هاوڕێ دڵشاد

ئەو سەردەم حزبی شیوعی ئەندام و دۆستێکی زۆری لە نیو نەخوشخانەی سەدام هەبوو. لە نێو ژوورەکانی نەشتەرگەریش ژمارەیەکی باش لە ئەندام و دوستمان هەبوو. ئەو ژمارەیە ئەگەر پەیوەندی حزبیشمان پێکەوە نەبوو، بەڵام هاوسۆزییەکمان لەگەل یەکتری هەبوو و لە زۆر بواردا یارمەتی یەکترمان دەکرد.

 

سەربوردەیەک لە رۆژانی تێکۆشانی نهێنی (١)

دڵشاد خدر

لە حوزەێرانی ١٩٨٦ بەشی 'بێهۆشی'م بە پلەی یەکەم لە پەیمانگای تەندروستی هەولێر تەواوکرد. لە کوتایی هەمان ساڵدا، وەک یاریدەدەری بێهۆشی لە نەخوشخانەی سەدامی ئەوکات و رزگاری ئێستا دامەزرام. ئەو سەردەم وابوو. ئەوانەی نمرەکانیان باش بوایە لەو شوێنانە دادەمەزران کە خۆیان دەیانویست. منیش خۆم ئەو نەخۆشخانەیەم هەلبژارد. چونکە هەم نەخۆشخانەیەکی خاوێن بوو، هەم هەموو ئامێرەکانی پێشکەوتووبوون، هەم زۆرینەی کارمەندانی بەشی نەشتەرگەری کەسانی پاک بوون لە رووی نیشتمان پەروەریەوە. کاری ئێمەش وەک یاریدەدەری بێهۆشی لە ژوورەکانی نەشتەرگەری بوو. پێش دامەزراندنیشم لەو نەخۆشخانەیە دوستایەتی و ناسیاویم لەگەل زۆرینەی ئەوانە هەبوو کە لە ژوورەکانی نەشتەرگەری کارییان دەکرد، چونکە ساڵی کوتاییمان زۆربەی روژەکانی پەیمانگا، ئێمە پراکسیزمان لەو نەخوشخانەیەدا هەبوو.

 پێکهاتەی ئەوانەی لە ژورەکانی نەشتەرگەری کاریاندەکرد، جیاوازبوون، بێجگە لە برینپێچەکانی نەشتەرگەری کە هەندێکیان پیاو بوون و زۆرینەشیان ئافرەت بوون، کرێکاری برینپێچیشی لێبوو هەم پیاو هەم ئافرەت کە ئەوانە زیاتر کاری بەردەستیان دەکرد. ژمارەیەکیش کرێکاری خزمەتگوزاریی لێبوو کە کاریان زیاتر هێنان و بردنی نەخوشەکان و خاوێنکردنەوەی ژوورەکانی نەشەتەرگەری بوو. ژمارەی یاریدەدەرە بێهوشیەکان کەمبوون و هەندێکیان برینپێچ یان یاریدەدری پزیشکی بوون و تەنیا لە رێگا خولێکی فیربوونەوە کاری یاریدەدەری بێهۆشیان دەکرد. ژوورەکانی نەشتەرگەریش پێنچ ژوور بوون و یەکەمیان تایبەت بوو بە نەشتەرگەری نەخوشیەکانی ئافرەتان و دووەمیش تایبەت بوو بە نەشتەرگەری چاو و سێ یەمیش تایبەت بوو بە نەشتەرگەری قورگ و گوێ و لووت و چوارەمیش تایبەت بوو بە جەراحەی گشتی و پێنجەمیش تایبەت بوو بە نەشتەرگەری دل و نەشتەرگەری گەورە.

