ما 4582 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

محەممەد محەممەدمورادی

سیاسەتی سەرەتایی پەکەکە هەتا گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ئەو حیزبە بۆ پرسی نەتەوەیی شتێکی ڕوون و ئاشکرایە. کوردستانی گەروە و ئازاد. یەک وڵات و یەک خەبات. پەکەکە بەهەمان شێوەی سۆسیالیزم، لەم خواستەش پاشگەز بۆتەوە.

 

داهاتووی پرسی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات (۸)

کۆدار– پەژاک

 

ئەم بەشە کە درێژەی زنجیرەیەک یاداشتە لەسەر داهاتووی پرسی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات، تایبەتە بە پەژاک وەکوو هێزێک کە لە ساحەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتدا حوزووری هەیە. لە دوو ئاستدا هەوڵ ئەدەم ئەم هێزە لێک بدەمەوە. یەکەم، بە چاوی ڕەخنەگرانەوە ئاوڕ ئەدەمەوە لە ئەساسنامە و پێڕەوپڕۆگرام و ئامانجەکانی پەژاک بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵات. دووهەم پەژاک وەکوو (جزء) یان پارچەیەک لەناو گشتییەتی ڕۆژهەڵاتدا و خاڵە هاوبەشەکان، تەزادەکان و بەگشتیی جۆری پێوەندیی پەژاک لەگەڵ هێزەکانی تری ناو ئەم گشتییەتە و ئایندە و دەرەنجامی ئەم سیاسەتانە  ئەخەمە بەر باس.

پێش هەموو شتێک ئەبێ لەو شوێنەوە دەست پێبکەن که ناکۆکییەک هەیە لەنێوان فۆڕم و ناوەڕۆکی ئەم هێزەدا. پەژاک وەکوو فۆڕم حیزبێکی سیاسییە بەناوی کوردی ڕۆژهەڵاتەوە و بۆ ڕۆژهەڵات، بەڵام لە ناوەڕۆکدا کەس ناتوانێ فیگۆرفاکتۆر و حەدوحودوودی ئەم هێزە لەناو گشتییەتی پەکەکەدا دەستنیشان بکات و هەر کات پێویست بێت سەرانسەر هێزەکانی پەکەکە ئەتوانن ببن بە ناوەڕۆکی ئەم فۆڕمە. هەر ئەو جۆرەی لەم ساڵانەی دواییدا هەموو هێز و پوتانسیەلی گشتییەتی پەکەکە موتەمەرکیز بوونە سەر ڕۆژاوا و بوون بە موحتەوای پەیەدە. واتە هەرجۆرە بەریەککەوتنێک لەگەڵ پەژاک بەمانای بەریەککەوتنە لەگەڵ گشتییەتی پەکەکە. خودی پەژاکیش هەرگیز ئەمەی ئینکار نەکردووە. هەربۆیە بۆ ڕەخنەکردنی پەژاک پێوستە بگەڕێینەوە بۆ پەکەکە، بۆ کارکرد، ئەزموونەکان، دەستکەوتەکان و قۆناغە جۆربەجۆرەکانی خەبات و ژیانی فکری و سیاسیی پەکەکە. پیچیدەیی و ئاڵۆزبوونی پەکەکە و دژواریی ناسینی ئەم هێزە لەوەدایە کە ئەگەر حیزبەکانی تر ئەڵێن چل ساڵ و پەنجا ساڵ و حەفتا ساڵە دامەزراون، پەکەکە لانیکەم زیاتر لە چل ساڵە بەبێ یەک ڕۆژ وەستان بەردەوام لە موبارزە و چالاکیدا بووە و گۆڕانکاریی زۆریشی بەسەردا هاتووە. بەدڵنیاییەوە ئەم بابەتە ناتوانێ ڕەخنەی پڕاوپڕی پەکەکە لەخۆ بگرێت و ئەو خاڵانەی لە درێژەدا باسیان دەکەم هەرکامیان پێویستە بەجیا یاداشتێکی لەسەر بنووسرێت، بەڵام هەوڵمداوە تا ئەو شوێنەی پێویست بێت بۆ ئامانجی سەرەکیی ئەم زنجیرە یاداشتە، پرسی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات، باسیان لەسەر بکەم. بۆ تێگەیشتن و ڕەخنەکردنی سەرەتاکانی پەکەکە کەڵکم لە چاپی فارسیی ئەم دوو کتێبە و چەندین تێکستی تری خودی پەکەکە وەرگرتووە (مانیفست- راه انقلاب کردستان. اوجالان۱۹۷۸) و (تاریخ حزب کارگران کردستان. جمیل بایک. ۲۰۰۶).

