ما 4006 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بە بێ بیرەوەری نووسین لەدایکنابێ. بیرەوەری منداڵدانی نووسینە. بەڵام خودی بیرەوەریش بە تەنیا بریتی نیە و ناتوانی بریتی بێت لە دەقیكی ئەدەبی. بیرەوەری تەنیا ماددەیەکی خاو و کاڵە بەدەستمانەوە. دەبێ کاری لەسەر بکرێ. دەبێ پیایا بگەڕێین و گوڵبژێری بکەین و وەهایان لەپاڵ یەکتردا دابنێین بتوانین مانای دەق ئاسای لێ دەربهێنین.

 

مرۆڤ دەژی، رووداوەکان ئەزمووندەکا و پاشان روواوەکان وەک بیرەوەری لەناو زەین و دەروونیدا دەمێننەوە. بەم شێوەیە مرۆڤ تەنیا بریتی نیە لە جەستەیەک و لە زەینێک لە ئیستا، بەڵکو بریتییە لە جەستەیەک و لە زەینێک لە رابردوویش.

لە نێوان رووداوەکان و بیرەوەرییەکاندا هەمیشە هاوچەشنیەکی وەک یەک بوونی نیە. مرۆڤ رووداوەکانی کتومت وەک خۆی لەبیرنیە. نە زەینی مرۆڤ هەموو بەشەکان لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێ و هەروەها بە گوێرەی قۆناغە جۆراوجۆرەکانی تەمەن و روانگەکانیشمان رووداوەکان لە ناو بیرەوەرییەکاندا خۆیان دەگۆڕن. کاکڵێک دەمێنێتەوە، بەڵام ئەم کاکڵە شێواز دەگۆڕێ و بگرە هەر جارەی دەتوانین بە جۆرێک هەستی پێبکەینەوە. کەواتە رووداو وەک خۆی وەک هەمیشە لەو شوێن و کاتەی وا روویداوە دەمێنێتەوە، بەڵام وەک بیرەوەریی بەردەوام دەتوانێ ئەو شوێن و کاتە جێ بێڵێ و بگاتە هەنووکە و داهاتوویش. ئەمەیش تەنیا بە هۆی زەین و زاکرەی مرۆڤەوە دەستدەدا.

هەتا تەمەن هەڵدەکشێ مەودای نێوان ئێمە و رووداوەکان روو لەزیادبووندەکەن. هەتا رووداوەکانی ژیانیشمان زیاتر و زیاتر بن ئەوا هەموویان زیاتر دەکەونە ژێر کاریگەریی یەکترەوە. بگرە بە گوێرەی توانای بیرکردنەوەشمان بیرەوەرییەکان دیسان خۆیان دەگۆڕن. مەودا و چڕی دەیانخەنە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە.

مرۆڤ دەتوانێ هەر جارە و بە گوێرەی کات و شوێنە تازەکان و بە گوێرەی توانای بیر و ئەو لایەنانەی وا زیاتر بۆی گرینگە، زیاتر تیشک بخاتە سەر لایەنێکی دیاریکراوی یەک رووداو و، بەم شێوەیە لەو توانایە بەهرەمەند دەبێ کە بتوانێ یەک رووداو بە جۆرەها شێواز بگێڕێتەوە.

جگە لەمە یەک رووداو، بۆ وێنە دیمەنێکی شەڕ، تەنیا یەک رووداوی کۆنکرێتی نیە، بەڵکو رووداوێکی گشتیشە. دیمەنێکی بۆمباران هەم دیمەنێکی دیاریکراوە و هەم دیمەنێکی گشتی بەو مانایە کە لەگەڵ چەمکی شەڕ (وەک چەمکێکی گشتی) پەیوەندی بەرقەراردەکا. لە راستیدا ئێمە بە هۆی چەمکە گشتییەکانەوە دەتوانین رووداوە دیاریکراوەکانیشمان لەبیر بمێنێ. هەروەها ئەم پەیوەندییە، واتە پێوەندیی نێوان تایبەت و گشتی، ئەو دەرفەتەمان دەداتێ هەر جارەی لە ژێر تیشکی چەمکی گشتیدا بە جۆرێک رووداوێکی تایبەت بخوێنینەوە.