ئەو ساڵە بەهۆی ئاشتبوونەوەی هێزە کوردستانییەکان، چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگەی حزبمان لە هەموو ناوچەکانی هەولێر بەگشتی و نێو شاری هەولێر بە تایبەتی زۆر پەرەی سەندبوو و روژانە سریەکانی شەهید عەباس و شەهید ئارام و شەهید پێشرەو چالاکیان هەبوو، ئەم چالاکیانەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر رێکخستنەکانی حزبمان لە نیو شاری هەولێر دانابوو و زیاتر و زیاتر خەلکی ناڕازی پەیوەندی بە رێکخستنەکانی حزب و هێزێ پێشمەرگەی حزبەوە دەکرد. هەر ئەو ساڵەیش دەزگا ئەمنیەکانی بەعس چالاکییەکانیان زیاتر و زیاتر کردبوو بەرامبەر هاورێیانی ناوەوە و  هەر ئەو ساڵەیش دەزگا ئەمنیەکانی بەعس لە رێگای پیاوانی خویان دوو کادیری بەرچاوی حزبیان لە نیو شاری هەولێر دەستگیر کرد (هاورێ ئارام و شەهید سەفەر).

ئەو سەردەم حزبی شیوعی ئەندام و دوستێکی زۆری لە نیو نەخوشخانەی سەدام هەبوو. لە نیو ژوورەکانی نەشتەرگەریش ژمارەیەکی باش لە ئەندام و دوستمان هەبوو. ئەو ژمارەیە ئەگەر پەیوەندی حزبیشمان پێکەوە نەبوو، بەڵام هاوسوزییەکمان لەگەل یەکتری هەبوو و لە زۆر بواردا یارمەتی یەکترمان دەکرد و بە رێزو خۆشەویستەیەکی زۆر مامەلەمان لەگەل یەکتری دەکرد. زۆرێک لەوانەش هاورێیانی عەینکاوە بوون.

هەر لەو شوێنە لە ژووری نەشتەرگەری نەخۆشخانەی سەدام، هەردوو هاورێی بەرێز و خوشەویستم هاورێیان (زەینەب و عاسی*)م ناسی و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بووینە ناسیاوی یەکتری. هاورێ زەینەب وەک برینپێچی نەشتەرگەری کاری دەکردوو و یەکێ لە هەرە برینپێچە بە تواناکانی نەشتەرگەری بوو لە نەخوشخانەی سەدام. خۆشی خاوەن کەسایەتیەکی بەهێز بوو هەموو کارمەندانی نەخوشخانە رێزیان لێدەگرت. هاورێ عاسیش لە بنەرەتا برینپێچ بوو بەلام خولێکی بێهۆشی دیتبوو وەک یاریدەدەری بێهوشی کاری دەکرد.

لە مانگی شوباتی هەمان ساڵدا هاورێ ئارام لە نیو شاری هەولێر لە رێگای پیلانێکی دەزگا ئەمنیەکان گیرا و ئەو گیرانە شڵەژانێکی گەورەی خستە نیو هاورێیان رێکخستنەکانی هەولێر، چونکە هاورێ ئارام پەیوەندیەکی بەرفرەوانی لەگەل هاورێیانی ناوەوە هەبوو و خەلکێکی زۆریشی دەناسی و ژمارەیەکی زۆریش لە مالە حزبیەکانی هەولێری دەناسی هاتووچۆی کردبوون.

گیرانی هاورێ ئارام راستەوخۆ ژیانی من و هاورێیان زەینەب و عاسی لە ژوورەکانی نەشتەرگەری خستەبووە مەترسیەوە. ئەوکات خۆم لە مالەوەی خومان بەدوور دەگرت زۆربەی شەوان لە مالی خزمان و کەسانی تر دەنووستم بەلام ناچار بووم دەوام بکەم. بۆیە ترسم زیاتر لە کاتی دەوام بوو کە بێن لە ژوورەکانی نەشتەرگەری بمانگرن، بویە خۆمان بۆ ئەوە ئامادەکردبوو کە لەکاتیکدا دەزگا ئەمنیەکان بێن بۆ گرتنمان چون خۆمان رزگار بکەین. لەسەرەتای گیرانی هاورێ ئارام، بەبێ ئەوەی چاوەکانم هیچ کێشەیەکیان هەبوبێت لە رێگای دکتور هیوای چاوان نەشتەرگەریەکی بچووکی بۆ چاوەکانم کرد، تا بتوانی یەک هەفتە ئیجازەم بداتی و خۆم حەشار بدەم. من بۆ خۆشاردنەوە و دوور کەوتنەوە چوومە شاری رانیەو لەوێوە لە رێگای تەلەفون روژانە هەوالی هەولێرم وەردەگرت و کە زانیم هیچ باسێک لەگۆری نیە گەرامەوە و چوومەوە دەوامی خۆم. بەلام هێشتا ترسەکەمان هەر مابوو. بەلام لەگەل تێپەرینی کات ترسی ئیعترافی هاورێ ئارام کەمتر دەبۆوە، بەلام لە کوتای مانگی شەش جارێکی تر لەگەل گیرانی کچێکی عێنکاوە هاورێیانی ژووری نەشتەرگەریەکان کەوتنەوە بەر هەرەشەی گیران.

هەر لە ژوورەکانی نەشتەرگەری کچێکی مەسیحیمان لەگەل بوو کە ناوی مەها بوو و  وەک کرێکاری برینپێچی لە بەشی تەعقیم کاری دەکرد. ئەو کچە کچی خوشکی هاورێ ماموستا رزگار بوو و لە سەردانێکی بۆلای ماموستا رزگار، ماموستا رزگار نامەیەکی پێ رەوانە دەکات بۆ کچێکی مەسیحی کەناوی نەزیرە بوو و  برینپێچ بوو لە نەخۆشخانەی سەدام. لە رێگای هاتنەوەدا مەها دەگیرێ و نامەکەش دەکەوێتە بەر دەستی دەزگا ئەمنیەکان و پاشان نەزیرەش دەگیرێ و ئەویش ئیعتراف لەسەر هاورێ زەینەب دەکات. لەو سەروبەرەدا مالی هاورێ زەینەب خۆیان کۆ دەکردەوە کە هەموویان بە خێزانەوە هەولێر جێبێلن و پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی حزبەوە بکەن. بۆیە منیان راسپارد کە ئەو پێداویستیانەی پێویستیان پێبوو بۆ چونە دەرەوە لە بازاردا بۆیان بکرم.

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٦ یونی ئێمە هەموومان لە دەوام بووین و هیچ دەنگ و باسیک نەبوو. هەر ئەو روژیش من ئێشکگربووم لە نەخوشخانەی فریاکەوتنی هەولێر کە ئەو کات بەشێک بوو لە نەخوشخانەی کوماری هەولێر. سیستەمەکە وابوو ئەو کەسەی ئەورۆژە ئێشکگربووایە، پاش تەواو بوونی دەوامی ئەو رۆژە یەکسەر لەگەل برینپێچێکی نەشتەرگەری دەچوینە ژووری نەشتەرگەری فریاکەوتن و تا بەیانی دەماینەوە و، بۆ بەیانی ئوف دە بووین و نەدەچووینە دەوام. کەسی ئێشکگریش دەبوایە تا سەعات ٨ی بەیانی لە ژووری نەشتەرگەری نەخوشخانەی فریاکەوتن بمابایەوە. من پاش کوتایی هاتنی کارەکەم بە پێیان گەرامەوە مالەوە. پاش نان خواردنی بەیانیم لە مالەوە، بە شێوەیەکی نا ئاسایی لە دەرگای مالی ئێمە درا، کاتی دەرگام کردەوە دەبینم کاکە عەبدولای ئەشیعەیە کە دۆستێکی نزیکی ئێمە بوو و کەسێکی مارکسی و نیشتمان پەروەربوو. زۆر بە پەلە ووتی کاکە دلشاد من دەزانم ئێوە لەگەل زەینەب و عاسی شتێکی هاوبەشتان هەیە و ئێستا دەزگای ئەمنیەکانی بەعس هاتوون ئەوان بگرن و ناشزانم گیران یان رزگاریان بووە، ئەتۆش ئەگەر ترست لە خۆت هەیە خۆت رزگارکە. پاشان زانیم کە کاک عبدولله کاتی لە نیو نەخۆشخانە دەبێنێت دەزگا ئەمنیەکان هاتونە زەینەب و عاسی بگرن، ئەوش یەکسەر بیری لە من کردۆتەوە و پرسیاری مالی ئێمەی کردوە وە دەوامی بەجێهێشتەوە و بە تەکسیەک خۆی گەیاندبووە مالی ئێمە بۆ ئەوەی بتوانی من لە گرتن رزگار بکات. منیش زۆر سوپاسم کردوو یەکسەر مالەوەم جێهێشت.

لەسەرەتادا نەم دەزانی چی بکەم، بەڵام خۆم راگرت تا ئێوارە داهات و چوومە ئەو نەخۆشخانە تایبەتەی کە تیدا نەشتەرگەری بچوک ئەنجامدەدرا، کە کەوتبوە نزیک مالی ئێمە لەسەر شێست مەتری، ئەو کات کاک عومەر کە یاریدەدەری بێهۆشی بوو لەگەلمان لە نەخۆشخانەی سەدام، ئێوارانیش لەوێ وەک یاریدەدەری بێهۆشی کاری دەکرد. کاک عومەریش لە بنەمالەیەکی شیوعی بوو و خزمایەتیەکیان لەگەل هاورێ عەزیز مەحمەد هەبوو. زوو هەستم کرد کە کاک عومەر زانی من بۆچی هاتومەتە لای، یەکسەر بابەتەکەی باس کردوو هەواڵی رزگار بوونی هاورێیان زەینەب و عاسی دامی. منیش هەندیک ئاسودەبووم، بەلام هێشتا لە دەنگ و باسی مالەوەی هاورێ زەینەب ئاگادار نەبووم بۆیە بیرم لەوە کردەوە خۆم بگەینمە مالی چیمەن خان. پاش دەرچوونم لەلای کاک عومەر بەپەلە خۆم گەیاندە مالی چیمەن کە ناوبراو کچێکی رەواندزی بوو و لە نەخۆشخانەی سەدام وەک برینپێچی نەشتەرگەری کاری دەکرد. خێزانەکەشیان دۆستێکی حزبمان بوون، چیمەن مالیان لە نزیک مالی هاورێیان زەینەب و عاسی بوو لەگەرەکی ئازادی نزیک کارەبا و پەیوەندیەکی خێزانیشیان لەگەل یەکتر هەبوو. چیمەن رۆژی پێشتر لەگەل من ئێشکگیریبوو. ئەو رۆژە ئەویش ئوف بوو بۆیە لەمالەوە بوو. لەگەل دیتنی من هەندیک شەلەژاو وتی چیە، نازانی چی بووە؟ منیش وتم هاتووم بەس بزانم دەنگ و باسی مالەوەی زەینەب چیەو کەسیان لەمالەوە گیراوە!!  وتی نەخێر زەینەب و عاسی رزگاریان بووە بەلام دایکیان لەگەل کچێکیان گیراوە. ئەو هەواڵە بۆ من هەندێک  زەحمەت بوو چونکە دایکیشیان منی دەناسی.

ئەو شەو من نەچوومەوە مالەوە لە مالی خزمێکی خۆم لە گەرەکی باداوە نووستم و بۆ بەیانی بە پێیان چوومە دەوام، بەلام هەندێک زووتر لە کاتی دەوام خۆم گەیاندە نەخۆشخانە. هەرچەند من وا خۆم نیشاندا کە ئاگادری هیچ نیم. بەلام زۆرینەی کارمەندانی ژووری نەشتەرگەری بە شێوازیک سەیریان دەکردم کە سەرسورمان بوو لە بوونی من لەو شوێنە. من زۆر ئاسایی جلەکانی خۆم گۆری و جلی نەشتەرگەریم لەبەر کردوو و چومە نیو ژووری نەشتەرگەری. زۆری پێنەچوو سەرەتا کاک عوبێد کە ئەویش برینپێچ بوو و هاتەلام و ووتی ئاگاداری دەنگ و باسی زەینەب و عاسی نییت؟ وتم هەندیک بەڵام ئەوە رووداوە پەیوەندی بە منەوە نیە. سەیرێکی کردو ووتی ئاگادری خۆت بە. منیش پرسیارم لێکرد و وتم ئایا ئەوانەی دوێنی بەدوای زەینەب و عاسدا هاتبوون کەس پرسیاری منی کردوە؟ ووتی نا بەلام هەموو دەزانن تۆ و ئەوان شتیکی هاوبەشتان هەبووە، بویە کارمەندەکان بە هاتنت سەرسورمان بوون. پێش ئەوەی بەجێم بێلێ ووتی ئەگەر پێویستیت بە شتێک بوو ئاگادارم کەوە. کاک عوبید برینپێچی نەشتەرگەری بوو و کورێکی خاوێن بوو خۆی بە لایەنگری پارتی دەزانی و لە بنچینەدا خەلکی ئاکرێ بوو. پێش نیوەرۆ کاک قاسم هاتە لام و دەیویست دوور لە چاوی کارمەندانی تر قسەم لەگەل بکات. کاک قاسم زۆر دلخوش بوو و بە رزگار بوونی هاورێیان زەینەب و عاسی و هەر باسی ئازایەتی ئەوانی دەکرد. کاک قاسم ئەویش برینپێچێکی نەشتەرگەری بوو و کەسێکی نیشتمان پەروەر بوو هەر ماوەیەکیش بوو لە زیندانی بەعس ئازادکرابوو. کاک قاسم بەهۆی ئەوەی برایەکی پێشمەرگەی یەکێتی دەبێت دەگیرێت و پاش شەهیدبوونی براکەی ئازادی دەکەن و ئەویش گەرابۆوە سەر کارەکەی پێشووی. ئەو رۆژی بۆ من زۆر زەحمەت بوو و کات هەر تەواو نەدەبوو. پێش ئەوەی دەوام تەواو بێت بەرپرسی یاریدەدەری بێهوشی کە دایکی کاروان بوو کە دەکاتە خێزانی کاک مومتاز حەیدەری هاتە لام و وتی ناترسی تۆش بگرن؟ منیش بە پێکەنینەوە وتم من هیچم لە هیچ دانیە بۆ دەمگرن. بە پێکەنینەوە سەیرێکی کردم و وتی ئێوە هەموو کات پێکەوە بوون، منیش وتم ئەوە نیە لەگەل تۆشم. دیاربوو هەر ئەو کاتی چەند کارمەندێکی دەزگا ئەمنیەکان هاتن لەگەل دایکی کاروان دوڵابی جلکانی هاورێ زەینەبیان شکاند بۆ ئەوەی بزانن چی تێدانیە! باشبوو شتێکی وای تێدا نەبوو کە بە کەلکی دەزگا ئەمنیەکان بێت.

پاش تەواوبوونی کارەکەم و گەرانەوەم بۆ مالەوە هەندیک هێمن تر بووم و پێم وابوو کارێکی باشم ئەنجامدا بۆ ئەوەی گومان لەسەر خۆم لە نیو کارمەندانی نەخوشخانە کەم کەمەوە.

رزگار بوونی زەینەب و عاسی لە نیو تەوقی دەزگا ئەمنیەکان، ببووە وێردی سەر زمانی هەموو کارمەندانی نەخۆشخانەی سەدام و زۆریک لە کارمەندانی نەخۆشخانەکانی تری هەولێر. ئەوان زۆر بە ئازایانە و لێهاتووی خۆیان توانیبویان خۆیان لە نیو ئەو تەۆقە ئەمنیە رزگار بکەن کە دەزگای ئەمنی هەولێر لە چوار دەوەری نەخۆشخانە دایانابوو.

 لەسەرەتادا ئەفسەرێکی گەورەی ئەمن لەگەل چەندین مەفرەزەی ئەمن دەچنە نێو نەخۆشخانەی سەدام، مەفرەزەکان لەنیو پرسگاو نێو نەخۆشخانەوە حەوشی نەخۆشخانە بەڵاوە پێدەکەن و ئەفسەرەکەی ئەمن دەچیتە لای بەرێوەبەری نەخۆشخانەو بەناوی بەرێوەبەرایەتی ئەمنی هەولێر داوای هاورێ زەینەب دەکات. بەرێوەبەری نەخۆشخانەش کە ژوورەکەی کەوتبوە لای راستی پرسگایەکە لە نهۆمی یەکەم. بەرێوەبەریش لە رێگای کارمەندیک دەنێرێتە دوای زەینەب، کە گوایە بەرێوەبەری کاری پێیەتی تا بچیتە ژووری بەرێوەبەری نەخۆشخانە و لەوێش ئەمنەکان بیگرن. هاورێ زەینەب گومانی دەبێت و وشیارانە هەلسوکەوت دەکات. پاش گیرانی نەزیرەش هەندیک دەترسا، بویە یەکسەر بە کچێکی تر کە ناوی زینە بوو دەلێت ئەوە بەرێوەبەر کاری پێتەوە ناردویەتی بەدوات. زینەش برینپێچی نەشتەرگەری بوو. ئەویش دەچیتە لای بەرێوەبەری نەخۆشخانە و دەلێت فەرموو چ کارت بە منە؟ بەرێوەبەر دەلێت تۆ نا برۆ زەینەب رەوانەکە من بە دوای ئەوم ناردوە نەک تۆ. زینەش بە شلەژایی دەگەرێتەوە نیو ژووری نەشتەرگەری بە زەینەب دەلێت. کچی تۆیان دەوێت و ژووری بەرێوەبەر پریەتی لە ئەمن. ئەوەندە بەس بوو بۆ زەینەب کە بزانیت ئەوە بەدوای ئەوەوە هاتوون.  

هەر ئەوکات زەینەب دەست لەکار هەڵدەگرێت و سەدریەک لەبەر دەکات و بە مەسعەدەکانی ژووری نەشتەرگەری کە نزیک ژووری ئینعاش بوون دەچیتە نهۆمی پێنچەمی نەخۆشخانەکە و لەوێشەوە دەچیتە لای مەسعەدەکانی کە کەوتونەتە نیوان بەشی پیاوان و ژنان لە نهۆمەکان و بە مەسعەدەکە دێتەخواری بۆ نهۆمی ئەرزی و بەبەردەمی هەمووان دەچیتە دەرێ و تا پرسگەی دەرەوەش ناوەستێ و لەبەر دەمی نەخۆشخانە تەکسیەک دەگرێت و دەچێتە ماڵی خزمێکی لە گەرەکی سێتاقان و پارەی تەکسی دەدات و هەندیکیش پارە بە قەرز وەردەگرێت و جلەکانی دەگۆری و دیسان بە تەکسی خۆی دەگەینێتە گوندی سیساوە کە باوکی و براکەی و خوشکەکانی تری لە وێبوون. پاش رزگار بوونی هاورێ زەینەب ئەفسەرە ئەمنەکە داوای عاسی دەکات کە وەک فشاریک بۆ گرتنی زەینەب بەکاری بێنن. بەڵام کارمەندانی نەخۆشخانە کۆمەکی دەکەن و ئەویش رزگار دەکەن. لەسەرەتادا لە رێگا ئەو مەسعەدە بچوکەی لە بەشی تەعقیم هەبوو رەوانەی ژووری نەشتەرگەری بچوکی دەکەن کە کەوتوتە نهۆمی یەکەمی نەخۆشخانە و تەنیشت بەشی ئەشیعە. ئەو رۆژەش رۆژی وەرگرتنی موچەی کارمەندانی نەخۆشخانەکە دەبێت، بویە پێویست بوو ئیسعافیک لەگەل فەرمانبەرێکی حسابات بچیت پارەکە بێنێت. هاورێ عاسی داوا لە شوفێری ئیسعافەکە دەکات کە ناوی کاک توفیق دەبێت کە لەگەل خۆیدا بیباتە دەرەوە ئەویش لەسەرەتا دەترسێت و بەڵام پێ دەڵێت برۆ خۆت لە پشتەوە بشارەوە وانیشاندە کەمن ئاگادار نیم و کە گەیشتمە سەر شێستی سەبری دەکەمەوە و تۆش دەرگا بکەوە و خۆت فرێدە دەرەوە. ئەوەیش وادەکات و پاش خۆ فرێدانی خۆی دەگەینێتە مالی خزمەکەیان لە سێتاقان. هاورێ عاسی پێش دەرچوونی لە ژووری نەشتەرگەری جەنتای پارەی خۆی لەگەل خۆی دەبات و دەتوانی بۆ پارەی تەکسی سوودی لێوەرگرێت. کاتی دەگاتە مالی خزمەکەیان لە سێتاقان. ماڵەکە دەلێن پێشە تۆ زەینەب لێرەبوو و ئێمە پارەمان داوەتێی و رویشتوە. هاورێ عاسیش هەر لەوێ خۆی دەگۆرێت و بە تەکسیەک خۆی دەگەینێتە گوندی سیسیاوە. هەر ئەو شەوێ هەموویان خۆیان دەگەیننە ناوچە رزگارکراوەکان و ترسی گیرانیان نامێنی.کاک تۆفیقی شوفێری ئیسعافەکە وەک کەسێکی نیشتمانپەرەوەر خۆی دەگەینێتە مالی هاورێیان زەینەب و عاسی بە مالەوەیان دەلێت خۆتان رزگار کەن دەزگا ئەمنیەکان هاتونەتە دوایی زەینەب و عاسی لە نەخۆشخانە، ئەو کاتی خێزانی مام نەجمەدین ماموش لەمالی هاورێ زەینەب دەبن. بۆیە هەموویان بەپەلە خۆیان رزگار دەکەن و دایکە گورێ* هەوڵدەدات شتە گرنگەکان کۆکاتەوە و لەگەل خۆیدا ببات، بەڵام زۆر ناخایەنی دائیرەی ئەمن دەگەنە سەریان و دایکە گورێ و کچێکی مام نەجمەدین مامۆش بەناوی ئەدیبە لەمالی زەینەب دەگیرێن. هەر دووکیان زیاتر لە دە مانگ لە زیندانەکانی ئەمنی هەولێر مانەوە و پاشان ئازادکران و ئەوانیش خۆیان گەیاندە خێزانەکانیان لەناوچە ئازادکراوەکانی خوشناوەتی.