لە بەشی (۷) پێشوودا خەسارناسیی چوار حیزبم (حدکا– حدک– ک. شۆڕشگێڕ ـ ک.زەحمەتکێشان) کرد کە سەرەڕای ئەوەی لەباری تیۆری و ئەساسنامەییدا جیاوازیی جەوهەرییان پێکەوە نییە بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەخلاق و عەقڵانییەتی دێمۆکراتیکەوە، بەهۆی پێشەواسالاری و ناوەفاداری بەو چەمکانەی‌ کە دروشمیانە، ناتوانن پێکەوە کار بکەن.

ئەگەر لەو حیزبانەدا ناوەفاداری بە چەمک و تیۆرییەکان بووە بە کێشە، لە پەکەکەدا کێشەکە قووڵتر و گەورەترە. کێشەی پەکەکە سەرلێشێواوی تیۆریک و بە تەئکید پێشەواسالارییەکی زۆر گەورەترە. پێشەوای موتڵەق و بێچەندوچونی پەکەکە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلانە. ئایدۆلۆگ و تیۆرەوانی موتڵەقی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجەلانە ‌و بۆ هەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە ئاستی تیۆردا لەگەڵ پەکەکە ئەبێ ڕاستەوخۆ بچینە سەر ژیانی فکریی عەبدوڵا ئۆجەلان.

 سەرەتا، عەبدوڵا ئۆجەلان بێگومان سەرمایەی کۆمەڵایەتیی کوردە و وەکوو ئینسانێکی شۆڕشگێڕ سەرانسەر ژیانی خۆی لەم ڕێگەدا داناوە، بەڵام نابێ ئەمە ڕێگە لە ئێمە و لە خودی پەکەکەش بگرێت کە بەچاوی ڕەخنەییەوە سەیری گشتییەت و قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی فکریی بەڕێزیان بکەین. عەبدووڵا ئۆجەلان وەکوو هەموو ئینسانێکی شۆڕشگێڕ لە شوێنێکەوە دەستی پێکردووە و تێچووێکی ئێجگار زۆری داوە لەپای بەها و ئامانجە ئینسانییەکاندا و پێویستە پێگەی بەڕێزیان بەرز بنرخێندرێت، بەڵام بەداخەوە تێڕوانین و پێناسەی پەکەکە بۆ بەڕێز ئۆجەلان تێڕوانینێکی نادروست و پێغەمبەرمەئابانەیە کە ئەمە غەدرێکی گەورەیە لەو بەڕێزە و ئەساسەن بەپێچەوانەی هەموو پڕەنسیپەکانی خۆیەتی. هەروەها، هەموو زانست و مەعریفەی عالەم لە یەک کەسدا که نابێتەوە و لە میانەی گفتوگۆ و بەریەککەوتنی دیالێکتیکیدایە کە پێشکەوتن ڕوودەدا، بۆیە لام وایە لە هەنگاوی یەکەمدا، گەورەترین وەفا و خزمەت بە عەبدووڵا ئۆجەلان ئەوەیە کە لەو تەقەدوسگەرایی و پۆپۆلیزمەی پەکەکە دەرباز بکرێت و پۆلێمیک و گفتوگۆی فکریی لەگەڵ بکرێت.

ژیانی فکریی عەبدوڵا ئۆجەلان هەر لە سەرەتاوە و لەگەڵ دامەزراندنی پەکەکە بە چەند پاڕادۆکسی گەورەوە دەستی پێکرد. پێش هەموو شتێک ئەوەی کە پەکەکە بەناحەق خۆی وەکوو حیزبی شۆڕشگێڕی چینی کرێکاری کوردستان ناساند. پێشتر لە بەشی پێنجی یاداشتەکاندا بە وردی باسم کرد کە حیزبی شۆڕشگێڕی چینی کرێکار باڵاترین فۆڕمی تەشکیلاتی و خەباتی چینایەتیی چینی کرێکارە. واتە پڕۆسەی خەباتی چینایەتیی چینی کرێکار لەناو کۆمەڵگادا دژ بە سەرمایەداری، چینی کرێکار بەو وشیارییە دەگات کە ئەبێ بە مەبەستی خەباتی سیاسیی، حیزبی شۆڕشگێڕی تایبەت بەخۆی و لە خودی کرێکاران پێک بهێنێت. بەدەر لەم ڕەوەندە مێژووییە هەر جۆرە حیزبێکی تر بە ناوی کرێکارانەوە و لەسەرەوە دامەزرێت نەک هەر هیچ پێوەندییەکی بە چینی کرێکارەوە نییە بەڵکوو بەناحەق خۆیشی لەجێگەی چینی کرێکار داناوە. تەنانەت خودی ئۆجەلان لە مانیفێستی دامەزراندنی پەکەکەدا کە باسی موتەفق و پێکهێنەرانی شۆڕشی کوردستان(پەکەکە) دەکات دەڵێ پێکهاتەی سەرەکی کرێکار-لادێییە، و ئەڵقەی یەکەم، توێژی گەنجان و رۆشنبیرانن، ئەڵقەی دووەم چینی وردەبورژوازی ناوەند و هێزە نەتەوەییەکانی دیکەن. (راه انقلاب کردستان. اوجالان. ل 103)

ئەم کێشە بەس تایبەت بە پەکەکە نییە و لە ڕۆژهەڵاتیش دامەزراندنی حیزبی کمۆنیستی ئێران لەلایەن کۆمەڵەوە نەک هەر خەساری گەورەی لە خودی کۆمەڵە دا، بەڵکوو هەتا ئێستەش بەناحەق خۆیان وەکوو نوێنەر و دەمڕاستی چینی کرێکاری ئێران پێناسە دەکەن.