ژیان بریتییە لە رووداوەکان، هەروەها لە هەمان کاتدا بریتییە لە بەسەرکردنەوەی بەردەوامی رووداوەکان. دیارە ئەمە بەو مانایە نیە مرۆڤ هەموو رووداوەکانی رابردوو بەسەردەکاتەوە، نا، بەڵکو تەنیا دەگەڕێتەوە سەر ئەوانەی وا لای گرینگن. ئەم گرینگ بوونەیش لەهەر مرۆڤێکەوە بۆ ئەوی تر گۆڕانی بەسەردادێت. هەنووکە و داهاتوو بریتین لە کۆی رووداوەکان و یادەوەریی رووداوەکان. بەم پێیە بیرەوەرییەکان دەوری گرینگ لە ژیانی ئێمەدا دەگێڕن. بە بێ بیرەوەی ئێمە خاوەن مێژوو نین و لە رەوڕەوی مێژوو دەچینەدەرەوە. بیرەوەریی و مێژوو بە جۆرێک یەک شتن ئەگەرچی کتومت وەک یەکیش نین. چونکە لە مێژوودا لۆژیکێک دەبینرێ، بەڵام لە بیرەوەریدا مەرج نیە هەمان لۆژیک هەبێ. مێژوو بریتییە لە بیرەوەرییەکی خاوەن لۆژیک. لە مێژوودا بیرەوەرییەکان دەبنە خاوەن چوارچێوە و خاوەن سترۆکتۆر.

مرۆڤ کە بە رادەی پێویست بوو بە خاوەن رابردوو و خاوەن رووداو، ئەوسا دەتوانێ دەستبداتە قەڵەم. بەڵام مەرج نیە گێڕانەوەکان هەمیشە لە فۆڕمی رابردوودابن. رووداوەکان دەتوانن بەرگی ئیستا و داهاتوویش لەبەربکەن.

هەتا ساڵەکان و رووداوەکانیش زیاتر کەڵەکەدەبن، مرۆڤ زیاتر هەستی نۆستالۆژی و بیرەوەری تیایا شکڵدەگرێ. سەرئەنجام زەمەنێک دێت کە بیر لە رابردوو و لە کات دەکەینەوە. ئەو رابردوو و کاتەی وا لە قەوارەی رووداوەکاندا، رووداوە روودراوەکاندا خۆیان حەشارداوە.

جاری وایە بیردەکەینەوە ئەگەر بتوانین هەمان کردەی جاران ئەنجامبدەینەوە ئەوا رەنگە بتوانین رابردوو بژیەنینەوە، بەڵام زۆر خێرا تێدەگەین کە بە ئەنجامدانی هەمان کردە رابردوو ناژیەتەوە. لە راستیدا یەک کردە، ئەگەرچی بەڕواڵەت دەتوانێ یەک کردە بێت، بەڵام لە هەر دووپاتبوونەوەیەکی خۆیدا لە زەرفێکی زەمەنی و شوێنی تایبەتدا روودەدا و بۆیە هیچ کردەیەکی وەک یەک لە راستیدا هەمان کردە نیە. ئەمە هەمان شتە کە ناوی دەنێین 'گوزەر'. ئێمە بوونەوەرەکانی ناو گوزەری زەمانین. لەم گوزەرەدایە دەبینە خاوەن مانا. لەم گوزەرەدایە رووداوەکان روودەدەن و هەر لەم گوزەرەیشدایە دەتوانین بیانکەینە بیرەوەری.

گەر بیرەوەری نەمێنێ دەگەینە فەرامۆشی. واتە مرۆڤێک کە لە رێگای لەبیرکردنی رابردوو و رووداوەکانەوە خۆیشی لەبیرچووەتەوە. ئەوەی ئیستاکە هەین بەتەواوی وابەستەیە بەوەی لە رابردوو لەبیرمان ماوە. بۆیە هەتا باشتر رابردوومان لەبیربێت و هەتا باشتر بتوانین وەسفی بکەین و لە گۆشەنیگای نوێترەوە بیخوێنینەوە ئەوا زیاتر مرۆڤی ئیستا و داهاتووین. بەردەوامی بە جۆرێک بریتییە لە پەلکێشکردنی رابردوو بۆ داهاتوو، ئەگەرچی کتومت هەر هەمان نیە.

لەگەڵ ئەوەی وەک جەستە ئێمە لە رابردووەوەین بۆ ئیستا و بۆ داهاتوو، بەڵام مەرج نیە وەک بیرەوەری هەمان رێچکە بێت. یەکێک لە خەسڵەتەکانی بیرەوەری شکاندنی ئەم رەوتە هێڵ ئاسایە. ئێمە وەک بیرەوەرییەکان دەتوانین بۆ وێنە لە داهاتووەوە بین بۆ ئیستا و بۆ رابردوو، یان لە ئیستاوە بۆ رابردوو و بۆ داهاتوو، یاخود لە رابردووەوە بۆ داهاتوو و دواتر بۆ ئیستا دەتوانین لەم سیانە حاڵەتی تێهەڵکێشی تریش دروستبکەین. بیرەوەرییەکان کاتێک هێڵی خەت ئاسای رەوتی جەستە تێکدەشکێنن، ژیان جۆراوجۆرتر دەکەن.

