فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی پیشانی بدەین جیهانی دەرەوەی ئێمە دەکرێ زۆر لەوەی هەیە جۆراوجۆرتر و فرەچەشنتر بێت. نووسین ئازادکردنی تەمومژی رۆحی ئێمەیە بە تەمای دۆزینەوەی جیهانەکانی تر لە گەمەیەکی هەستیارانە و ئپیسمتۆلۆژیدا.

 

نووسینی دەقی چیرۆک و رۆمان رەوتێکە تێیدا پێش لە هەر شتێک دەبێ نووسەر بەجوانی هەست بەو شتەی بکا وا بەڵێنە لەسەری بنووسێ. لەم رەوتەدا پێش ئەوەی بیر بیگاتێ، دەبێ هەستێکی دەروونی وەک تەم و مژێک خۆی لە بابەتەکە بئاڵێنێ و ئەوسا بەرەبەرە وێنەکان روون و روونتر ببنەوە. ئەم هەستە ئەو دەرفەتەدەدا رۆحی نووسەر خۆی لە رۆحی بابەتەکەی، تەنەنات گەر دیاردەیەکی مەتریالیش وەک بەرد یاخود ئاسمان بێت، بدات. بە شێوەیەکی باشتر بڵێین رۆحی نووسەر لە رێگای ئەم پەیوەندییە دەروونییەوە دەبێتە بەخشێنەری رۆح و مانا بە دیاردەکەی بەرامبەری و بەم شێوەیە دیاردەی بەرامبەر تەنیا مەتریاڵێکی ساردوسڕ نابێ (یاخود لە مانایەکی رۆمانتیکی دا رۆحی دیاردەکەیش دەگاتە رۆحی نووسەر و دەکەوێتە کارتێکەرییەکی دوولایەنە لەگەڵیا). شتەکان دەبن بە خاوەن مانایەکی تر. جۆرێک لە مانای فەلسەفی پەیدادەکەن. زیاتر لەوەی لە ژیانی واقعدا دەینوێنن لە لای نووسەر دەبنە خاوەن خەسڵەتی تر کە رەنگە تەنیا لای نووسەرەکە ئەمە خۆی پیشاندەدا. واتە شتەکان و دیاردەکان بە گوێرەی سەرنج و رۆح و هەستی دەروونیی نووسەر بەتاک دەبنەوە و لە گشتیەتی خۆیان دووردەکەونەوە. لای نووسەر گەر وەها رەوتێک دەست پێنەکا ئەوا قەت رەوتی نووسەریش ناتوانێ سەرهەڵبدا. لە راستیدا دەق دەبێ لە خۆیدا شتێک ببینێتەوە کە لە جیهانی ئاساییدا بەڕواڵەت نابینرێ، بەڵام لای نووسەر دەبینرێ و دەبێ بە دەق.

وەسفکردنی ئەم حاڵەتە دەروونییەی نووسەر یەکجار دژوارە. تەنانەت بۆ خودی نووسەرەکەیش. لەخۆوە نیە کە دەبێ دەق لەدایک ببێ، چونکە لەرێگای دەقەوەیە نووسەر دەتوانێ ئارام ئارام بە گوێرەی بەرەوپێشچوونی وشە و رستەکان ئەم حاڵەتە بخەمڵێنێ و سەرئەنجام بە شیوازێک لە شیوازەکان فۆڕمی پێ ببەخشێ و بیکا بە بوون و تەنانەت خۆیشی لەدوواجاردا تێی بگا. ئەمە جۆرێکە لە پەلەقاژەی رۆحیی نووسەر. پەلکوتانە لەناو تەمومژەکە. گەمەیەکە لە نێوان هەستە ناڕوون و هەستە روونەکاندا کە سەرئەنجام دەبێ لە زۆرینەی خۆیدا بە قازانی بەشی دووهەم بشکێتەوە. هەرچەند لە وەها حاڵەتێکیشدا هێشتا هەموو شتێک نەگوتراوە و ناشتوانرێ بگوترێ. ئەمە بەخشێنەری جۆرێک لە قووڵاییە. لە قووڵاییەکاندا شتێک لە جموجۆڵدایە کە دەیەوێ بگاتە رووبەر، بەڵام قووڵاییەکان ئەوەندە ئاسانیش وازی لێناهێنن و ئەوەندە ئاسان رازەکان لەگەڵ کەس بەشناکەن. ئەوان بەردەوام بەرەو خۆیان رایاندەکێشنەوە. ئەوە گەمەیەکی ئەزەلی و ئەبەدییە لەنێوان قووڵایی و رووبەر. گەمەیەک کە هەمیشە وەک گەمە دەمێنێتەوە، تەنانەت لە دەقیشدا.

