فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی نووسین چێکردنی خۆشی، جوانی و چێژە. نووسین خوڵقاندنی خەون و زیادکردنییەتی بە جیهانی واقع،... رێگای بەرەو ئازادی و بەختەوەرییە. دەنووسین لەبەر ئەوەی مرۆڤ لە راستیدا بوونەوەری مەوداکانی نێوان خەون و راستییە. نە ئەمە و نە ئەو، بەڵکو ئاوێتەیەکە لە هەردووکیان.

 

زۆر جار بیستوومانە کاتێک کەسێک دەقێکی ئەدەبی دەخوێنێتەوە، لە کۆتاییدا کاتێک بەدڵی بووە و لێی دەپرسین رای لەسەری چییە، لە وەڵامدا دەڵێ "خۆشە!" یان دەڵێ "جوانە!"

خۆشە یان جوانە ئەو وشانەن وا تەعبیر لە رای ئێمە لەسەر دەق دەکەن (هەڵبەت کاتێک بەدڵمان بووە). خۆشە یان جوانە هەروەها تەعبیر لەو چێژ و لەززەتە دەکەن وا ئێمە دەیبینین. ئەوەیکە شتێک لە دەروونی ئێمەدا لە کاتی خوێندنەوەدا جووڵاوە و بووەتە هۆکاری زیندووکردنەوەی هەستەکانی ئێمە لە ئاستێکی باڵادا. خۆشی و جوانی و لەززەت ترۆپکن.

کەواتە 'خۆشە و جوانە و چێژ' لەگەڵ یەکتردا دێن. سێ رووداو کە هاوشانی یەکتر سەرهەڵدەدەن. هەڵبەت لێرەدا پرسیارێک دێتەئاراوە، ئەویش ئەوەیکە داخۆ خۆشی و جوانی و چێژ دیاردەیەکن تەنیا لە دەقدا روودەدەن، لە خوێنەر یانخود بەرهەمی هەر دووکیانن؟ پێدەچێ ئەم سیانە بەرهەمی جۆری پێوەندیی نێوان خوێنەر و دەقن. خوێنەر بە هەموو باکگراوندی خۆیەوە لەگەڵ دەق کە ئەویش خاوەن خەسڵەتگەلی تایبەت بەخۆیەتی پێوەندی دەگرێ و لەرێگای خوێندنەوەوە کە کاریگەرییەکی دوولایەنەی نێوان 'خوێنەر ـ دەق'ە خۆشی و جوانی و چێژ لەدایکدەبن. هاوکاری و پێوەندی بەردەوامی ئەم دوو جەمسەرە خوێنەر دەگەیەنێتە ئەو ئاستەی دوواتر باس لە هەستی خۆی بکا.

دیارە کەم کەس هەن بتوانن وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە کە بۆچی خۆش بوو، یان بۆچی جوان بوو و بۆچی چێژت لە دەقەکە بینی. ئەمەیش لەبەر ئەوەی ئەم سێ وشەیەیە خۆی لە خۆیدا سێ چەمکی ئاڵۆزن و لە کاتی تەعبیرکردنیاندا ئەوەندە بەئاسانی خۆیان بە دەستەوە نادەن. دیاردە دەروونییەکان بەهۆی نابەرهەستبوونیان (ئەوەیکە ناتوانین بە هەستە ئاساییەکانمان هەستیان پێبکەین)، زەینێکی راهێنراویان دەوێ بۆ باسلێکردنیان. خوێنەر جگە لەوەی دەبێ بەسەر ئەو خەسڵەتانەی وا دەقەکە پێکدێنن بەجوانی زاڵ بێت، بەڵکو دەبێ بتوانێ تەعبیر لە کاریگەرییەکانی دەقیش لەسەر خۆی بکا کە ئەمە زیاترە لە تەنیا خودی خەسڵەتەکانی ناو دەق.

بەڵام لە کۆتاییدا سەرەرای توانامان لە تەعبیرکردن یان نەکردن لەم هەستە، لەسەر ئەوە هاوڕاین کە دەق چێژ دەبەخشێ. دەق هەڵگری خۆشی و جوانییە. رەنگە ئەمە سەرەکیترین هۆکار و دنەدەری ئێمەیش بێت بۆ پەنابردن بۆ خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی.

خوێندنەوە جۆرێکە لە راکردن لە واقعی زبر و تاڵی رۆژانە بەمەبەستی چێکردنی چێژ و جوانی. ئەدەب ئەم دەرفەتە دەڕەخسێنێ لەگەڵ ئەوەی هاوکات خوێندنەوەیەکی تری هەمان واقعە، یاخود ژیانکردنە لەهەمان واقعدا. لەم رووەوە مرۆڤ قەت بێ نیاز لە هەستکردن بە جوانی نەبووە، هەرچەند ئەم هەستکردنە لە هەر قۆناغێکدا بە شێوازێک خۆی نیشانداوە.

