ما 7069 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

تیرۆر، رەشترین رەنگی دونیا

تیرۆری دوانزە کەس لە پاریس کە چواریان لە کاریکاتۆریستە بە ناوبانگەکانی وڵاتی فەڕانسە بوون و، یەکیان ئابووری ناسێکی ناو بە دەرەوە بە دەستی سێ تیرۆریست، بوو بە سەردێڕی گرینگترین هەواڵەکانی دونیا و بە گشتی جیهانی مرۆڤایەتی هەژاند. بیانووی تیرۆریستەکان بۆ ئەم کردەوە دژی مرۆڤانەیە، دەرکردنی کاریکاتۆر لە سەر پەیامبەری موسوڵمانان لە لایەن ئەو ناوەندە رۆژنامەگەرییەوە بوو کە ئەو کەسانە کاریان تێدا دەکرد.

ئەوەی کە دەکرێ لەم پەیوەندییەدا جێگای سەرنج بێت ئەم خاڵانەن:

 

ـ تیرۆریستەکان "سوکایەتی بە محەممەد" دەکەن بە بیانوو و لە لایەن ئەوەوە و بە ناویەوە دەست دەدەنە تیرۆر ، لە کاتێکدا خودی محەممەد لە ژیاندا نەماوە و دیار نییە گەر هەبایە چ هەڵوێستێکی لە سەر ئەو کاریکاتۆرانە دەبوو. کەس نازانێ تیرۆریستەکان ئەم نوێنەرایەتییان چلۆن لە محەممەد وەرگرتووە، لە کاتێکدا کە کەمترین دەنگ و پشتگیری دونیای ئیسلام و موسڵمانان، ئەوانەی خۆیان بە ڕێرەوانی راستینی محەممەد دەزانن، لە پشتیاندایە.

ـ تیرۆریستەکان زیاتر لە هەر بەشێکی تری گروپ و تاقمە جۆربەجۆرەکانی ناو موسوڵمانەکان پێداگری لە بەرحەق بوونی کردەی  خۆیان دەکەن. لە کاتێکدا  هەر وەک ئاماژەمان پێدا زۆرینەی خەڵکی موسڵمان بە زانایان و خەڵکی عادییەوە نەک هەر لەگەڵیان نیین بەڵکو رێک بە پێچەوانەی ئەو کردە و کردەوانەی ئەوان بیردەکەنەوە. ئیتر چلۆن دەتوانن ئاوەها دڵڕەقانە و بە دڵنیاییەوە دەست بدەنە جینایەتی لەم چەشنە؟

ـ دیار نیە کە تەنانەت لە ئەگەری قەبوڵ کردنی ئەوەی کە سووکایەتی بە محەممەد کراوە، بۆچی دەبێ سزای تاوانبار کوشتن بێت. تیرۆریستان بە چ حوکمێک (چ ئایینی و چ دونیایی)، ئەو ئیزنە دەدەن بە خۆیان.

ـ لە کاتێکدا خودی ئەو کۆمەڵگایانەی ئیسلام دینی سەرەکییە تێیاندا، رۆژانە بە جۆرەها شێوە لە رێگای درۆکردن و سوێندی درۆ خواردن بە موقەدەسات (بۆ وێنە سوێندی درۆخواردن بە ناوی خودا و پێغەمبەر) و، دزی و لاوازبوونی ئەخلاق سوکایەتی بە خودی دینی ئیسلام لە لایەن خودی موسوڵمانانەوە دەکرێ، بۆچی دەبێ دەرکردنی چەند کاریکاتۆرێک گرینگییەکی زیاتر پەیدا بکەن لەم دیاردانە؟ داخۆ باشتر نیە ئەوان پێش هەموو شتێ ئاوڕ بدەنەوە سەر کێشە دەروونییەکانی خودی کۆمەڵگا ئیسلامییەکان؟ هەروەها بڵێی ئەم کردەیە زیاتر مەبەستی سیاسی و گروپی لە پشتەوە نەبێ؟ لە جیهانێکدا کە گروپە توندڕەوەکان بەشێک لە سوپای پیادەی زلهێزەکانن، تۆ بڵێی کردەی لەم چەشنە بەشێک لە گەمەیەکی سیاسیی گەورەتر نەبێ؟  

تیرۆری پاریس جگە لە هەموو ئەو ئەگەرانەی کە باسکرا، تیرۆری دیمۆکراسی و ماڤی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەریی ئازادیشە، ئەو دیاردانەی کە هەر توندڕەوێک لەم جیهانە لێیان دەترسێ. مەبەستی تیرۆریستان لەم چەشنە کارانە گرژکردنی دۆخی گشتی و رۆح و دەروونی مرۆڤەکانە بە مەبەستی شێواندنی دەستکەوتەکانی مرۆڤ لە هەموو بوارە جوانەکانی ژیانیدا. ئەوان خەون بە جەهەننەمەوە دەبینن.

سایتی قەڵەم

٨ ی یانواری ٢٠١٥

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت