ما 1899 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

لێشاوێک قاچڕەش هوروژمیان بردە سەر خێوەتگەکەی ستۆکارد. بارانی تیر لە هەوادا ویزەی دەهات. رمێک چەقییە لەشی ژنەکەی ستۆکاردەوە. گوللەی ستۆکارد وەڵامی دانەوە. شەپۆل دوای شەپۆل شەڕکەرانی سوورپێست بەربەستەکانیان شکاند.

خوای باب و باپیرانی                              

گەلەگورگێک بە بێدەنگی بەدووی رەوەیەک ئاسکەکێوییەوە بوون. چەند دانەیەکیان ئاسکێکی ئاوسیان گەمارۆ دا، ئاسکەکەیان بەرەوخوار راکێشا و قوڕگیان هەڵدڕی. رەوە ئاسکەکە بە سەد لادا بڵاو بوونەوە. گورگیش دەستیان بە خواردن کرد.

جارێکی تر مەڵبەندی ئالاسکا بوو بە گۆڕەپانی مەرگی خامۆش. لێرە لەم نزارە دێرینانەیدا، هەزاران و هەزاران ساڵە ئەوانەی بەهێزن بێهێزەکان دەکوژن.

چەند دەستەیەکی بچووک لە سوورپێستەکانیش لێرە لە کەنارەکانی ئەم سەرزەمینە دەژیان. ژیانی دەورەی بەردی ئەمانە لە کۆتایی بووندا بوو. پیاوانێکی نامۆ بە قژی زەرد و چاوی شینەوە، ئەم سەرزەمینانەی باکووریان دۆزیبۆوە. سەرۆکەکانی سوورپێستەکان بە جەنگاوەرەکانیان فەرمان دابوو لەگەڵ ئەم تازە هاتووانەدا بەشەڕ بێن.

 تیری بەردین و گوللەی پۆڵایین بەریەک کەوتن. سوورپێستەکان نەیانتوانی بەر بەم بێگانانە بگرن. پیاوە سپی پێستەکان بە تۆپی بچووک چۆمە سەهۆڵ بەستووەکانیان داگیرکرد. ئەوان بە نێو دارستانە تاریکەکاندا تێپەڕین و بە شاخە بەردینەکانیشدا سەرکەوتن.

پیاوێک لەمانە لە بەر دەم خێوەتێکدا لە نزیک چۆمێکەوە دانیشتبوو. ناوی ئەم پیاوە 'های ستۆکارد' بوو. لە سەر دووکەڵ و بڵێسەی ئاگرەکەیەوە دەیڕوانی بۆ گوندێکی سوورپێستەکان کە زۆر لەوێوە دوور نەبوو.

لە نێو خێوەتەکەیدا دەنگی گریانی منداڵێکی نەخۆش و دەنگی گۆرانییەکی نەرم و لەسەرخۆی دایکەکەی دەهات. بەڵام ئەم پیاوە ئێستاکە بەتەنگ ئەمانەوە نەبوو. ئەو بیری لە 'باپتیستی سوور' سەرۆکی ئەو گوندە دەکردەوە، کە تازە ئەوی بەجێهێشتبوو.

باپتیست پێی وتبوو، ''ئێمە لێرە تۆمان ناوێ. ئەگەر رێگا بدەین لەبەر ئاگرەکەمان دانیشی، بە دوای تۆ دا کڵێسەکەتان دێت، کەشیشەکان و خواکەتان دێت." باپتیستی سوور بێزار بوو لە خوای سپی پێستەکان. باوکی ئەو پیاوێکی ئینگلیسی بوو؛ دایکیشی کچی سەرۆکێکی سوورپێستەکان بوو. باپتیست لە پێشدا لە نێو سپی پێستەکان ژیابوو.

باپتیست لە کاتی هەرزەکاریدا ئەوینداری کچێکی فرانسەیی بوو، بەڵام باوکی کچەکە دژی ئەم دڵدارییە وەستابۆوە. کەشیشێکی مەسیحیش ئامادە نەبوو مارەییان ببڕێ. بۆیە باپتیسیت کچەکەی بردە نێو دارستانەکان . ئەوان چوونە لای خزمەکانی دایکی بژین. ساڵی دوایی ئەم کچە بەسەر یەکەم مناڵییەوە چوو.

باپتیست مناڵەکەی بردەوە بۆ نێو سپی پێستەکان. بۆ چەند ساڵێک لە نێویاندا بە ئارامی ژیا، تا کچەکەی باڵابەرز و جوان بوو. شەوێک، لە کاتێکدا باپتیست لە ماڵ نەبوو، پیاوێکی سپی ماڵەکەیانی بڕی و کچەکەی کوشت. کاتێک باپتیست هاواری بۆ دادگا برد، پێی گوترا خوای سپییەکان هەموو گوناهەکان دەبەخشێ. بۆیە باپتیست بە دەستی خۆی پیاوکوژەکەی کوشتەوە و بۆ هەمیشە گەڕایەوە نێو خزمەکانی دایکی.  