 پەکەکە سەرەتا وەکوو حیزبێکی مارکسیست لێنینیست دەستی پێکرد کە لەلایەکەوە لای وابوو سەردەمی شۆڕشی پڕۆلتری و تێپەڕاندن و ڕووخاندنی شێوەبەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە، لە لایەکی ترەوە پێی وابوو گەورەترین کێشە ‌و تەزاد، پرسی نەتەوەییە و هەتا ئەو کێشە چارەسەر نەبێت هیچ کام لە کێشە و تەزادە کۆمەڵایەتییەکانی تر چارەسەر نابن. پەکەکە نزیکەی سی ساڵ بەم پاڕادۆکسانەوە خەباتی کرد.

دیارە خودی عەبدوڵا ئۆجەلان بەم پاڕادۆکسانەی زانیوە و هەوڵی زۆری داوە کە پەکەکە دەرباز بکات لێیان. بەڵام لام وایە بە دوو هۆکار پێویست و زەروورە کە زیاتر ئەم قۆناغە لە ژیانی فکریی عەبدوڵا ئۆجەلان لێک بدرێتەوە و کەموکوڕییەکان و مەحدودییەتەکانی ئاشکرا بکرێت. یەکەم بەوهۆیەوە کە بەشێکی زۆر لە تایبەتمەندییە مادی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و سایکۆلۆژیکەکانی ئەو قۆناغە فکرییە هێشتا لە پەیکەرەی پەکەکەدا ماوەتەوە و درێژە بە ژیانی خۆی دەدات. دووهەم لەو ڕووەوە کە ڕیفۆرمێک کە عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئایدیاکانی خۆی و پێڕەوپڕۆگرام و خواستەکانی پەکەکەدا کردوویەتی لە بۆشاییەوە نەهاتووە و هەر لەسەر شانی هەمان قۆناغی پێشوو وەستاوە و لە هەر شوێنکدا پێویست بێت پاشەکشێ دەکاتەوە بۆ هەمان پاڕادایم.

عەبدووڵا ئۆجەلان وەکوو گەنجێکی کورد لە وڵاتێکدا دەژیا کە بە فاشیستی‌ترین شێوازی مومکین حاشا لە ماهیەتی کوردبوون دەکرا، هەربۆیە بەقووڵی هەستی بەم زووڵمە نەتەوەییە دەکرد، بەڵام بەپێچەوانەی وڵاتانی پێشکەوتوو، هێشتا کەفوکوڵی شۆڕش و سۆسیالیزم لە تورکیا و وڵاتانی دیکەی جیهانی پەڕاوێزدا گەرم بوو و لە ناوەندی هەموو جووڵانەوەیەکی سیاسی و تەنانەت کۆڕە ڕۆشنبیرییەکانیشدا بوونی هەبوو. 

شکستدانی نازیسم لەلایەن بەرەی (بەناو) سۆسیالیزم و ستالینەوە سۆز و سێمپاتیی ئەحزابی چەپ و سۆسیالیست و تەنانەت خەڵکی ئاسایی جیهانی پەڕاوێزی ڕاکێشابوو بۆ سۆڤیەت. ئەمەش جگە لەوە بوو کە ستالین ئەساسەن کۆمینتێرنی کردبوو بە دەزگای دیپلۆماسی و ناوەندی سیاسەتی دەرەکیی سۆڤییەت. لۆژیکەکەشی ئەوەبوو کە سۆسیالیزم لە سۆڤییەتدا سەقامگیر بووە و ئەحزابی سۆسیالیستی وڵاتانی تر ئەبێ پارێزگاری لەم دەستکەوتە بکەن تاکوو هەلومەرج ئەرەخسێت بۆ شۆڕشی پڕۆلتێری لەو وڵاتانەشدا. هەوڵەکانی ترۆتسکی بۆ سڕکردنی پڕۆپاگاندای ستالینیزم دەوری باشی دەگێڕا، بەڵام بەداخەوە لە وڵاتانی پەڕاوێزدا زۆر ئاوڕیان لێنەدرایەوە. بۆ نموونە لە شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕووداوەکانی پاش شۆڕشدا ترۆتسکیستەکان کەمینەیەکی زۆر زۆر کەم بوون.

ئەوەی کە ئۆجەلان سەرەتای دامەزراندنی ‌پەکەکە چەندە باوەڕی بە سۆسیالیزمی ڕووسی بووە، چەندە و چۆن و بە چ زمانێک ئەوکات مارکس و ئێنگێلسی (یاخود هێگل) خوێندۆتەوە، ئەگەر بە تورکی خوێندوویەتەوە ئەوکات چەندە لە تێکستەکانی خودی مارکس و ئێنگێلس و لێنین و تروتسکی کرابوون بە تورکی، ئەمانە کۆمەڵێ پرس و پرسیاری گرنگن چونکە پێمان دەڵێن ئایا بڕیاردان بۆ دامەزراندنی حیزبێکی مارکسیست لێنینیست، تێگەیشتن و ناسینی قووڵ لە سیستەمی سەرمایەداری و چینی کرێکاری لە پشت بووە یاخود وەک لەسەرەوە باسم کرد زیاتر لەژێر کاریگەریی تایبەتمەندیی سیاسیی ئەو دەورانەدا بووە؟

شتێک کە ڕەنگە ئاماژە بێت بە حالوهەوای ئەوکات، لە مانیفێستی سەرەتایی پەکەکەدا هاتووە: پەرەپێدان بە پێوەندی و موناسبات لەگەڵ هەموو وڵاتانی سۆسیالیست کە بریتی دەبن لە چین و یەکێتیی سۆڤیەتیش لە بنەماکانی ئینتێرناسیۆنالیزمی پڕۆلتێرە و بە ئەرکی شۆڕشگێڕانەی خۆمانی دەزانین. (راه انقلاب کردستان. اوجالان. ل 104)

هەر سەبارەت بەو پرسیارانەی سەرەوە جەمیل بایک  ئەڵێ: ئەوکاتانە دیسکۆرسی سۆسیالیزمی ڕووسی و مائۆیزم باو بوو. کتێبی باش کەم ‌و نایاب بوو، حکومەت خۆی کتێبە سۆسیالیستییەکانی بەشێوەی هەڵە و سەرلێشێوێن چاپ و بڵاو دەکردەوە. (تاریخ حزب کارگران کردستان. جمیل بایک. ل 34,36) جەمیل بایک لە شوێنێکی تردا سەبارەت بە سەرچاوەکانی ئەوکاتی ئۆجەلان باسی ئاڵۆزی و ناڕوونییەکانی ئەوکاتی تیۆرییە سۆسیالیستییەکان و کەمبوونی سەرچاوە دەکات، هەر لەوێدا دەڵێ تایبەت بە مێژوو و پرسی کورد هیچ سەرچاوەیەک نەبووە و لە کتێبی چەپە کلاسیکەکاندا لە پرسی کورد تێگەیشتووە و بە پێشەکییەکەی مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیست سەبارەت بە ئیتاڵیا ‌و گوتەزای مافی چارەی خۆنووسینی  لێنین پرسی کوردی تیۆریزە کردووە .(مێژووێک لە ئاکر. دیمانە لەگەڵ جەمیل بایک. حەسەن جودی ۲۰۰۸. ل ۸۰)

لێکۆڵینەوە و قەزاوەتکردن لەسەر ئەو بڕگە لە مێژووی پەکەکە (تا ۲۰۰۵) ئاسان نییە. قسە لەسەر ژیانی هەزاران ئینسانی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕە کە لە لەڕێگای ئەم ئایدیانەدا گیانی پیرۆزیان بەخت کردووە، هەزاران ئینسانی شەرافەتمەندی تر کە ساڵانێکە لە شاخەکانی قەندیلدا لەگەڵ مەرگ دەستەویەخەن، هەرچەندەش هەوڵ بدرێت ژیانی ئەم ئینسانانە جوانیناسانە بکەنەوە بەڵام حەقیقەت ئەوەیە کە بێبەشن لە ژیانی نۆرماڵی ئینسانی مۆدێڕن و تەنانەت ئەگەر هیچ مەترسییەکیان لەسەر نەبێت و ڕۆژانە هەڕەشەی کۆپتەری کوبرا و فڕۆکەی F16 و بێسەرنشین لەسەریان نەبێت هێشتا هەر ژیانی شاخ قورس و تاقەتپڕووکێنە و ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژەکان پەردە لەسەر دیوە شاراوەکانی ئەم ژیانە لاچێت بەجۆرێک لە جۆرەکان بەشێکە لە میراتی مێژووی مرڤایەتی. میراتی مرۆڤایەتی نەک بەو مانا کە بڵێین دیاردەیەکی پۆزەتیڤ یان نێگەتیڤە، بەو مانا کە خوێندنەوەی لەسەر بکرێک وەکوو چۆنیەتی دیاردەیەکی ناهاوچەرخ لە دنیای هاوچەرخدا. هەزاران ئینسان جگە لە غارنشینی ناچارن بە سەرکوتکردنی بەشێکی گەورە لە مەیل و غەریزەکانیان کە بێگومان لەم یادداشتانەدا ناتوانم ئەو باسە بکەمەوە و ئەساسەن نە کاری منە و نە لەو بوارەدا خوێندەواریم هەیە. بەڵام ڕەنگە خاڵێک کە لەم جۆرە ژیانەدا لە هەموو شتێک ئازاردەرتر بێت ئەوەیە کە گریلا نازانێ کەی ئەم جۆرە ژیانە کۆتایی دێت. ئەم خاڵە ڕادەبەدەر گرنگە و لام وایە هۆکاری سەرەکیی گۆڕانکاری لە پێڕەوپڕۆگرامی ئەم چەند ساڵەی دوایی پەکەکەیە.

