لە دەرووندا پێکهاتووە. کەواتە ئەوێی بوون بە هۆی ئەوی ترەوە سەرهەڵدەدا.

لوکاڵ لە ژیانی مرۆڤەکاندا رۆڵی کاریگەر دەگێڕێ. لە کۆکاڵدایە ئێمە هەست بە بوونی جەستەی خۆمان دەکەین و جگە لەمە دیاردە کلتورییەکان لە ئێمەدا چێدەبن. لوکاڵ شوێنی یەکگرتن و خەمڵاندنی جەستە و کلتورە. لوکاڵ ناسنامە دەبەخشێ و شوناس دیاریدەکا. لە لۆکاڵدایە هەستەکان لەگەڵ جیهان ئاشنادەبن و یەکەمین بیرەکان سەرهەڵدەدەن. لێرەوە جۆرێک لە ئاوێتەیی لە نێوان هەست و بیر لە لایەک و لوکاڵ لە لایەکی ترەوە پێکدێت. لوکاڵ خەسڵەتی تاکیەتی و تایبەتی بوون بە هەست و بە بیر دەبەخشێ. لێرەوەیە هەست و بیر دەجووڵێن و، دەفڕن. لوکاڵ بە حوکمی ئەوەی یەکەمین شوێنی بەرکەوتنی هەست و بیر لەگەڵ جیهانە، مۆرک و بۆنی تایبەتی خۆی بەم دووانەوە دەلکێنێ و قەتیش بەرینادا. هەمیشە دەمێنێتەوە. تەنانەت ئەو کاتەیش دەچین بۆ کەشفی دونیا لەگەڵمانە. بەرماننادا، تەنانەت گەر بشمانەوێ. ئەو لە ناو هەست و بیری ئێمەدا لە شوێنێکدایە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمە. لکاوە و چەسپاوە بە بوونمانەوە. دیارە ئەمە بەدەر لەوەی کە چلۆن دەمانەوێ مامەڵەی لەگەڵ بکەین. واتە خۆشمان بووێت یان نا، شوێنێکی گەورەی بۆ تەرخان بکەین یان نا، بەرەو دیوی ناوەوەی فەرامۆشی زیاتر پاڵی پێوە بنێین، یان نا. گرینگ نیە، گرینگ ئەوەیە ئەو لەوێیە، لەگەڵمانە. هەست و بیر بەدەر لە ئیرادەی خۆمان دەستیان گرتووە و دەیهێنن،... بەرەو ساتەکانی داهاتوو. ئەمە ئەو شتەیە کە بە بێ ئەو ناتوانین لەگەڵ جیهانەکان رووبەڕووبین. بە مانایەکی فەلسەفەی رۆمانتیسم، رۆحێکە کە لەگەڵ رۆحەکانی تری دونیای دەرەوە دەتوانێ تێکەڵ بێت و بەم شێوەیە دەرفەتی ناسین بڕەخسێنێ.

بەڵام لوکاڵ چەمکێکی راوەستاو، تەنانەت لە مانای بۆ وێنە یەک تاقە گەڕەکیش، نیە. لوکاڵ لە کەمترین جەستەی خۆیشیدا دەتوانێ دونیایەکی یەکجار بزۆز و بگرە بەرفراوانیش بێت تەنیا بەو هۆکارەی تێیدا دوو بەشی هەست و بیر رۆڵ دەگێڕن. لوکاڵ تەنیا مانایەکی فیزیکیی نیە بریتی لە پانتایی و درێژایی، بەڵکو بارستایی و قووڵاییشە. فەزایەکە کە بە هەموو لایەکدا دەتوانی تێیدا بسووڕێیتەوە. بۆیە قەت گەڕانەکان و ناسینەکانی ناگەنە کۆتایی. هەمیشە شوێنێی تازەی سەرەڕای کۆنبوونەکەی تیا دەستدەکەوێ. کۆنێکی هەمیشە تازە و تازەیەکی هەمیشە کۆنە. کۆڵانێکە وەک بڵێی سەرەڕای ئەوەی گەلێک جار بەناویا تێپەڕیوی، بەڵام هەمیشە کونێکی تازە لە دیوارەکانیدا هەیە تۆ نەتبینیوە و دەبێ بگەڕێیتەوە سەری. کۆڵانێکی کورت، کەچی بێکۆتایی. وەک خودی ژیان کە سەرەڕای تێپەڕینی، بەڵام هەمیشە رازێکە. رەنگە لەبەر ئەوەی لوکاڵیش بیرەوەرییەکە کە وەک هەموو بیرەوەرییەکانی تر ناچارین بگەڕێینەوە سەری. بێگومان گرینگترین بیرەوەریشە. چونکە دەستپێک بووە. وە یەکەم هەنگاو، وەکوو یەکەمین هەنگاوەکانی دان چەرمووی 'جەک لەندەن'ە لە یەکەم بەفری ژیانیدا لە رۆژێکی خۆشی سەرەتای بەهاردا. چونکا بیر و هەست تازە تازەن، بۆیە یەکەم رووداو(ەکان) وەها کاریگەریی خۆیانی لەسەردادەنێن کە مرۆڤ بۆ خۆی لای سەیرە. رەنگە لەبەر ئەوەی دەستپێک پێوەندی بە نەناسراوەوە هەیە و کاتێک یەکەمین نەناسراو لە ئێمەدا دەبێ بە ناسراو، وەک یەکەمین کەشفی ژیانمان و وەک یەکەمین بەڵگەی توانای مرۆڤ لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جیهان لەگەڵمان دێت بۆ ئەوەی بەردەوام ئەو باوەڕەمان لا پتەو بێت کە بەردەوامبوون لە ژیاندا دەکرێ و ئەم بەردەوامییە کێشەیەکی زۆر گەورەیش نیە.