 ''سوێندم خواردوە هەر پیاوێکی سپی کە دێتە گوندەکەم، بۆ ئەوەی بژی دەبێ حاشا لە خواکەی بکا،" باپتیست بە 'های ستۆکارد'ی گوت. ''بەڵام چونکە تۆ یەکەم کەسی، ئەمکارەت لەگەڵ ناکەم ئەگەر هەر چی زووتر ئێرە بەجێبێڵی.''

 های ستۆکارد لە کاتێکدا سەبیلەکەی پڕ دەکردەوە، بەئارامی پرسیبووی، ''ئەی ئەگەر بمێنمەوە؟''

''ئەگەر بمێنییەوە، ئەوجا دەچی بۆ دیداری خوداکەت، خودا خراپەکەت، خودای سپییەکان!'' سەرۆکی سوورپێستەکان هەستایە سەرپێ و 'های ستۆکارد'ی بەجێهێشت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی.

رۆژی دواتر 'های ستۆکارد' بەچاوی رقەوە ئەیڕوانییە سێ پیاو کە لە بەلەمێکی دریژدا دەهاتن بۆ ئەو کەنار چۆمە. دوان لەو پیاوانە سوورپێست بوون. سێهەمینیان پیاوێکی سپی بوو، پەڕۆیەکی سووری لە دەوری سەری ئاڵاندبوو.

 'های ستۆکارد' دەستی برد بۆ تفەنگەکەی، بەڵام خێرا بڕیاری خۆی گۆڕی. هەر کە بەلەمەکە راوەستا، پیاوە سپییەکە بازی دایە دەر و رایکرد بۆ لای 'ستۆکارد'.

"سڵاو ستۆکارد، ئەوا یەکترمان دییەوە. من دەزانم تۆ پیاوێکی تاوانباری، بەڵام من 'ستارگێس ئۆوین' بەندە و خزمەتکاری خوام. من دەمهەوێ تۆ بگەڕێنمەوە بۆ کلیساکەمان.

ستۆکارد وەڵامی دایەوە، ''باش گوێم لێ بگرە، ئەگەر لێرە بمێنیەوە کێشە سازدەکەی بۆ خۆت و پیاوەکانت. ئێوە هەمووتان دەکوژرێن، هەر وەها خۆم و ژن و منداڵەکەیشم!''

ئۆوین سەیرێکی ئاسمانی کرد و گوتی: ''کەسێک خوا لە سەریدا و ئینجیل لە دەستیدا بێ خوا دەیپارێزێ."

سبەینەکەی، باپتیست سەرۆکی سوورپێستەکان هاتەوە بۆ خێوەتەکەی ستۆکارد.

 ''ئەو کەشیشە بدە دەستم،'' باپتیست داوای کرد. "ئەگەرئەمە بکەی دەتوانی  بە ساخی بڕۆیەوە، بێتوو ئەمە نەکەی، دەمری.''

ستارگێس ئۆوین ئینجیلەکەی گرت بەدەستەوە و گوتی، ''ئەمن ناترسم، خوا من دەپارێزێ و لە دەستی راستییەوە رامدەگرێ.

ئامادەم لەگەڵ باپتیست بچمە گوندەکەی. لەبەر خوا رۆحی ئەو رزگار دەکەم.  

 های ستۆکارد سەری راوەشاند. ''گوێم لێ بگرە باپتیست، من ئەم قەشەم نەهێناوەتە ئێرە، بەڵام ئێستا کە ئەو لێرەیە، رێگات پێ نادەم بیکوژی. ئەگەر ئێمە لەگەڵ یەک شەڕ بکەین زۆرێک لە خەڵکەکەت دەکوژرێن.''

باپتیست چاوی لە چاوی ستۆکارد بڕی و گوتی، ''بەڵام ئەوانەی زیندوو دەمێننەوە وشەکانی خوایەکی بێگانە و نامۆیان ناگاتە گوێ.''

پاش تاوێک بێدەنگی، باپتیستە سوور سووڕایەوە و گەرایە دواوە بۆ گوندەکەی. ستارگێس ئۆوین دوو پیاوەکەی بانگ کردە لای خۆی، هەر سێکیان چۆکیان دادا بۆ نزاو دوعا کردن. ستۆکارد و ژنەکەی دەستیان کرد بە خۆ ئامادە کردن  بۆ شەڕ.

کە ئەمان بە خۆئامادە کردنەوە خەریک  بوون دەنگی تەپڵی جەنگ لە گوندەکەوە دەگەیشتە گوێیان.

