محەممەد محەممەدمورادی

لەپێناو سیاسەتی تێزی دەوڵەتی سەربەخۆدا سی بۆ چل هەزار ئینسان گیانیان بەخت کرد، دواتر زۆر ئاسان پاشەکشێ لەو تێزە کرا و ویستیان ئەگەر تورکیا ڕازی بێت لەسەر فێدرالیزم موزاکرە بکەن. کێ ئەڵێ لە ڕۆژهەڵات بەناوی حەقانییەتی کۆدارەوە شەڕ و ماڵوێرانییەکی زۆر بەرهەم نایەت و پاشان تێزێکی تازە بهێنن و بڵێن ئەمەیە حەقیقەت.

 

داهاتووی پرسی نەتەوەیی لە ڕۆژھەڵات (۹)

کۆدار - پەژاک ۲

محەممەد محەممەدمورادی

 

با وەبیرتان بێنمەوە لێکدانەوە و ئاوڕدانەوە له پەکەکە لەم یادداشتانەدا تەنها بەهۆی لقە ڕۆژهەڵاتییەکەی ئەم حیزبەوەیە و، شێواز و ئەگەرەکانی ڕۆڵگێڕانیان لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتدا بنەمای ئەم نوسینەیە. خەڵکی ڕۆژهەڵات بەگشتی تاکوو گیرانی عەبدوڵا ئۆجەلان پەکەکەیان نەدەناسی و لەدوای ئەو ڕووداوەوە بەرەبەرە کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵات پەکەکەیان وەکوو هێزێکی چەپ و سۆسیالیست کە هەوڵ بۆ ئازادکردنی چوارپارچەی کوردستان دەدات ناسی و ڕوانگەی گشتیی خەڵکی ڕۆژهەڵات بۆ پەکەکە سەرەڕای دامەزراندنی پەژاک و دواتریش پەسەندکردنی کۆنفدڕالیزمی دێمۆکراتیک لە ۲۰۰۵دا کەمتازۆر هەربەم شێوە بوو تاکوو دامەزران و ڕاگەیاندنی کۆدار. بەڵام ئەساسەن کۆدار یاخود کۆنفدڕالیزمی دێمۆکراتیک چییە و ئەگەرەکان ‌و سیناریۆکانی ئەم سیستەمە لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتدا چۆن دەبێت و هەندێک بابەتی تر، کۆمەڵێ پرسیارن کە هەوڵدەدەم  تاووتوێیان بکەم. 

ئایا کۆنفدڕالیزمی دێمۆکراتیک ئەتوانێ وەڵامدەری تەزادە جۆربەجۆرەکانی ناو گۆمەڵگا بێت؟ خاڵە پۆزەتیڤ و باشەکانی ئەم سیستەمە و مەحدودییەت و کێشەکانی ئەخەمە بەر باس. ئێستە ئیتر لەژێر تیشکی ئەزموونی ڕۆژاوادا باشتر ئەتوانین ئەم سیستەمە ڕەخنە بکەین. بەڵام پێش هەموو شتێک ئەبێ بزانین کە ئەمە سیستەمێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییە و بۆ ئەوەی کە جێبەجێ بکرێت پێویستی بە بۆشاییەکی سیاسی و جوگرافیایەکی وەک ڕۆژاوایە کە هیچ هێز و ڕکابەرێکی جددیی تێدا نەبێت. تەنانەت خودی پەژاکیش کاتی ڕاگەیاندنی کۆدار داوا لە هەموو هێز و لایەنەکانی تر دەکات تێیدا بەشداری بکەن و «ڕۆڵ بگێڕێن». مەبنای ئەم نووسینە ئەوەیە کە پەژاکیش وەکوو هێزێکی ڕۆژهەڵاتی قبووڵ بکرێت، بەڵام جیاوازیی نێوان ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا ئاسمان و ڕێسمانە، ڕۆژهەڵات خاوەنی مێژوو و موبارزاتی خۆیەتی، چەندین حیزب و لایەنی تر لە ڕۆژھەڵات هەن کە سەرەڕای هەموو کێشە و کەمووکوڕییەکانیان، هەروا کە لە بەشەکانی پێشوودا بێبەزەییانە هەوڵمدا باسیان بکەم، بەڵام خاوەنی هێز و پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆیانن. زۆر غەڵەتە وا دابنرێت کۆمەڵە و دێمۆکرات ئەو جەماعەتان لە کەمپەکاندا. بۆیە بێگومان ڕۆژھەڵات ئەو بۆشاییە سیاسییە نییە کە هیچ لایەنێک بتوانێت پلانی گشتگیری خۆی بۆ دانێت. هەر ئەم تایبەتمەندییەیە کە داهاتووی ڕۆژھەڵاتی پیچیدە و ئاڵۆز کردووە. هەربۆیە پەژاک/پەکەکە بۆ دامەزراندنی ئەم سیستەمە لە ڕۆژھەڵات دوو بژاردە زیاتری لەبەردەستدا نییە.