هەڵبەت نابێ لە بیرمان بچێ لوکاڵ چونکە هەمیشە مانای خۆی لە دونیای دەرەوەی خۆی واتە جیهانێکی تر وەردەگرێ، بۆیە بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی جوانتر پێناسەبکا نیازی بە جیهانەکانی تر هەیە. یەکەمین دەقەکانی رۆمان، بۆ وێنە وەک رۆمانی دۆن کیشۆت ئەو کاتە خۆی دەخەمڵێنێ کە پاڵەوانی چیرۆکەکە لەگەڵ خزمەتکارەکەی بە سوار ئەسپەکەیەوە پەتی لوکاڵی ژیانی خۆی دەپسێنێ و دەستدەکا بە گەشت و روو لە شوێنەکانی تر دەکا. دوواتر هەموو دەقەکانی تر ئەمە دەکەن. لە راستیدا دەق شوێنی سەرهەڵدانی لوکاڵ و هاوکات بەزاندنی سنووری لوکاڵ و گەشتە بە ناو دونیای دەرەوەی لوکاڵیشدا. ئەگەر وانەبێ دەقی رۆمان و چیرۆک لەدایک نابن. هیچ کاراکتێری دەقێک ناتوانێ تەنیا لە کۆڵانەکەی خۆی بمێنێتەوە. ئەو پێویستی بەوەیە کۆڵان ببەزێنێ و بەردەوام دونیاکانی تر بکاتە لوکاڵی خۆی. دەق دەبێتە کایەیەکەی لوکاڵ سازی بەردەوامی جیهانی دەرەوە. ئەمە هەم لە مانا فیزیکییەکەی و هەم لە مانا دەروونییەکەی. قارەمانی باشی دەقێکی باش ئەو قارەمانەیە وا لە هەر دوو بواردا خەریکی شکاندنی سنوورکان و خەمڵاندنی گەمەیەکی تازە و نوێیە.

بۆیە دەق ئەگەر نەتوانێ بەم یاسایە پابەند بێت، ئەوا نابێتە دەق و لە راستیدا هیچ دەقێک لەدایک نابێ. لە دونیای ئەمڕۆکەیشدا بەهۆی دیاردەی بەجیهانیبوونەوە ئەم خەسلەتە یەکجار پەرەی سەندووە و بۆیە زۆر جار دەبینین لە دەقێکدا چەندین وڵات و کۆمەڵگای جیاجیا دەتوانن هەبن. بۆ وێنە رۆمانی 'چاوەکانی' بۆزۆرگ عەلەوی کە ئێران و فەڕەنسە دەگرنە خۆ. هەڵبەت بەو تەئکیدەوە کە لەم رۆمانەدا فەڕەنسە شوێنێکە بۆ پێداگرتنەوە لەسەر لوکاڵی یەکەم کە ئێرانە. واتە هەندێ جار دەق سنووری لوکاڵەکانی تر دەبڕێ بۆ ئەوەی زیاتر بە ناسینی لوکاڵی یەکەم بگا، هەرچەند کە ئەمە ناتوانێ بۆ هەمیشە مەرج و یاسایەکی سەرەکی بێت.

بەهەرحال زۆر گرینگە کە لەم سەردەمەی ئێمەدا نووسەر بتوانێ لە توانای باشتری بڕینی لوکاڵەکان و جیهانەکانی تر بەهرەمەند بێت بۆ ئەوەی دەقێکی ئەوڕۆیی تر پێشکەش بکات.

ئێمە دەنووسین چونکە نووسین ئاوردانەوەیە لە لوکاڵ و پێناسەکردنەوەیەتی لە رەوتێکی بێکۆتاییدا. هەروەها نووسین تێپەڕاندنی لوکاڵ و بەلوکاڵ کردنی جیهانەکانی تری دەرەوەی لوکاڵە. بەم پێیە نووسین بەلوکاڵ کردنی هەموو جیهانە، جا چ لە ناو جیهانی فیزیکیدا و چ لە ناو جیهانی دەروونیدا.

درێژەی هەیە...