کەواتە دەق خۆی لە خۆیدا هەڵگری خۆشی و جوانی و چێژە، ئەو خەسڵەتانەی وا بەشێوەی شاراوە و پاسیڤ لەدەقدا هەن و دەبێ لە رێگای خوێندنەوەوە چالاک بکرێنەوە.

زۆر جار دەبینین هەمان دەق نابێتە هۆکاری هەمان چێژ و خۆشی و جوانی لە کەسێکی تردا. لێرەوە سەرنجی 'کانت'ی فیلسووف بەرجەستەدەبێتەوە کە جوانیی لە ئۆبژەوە بۆ سوبژە (زەین) راگواست و لای وابوو جوانی لەبنەڕەتدا بابەتێکی پەیوەندیدار بە سوبژەوەیە. وادیارە کانت لەم بوارەدا زیادەڕەوی دەکا، لەبەر ئەوەی گەر دەقێک بوونی نەبێ ئەوا چلۆن دیاردەیەک بەناوی جوانی دەتوانێ لە سوبژەدا سەرهەڵبدا؟ بۆیە زیاتر لەوەی جوانی بەرهەمی زەینی خوێنەر بێت بەرهەمی پێوەندی دوولایەنە و دیالکتیانەی نێوان خوێنەر و دەقە.

گەر مرۆڤ لە دەقدا بە شوێن خۆشی و جوانی و چێژەوەیە مانای ئەوەیە کە لە ژیانی رۆژانەدا شتێک کەم دەهێنێ و لەبەر ئەمە پەنا دەباتە بەر دەق. واتە دەق ئەو شوێنەیە کەمایەسییەکانی ژیانی واقع قەرەبوودەکاتەوە و خەسڵەتێکی دیکەی پێ زیاددەکا. بۆیە دەق بەجۆرێک رازاندنەوەی ژیانە، رازاندنەوەیە بەهۆی خەونەکانمانەوە، رازاندنەوەیەک کە تەعبیر لە جیهانێکی تر واوەتر لە جیهانی هەنووکە دەکا. دەق ئاوێنەبوونی خەونی من لەگەڵ جیهانی واقعە. بۆیە لێرەوە جیهانێک دەخوڵقێنێ کە ئیستاکە جێدێڵێ و دەیەوێ بگاتە شوێن و زەمەنێکی تر. دەتوانین بڵێین دەق گەمەکردنیشە لەگەڵ شوێن و زەمەنی ئیستا و پەلکێشکردنیانە  بەرەو شوێن و زەمەنێکی تر. ئەمەیش تەنیا لە رێگای گەمەی زەینیانەی ناو دەقەوە مەیسەردەبێ. ئەم گەمەیە گەر شتێک بەناوی خەونی لەگەڵا نەبێ، قەت دەستەبەرناکرێ. لەڕاستیدا خەون ئەو ئامرازەیە وا لە توانای گۆڕینی شوێن و کات بەهرەمەندە. ئەو توخمەیە کاتێک ئاوێتەی ئەم دووانە دەبێ شۆڕشیان تیا دروستدەکا. بۆیە خەون لە ناخی خۆیدا شۆڕشگێڕە. رادیکاڵە. بەزێنەری سنوورەکانە و مەیلە بۆ پەڕینەوەیەکی هەمیشەیی. سەفەری ئێمەیە لەکاتێکدا بەردەوام لە هەمان شوێن و زەمەنی پێشوو دانیشتووین. تاقیکردنەوەی جیهانێکی ترە لە رێگای دەقەوە، ئەگەرچی هێشتا بە تەواوی نازانین ئەو جیهانە وا خەونی پێوە دەبینین چییە؛ بەڵام داخۆ هەر لەم نیوە وشیارییە ـ نیوە خەواڵووبووەنەدا نیە ئێمە دەتوانین خەون ببینین و دەق بەرهەم بێنین؟

لە نێوان خەون و راستیدا هەمیشە مەودایەکی بەرین و قووڵ هەیە. ئەمە راستییەکی ئاشکرایە و هەموو کەس دەیزانێ، بەڵام ئەوەی رەنگە نەیزانین ئەوەیە ئەم مەودایە خۆمان دروستمانکردووە و تەنیا خۆمان لێی بەرپرسیارین. بۆیە جۆری پێشکەشکردنی خەونەکان و مامەڵەکردن لەگەڵیان بەتەواوی بە خۆمانەوە گرێدراوە. رەنگە هەر ئەمە بێت دەبێتە هۆکاری ئەوە زۆر کەس خەون نەبینین و یان رەنگە نەیانەوێ خووبدەنە دەقەکان و تەنیا بە ژیانی رۆژانەوە بچەسپن. هەروەها دەتوانین بڵێین لەگەڵ ئەوەی خۆمان بەرپرسیاری خەونەکانمانین، بەڵام لە هەمان کاتدا تەنیا خۆمان بەرپرسیاری وەدیهێنانیان نین و بۆیە خەوەنەکان لەگەڵ خۆیان هەڵگری پەیامی ترسناکن. ئەوەیکە رەنگە بە هۆی ئەوانەوە بەتووش گەڵێک لایەن و کەسەوە لە ژیاندا بین کە لە بنەڕەتدا بەڕواڵەت هیچ پێوەندێکیان بە ئێمەوە نیە. خەون و دەق ئێمە بە جیهانە نەناسراوەکانەوە گرێدەدەن.