پەکەکە نزیک بە بیست و پێنج ساڵ وەکوو حیزبێکی مارکسیست لێنینیست خەباتی کرد کە بەرنامەی درێژخایەنی هەبوو بۆ دامەزراندنی سۆسیالیزم و هاوکات لەگەڵ ئەمەش باوەڕی بە کوردستانی یەکپارچە هەبوو و بۆ ئازادیی کوردستان خەباتی سیاسی و چەکداری دەکرد.

گەنجێکی شۆڕشگێڕی بە تەمەن سی ساڵە دێت لە وڵاتێک و لە باروودۆخێکدا کە نیو سەدە بوو کورد ئەساسەن ئینکار دەکرا حیزبێک دادەمەزرێنێت بە خەونی زۆر گەورەوە؛ شۆڕشی پڕۆلتری و دامەزراندنی سۆسیالیزم، ئازادکردنی کوردستانی گەرە. 

پەکەکە لە سەردەمێکدا دامەزرا کە سەرمایەداری تەقریبەن قەیرانەکانی پاش جەنگی جیهانی دووەمی تێپەڕاندبوو، شۆڕشی بەردەوامی تێکنۆلۆژیک لە بەرهەمهێناندا کەوتبووە گەڕ، سەرمایەی ماڵیی نێودەوڵەتی شکڵی گرتبوو، ئەحزابی چەپ و کۆمۆنیستی ئەورووپا یەک بە یەک لەژێر فشاری ناتۆدا خۆیان لە سۆسیالیزمی ڕووسی دادەماڵی و پاشەکشێیان ئەکرد لە خواستی حکوومەتی کرێکاری و ڕێگای پارلمانیان ئەگرتە بەر، تاچریزم لە ئەورووپا دەستی پێکردبوو و تەنانەت سۆسیالیزمی ڕووسیش لەهەناوی خۆیەوە داڕزابوو و سەرمایەداری بەگشتی پاشەکشێی کردبوو بە بەرەی کار. ڕۆشنبیرانی مەکتەب فڕانکفۆرت دەمێکەبوو تەپڵی نائومێدیان لێدابوو و تەنانەت خودی موری بوکچین کە دواتر ئۆجەلان زیاترین کاریگەریی لە ئایدیاکانی وەرگرت لانیکەم سی ساڵ بوو (۱۹۵۲) لە مارکسیسم دابڕابوو. باسکردنی ئەم خاڵانە بەو مانا نییە کە لام وابێت عەقڵانییەت لای بەرەی سەرمایە و سەرمایەداری بێت، بەڵام پێویستە بزانین ئۆجەلان لە سەروبەندێکدا حیزبی مارکسیست لێنینیستی دامەزراند و پلانی بۆ سۆسیالیزم و ڕووخاندنی سەرمایەداری دانا کە بەرەی سۆسیالیزم لە ئاستی نێودەڵەتیدا لە لاوازترین ڕەوشی خۆیدا بوو. بێگومان کۆمەڵە و ڕێبەرانی ئەوکاتیشی هەمان لاوازی و کێشەی تیۆریکیان هەبوو و پێویستە بزانین ئەم کێشەیە بەس تایبەت بە کورد و ئەم حیزبانە نەبووە، لەناو چەپی ئێرانی و ئەفغانستان و عێراق و پاکستان و تورکیادا بەگشتی هەمان کێشە هەیە. ئەوەتا چەپی ئێران هەر بەهۆی ئەم کێشە تیۆریکانەوە دەرفەتێکی مەزن و سەرتاسەری و مێژوویی وەک شۆڕشی ١٩٧٩ی دۆڕاند و تەنانەت نەیتوانی ئەرکە دێمۆکراتیکەکانی سەردەمی مەشررووتە ڕاپەڕێنێت.

ئۆجەلان بە دڵنیاییەوە بەباشی لە تایبەتمەندییەکانی سەرمایەداریی ئەو سەردەمە و باڵانسی هێزی نێوان بەرەی کار و سەرمایە تێنەگەیشت بەڵام ئەوە بەو مانا نییە لەوەش تێنەگەیشتبێت کە بەرپرسیارێتی ڕاپەڕاندنی ئەرکە دیموکراتیکەکانی (پرسی نەتەوەیی، ئازادی و یەکسانی ژنان، ئازادی ڕادەربڕین، جیاکردنەوەی دین و دەوڵەت و...) خستۆتە سەر شانی پەکەکە. 

کەواتە عەبدووڵا ئۆجەلان لە سەرەتاوە سێ بەرسیارێتی و ئامانجی سەرەکیی بۆ پەکەکە دەستنیشان کرد:

۱- ئازادکردنی کوردستان لە دەست چوار دەوڵەتی داگیرکەر. کوردستانی سەربەخۆ، یەکگرتوو و دێمۆکراتیک.

۲- شۆڕشی کورستان ئەبێ شۆڕشێکی نەتەوەیی دێمۆکراتیک بێت. واتە ڕاپەڕاندنی ئەرکە دێمۆکراتیکەکان.

۳- ئەم شۆڕشە ئەبێ لە درێژخایەندا ببێت بە شۆڕشی سۆسیالیستی و کار بکات بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگای چینایەتیی لەناو بچێت و چەوساندنەوەی تێدا نەمێنێت.

ئەم سێ خاڵە سەرەکییە ستراتیجی گشتیی پەکەکەی پێک دەهێنا.

 

سۆسیالیزم

پێویست بە گوتن ناکات کە خودی پەکەکە و عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش وەکوو ئایدۆلۆگی ئەم هێزە، بەتەواوەتی لە سۆسیالیزم وەرچەرخاون. بەڵام ئەم بابەتە لەوێدا گرنگی پەیدادەکات کە هێشتا بەردەوام لە میدیای حیزبیی پەکەکەدا سۆسیالیزم کەمتازۆر کارکردی تەبلیغاتی هەیە و، لەوەش گرنگتر گۆڕانکارییەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی پەکەکە ڕێک خاڵی بەرامبەر ئەو سیاسەتانەی پێشووە، بۆیە گرنگە بزانین پەکەکە ئەساسەن چۆن و لەکوێوە دەستی پێکردووە هەتا گەیشتووە بە کۆنفدرالیزمی دێمۆکراتیک.

 بەنیسبەت ئامانجە سۆسیالیستییەکانی پەکەکەوە بە تەئکید ئەڵێم بەڕێز ئۆجەلان نە کاتی دامەزراندنی پەکەکە و نە ئێستاش بە باشی لە کاپیتالیزم و شۆڕشی پڕۆلتری و سۆسیالیزم تێنەگەیشتووە. تێگەیشتنی ئۆجەلان لە سۆسیالیزم بەڕادەیەک ڕووکەشیانەیە کە گومانم هەیە هیچ کات ڕەخنەی ئابووریی سیاسیی کارل مارکسی خوێندبێتەوە و لێی تێگەیشتبێت. تێڕوانینی ئۆجەلان بۆ شۆڕشی پڕۆلتری و پڕۆلتاریای کورد تێڕوانینێکی بەڕادەیەک ڕۆمانتیکە کە لای وایە:

«ئەمڕۆکە بزووتنەوەی جیهانیی کۆمۆنیستی خەسارێکی ئێجگار گەورەی بەرکەوتووە و یەکپارچەییەکەی پارچەپارچە بووە. لەحالێکدا کە بزووتنەوەی پڕۆلتری کوردستان هێشتا لە سەردەمی لاوێتیدا بوو، بەهۆی ئەم ڕەوشەوە زیانی زۆر گەورەی بەرکەوت. بەڵام سەرەڕای ئەمە، ئەگەر خەبات و موبارزاتی خۆی بەرامبەر بە هەردوو جەریانی ڕیوزیۆنیستی و شەڕ لەگەڵ کۆلۆنیانیزم بکات بە سازمانێکی پۆڵایین و بەهێزی پڕۆلتری، بێگومان پڕۆلتاریا و گەلانی سەرانسەر جیهان قازانجێکی گەورەی لێدەبەن. پڕۆلتاریای شۆڕشگێڕی کوردستان کەوتۆتە بەردەم جێبەجێکردنی وەها بەرپرسیارێتییەکی هەرە گرنگ و مێژوویی.» - (راه انقلاب کردستان. اوجالان.۱۹۷۸)

ئۆجەلان ئەڵێ : «شۆڕشی کوردستان، بەشێکە لە شۆڕشی پڕۆلتێری جیهان»، پڕۆلتاریا لە مانیفێستی پەکەکەدا بوونی هەیە، بەڵام بەس وەکوو وشە و ئەبستراکتێک، لە هیچ شوێنێکی ئەم مانیفێستەدا پڕۆلتاریا بەشێوەی کۆنکرێت و بابەتیانە ناوی نەهاتووە. بۆ نموونە باس لە کرێکارانی فڵان کارگە یاخود فڵان پیشەسازی نەکراوە. ئەوەی کە لە ئەوکاتی کوردستاندا بوونیان نەبووە یاخود پەکەکە پێوەندی لەگەڵیان نەبووە پرسیارە، بەڵام شتێک کە ڕوون و ئاشکرایە وەکوو ڕێکخستنی سەرەکی تەئکید لەسەر پێکهاتەی «گوندی-لادێیی» دەکات و وەکوو موتەفەق و پێکهێنەری پەکەکە  لەسەر توێژی گەنجان-ڕۆشنبیران و وردەبورژوازی دەکات.

تەحلیل و لێکدانەوەکانی ئۆجەلان بۆ کاپیتالیزم بەپێی تیۆری ئیمپریالیزمی لێنینە. بە کورتی، ئەم تیۆرییە ئاماژەی بە دوو خاڵ بوو: سەرمایەداری لەقۆناغێکدایە کە ئیمکانی کۆنتڕۆڵی پاوەنخوازانە بەسەر بازاڕەکاندا تێیدا مەیسەر بووە و، زاڵبوونی سەرمایەی ماڵی(Financial capital) بەسەر سەرمایەی پیشەسازیدا واتە سەربەخۆبوونی سەرمایە لە بەرهەمهێنان و گەڕۆکبوونی لە ئاستی جیهاندا. تێڕوانینی زۆربەی مارکسیستەکانی ئەوکات و بەدیاریکراوی ئینتێرناسیۆناڵی سێهەم بۆ وڵاتانی پەڕاوێز بەپێی ئەم تیۆرییە بوو. لایان وابوو سەرمایەداریی جیهانی بۆ پاراستنی سەرمایەی هەناردەکراو بۆ وڵاتانی دواکەوتوو ناچارە لەلایەکەوە پێش بگرێت بە شکڵگرتن و گەشەکردنی سەرمایەی خۆجێیی و نەتەوەیی ئەو وڵاتانە کە ئەنجامەکەشی بەدیهاتنی تەزاد و ناکۆکییە لە نێوان «سەرمایەی نەتەوەیی» و «کۆمپرادۆر»دا. لەلایەکیشەوە لەڕێگەی زەبروزەنگ و شەڕەوە هێزە وەفادار و وابەستەکانی خۆی (بورژوازیی وابەستە بەخۆی و  چینە دواکەوتووەکانی پێش سەرمایەداری) دەگەیەنێتە دەسەڵات. ئۆجەلان سەرانسەر مانیفێست و خەباتی پەکەکەی بەپێی ئەم تیۆرە و تیۆری مافی چارەی خۆنووسینی لێنین تیۆریزە کردووە. ئەم تیۆرە هەتا ئێستەش کەمتازۆر دروستە، بەڵام جێی ئاماژەیە تەنانەت کاتی نووسینی مانیفێستی سەرەتایی پەکەکەش سەرمایەداری ئەو قۆناغەی تێپەڕاندبوو. ئەو تیۆرە بە دروستی ئەساسی لەسەر قەیرانی کەڵەکەبوونی سەرمایە بوو، بەڵام سەرمایەداری لە کاتی دامەزراندنی پەکەکەدا ساڵانێک بوو ئەو قەیرانەی تێپەڕاندبوو و تووشی قەیرانێکی تازە بوبوو، ئەویش قەیرانی کەڵەکەبوونی ئامێرەکانی بەرهەمهێنان. لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و شۆڕشی بەردەوامی تەکنەلۆجیک لە بەرهەمهێنان و ئامێرەکانی بەرهەمهێناندا، ڕەوشەکە بەشێوەیەک بوو کە نەوەیەک لە ئامێرەکانی بەرهەمهێنان چەند ساڵێک کاریان نەدەکرد کە نەوەیەکی پێشکەوتووتر ئەهات بۆیە لە بەشی ئامێرەکانی بەرهەمهێناندا قەیرانی کەڵەکەبوون دروست بوبوو. سەرمایەداری بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە ناچار بوو کە ئیتر خۆی پێشقەدەم بێت بۆ بەسەرمایەداریکردنەوەی وڵاتانی دواکەوتووی پەڕاوێز بۆ ئەوەی کە ئەو ئامێرانەی بەرهەمهێنانیان پێبفرۆشێت. هەروا کە دەبینین سەرەڕای دروستبوونی ئەم تیۆرە بەڵام لەکاتی بەکاربردنیدا لەلایەن ئۆجەلانەوە، سەرمایەداری پێی نابووە قۆناغێکی تر. 