گەمە لە قووڵاییەکاندا هەمیشە جۆریک لە هەستی بێهوودەییش دەبەخشێ. بەڵام هاوکات دەبێ بڵێین کە مانەوە لە بێهوودەییەکانیشدا بۆ مرۆڤ یەکجار دژوارە. بۆیە بێهوودەییەکان مەیلی جێهێشتنی خۆیانیان هەیە. وە ئەم جێهیشتنە دەتوانێ یارمەتیدەری رەوتی لەدایکبوونی دەق بێت. بەڵام سەیر ئەوەیە ئەوەی وا لە قووڵاییەکاندا واتە لە بێهوودەیشدا دەژی، لەگەڵ ئەوەی رۆحی هەڵگری وەها خەسڵەتێکە کەچی بۆ هەمیشە ناتوانێ تەسلیمی بێت. دەق، رزگاریی نووسەرە لەم خەسڵەتە، تەنانەت گەر لە گشتییەتی خۆیشیدا هەڵگری ئەم بێهوودەییە بێت. ئێمە ناچارین بۆ ئەوەی لە بێهوودەی رزگارمان بێت، یاخود لەگەڵابوونەکەی بۆ خۆمان ئاسانتر بکەینەوە، دەبێ بیکەین بە دەق. ئەوکات بێهوودەیی دەبێ بە بوونێک لە دەرەوەی من لە قەوارەی تایبەت بەخۆیدا. بوونێک کە من جاروبارە دەتوانم بچم دەستی بدەمێ و ئەوسا وەک شتێکی سەربەخۆ بیخوێنمەوە و لێی تێبگەم و، لە رێگای تێگەیشتنەوە دەستەمۆی بکەم. بەم شێوەیە سەرئەنجام تواناکانی ژیان لە خۆما بەهێزتر بکەم.

قەت بەتەنیا زانیاری نەبووەتە هۆی دروستبوونی چیرۆکنووس و رۆماننووس. ئەگەر وابووایە دەبا بە گوێرەی هەموو مرۆڤەکانی سەر رووی زەوی نووسەرمان هەبووایە. بۆیە ئەو حاڵەتە دەروونییەی وا باسمان لێکرد یەکجار گرینگە.

رەنگە پرسیار بکرێ داخۆ ئەم حاڵەتە ناتوانێ لە هەموو مرۆڤەکاندا هەبێ؟ بێگومان دەتوانێ. لە هەموو مرۆڤەکاندا لە قۆناغیکی ژیاندا پرسیارە سەرەکییەکان سەرهەڵدەدەن. ئەمە لە هەمووماندا هاوبەشە، بەڵام مەرج نیە ئەم حاڵەتە لە هەمووماندا بە یەک شێواز بەردەوام بێت. جۆری هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان لەگەڵ ئەم حاڵەتە جیاوازە. هەندێ لەگەڵی رادێن و لەگەڵیا دەژین، هەندێکی دیکەیش کە ژمارەیان یەکجار کەمە دەکەونە مامەڵەیەکی بنەڕەتی لەگەڵیا. مامەڵەیەک کە لە بەردەوامیی خۆیدا هەتا دێت قووڵایی و بەرینایی زیاتر پەیدادەکا. لێرەدا مرۆڤەکان دەکەونە قۆناغی هەڵبژاردنەوە. یەک هەڵدەبژێرێ ئەم حاڵەتە بخاتە کەنارەوە و جاروبارە نیوەنیگایەکی لەسەری هەبێ و، یەکی تر نایخاتە کەنارەوە و دەیکا بە پرس و بابەتی سەرەکی ژیانی خۆی.   

زۆر نووسەر هەن کە بۆ نووسەربوون باس لە گرینگیی هەبوونی نەهامەتییەکانی ژیان دەکەن. ئەمە راستە، بەڵام نەهامەتی بەتەنیا وەڵامدەرنیە، گەر ئەم نەهامەتییانە نەبنە هۆی سەرهەڵدانی قووڵاییەک لە کەسەکەدا. قووڵاییەک کە نیازی دەربڕین دەڕەخسێنێ. رەنگە لێرەوە بگەینە چەمکی 'حەساسبوونی کەسەکە' خۆی. ئەمە راستە، بەڵام دیسان دەبێ لەبیرمان بێت کە زۆر کەسی حەساس هەن و کەچی نەبوونەتە نووسەر (دیارە بەو فەڕزەی تایبەتمەندییەکانی تری وەک خوێندەواری و زانیاری لەسەر ئەدەب و... لەئارادابن). لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە بەنووسەربوون هەڵبژاردنە. مرۆڤ دەبێ هەڵبژێرێ. ئەگەرچی لەناو ئەوانەیشدا وا دەگەنە ئەم هەڵبژاردنە، دیسان زۆریان لە رێگادا دەمێننەوە و ناگەنە ئەو ئاستەی کە پێویستە بۆ دەربڕینی هەستە تەم و مژاوییەکەی سەرەتا و ئە چنگەکڕێیەی وا دەیکا بۆ خۆخەمڵاندنی.