لە رۆمانی 'بەشوێن زەمەنی لەکیس چوو'ی نووسەری فەڕەنسی 'مارسل پرۆست'دا دەگوترێ: "... وەکوو ئەو کەسانەی سەفەردەکەن تا ئەو شارەی وا بەدڵیانبوو بە چاوەکانیان ببینن و وا تێدەگەن دەکرێ جوانیی خەون لە واقعدا بدۆزنەوە." (لاپەڕە ٦٦) لێرەدا دیوارێک لە نێوان جوانیی خەون و واقعدا چێدەکرێ. راستەوخۆ بە خوێنەر دەگوترێ جوانیی خەون هەمیشە وەک خۆی دەمێنێتەوە و واقعیش وەک خۆی. مرۆڤ دەبێتە بوونەوەری نێوان ئەم دووانە. قاچێکی لەمدایە و قاچێکی تری لەوی تردا. پەرەگرافەکە بە جۆرێک پێمان دەلێ واز لەمە بێنن و لەبیرتان بێت جوانی شتێکە و واقع شتێکی تر. بەڵام سەیر ئەوەیە ئەم پەرەگرافە لەهەمان کاتدا لە دیوی ناوەوەی خۆی هانیشمان دەدا بۆ ئەوەی مل نەدەینە ئەم راستییە و بەردەوام لە رێگای جوانیی خەونەکانەوە، واقع بخەینەوە بەر کێشەوە. هەر ئەم خەسڵەتەیشە دەق جوان دەکا. لەبەر ئەوەی دەق لەگەڵ خۆیدا بەردەوام هەڵگری ماناکانی پێچەوانەی خۆیەتی و ئەمە راستەوخۆ یان ناڕاستەخۆ دەگەیەنێتە خوێنەر.

گەر مرۆڤ تەنیا لەگەڵ واقع ناژی و بەشێکی گرینگی ژیانی بریتیشە لە خەون، ئەوا ناچارە بەجۆرێک بیر لە بەدیهێنانیشیان بکاتەوە. بۆیە هەمیشە ژیان پڕە لە روواوە کتوپڕ و چاوەڕواننەکراوەکان. جاری وایە قورسایی خەون ئەوەندە زیاددەکا کە رۆژێک ژیانی واقع جێدێڵین و بڕیاردەدەین لەگەڵ خەونەکانمان نەک تەنیا بژین بەڵکو بیانژیەنین. یاخود ئەوان ئێمە بژین.

شیللەری فیلسووف کاتی خۆی دەیگوت تەنیا لە رێگای جوانییەوەیە مرۆڤ دەتوانێ بگاتە ئازادی و بەختەوەری. واتە جوانی لە سەرێکی تریشەوە خۆی بە ئازادی و بەختەوەرییەوە گرێدەدا. ئێمە لە رێگای جوانییەوە هەست بە ئازادی و بە بەختەوەری دەکەین. لەبەر ئەمەیشە دەقی ئەدەبی وەک بوونەوەریک لە رێگای خوڵقاندنی جوانییەوە لە جیهانی واقعدا رێگاکانی بەرەو ئازادی و بەرەو بەختەوەریمان نیشاندەدا.

بۆیە دەتوانین بڵێین کاتێک ئەوەی وا لە دووای خوێندنەوەی دەقێکدا دەڵێ "خۆش بوو،... جوان بوو،... یان چێژم لێوەرگرت"، لە راستیدا خەریکە لە رێگای ئەم وشانەوە تەعبیر لە ئازادی و بەختەوەریی خۆیشی دەکا.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی نووسین چێکردنی خۆشی، جوانی و چێژە. نووسین خوڵقاندنی خەون و زیادکردنییەتی بە جیهانی واقع،... رێگای بەرەو ئازادی و بەختەوەرییە. دەنووسین لەبەر ئەوەی مرۆڤ لە راستیدا بوونەوەری مەوداکانی نێوان خەون و راستییە. نە ئەمە و نە ئەو، بەڵکو ئاوێتەیەکە لە هەردووکیان. لە رێگای نووسینەوە مرۆڤ واقع بەرەو ئاراستەیەکی تر پاڵ پێوەدەنێ. رەنگە ئەم ئاراستەیە سەداسەد سەرنەگرێ، بەڵام بێگومان خەونەکان نیشانە و مۆرکی خۆیان بەسەر رووداوەکاندا جێدێڵن و ناهێڵن بۆ هەمیشە تەنیا وەک واقع بمێننەوە. جا رەنگە واقعیش لە راستیدا تەنیا واقعی رووت نەبێ. لەبەر ئەوەی مرۆڤ هەمیشە لەوێ لەگەڵیا بووە.

درێژەی هەیە...