ئەکرێ بڵێین هەڵگرتنی دروشمی پڕۆلتری و سۆسیالیستی پەکەکە لەلایەکەوە لەژێر کاریگەری ئەتمۆسفەری سیاسیی ئەوکات و لەلایەکەوە زیاتر لەپێناو ڕاپەڕاندنی ئەرکە دێمۆکراتیکەکاندا بووە، دەنا وەک پێشتر (بەپێی خودی مانیفێستی پەکەکە) ئاماژەم پێدا لە هیچ کوێی مێژوودا بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کرێکار-لادێیی و گەنجان-ڕۆشنبیران و وردەبورژوازی شۆڕشی پڕۆلتری ناکرێت. ئەتوانم سەدان لاپەڕە ڕەش بکەمەوە لەسەر ئەوەی کە پەکەکە فڕی بەسەر شۆڕشی پڕۆلتری و سۆسیالیزمەوە نییە. لە هەموو ئەم ساڵانەشدا ئەزموون نیشانی داوین پەکەکە نەیتوانی یاخود نەیویست کەمترین پێوەندییەک بە بزووتنەوە کرێکارییەکانی هیچ کام لە پارچەکانی کوردستانەوە بگرێت.

 

پرسی نەتەوەیی

 سیاسەتی سەرەتایی پەکەکە هەتا گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ئەو حیزبە بۆ پرسی نەتەوەیی شتێکی ڕوون و ئاشکرایە. کوردستانی گەروە و ئازاد. یەک وڵات و یەک خەبات. پەکەکە بەهەمان شێوەی سۆسیالیزم، لەم خواستەش پاشگەز بۆتەوە. تەنها بۆ ئەوەی بزانین ئەم هێزە چۆن و لە کوێوە دەستی پێکردووە و گەیشتووە بە ئێستا و بە کۆنفدرالیزمی دێمۆکراتیک سەرنجتان ڕادەکێشم بۆ ئەم بەشە لە مانیفێستی سەرەتایی پەکەکە:

«ڕێگە چارەگەلێک بۆ پرسی نەتەوەیی کە بەشێوەی «خۆبەڕێوەبەری لە زمان و کلتوور» و «یەکپارچەیی فێدێرال» و «خۆبەڕێوەبەری مەنتەقەیی/ناوچەیی» لەلایەن -ڕۆشنبیران-ی نەتەوەی سەرکوتکراو یاخود لە لایەن شۆڕشگێڕانێکەوە کە لەوان جیاوازن بەڵام هەمان شت دەڵێن، پێشکەش دەکرێن ئیرتیجاعین و لەم سەردەمەی ئێمەدا دژایەتییان هەیە لەگەڵ تێزی «دەوڵەتی سەربەخۆ» کە تاکە فۆڕمی دروستی مافی چارەی خۆنووسین لە لایەن خودی نەتەوەکانەوە. دەوڵەتی سەربەخۆ لە هەلومەرجی ئێستادا تاکە ڕێگای دروستە و بەهۆی دروستبوونییەوە تێزێکی شۆڕشگێڕانەیە، تێز و ڕێگە چارەکانی لەو ڕووەوە کە کاریان بە سنوورەکانی دەوڵەت نییە ڕێفۆرمیستین و بەهۆی ڕێفۆرمیستیبوونیانەوە ئیرتیجاعین.» (راه انقلاب کردستان. اوجالان.۱۹۷۸)

شتێک کە لەم مانیفێستەدا زۆر بەرچاو و زەقە هەموو داتاکان و ڕێفرێنسە مێژووییەکانی ئۆجەلان بۆ تیۆریزەکردنی پرسی نەتەوەیی تایبەتن بە باکوور. و تەنانەت لەو شوێنەدا کە باسی بزووتنەوە نەتەوەییەکانی پێشووی کورد دەکات ڕووداوێکی مێژوویی وەک کۆماری مهاباد بە حسێب ناهێنێت، سەرەڕای ئەوەی کە لە بەشێکی تردا بۆ بابەتێکی تر ئاماژە بە کۆماری مەهاباد دەدات.

ئەمە تا ئێرە تێڕوانینێکی ڕەخنەیی بوو بۆ قۆناغی پێشووی پەکەکە لە ئاستی تیۆریکدا، نەک داوەری ئەخلاقی لەسەر ئەم هێزە. بێگومان ئەم قۆناغە لە پراتیکدا کە هەروەک جەمیل بایک باسی دەکات لە کڕینی کڵاشینکۆفێکەوە دەستی پێکردووە، پێک هاتووە لە دنیایەک ئەزموونی بەنرخ و دەسکەوت و شکستی گەورە و بچووک. 

ئەم مێژووە کۆتایی هاتووە و ئێستا سیاسەت و پڕۆپڕۆگرامی پەکەکە ئەساسەن شتێکی ترە بەشی داهاتوو تایبەت ئەبێت بە قۆناغی پاش گۆڕانکارییەکان.

 

درێژەی هەیە...

گەڕان بۆ بابەت