فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەق بە تاککردنی چەمکی گشتیی ئازادییە. فرەچەشن کردن و فرەروخسارکردنیەتی. دەنووسین لەبەر ئەوەی بڵێین ئازادی ئەوەندە بڕیاردەرە گەر نەتوانین وەڵامی داواکانی بدەینەوە ئەوا رەنگە بەیانییەک لە خەوهەستین و دەبینین بووین بە قالۆنچەیەکی زەلام.

بۆچی دەنووسین (٢٥)

 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

چەمکی ئازادی لای هیگڵ دوو لایەنی هەیە: ئازادیی نگەتیڤ و ئازادیی پوزەتیڤ. ئازادیی نگەتیڤ 'ئازادییە لە' و ئازادیی پوزەتیڤ 'ئازادییە بۆ'. واتە جۆری یەکەم ئازادییە لە بەربەستە دەرەکییەکان (بۆ وێنە وەک ئازادی لە ئیجبار و بڕیارە دەوڵەتییەکان)، ئازادیی پۆزەتیڤ ئازادییە یاخود توانایە بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانەی هەمانە. لە جۆری دووهەمدا دەبێ دۆخی کۆمەڵایەتی و جۆری دامەزراوەکانی وەها بن کە دەرفەت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان بگونجێنن. بۆ وێنە بۆ کەسێکی هەژار هەر ئەوەندە بەس نیە دەتوانێ زانستی باڵا بخوێنێ (واتە یاسا بەری پێ نەگرێ)، بەڵکو دەبێ بە کردەوە بتوانێ جێبەجێی بکا. جا لێرەدا دەوڵەت و کۆمەڵگا لەسەر شانیانە دۆخێکی وەهای بۆ دابین بکەن کە بتوانێ خەونی خوێندنی باڵا بەدی بێنێ (واتە ئاستێکی پێویست لە ژیانی بۆ دابین بکرێ).

لای هیگڵ مانای ئازادی کاتێک کامڵ دەبێ کە ئەم دووانە پێکەوە هەبن. ئازادی لە بەربەستەکان خۆبەخۆ بەمانای ئەوە نیە مرۆڤ دەتوانێ بگاتە ئامانجەکانی و بەم شێوەیە ئازادیی خۆی ئەزموون بکا، بۆیە لە پاڵ ئەمەدا دەبێ دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان جۆرێک بن بتوانن دۆخێک فەراهەم بکەن مرۆڤ خۆی تیا ببینێتەوە و ئارەزووەکانی دەستەبەر بکات. بەم شێوەیە ئەو دەرفەتەی بۆ فەراهەم بێت ئەزموونی چەمکی ئازادی بکات.

دەتوانین کۆمەڵگاکان بە گوێرەی ئەم دوو چەمکەی ئازادی دابەش بکەین. لە هەندێکیاندا هیچ کام لەمانە بوونیان نیە، لە هەندێکیاندا تەنیا ئازادی جۆری یەکەم هەیە و لە هەندێکی تریش دا دەتوانێ هەر دوو جۆرەکە هەبێ. دەتوانین بڵێین بە گوێرەی هیگڵ هەتا کۆمەڵگاکان بتوانن زیاتر ئەم دوو چەمکە پێکەوە رەچاوبکەن، ئەوا ئازادترن.

