فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەنووسین لەبەر ئەوەی لە رێگای دەقەوە لە بونیاتە سەرەکییەکانی ژیان واتە فاتالیسم، ئانومی و حاڵەتە نێوانەکەی ئەم دووانە بگەین. هەر گێڕانەوەیەک سەرلەنوێ پێداچوونەوەیە بەم پرسیارە ئەزەلییە. ژیان وەهایشە کە ژیانی هەر مرۆڤێکی تایبەت دەتوانێ لە رێگای گێرانەوەوە تیشکێکی نوێ و تایبەت بخاتە سەر ئەم پرسیارە. نووسین مەلەی نێوان ئەم سێ دووڕگەیەیە.

 

بۆچی دەنووسین (٢٦)

 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

هەر لە ئەزەلەوە مرۆڤ بیری لەوە کردووەتەوە کە داخۆ ژیان و چارەنووسی مرۆڤ شتێکی لەوە پێش نووسراو و لەوە پێش بڕیار لەسەردراوە، یاخود مرۆڤ خۆی خاوەن بڕیارە لەسەری و ئەوە خۆیەتی دیاریدەکا بەرە کوێ و بەرەو چ چارەنووسێک مل پێوە بنێ. وەڵامی ئەم پرسیارە، روانگەکان بە سەر چەند دەستەدا دابەشدەکا: یەکەم چارەنووسگەرایی (Fatalisme)، دووهەم ئانومی (Aomi) واتە بێ یاسایی، روانگەی سێهەمیش کە دەتوانێ تێکەڵێک لەم دووانە بێت. لە چارەنووسگەراییدا هەموو شتێک لەوە پێش نووسراوە و بڕیاری لەسەر دراوە. مرۆڤەکان لە راستیدا بەگوێرەی ئەم بۆچوونە تەنیا ئەو بووکەشووشانەن وا کەسانی تر (کە نادیارن لە ئێمە) خەریکی یاریکردنن پێیان. ئەوان خاوەنی هیچ چەشنە ئیرادەیەک نین و تەنیا ئەوەی دەکەن وا هێزێکی نادیار و زاڵ لەوە پێش داوای لێکردوون. ئاکامی ئەم روانگە دەبێتە هۆی ملدان بە چارەنووس و هەوڵنەدان بۆ نەگۆڕانی. گەر هێزێکی بانتر هەیە و ئەوە خاوەن توانای موتڵەقە، ئیتر مرۆڤ بۆ دەبێ ببزوێ. بەم پێیە خۆشبەختی بریتی دەبێ لە توانای ملدان بە چارەنووس و لەگەڵیا رێکردن. بەدبەختیش ئەو کاتە سەرهەڵدەدا کە مرۆڤەکان هەوڵدەدەن رووبەڕووی ئەم چارەنووسە ببنەوە. تەنانەت گەر چارەنووسە لەوە پێش دیاریکراوەکە چارەنووسێکی پڕ لە نەهامەتی بێت، ئەوا دیسان لەسەر کەسەکەیە ملکەچی بێت چونکە بەرنگاربوونەوەی هێشتا شتی ناخۆشتر لەوەی کە هەیە بەشوێنەوەیە. کەواتە رەزا و وەرگرتنی قەزا و قەدەر وەک خودی عەقڵانییەت و خۆشبەختییە. لای ئەمانە خودا (یاخود ئەو هێزە سەیرو سەمەرەیە) لەخۆوە ئەمەی نەکردووە و بۆیە حیکمەتێکی تیایە و رۆژێک لە رۆژان یاخود لە دووای مردن مرۆڤ دەگاتە ئەو بەختەوەرییەی وا لە پشت ئەم چارەنووسە پڕ لە نەهەماتییەوە خۆی حەشارداوە. چارەنووسگەرایی هاوواتای دێتێرمێنیسمە کە بە واتای هەبوونی ئەو یاسا نەگۆڕ و خۆسەپێنەرانەیە وا رەوتی هەموو دیاردەیەک لەوە پێش دیاریدەکەن. هەرچەند دێتێرمینیسم زیاتر مانایەکی زانستی هەیە و فاتالیسم مانایەکی رۆحانی و ئایینی.

لەبەرامبەر ئەمەدا ئانومی هەیە کە رێک بە پێچەوانەوەیە. بە گوێرەی ئەم بۆچوونە جیهان فەوزایەکی بێ یاسا و بێ ئایینە و، بۆیە هیچ شتێک لەوە پێش بڕیاری لەسەر نەدراوە. کەواتە مرۆڤ لە وەها جیهانێکدا دەتوانێ بە گوێرەی حەز و ئیرادەی خۆی بڕیاردەربێت. ئیرادەگەرایی (Voluntarisme) دەرکەوتەیەکی تری ئەم روانگەیەیە کە تێیدا مرۆڤ لە رێگای ئیرادە و حەزی خۆیەوە چارەنووس و رێگای ژیانی دیاریدەکا.