ستارگێس ئۆوین هەروا راوەستابوو نزای دەکرد، هەستی دەکرد گەرما و جۆشی ئایینییەکەی سارد دەبێتەوە. ترس لە دڵیدا جێگای هیوای دەگرتەوە. لە مێشکیدا حەز بەژیان جێگای خۆشەویستیی خوای گرتبۆوە. حەز و خۆشەویستی بۆ ژیان!

ئەو نەیدەتوانی بەر بەم هەستەی خۆی بگرێ. ئۆوین هەروا دەیزانی ستۆکاردیش حەز بە ژیان دەکا. بەڵام ستۆکارد مەرگی لا باشتر بوو تا شەرمەزاری.

گرمەی تەپڵی جەنگ پەرەی ساند و لەپڕێکا وەستا.

لێشاوێک قاچڕەش هوروژمیان بردە سەر خێوەتگەکەی ستۆکارد. بارانی تیر لە هەوادا ویزەی دەهات. رمێک چەقییە لەشی ژنەکەی ستۆکاردەوە. گوللەی ستۆکارد وەڵامی دانەوە. شەپۆل دوای شەپۆل شەڕکەرانی سوورپێست بەربەستەکانیان شکاند. ستارگێس رایکردە نێو خێمەکەی. دوو پیاوەکەی هەرزوو کوژران. های ستۆکارد بەتەنیا لەسەر پێ مابۆوە، هێرشبەرانی سوورپێستی دەخستنە زەوی.

ستۆکارد لە دەستێکیدا تەورێک و لە دەستەکەی دیکەیدا تفەنگەکەی راگرتبوو. لە پشتییەوە دەستێک لاقە بچکۆڵەکانی منداڵەکەی ستۆکاردی گرت و لە ژێر لەشی دایکەکەیدا رایکێشا.

سوورپێستەکە منداڵەکەی لە هەودا راوەشاند و کێشای بە کۆتەرەدارێک و مێشکی پژاند. ستۆکارد وەرگەڕایەوە و سەری سوورپێستەکەی بە تەور پەڕاند.

بازنەی دەموچاوە تووڕەکان لە ستۆکارد نزیک دەبوونەوە. دوو جار خستیانە تەنگانەوە، بەڵام هەرجارەی گەڕاندنیانەوە دواوە. سوورپێستەکان دەکەوتنە بەر پێێ بە جۆرێک کە زەوی بە خوێن تەڕ بوو. سەرئەنجام باپتیست پیاوەکانی بانگ کردەوە بۆ لای خۆی.

"ستۆکارد،'' باپتیست بانگی لێکرد. ''ئەتۆ پیاوێکی ئازای. حاشا لە خواکەت بکە و منیش رێگات پێئەدەم لێرە بمێنیەوە!''

دوو سوورپێست ستارگێس ئۆوین یان لە خێوەتەکەی کێشایە دەر. ئەو بریندار نەببوو، بەڵام لە ترسا چاوەکانی شیت ببوون.

ئەو رقی لە خوا هەستابوو، بۆ ئەوەی ئەوەندە ئەوی لاواز دروست کردبوو. لەبەرچی خوا باوەڕی داوەتێ کەچی هێزی نەداوەتێ؟

ئۆوین لە بەردەم باپتیستە سووردا هەڵدەلەرزی. "ئێستا خواکەت لە کوێیە؟'' باپتیست پرسیاری لێکرد.

''نازانم،'' ئۆوین وەڵامی دایەوە.

''خوایەکت هەیە؟''

''هەمبوو.''

''ئەی ئێستا؟''

''نا، نیمە.''

''زۆر چاکە،'' باپتیست گوتی. ''لێێ گەڕێن ئەم پیاوە ئازادە با بڕوا. هیچی لێ مەکەن. بیگەڕێننەوە بۆ نێو خەڵکەکەی. ئەو دەتوانێ بە کەشیشەکان بڵێ لە مەڵبەندی باپتیستە سووردا خوای لێ نییە.''

باپتیست وەرچەرخایەوە بەلای های ستۆکارددا و گوتی، ''خوایەک بوونی نییە.'' ستۆکارد پێکەنی. یەکێک لە جەنگاوەرانی سوورپێست رمی جەنگەکەی بەرز کردەوە.

باپتیست گوڕاندی، ''ئەتۆ خوایەکت هەیە؟''

ستۆکارد هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و گوتی، ''بەڵێ، خوای باب و باپیرانم.''

رمەکە بە هەوادا فری و راست چەقییە سەر سینگی ستۆکارد. ستارگێس ئۆوین، تەماشای کرد ستۆکارد بە هێواشی کەوتە زەوی. ئەوجا سوورپێستەکان ئۆوینیان خستە نێو بەلەمێک. ئۆوین بە چۆمەکەدا رۆییە خوارەوە بۆ ئەوەی پەیامەکەی باپتیستە سووری بگەیەنێتەخەڵکەکەی کە، لە وڵاتەکەی ئەودا خوا نییە. 

گەڕان بۆ بابەت