بە بێ بیرەوەریی نووسین لەدایکنابێ. بیرەوەری منداڵدانی نووسینە. بەڵام خودی بیرەوەریش بە تەنیا بریتی نیە و ناتوانی بریتی بێت لە دەقیكی ئەدەبی. بیرەوەری تەنیا ماددەیەکی خاو و کاڵە بەدەستمانەوە. دەبێ کاری لەسەر بکرێ. دەبێ پیایا بگەڕێین و گوڵبژێری بکەین و وەهایان لەپاڵ یەکتردا دابنێین بتوانین مانای دەق ئاسای لێ دەربهێنین. بەم پێیە نووسەر دەبێ خاوەن توانای وەبیرهێنانەوەیەکی ئەدەبیانە بێت. کەواتە هەموو وەبیرهاتنەوەیەک، ناتوانێ ببێ بە دەقی ئەدەبی. رووداوەکان بۆ ئەوەی ببن بە دقی ئەدەبی دەبێ تێکەڵ بە شتی دیکەیش بن. ئەوان دەبێ ببنە خاوەن قوولایی مانا. یاخود ماناکانیان تۆختر بکەنەوە. ئەمەیش تەنیا لە رێگای وەبیرهێنانەوەی ئەدەبیانەوە دەکرێ. زەین پێویستی بە راهێنانێکی لەم چەشنەیە. لێرەوە دەستبردنە ناو رەوتی رووداوەکان هەم ئاسایی دەبێ و هەم پێویست. نووسەر بۆ خوڵقاندنی مانای نوێ و مانای بەهێزتر رووداوەکان دەشەمزێنێ و خەیاڵیان تێکەڵدەکا. لە رێگای خەیاڵەوە رەوتیان تێکدەدا.

بەڵام داخۆ ئەمە دەبێتە گێڕانەوەی رووداو؟ ئا، دەبێ؛ بەڵام گێڕانەوەیەکی ئەدەبیانە. بەم چەشنە بیرەوەریەکان بەرگ دەگۆڕن. بەڕواڵەت هەمان نین کە روویانداوە، بەڵام خاوەن مانایەکی قووڵتر و بەرینترن. ئیعجازی ئەدەب رێک لێرەدایە کە دەتوانێ رووداوەکان پڕ ماناتر بکا لەوی هەن. گەر ئەمە نەکا ئەوا ئەم دەقە یاخود گێڕانەوەکە ناتوانێ ئەدەب بێت. دەبێ بتوانێ زیاتر لەوەی بجووڵێنێ وا خودی رووداوەکە دەیجووڵێنێ.

نووسەر بۆ ئەوەی ئەم کارە بکا، دەبێ رووداوەکە بە ئیستایشەوە بۆ جۆرێک گرێبدا. واتە دەبێ لە سۆنگەی ئیستاوە ئاوڕی بداتەوەسەر. بۆ ئەمەیش پێویستە لە دەروونناسیی سەردەم بگات. خویندنەوەی رووداوەکانی جاران بە گوێرەی هەنووکە یاخود داهاتوو. بەم شێوەیە رووداو نابێ بەوەی وا روویداوە، بەڵکو دەبێ بەوەی وا دەبێ دیسان رووبداتەوە. روودانێک کە لە زەینی نووسەرەوە بە خەسڵەتەکانی ئیستاوە تێدەپەرێ. وە لەم گێڕانەوەیەدا نابێ پیوەندی ئەوانمان لەگەڵ چەمکە ئەزەلی، ئەبەدیی و وجوودییەکان لەبیربکەین. چەمکەکانی وەک مەرگ و ژیان و مافی دڵەڕاوکێی هەڵبژاردن.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی رابردوو بنووسینەوە، بەڵام نەک وەک خۆی، بەڵکو وەک ئیستا و گەر توانیشمان وەک داهاتوو. نووسین خولخواردن بەناو رابردوودایە، بەڵام بە نیگای ئیستاوە. نووسین سەلماندنی ئەوەیە یەک رووداو، ئەگەرچی روویداوە، بەڵام هەمان رووداو نیە. رووداوێک بە هەمان کاکڵەوە دەتوانێ بێ ئەژمار دەرکەوتنی هەبێ و کاری نووسەریش نواندنەوەی ئەمەیە. ئێمە دەنووسین بۆ ئەوەی بە یەک شێواز بیر لە رابردوو نەکەینەوە و بە خەمڵاندنی جۆراوجۆری، فرەچەشنی بکەین. بەم شێوەیە لە رابردوودا نەمێنینەوە. نووسین بریتییە لە گەمەی ئازاد لە ناو بیرەوەرییەکاندا.

درێژەی هەیە...

گەڕان بۆ بابەت