وەک گوترا روانگەیەکی دیکە دەتوانێ هەبێ کە لە نێوان فاتالیسم و ئانومی راوەستاوە. بە گوێرەی ئەم بۆچوونە مرۆڤ و چارەنووسەکەی هەم رەگی لە فاتالیسم (یان باشتر بڵێین دێتێرمینیسم)دا هەیە و هەم لە ئیرادەدا. لای ئێنگڵس ئازادی بۆ وێنە کردەیەکە لە رێگای ناسینی یاساکانەوە دەستەبەردەکرێ. بۆ ئەوەی ئازادبین؛ واتە خاوەن ئیرادە، دەبێ لە مەیدانی یاساکاندا یاری بکەین و ئیرادەی خۆمان بۆ هەڵبژاردن بخەینە گەڕەوە. هەڵبژاردنی دەرفەتێک لە ناو دەرفەتە جۆربەجۆرەکاندا، واتە دەرفەتێک وا مەیلی پێ زیادکراوە.

کانت گرینگیی تایبەت بە ئیرادە و مەیل دەدا، وجوودییەکانیش (کەسانی وەک سارتەر) هەروەها، مارکس ئەگەرچی ئەو دۆخەی مرۆڤ تێیدا دێتە دونیاوە لە دەرەوەی توانای هەڵبژاردنی کەسەکە دەبینێ، بەڵام کردەی کەسەکە لە دیاریکردنی ژیانی داهاتووی خۆی بە گرینگ لە قەڵەم دەدا. سۆسیالیزم لای ئەم بیرمەندە ئاکامی کردەی بە ئیرادەی مرۆڤەکانە لە بەستێنی دۆخێکی دیاریکراوی ئابووری ـ کۆمەڵایەتیدا.

دەق، واتە چیرۆک و رۆمانیش، خۆیان بەردەوام بە شێوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لە قەرەی ئەم باسە دەدەن. چونکە مرۆڤ و ژیان و ئیرادە و چارەنووسی شوێنی سەرەکیی دەقن، نووسەر لە رێگای خوڵقاندنی کاراکتێرەکانەوە بەردەوام دەچێتەوە سەر ئەم پرسە بنەڕەتییە.

مرۆڤەکان هەمیشە لەبەردەم پرسیاری گەورەی ژیانی داهاتووی خۆیاندان. ژیان، بریتییە لە هەوڵی بێوچانی مرۆڤ بۆ دابینکردنی داهاتوو و دڵنیابوونی لەو ساتەوەختانەی وا بەڕێوەن. ئەم دڵنیاییە راستە زۆرتر بواری ئابووری دەگرێتەخۆی، بەڵام واوەتریشە لەمە. بۆ وێنە دڵنیایی لە جۆری پێوەندییەکانمان لەگەڵ مرۆڤەکانی دەورووبەرمان، دڵنیایی لە دابینکردنی ئەشق و خۆشەویستی و هەروەها گارانتی کردنی گیانمان و بەردەوامیی ژیان. چیرۆک و رۆمان ئەو کاتە سەرهەڵدەدەن کە مرۆڤەکان دەکەونە ناو وەها هاوکێشەیەکەوە. دەق بەرسەرهاتی کێشمەکێشی مرۆڤە لەم پانتاییانەدا. بۆ وێنە لە دەقە ریالیستیەکاندا کێشە چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکان بەرجەستە دەبنەوە، لە دەقی نیوریالیزمدا کێشە ئەخلاقییەکان، لە دەقی رۆمانتیکی دا ئەشق و خۆشەویستی، لە دەقی مودێڕندا تەنیایی مرۆڤ و ژیانی لە قەرەباڵغیی دونیای شارنشینی و نوێدا و... هتد. لە هەموو ئەم دەقانەیشدا بەردەوام خوێنەر لەگەڵ ئەم پرسیارە رووبەڕوو دەبێتەوە کە داخۆ ئەم چارەنووسە حەتمی بوو یان دەکرا وەها نەبێ، داخۆ لەوە پێش ئەمە دیاریکرابوو و کاراکتێرەکان تەنیا بووکەشووشەکانی ناو گەمەیەکی ترسناکن، یان نا دەکرا ژیان بە بارێکی تردا بکەوێ. دیارە نووسەر بۆ خۆی هەڵیدەبژێرێ کە کاراکتێرەکانی لە کام بەستێندا بێنێتە گۆڕێ (رەنگە وەهایش نەبێ، واتە نووسەریش رێک لەبەر دەم هەمان پرسیاردایە کە ئێمە سەبارەت بە کاراکتێرەکان هەمانە). هەمیشە کاریگەرترین دەق ئەو دەقانەن وا سەرەڕای زەحمەت و ماندووبوونی پاڵەوانەکان بۆ دەربازبوون لە دۆخ و دەستەبەرکردنی هەلومەرجێکی تر، دەبینین شکست دەخۆن. ئەویش رێک لە چەند هەنگاویی سەرکەوتندا. ئەم جۆرە دەقانە گەورەترین کاریگەری لەسەر ئێمە جێدێڵن و خۆیان لە ژێر پێناسەی تراژێدیادا دەبیننەوە. تراژێدیا هەمیشە ئەوەمان پێ دەگەیەنێ سەرەڕای هەوڵی بێوچان و گەورە و نەپساوەی مرۆڤەکان، بەڵام دەڵێی هێزێکی سەرەکیتر لەوان لە گۆڕەپانەکەدا هەیە و ئەوە ئەوە سەرئەنجام زاڵدەبێ و رێگای داهاتوو دیاریدەکا. وەک بڵێی مرۆڤ بوونەروەی نێوان هێزە جۆراوجۆرەکانە و یەک لەوان هێزی خۆیشی. رەنگە چیرۆک زیاتر گێڕانەوەی تراژێدیاکانی ژیان بێت. تەنانەت جاری وایە مرۆڤەکان لەو کێشمەکێشانەدا سەردەکەون، بەڵام هیچیان پێ نابڕێ و لە راستیدا دەڵێی لە پێناوی کۆمەڵێک کەسی تر یاخود رەوتێکی تر جەنگاون.