بژاردەی یەکەم، پەژاک ئامادەیی خۆی ڕادەگەیەنێت بۆ موشارکەتی دێمۆکراتیک و بەپێی دەنگ و پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی لە ڕۆژھەڵاتدا و هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی خۆی لەناو گشتییەتی ڕۆژهەڵات و لە پێوەندیی دێمۆکراتیک لەگەڵ هێزەکانی تردا. کە بە باوەڕی ئەم قەڵەمە ئەمە عەقڵانیترین بژاردەیە هەم بۆ خودی پەژاک و پەکەکە و هەم بۆ داهاتووی کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێشی ڕۆژهەڵات. 

بژاردەی دووەم، پەژاک/پەکەکە بەپێی ئیمانێکی ئیلاهیاتی کە بە حەقانییەتی پلان و بەرنامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەیەتی درێژە بە ئینکارکردنی مێژوو و هێزەکانی تری ڕۆژهەڵات دەدات و لەپێناو دامەزراندنی ئەم سیستەمەدا هەوڵ بۆ سڕینەوەی هێزەکانی تر دەدات. کە ئەم بژاردەی دووەمە ڕۆژهەڵات بەرەو شەڕ و ماڵوێرانییەکی درێژخایەن و بێ کۆتایی دەبات. 

بژاردەی یەکەم پێویست بە لێکدانەوە ناکات، بەڵام بژاردەی دووەم ئەتوانێ دەیان سیناریۆی ترسناک و ماڵکاولکەری لێکەوێتەوە کە دواتر هەوڵ ئەدەم چەند نموونە لەم سیناریۆ چاوەڕوانکراوانە باس بکەم. بەداخەوە مێژوو و سایکۆلۆژیای پەکەکە نیشانی داوە ئەبێ چاوەڕێی بژاردەی دووەم بکەین. عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەربارەی هێز و لایەنەکانی تر - لێرەدا بەدیاریکراوی مەبەستی یەکێتی و پارتییە و ئەساسەن حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەر بەحسێب ناهێنێت- دەڵێ: 

"لە ئیسلامدا ئەڵێن: حەق هات و باتڵ ڕۆیشت. PKK حەقیقەتی ئاشکرا کرد و هەربۆیە بزووتنەوەکانی تر کارکرد و کارامەیی خۆیان لەدەست دا. ئەم بزووتنەوانە دوو ڕێگا زیاتر لەبەردەستیاندا نییە: یان ئەوەی کە ئەم حەقیقەتە پەسەند دەکەن و خویشیان دەبن بە بەشێکی یان ئەوەی کە لەناو دەچن.» (هفت روز با رهبر. ۱۹۹۶-۲۰۰۸ ل ۶۲). پەژاکیش هەر بەپێی ئەم تێزەیە کە دەڵێ ئەبێ هێزەکانی تر بێنە ناو کۆدار ڕۆڵ بگێڕن. ئەم شێوە ڕوانین و مامەڵەکردنە ڕادەبەدەر ترسناک و نادێمۆکراتیکە. قایل بوون بە حەقانییەت لە سیاسەتدا بێگومان فاشیزمی لێدەکەوێتەوە. جگە لەوەش، پەکەکە / ئۆجەلان بەم هەموو گۆڕانکاری و وەرچەرخانەوە چۆن ڕێگە بەخۆی دەدات باسی حەقانییەت و حەقیقەتی موتڵەق بکات. لەپێناو سیاسەتی تێزی دەوڵەتی سەربەخۆدا سی بۆ چل هەزار ئینسان گیانیان بەخت کرد، دواتر زۆر ئاسان پاشەکشێ لەو تێزە کرا و ویستیان ئەگەر تورکیا ڕازی بێت لەسەر فێدرالیزم موزاکرە بکەن. کێ ئەڵێ لە ڕۆژهەڵات بەناوی حەقانییەتی کۆدارەوە شەڕ و ماڵوێرانییەکی زۆر بەرهەم نایەت و پاشان تێزێکی تازە بهێنن و بڵێن ئەمەیە حەقیقەت.

زۆر کەس لایان وایە گۆڕانکارییەکانی پەکەکە لەدوای گۆشەگیرکردنی عەبدووڵا ئۆجەلان دەستی پێکردووە، بەڵام ئەمە تەواو غەڵەتە. پەکەکە ۱۹۹۵ داس و چەکوشی لە ئاڵاکەیدا لابرد. ئۆجەلان پێش ئەوەی گۆشەگیر بکرێت دنیایەک وەرچەرخانی بەسەردا هاتبوو. ئەم دیمانەی https://bit.ly/3foAn6W پڕفیسۆر میشێل گانتێر لەگەڵ ئۆجەلان کە ۱۹۹۸ ئەنجام دراوە بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە ئۆجەلان هەتا ئەو کاتە هەم لە سۆسیالیزم و هەم لە دەوڵەتی سەربەخۆ پاشگەز بۆتەوە و ئەساسەن وازی لە ڕادیکاڵیزم هێناوە و ڕێگای ڕێفۆرمیزمی گرتۆتە بەر و دیدی بەنیسبەت ئەمریکاشەوە گۆڕدراوە. 

ئۆجەلان لەم دیمانەدا دەڵێ من لە سەرۆکەکانی تورکیا تورکیاییترم و کاتێک میشێل گانتێر لێ دەپرسێ بە چی ڕازی دەبن بەم شێوە وەڵام دەداتەوە:

"سنوورەکانی ئێستای تورکیا قبووڵ دەکەم، کەس نایەوێ تورکیا دابەش بێت. ئەمە زۆر گرنگە! من ئەمەوێ لەسەر ڕێگە چارەیەکی عادڵانە و دێمۆکراتیک بۆ ئەم خەباتە بیست ساڵە موزاکرە بکەم. تورکەکان ئەبێ شوناسی کورد قبوڵ بکەن، ئەوان ئەبێ لە قانوون ئەساسیدا بڵێن لە تورکیا خەڵکی تریش هەن و سیستەمێکی فێدراڵ قبووڵ بکەن، وەکوو ئەمریکا، ئەڵمان، سویسڕا و..." 

بەنیسبەت کۆمۆنیزم و ئەمریکاوە ئەڵێ: «ئەوەی کە هێشتا ئێمە بە کۆمۆنیست ئەزانن بەس پڕۆپاگاندایە ئێمە ناتوانین کۆمۆنیست بین. بۆچی سۆڤیەت هەڵوەشایەوە، بەڵام ئەمریکا نا؟ لەبەر ئەوەی کە کۆمۆنیزم حکوومەتی کردبوو بە هەموو شتێک، بەڵام ئینسان هیچ. ئەمریکا نوێنەر و ئاڵاهەڵگری پێشکەوتن/گەشەپێدانە.development» - «ئەمریکا گەمەکەری سەرەکییە. گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و کوردەکان زۆر گرنگە و ئەبێ زۆر زووتر دەست پێبکات.» (هەمان سەرچاوە). لێرەدا دەبینن جگە لەوەی کە وەک لەبەشی پێشوودا وتم لە کۆمۆنیزم خراپ حاڵی ببوو و بە سۆڤیەت و ستالینیزمی دەزانی، وازیشی لە دژەئەمریکابوون هێناوە و خەریکە چراسەوز نیشان ئەدات.

مەبەست لەم باسانە موچگیری و تەخریبی پەکەکە و هیچ لایەنێکی تر نییە، بەڵکوو ئاواتی سەرەکی ئەم یاداشتانە پێکهێنانی گشتییەتێکی یەکپارچەیە و باسکردنی ئەم خاڵانەش هەر لەو پێناوەدایە. پەکەکە نەک بە کۆنفدرالیزمی دێمۆکراتیک - کە دێینە سەر باسی ئەویش- بەڵکوو تا ۱۹۹۸ چەندین وەرچەرخان و پاڕادایمشیفتی گەورەی لە سێ خواستە سەرەتاییەکەیدا کردووە. بەنیسبەت پرسی نەتەوەییەوە لە دەوڵەتی سەربەخۆوە دابەزیوە بۆ فێدرالیزم، لە سۆسیالیزم پاشگەز بۆتەوە و ئەمریکا بە ئاڵاهەڵگری پێشکەوتن دەزانێ و داوای موزاکرە دەکات. بە نیسبەت ئەرکە دیموکراتیکەکان و دین و عەشیرەگەراییشەوە هەر دیسان دابەزیوە. ئۆجەلان ئاماژە بە 1968 کە تازە وەکوو گەنجێکی موئمین و سەربەمزگەوت چووبووە ئانکارا، باسی تەزادێکی گەورە دەکات کە تووشی ببوو، تەزادی نێوان فەلسەفە و دین و بارێکی دەروونی کە ئەم تەزادە تووشی کردبوو:

"ئەم هاوکێشە زۆر سەخت بوو، تووشی نەخۆشی دەروونی ببووم، بە ڕادەیەک کە لە هەموو شتێک نائومێد ببووم و دەستم لە ژیان بەردابوو.... بەڵام کاتێک لەم شڵەژاوییە زەینییە دەرباز بووم، خۆم لە ڕیزی سۆسیالیستەکاندا بینیەوە.» (هفت روز با رهبر. ۱۹۹۶-۲۰۰۸.ل۳۶) بەم شێوە ئەڵێ لە دین دابڕاوە، بەڵام هەتا ئێستاش شوێنپێی ئیسلام و محەمەد پێغەمبەری ئیسلام لە تێکستەکانی ئۆجەلان و بەدیاریکراوی لە سیستەمی نوێی پەکەکەدا بەدی دەکرێت. «من مارکسیستێکی تەقلیدی نیم، دیالکتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوین دیارکەوتنێکی پێغەمبەرئاسا دەخوازێت. ڕێبەرانی ئەم ناوچە ئەبێ پێغەمبەر بن. هەرکات سەیری چالاکی و خەباتی خۆم دەکەم، دەبینم وەکوو ئەنبیا تێدەکۆشم، شێوازی چالاکی و کەسایەتی و مرۆڤدۆستیم و پڕەنسیپەکانی ژیانم، زیاتر لە پێغەمبەرەکان دەچێت.»((هفت روز با رهبر. ۱۹۹۶-۲۰۰۸.ل۷۰.)