لای هیگڵ چیرۆکی مێژووی مرۆڤ چیرۆکی گەیشتن بە ئازادییە و رۆحی جیهانی بەرەو ئەم ئامانجە لە رەوڕەوەدایە. بەم پێیە نووسین و دەقیش خۆیان لەم چوارچێوە گشتییەدا دەبیننەوە. دەق دەبێ بە شوێنی رەنگدانەوەی چۆنیەتی هەڵسوکەوتی مرۆڤ لەگەڵ چەمکی ئازادی. نووسەر بە هەر شێوەیەک کاراکتێرەکانی پێناسەبکا و بیانخاتە ناو کێشمەکێشەکانەوە ئەوا لە بنەڕەتدا خەریکە لە ناو رەوتێک بە ناوی ئازادی بوونیان پێدەبەخشێ. کاراکتێرەکانی ناو دەق بە گوێرەی ئەوەی باڵانمای ژیانن (جا چ بە شێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ) تەنانەت بێ ئەوەی بۆخۆشیان بزانن لە بەستێنی ئازادیدا خەریکی ساخکردنەوەی رەوتەکانی ژیانی خۆیانن. ئەوان بەردەوام بۆ ئازادی دەجەنگن، ئەگەر تەنانەت هیچ ئایدیایەکی ئەوتۆیش لە زەینیاندا سەبارەت بەم چەمکە نەبێ. ئازادی لە زەمیری وشیار و ناوشیاری ئەواندا حوزوری هەیە و ئەو زەرفەیە شکڵ بە کردارو بە خەونەکانیان دەبەخشێ.

دۆزینەوەی ئەم چەمکە لە ناو دەقە ئەدەبییەکاندا زۆر دژوار نیە. رۆمانی 'شەڕ و ئاشتی'ی تۆلستۆی گێڕانەوەی چەمکی ئازادییە لە قەوارەی شەڕە گەورەکانی ناپلیۆن لە دژی رووسیا (بواری ئازادیی نگەتیڤ). رۆمانی 'شێوان'ی کافکا دیسان مودێلێکی تری چەمکی ئازادییە. 'گرێگور سامسا'؛ بەیانییەک لە خەو خەبەری دەبێتەوە و تێدەگا بووە بە بوونەوەرێکی ناحەزی زلی قالۆنچەئاسا. تەواوی چیرۆکەکە ئەمە دەگەیەنێتە خوێنەر کە گرێگور کێشەی لەگەڵ ژیانی خۆی و لێرەوە لەگەڵ کۆمەڵگادا هەیە و بەرهەمی ئەم کێشە و نەسازانە دەبێتە ئاڵوگۆڕێکی جەستەیی لەودا. وەک بڵێی چەمکی ئازادی لەم رۆمانە کورتەدا لە جیاتی ئەوەی لە مانایەکی ئەرێنیدا بگاتە پراکتیزەی خۆی، دەگاتە حاڵەتێکی پێچەوانە، لەبەر ئەوەی گرێگور لە رەوتی خۆخەمڵاندن و خۆبەحەقیقیکردنیدا لە ناو چەمکی ئازادیدا ماوەتەوە. کاتێک قورسایی ژیان وەهایە مرۆڤ لە ژێر خۆیدا ورد و خاش دەکا، ئەوا گۆڕان دەتوانێ لە ئاراستەیەکی دیکەدا رووبدات. لە رەوتی جیهانیی ئازادیدا مەرج نیە هەموو کەس لەگەڵیا بڕۆن. گەلێک لە تاکەکان دەدۆڕێن، بەڵام لای هیگل گشتییەتی ئاراستەکە بەهەرحاڵ روو لەوێیە،... روو لە ئازادی.

لە رۆمانی 'بێگانە'ی 'ئاڵبەرت کامۆ' دیسان چەمکی ئازادی بەستێنێکی گرینگی ئەم دەقەیە. 'مورسو' پاڵەوانی سەرەکیی رۆمانەکە چونکە مەرگ بۆی دیاردەیەکی ئاساییە و لە ئاست مردنی دایکیدا کاردانەوەیەکی وەک کۆمەڵگای نابێ، سەیر و سەمەرە دێتەبەرچاو و بگرە لەمە وەک بەڵگەیەک بۆ بێڕەحم بوونەکەی لە کاتی لێکۆڵینەوە لەو قەتڵەی وا ئەنجامیداوە کەڵک وەردەگیردرێ. مورسو لە رێگای بەئاسایی کردنەوەی مەرگ لای خۆی لە راستیدا خۆی گەیاندووەتەوە ئازادی سەبارەت بەم چەمکە. ئازادییەک کە بۆ ئەو دەرئەنجامی تری کۆمەڵایەتی دەبێ.

رۆمانی 'هێشوەکانی تووڕەیی' لە نووسینی 'جان شتاین بەک' بەسەرهاتی بنەماڵەیەکی هەژارە کە لە پێناوی بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر لە 'ئۆکلاهەما'وە بۆ 'کالیفۆرنیا' سەفەردەکەن. شەڕی بنەماڵەیەک لە گەڵ دۆخی دژواری ژیان بۆ دابینکردنی پێداویستیەکان. ئەو پێداویستییانەی هەڵگری پراکتیزەکردنی چەمکی ئازادین لە ژیانی ئەواندا. ئازادی لە برسیەتی، ئازادی لە هەژاری و لە رەنج و لە مەینەت، هەر بەو پێیەیش دابینکردنی ئەو بنەمایانەی وا دەبنە هۆکارێک بۆ خەون بینینی تر.

وەک دەردەکەوێ چەمکی ئازادی لەگەڵ بەرنگاری و خەبات یەکدەگرنەوە. ئەگەر لە دەرەوە بەربەستێک هەیە ئەوا ئەم بەربەستە بەرنگاری و خەبات دەیشکێنێ. ئازادی لە راستیدا لەو دیو بەرنگاری و خەباتەوەن. چیرۆکی مرۆڤ چیرۆکی هەوڵدانیشە. رەنگە گەر هەوڵنەدەین وەک 'گرێگور سامسا'مان لێ بێت. بەیانییەک لەخەو هەڵدەستین و دەبینین بووینەتە دەعبایەکی ناشیرینی سەیروسەمەرە. گەر هەوڵبدەین رەنگە بە سەرکەوتن بگەین، وەک چۆن رووسەکان توانیان ناپلیۆن بشکێنن. رەنگیشە لە مانایەکی نگەتیڤیانەی تردا سەرکەوتنێک و شکستێک لە ئارادا نەبێ، بەڵکو چیرۆکەکە دەبێ بە دووپاتبوونەوەی بەردەوام و بێهوودەی هەمان هەوڵ و ماندووبوون (وەک ئەفسانەی سیزیف). کە دیارە ئەمەی ئاخریان بەپێچەوانەی رای 'هیگل'ی فیلسووفە. لەبەر ئەوەی رەوڕەوەی مێژوو بەرەو ئازادی نانوێنێتەوە.

دەق کاتێک بەرهەم دێت کە نووسەر کێشەیەک لە نێوان کەسایەتی چیرۆکەکەی و دەرووبەریدا دەبینێتەوە یاخود سازیدەکا. هەمیشە ئەم کێشەیە شتێکە بەری بە خۆبەحەقیقیکردنی کەسایەتییەکە گرتووە و بۆیە بەسەرهاتی دەقەکە دەبێتە چیرۆکی ململانێی نێوان کاراکتێرەکە و بەربەستەکان. هەتا ئەم کێشەیەیش قووڵتر و بەرینتر بێت و باشتر وەسف بکرێ، ئەوا چەمکی ئازادیش قووڵایی و بەرینایی زیاتر وەردەگرێ. دەقی رۆمان و چیرۆک لە هەر فۆڕم و روالەتێکیدا گێڕانەوەی ئازادییە. بەدی بێت یان نەیەت، مرۆڤ عەوداڵیەتی و مانای ژیان لە ژێر سایەی ئەمەدا لێکدەداتەوە. تەنانەت کاتێک باس لە خۆشبەختییەکانی خۆی دەکا هەر هەموویان بە جۆرێک خۆیان بەم چەمکەوە گرێداوە. ئازادی لە راستیدا زیاتر لەوەی چەمکێکی سیاسی بێت، چەمکێکی وجوودیشە و خۆ بە هەموو کەلێن و قوژبنەکانی ژیانی مرۆڤدا دەکا.

خۆشیی و جوانیی دەقی چیرۆک و رۆمان لەوەدایە کە دەتوانێ پێشکەشکەری ئەزموونی نوێ لەم چەمکە بێت. بە هۆی ئەوەی دەق باس لە تاکەکان دەکا و هەر تاکێک خاوەن ئەزموونی تایبەت بە ژیانی خۆیەتی، بۆیە خاوەن ئەزموونی تایبەتی خۆشیەتی سەبارەت بە چەمکی ئازادی. ئازادی راستە مانایەکی گشتیە، بەڵام لە ژیانی مرۆڤەکاندا تایبەت دەبێتەوە و لێرەوە دەرکەوتەی گەلێک جۆراوجۆری لێدەکەوێتەوە. دەرکەوتەیەک بە ئەندازەی ژمارەی هەموو مرۆڤەکان. کاری نووسەر ئەوەیە هەر جارە و دەرکەوتەیەکی نوێ لەم چەمکە لە کاتی گێڕانەوەدا پێشکەشی خوێنەری خۆی بکا. دووپاتکردنەوەی رووداوە گوتراوەکان نابێتە هۆی هەست و ناسینێکی نوێ لە ئازادی و بۆیە دەق بێتام دەبێ. ئازادی بە رووداوە نوێیەکانەوە خۆی تازەدەکاتەوە. ئازادی، بوونێکی بێ ئەژمار خاوەن روخسارە. کاری نووسەر دۆزینەوە و خوڵقاندنی ئەم روخسارانەیە. هەر مرۆڤێک خاوەن ئەزموونی تایبەت بە خۆی سەبارەت بەم چەمکەیە و هەر لەبەر ئەمەیشە دەرفەتی خوڵقاندن لە بواری دەقدا یەکجار بێ سنوورە.

بە مانا 'هیگل'یەکەی دەق شوێنی پراکتیزەکردنی ئازادی پوزەتیڤ و ئازادی نگەتیڤە. نووسەر لە رێگای دەقەوە دەتوانێ بە شێوەی ئەدەبی ئەم دوو چەمکە بنوێنێتەوە و بەم شێوەیە لەگەڵ کێشەکانی سەردەمیش ئاشنامان بکات. رۆمانی 'شێوان'ی کافکا بۆ نموونە بە جوانی پیشانی دەدا ئەو کۆمەڵگایەی گرێگور تیایا دەژی ناتوانێ دامەزراوەکانی وەها بن کە ئەو بتوانێ لە رێگای ئەوانەوە ئازادی خۆی ئەزموون بکا و بەم شێوەیە هەستی بە قالۆنچەبوون دایدەگرێ. هەروەک چۆن لە رۆمانی 'شەڕ و ئاشتی'دا هێزێکی دەرەکی (وەک هێزی سەربازیی ناپلیۆن) بەربەستێکە بۆ ئازادیی نیشتمانی.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی نووسین شوێنی ئەزموونکردنی ئازادی بە هەر دوو بوارە 'هیگل'یەکەیەتی. نووسین بەرجەستەکردنی کۆنکرێتیانەی چەمکی گشتیی ئازادییە. لە رێگای نووسینەوە ئێمە چیرۆکی فەلسەفیی هیگڵ بە زمانی ئەدەبی دەنووسینەوە، واتە چیرۆکی رەوڕەوی مێژووە بەرەو ئازادی. دەق بە تاککردنی چەمکی گشتیی ئازادییە. فرەچەشن کردن و فرەروخسارکردنیەتی. دەنووسین لەبەر ئەوەی بڵێین ئازادی ئەوەندە بڕیاردەرە گەر نەتوانین وەڵامی داواکانی بدەینەوە ئەوا رەنگە بەیانییەک لە خەوهەستین و دەبینین بووین بە قالۆنچەیەکی زەلام. جا بۆ ئەوەی پابەند بەم چەمکە بمێنیەوە، چارمان نیە دەبێ بە شیوەی دەقی ئەدەبیش هەم بینوێنینەوەو هەم وەک دەرکەوتەیەکی ئازادی خۆمان پێشکەشی بکەین.

درێژەی هەیە....