دەق شوێنی تەراتێنی فاتالیسم، ئانومی و روانگەی نێوان ئەم دووانەیە. نووسەر بۆ خۆی بە شوێن ئەوەوەیە کە بەراستی کامە لەمانە مەیلی سەرەکیی ژیانن. دەق شوێنی ململانێی نێوان چارەنووسگەرایی و ئیرادەگەراییە. شوێنێکە مرۆڤەکان لە رێگای ژیانکردن بە شوێن دۆزینەوەی دیاردە بنەماییەکانی هێڵە سەرەکییەکانی چارەنووسی خۆیانەوەن. چیرۆکەکە لەو شوێنەوە دەستپێدەکا کاراکتێرەکە و رەوتی ئاسایی ژیانی لەلایەن دیاردەیەک یاخود کەسێکی ترەوە دەکەوێتە چەلنجەوە. ئەوسا هەموو هێزەکان دەبزوێن بۆ ئەوەی رەهەندەکانی داهاتوو دەستنیشان بکەن.

ئۆسکار وایڵد لە رۆمانی 'وێنەی دوریان گرەی' لە چەند رستەیەکی غەمگیندا تەسلیمی فاتالیسم دەبێ و دەڵێ: "ژیان لەوە کورتترە مرۆڤ بتوانێ روانگە هەڵەکانی مرۆڤێکی تر هەڵبگرێتەوە و بیاندا بە کۆڵی خۆیدا. هەر مرۆڤێک ژیانی خۆی دەژی و دەبێ نرخەکەی بدات. ئەو نرخەی کە بە داخەوە دەبێ چەندین و چەندین جاری تر بیداتەوە. کاتێک چارەنووس یاریی خۆی بە مرۆڤەکان دەکا، قەت کۆتایی پێ ناهێنێ." (لاپەڕەی ٢٤٥، دەقی نۆروێژی)

ئۆسکار وایڵد تامی تاڵی فاتالیسم لە ژێر زمانییەتی و ئەم تاڵییە هەموو ژیان لە خۆی دەگرێ. بۆیە چارەنووسی کاراکتێری سەرەکیی رۆمانەکەی مردنە. راستییەکی تاڵ کە مرۆڤەکان سەرەڕای راستبوونەکەی قەت عادەتی پێناگرن. رەنگە چیرۆک و رۆمانی ژیان لە بنەڕەتدا گێڕانەوەی فاتالیسمی مردنێک بێت کە لە کۆتایی ژیان بەرۆک بە هەموومان دەگرێ. ئەوەی کە دەبینین مرۆڤەکان سەرەرای ئەم چارەنووسە حەتمییەیان، بەڵام چەند ساکارانە و چەند بەدڵ دەیانەوێ ژیان بونیات و بونیات بنێنەوە. بونیاتنانەوەیەک لە بەستێنی مەرگدا.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی لە رێگای دەقەوە لە بونیاتە سەرەکییەکانی ژیان واتە فاتالیسم، ئانومی و حاڵەتە نێوانەکەی ئەم دووانە بگەین. هەر گێڕانەوەیەک سەرلەنوێ پێداچوونەوەیە بەم پرسیارە ئەزەلییە. ژیان وەهایشە کە ژیانی هەر مرۆڤێکی تایبەت دەتوانێ لە رێگای گێرانەوەوە تیشکێکی نوێ و تایبەت بخاتە سەر ئەم پرسیارە. نووسین مەلەی نێوان ئەم سێ دووڕگەیەیە. پاڵەوانەکان بەردەوام لە نێوانیاندا لە هاتووچۆیەکی ئەبەدیدان. مەلەیەکی دژوارە لەناو شەپۆلە یاخییەکاندا. رەنگە هەندێکیان سەرئەنجام بگەنە وەڵام، بەڵام مەرج نیە ئەم وەڵامە بۆ کەسانی دیکەیش بەمانای پەیدا کردنی وەڵام بێت. چیرۆک و رۆمان گەڕانی تاک تاکی ئێمە بۆ دۆزینەوەی ئەم وەڵامە، بەڵام بە شێوەی تایبەتی خۆمان. ئەزموونێک کە تەنیا هی ئێمە و نەک هی کەسی تر.

درێژەی هەیە...