 تەنانەت هەر لەو کاتەنەشدا شوێنپێی ئێکۆلۆژی و موری بوکچین لە کەلام و گوتاری ئۆجەلاندا بەدی دەکرێت: «جۆرێک لە ڕێنمایی و مامەڵەکردنی سۆسیالیستیی پێویستە کە دیسانەوە بەها بگەڕێنێتەوە بۆ ئینسان. فکر و ئەخلاقی -ئینسان- لەگەڵ سروشت ئاشت و تەبا بکاتەوە و تا ئو شوێنەی ئیمکانی هەیە رێوشوێنێک بگرێتە بەر بۆ پێشگرتن بە قووڵبوونەوەی تەزادەکانی ئێستای ئینسان لەگەڵ سروشتدا.»(پێداگری لە سۆسیالیزم پێداگری لە ئینسانبوون  اوجلان 1998ل47)

خەبات و موبارزاتی پەکەکە ئەبێ بەرز بنرخێندرێت و بێگومان دەیان وانەی گەورەی تێدایە کە ئەتوانین شتی لێوە فێر بین. بەڵام پەکەکە/ئۆجەلان لە هەموو خواستە سەرەتاییەکانی پاشەکشێی کردووە. هەتا ئێستاش لەدوای چڵ ساڵ خەبات و ڕێکخستن و هۆشیارکردنەوە، بەپێی هەڵبژاردنەکانی تورکیا کە مەدەنیترین و بێخەتەرترین شێوازی لایەنگریکردنە، لە ئارمانیترین حاڵەتدا لەسەدا چل بۆ پەنجای کوردی تورکیا لەگەڵ پەکەکەدان. قسە لەسەر قەزاوەت یاخود مەحکوومکردنی ئەم پاشەکشێیانە نییە چونکە هەمووی بەناچاری و بەهۆی واقیعی مادیی خەباتی خودی پەکەکە و ناوچەکەوە بووە. قسە لەسەر ئەوەیە کە پەکەکە لە هەموو ئەم قۆناغانەدا شێواز و ستراتیژیی خۆی، کە قۆناغ دوای قۆناغ نەفی دەبوونەوە و وەچەرخانیان بەسەردا دەهات، بە حەقیقەت دەزانی. خۆیان بە حەقانییەت و هێزەکانی تریان بە باتڵ زانیوە. ئەوەی کە پەکەکە لەناو تەشکیلاتی خۆیدا و لەپێناوی خەباتی خۆیدا چی دەکات با بیکات بەڵام کێشەی گەرورەی پەکەکە ئەوەیە کە هەرکام لەم قۆناغانە بە حەقیقەت بزانێت و بیکات بە ئامرازێک بۆ نەفیکردنەوەی هێزەکانی تر.

دوایین حەقیقەتی! پەکەکە، کۆنفدڕالیزمی دێمۆکراتیکە کە ئەگەر بمانەوێ بەپێی قسەی خودی ئۆجەلان کورتی بکەینەوە "فەلسەفە، سۆسیالیزم و دین، چەند چەمکی جیاوازن کە لە مندا بوونەتە یەکێک و تواونەتەوە. بە تێکەڵکردنی ئەم سێ ڕوانگە سێنتێزێکم بەدی هێناوە کە جیاکردنەوەی یەکیان لەوی دی مومکین نییە و تەنانەت گۆڕینی (تعویض) ئەم چەمکانەش هەر مومکین نییە....» (هفت روز با رهبر. ۱۹۹۶-۲۰۰۸. ل۷۲.)

با بزانین ئەم دوایین حەقیقەت/ستراتیژییەی پەکەکە چییە؟ لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ خاڵە پۆزەتیڤەکان و مەحدوودیەتەکانی چین؟ ئایا بەڕاستی وەڵامی تەزادەکانی ناو کۆمەڵگای ئەوڕۆیی پێیە؟ بەنیسبەت سیستەمی سەرمایەدارییەوە چۆن سیاسەت ئەکات؟ ئایا بەرنامەیەکی ئابووریی پێیە بۆ کۆمەڵگا و ئەساسەن ئەمە ئەتوانێ گۆڕانکاری ڕادیکاڵ بخولقێنێت یاخود زیاتر پڕۆژەیەکی ڕێفۆرمیستییە لە درێژەی پاکشەکشێکانی تری پەکەکەدا؟

 

درێژەی هەیە...