ما 2638 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەژاد عزیز سورمێ

پشتیوانی هەژارانم كرد

وتیان تۆ

كۆمۆنیستی!

زۆرم نیشتمانی خۆم خۆشویست

وتیان تۆ

زیاد دەڕۆیی!

 

لە شیعری توركییەوە)*)

 

و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

 

میهرەبان

قژی زەردت

بە دڵی شێتم گرێ داوە

بە هیچ شتێ ناكرێتەوە، میهرەبان!

میهرەبان!

پێت وانەبێ

مردن لە جودایی قورستر بێ

گەر تاقیت نەكردووەتەوە

بە خەیاڵ ناتوانی

میهرەبان، خۆشەویستم!

 

كە ناوی دڵبەر دێ

قەڵەمم لەدەست دەكەوێ

چاوم ناكارن ببینن

عەقڵم لە خوێندنەوە دەوەستێ

ئاگری فانۆس

دەكەوێتە پرتەپرت... میهرەبان!

ئاگری فانۆس دەلەرزێ

ناتوانرێ عەشق

لەسەر كاغەز بنووسرێتەوە، میهرەبان

خۆشەویستم!

عەشق لەسەر كاغەز نانووسرێتەوە... میهرەبان!

 چارەی دەردی من

لای دكتۆران نییە  میهرەبان   

كە وتت عەشق

بە دوای شتی دی مەگەڕێ

هەموو شتێك كۆتایی هەیە

لێ عەشق سنووری نییە میهرەبان

خۆشەویستم!

من ماندووم

 

لە تەلان و هەڵدێری ژیاندا

خۆم بە نینۆكەكانم گرتووەتەوە

ساڵانی بوری، ماندوویان كردووم

هەرگیز نەگەڕاومەتەوە و

چاوەدێری

برادەرەكانم

خۆشەویستانم كردووە

لە ژیانمدا

دۆست و خۆشەویستانم

نەفرۆشتووە .

من ئێستا ماندووم

ماندووم ...  ماندوو

لەبەر درۆیان

بە خۆشەویستییەوە ماندووم

 

مێروولەی زۆرم دیتن

بەڵام هەرگیز پێم لێ نەنان .

قەت شەرەف و ڕاستی خۆمم

بە ماڵ نەداوە

لەخوا بەدەر

هەرگیز كەسی دیم نەپەرستووە.

گەر نامناسی

باشە خەم نییە

من ئاوەهام !

من ماندووم

بە درۆیانەوە ماندووم

بە خۆشەویستییەوە ماندووم

بە دووڕووانەوە ماندووم

 

ماندووم

بەو گرفتانەوە ماندووم

لە خەڵكی بەدنمەك

به‌ دووڕووە ترسنۆكەكانەوە ماندووم

 

ئادەمی زۆرم بێ جلوبەرگ و

جلوبەرگی زۆریشم

بێ ئادەمزاد بینی

تۆ چۆن بزانی

كێ دژمن و كێ دۆستە ؟

ئایا (سۆزانییەتیان) لە هەنییەدا نووسراوە؟

تا بزانی ئەوانە سۆزانین... ها ؟!

 

 

پشتیوانی هەژارانم كرد

وتیان تۆ

كۆمۆنیستی!

زۆرم نیشتمانی خۆم خۆشویست

وتیان تۆ

زیاد دەڕۆیی!

نوێژم كردن

ڕۆژووم گرتن

وتیان تۆ توندڕۆی!

ماندوو بووم

من بە درۆیان

بە خۆشەویستی

بە دووڕووانەوە ماندووم

ماندووم

ماندوو.

 

 

 

 

(*) ئەم دوو شیعرە ، (میهرەبان) و (من ماندووم) لە بنەڕەتدا گۆرانی (مەحسون كرمز گوڵ)ی هونەرمەندی  بەڕەگەز كورد  لە یووتووبدا بە وەرگێڕانی عەرەبی بڵاو كراونەته‌وە.

بۆ سەرچاوەی گۆرانییەكان له‌ یووتووب بڕوانه‌:

htpps:\\www.youtube.com\watch?v?yYfnNRQB9Q 

                         https: :\\www.youtube.com\ watch?=wcld ffrE50

 

گەڕان بۆ بابەت