 

ژێدەر:

* زەینەب ناوی راستەقینەی هاوڕێ چناری مام تەهایە و پێشمەرگەیەکی دانەبڕاوای حزب بوو. تیکوشەرێکی بێ وێنەی ناو ریکخستنەکانی حزب بووە لە نیو شاری هەولێر و لە پێشمەرگایەتیش لە بواری دکتوری کاری دەکرد و زۆر شارەزا بوو لە نەشتەرگەری چونکە سالانیکی زۆر وەک برینپێچی نەشتەرگەری لە ژورەکانی نەشتەرگەری کاری کردبوو. بەڵام کاتێ کاتی وەرگرتنی خانەنیشینی پێشمەرگایەتی هات، ئەو کەوتە دوایین لیست. سەرکردایەتی حزب تا ناوی کوڕ و کچ و خوشک و براو بنەمالەکانیان تەواو نەبوو نەتوانرا ناوی تێکوشەرێکی وەک هاوڕێ چنار بکەویتە نیو لیستی خانەنیشی.

* هاوڕێ عاسی ناوی راستەقینەی هاوری بێخاڵی مام تەهایە. ئەویش پێشمەرگەیەکی دانەبراوی حزبی شیوعی بوو.

* دایکە گورێ خیزانی هاورێی کۆچکردوو هاوری مام تەها و دایکی هاوریان چنار و بێخال و سامان و شەهید نەبیە. دایکە گورێ چەندین جار بە هۆی تێکۆشانی پیاوەکەی و منالەکانی کەوتۆتە زیندان و چەندین جاریش مالی لێکتیکجووە و ئاوارەبووە. بەهۆی پەیوەندیان بە حزبەوە ژیانیکی کۆلەمەرگی ژیا. بەلام بە سەربەرزی کۆچی دوایی کرد. چونکە سەرکردایەتی حشک خۆیان بە بجوک دەزانی بەرامبەر ئەو تیکۆشەرە مەزنە، شەرمیان کرد پرسەنامەیەک بۆ خانەوادەکەی و منالەکانیان بنێرن.

درێژەی هەیە...

هاوڕێ چنار