ئۆسکار وایڵد سەبارەت بە رۆمانە بەناوبانگەکەی خۆی بەناوی 'وێنەی دوریان گرەی' و سێ کەسایەتیی سەرەکیی ناو ئەم دەقە دەڵێ: "دوریان گرەی هەڵگری بەشێکی زۆر لە وجوودی من لە خۆیایەتی. 'باسیل هاروارد' ئەو کەسەیە من بیردەکەمەوە هەم. 'لۆرد هێنری' ئەو کەسەیە وا دونیا بیردەکاتەوە منم. 'دوریان'یش ئەو کەسەیە من حەزدەکەم ببم... جا رەنگە لە زەمەنێکی تردا."

ئەوەی لەم قسانەی ئۆسکار وایڵددا سەرنجڕاکێشە، وشەی 'حەز'ە. حەز لێرەدا ناوێکی ترە بۆ وشەی 'هەڵبژاردن' کە کەڵکمان لێوەرگرت. نووسەر دەیەوێ ببێ بە شتێک کە لە ژیانی راستەقینەدا نیە و بۆیە لە رێگای دەقەوە دەیەوێ لە زەمەنێکی تردا ببێ.

جگە لەمە، ئەو پەرگرافە پیشانیدەدا هەموو کەسایەتییەکانی ناو دەق بەجۆرێک هەڵگری خەسڵەتی خودی نووسەرن، چونکە گەر وانەبێ نووسەر ناتوانێ دەربڕیان بێت. بە واتایەکی تر ئێمە گەر نەتوانین ژیانی ئەوانی تر بژین (لە رێگای هەستە دەروونییەکانمانەوە) ناتوانین ژیانیان بنوێنینەوە. سەرەکیترین رێگا یاخود دەستپێکی 'ژیانی ئەوی تر ژیانکردن' ئەوەیە کە تەمومژەکەی رۆحی ئێمە دەبێ لەیەکەم هەنگاودا خۆی بگەیەنێتە ئەوێ بۆ ئەوەی دوواتر لە رێگای چەمکەکانی ترەوە (وەک دەستەبەرکردنی زانیاری رۆژانە لە سەر ژیانیان) ئەم لێککەوتنە رۆحی و دەروونییە بگەیەنێتە ئاستێکی تر. لە راستیدا لە رێگای تەمومژەکەوەیە ئێمە جۆرێک لە ناسینی ئەوی تر لە رێگای 'بەئەوی تر بوون' فەراهەمدەکەین کە تەنیا لە رێگای زانیاریی مەتریاڵییەوە دەستەبەرناکرێ.

گەر نووسەر بتوانێ ئەمە بکات، ئەوا دەرفەتی سازکردنی کەسایەتییەکانی بۆ دەڕەخسێ. کەسایەتی (کاراکتێر) لەبەر ئەوەی تەنیا زانیاری نیە و هەستیشە، بۆیە نووسەر پێش لەهەر شتێک دەبێ بتوانێ بگاتە ئەو هەستەی ئەو، نەک زانیارییە دەرەکییەکان. ئەوەی کە کەسی دیاریکراو چلۆن دەڕوانێتە دونیا و چلۆن دونیا و دیاردەکانی لەناو فیلتەری هەستەکانی ئەوەوە تێدەپەڕن.

کەواتە نووسەربوون، بریتییە لە هەستێک کە دەبێ لە فۆڕمی خۆیدا سنووری تاکایەتی خودی نووسەر ببڕێ و بتوانێ ئاوێتەی هەستی گەلێک لە مرۆڤەکانی دیکەیش بێت. دەتوانین بڵێین کاتێک ئۆسکار وایڵد رۆمانی وێنەی دوریان گرەی دەنووسێ لە راستیدا چەندین کەس و چەندین کاراکتێرە کە بەردەوام لەگەڵ یەکتری لە مشتومڕ و لە کێشمەکێش و هەروەها تاعامولدان.

ئێمە دەنووسین بۆ ئەوەی تەعبیر لە هەستە دەروونییەکانی خۆمان بکەین. بۆ ئەوەی نیشانیدەین لە جیاتی یەک جیهان، جیهانە جۆراوجۆرەکان (بەقەدەر ژمارەی مرۆڤەکان) بوونیان هەیە و ئەمەیش تەنیا بە هۆی هەبوونی هەستە دەروونییەکانی ئێمەوە دەستدەدا. نووسین خۆدابەشکردنی نووسەرە بەسەر کەسایەتییەکانی تردا، یاخود خۆبەژوورەوەداکردنی کەسایەتییەکانی ترە بە جیهانی نووسەردا. ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی پیشانی بدەین جیهانی دەرەوەی ئێمە دەکرێ زۆر لەوەی هەیە جۆراوجۆرتر و فرەچەشنتر بێت. نووسین ئازادکردنی تەمومژی رۆحی ئێمەیە بە تەمای دۆزینەوەی جیهانەکانی تر لە گەمەیەکی هەستیارانە و ئپیسمتۆلۆژیدا.

درێژەی هەیە...