فەڕۆخ نێعمەتپوور

 نووسین رەوتی ناسینەوەی مرۆڤەکانە (بەهەر پلە و پایەیەکەوە) وەک مرۆڤ. ئەویکە لە ژێر توێژاڵی چڕی هەموو تەم و مژەکان و لە ژێر بارستایی قورسی هەموو جیاوازییەکاندا ئەوە مرۆڤەکانن خۆیان حەشارداوە یاخود حەشاریانداون. دەنووسین لەبەر ئەوەی وەک مرۆڤ سەرلەنوێ یەکتر بدۆزینەوە.

 

بۆچی دەنووسین (٢٧)

 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ژیان خۆی لە خۆیدا چیرۆکە. ئەوەیکە کێ یان چ هێزێک ئەم چیرۆکەی نووسیوە کەس نازانێ. رەنگە هیچ کەسیش نەینووسیبێ. ژیان دەکرێ دیاردەیەکی تەواو سروشتی بێت و سروشت خۆی بە گشتی گێڕەرەوەی سەرەکیی چیرۆکی خۆی و ژیان بێت و ئەوەیکە دوواتر لە نێوان مرۆڤەکاندا چیرۆکنووس هەڵکەوتووە بۆ ئەوەی ئەم چیرۆکە لە زمانی خودی خۆیەوە بگێڕێتەوە، دیاردەیەکی دیکەیە و کردەیەکی نایابە.

جیاوازیی سەرەکیی نێوان چیرۆکی ژیان و ئەو چیرۆکەی مرۆڤ لە ژیان دەیگێڕێتەوە ئەوەیە کە مرۆڤ دەتوانێ داستانی ژیانی چەندین دە ساڵەی یەک کەس لە چەند کاتژمێردا بگێڕێتەوە. بێگومان ئەم گێڕانەوەیە گوڵبژێرە و لایەنە سەرەکییەکانی ژیانی کەسەکان دەگرێتەوە. چیرۆکنووس دەچێتە ئەو بەشانەوەی وا کاکڵی ژیانی کەسەکە پێکدێنن و بریتین لە مانا و لەم رەوتە سەرەکییەکانی ژیان. یەکێک لە عەجایباتی گێڕانەوەی چیرۆک ئەمەیە. خوێنەر لە دووای تەواوکردنی چیرۆکی ژیانی کەسێک لە بەرگی رۆماندا دەگاتە ئەو قەناعەتەی ئەوەی خوێندوویەتییەوە بەسەرهاتی تەواوی ژیانی کەسێکە. لە راستیدا ژیان لە رووداوەکانی خۆیدا و لە بواری زەمەنی مەکانیدا ئەوەندە بەربڵاوە کە مرۆڤەکان لە یەکەم هەنگاودا نەتوانن وەک چیرۆک لێی بڕوانن. لەگەڵ ئەوەی ژیان چیرۆکە، بەڵام بەشێوەی راستەقینە کاتێک دەبێتە چیرۆک کە لەلایەن کەسێکەوە بگێڕدرێتەوەو بنووسرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەیش دەبێ هەموو بەسەرهاتەکە لە چەند سەعاتدا (وەک کاتی خوێندنەوە) وەها لە کات و لە شوێندا چڕبکرێتەوە کە بەرگی چیرۆک بپۆشێ. لێرەوە لەگەڵ دوو چەمکی زەمەنی و مەکانی رووبەڕوودەبینەوە کە تایبەتن بە چیرۆک. ئەم چڕبوونەوەیە ئەو دەرفەتە دەدەن ئێمە سەرەکیترین مانا و رەوتەکانی ژیانی کەسەکان دەربێنین و لە قەوارەی چیرۆکدا لەبەر چاوی خۆماندا وێنایان بکەینەوە. رێک وەک چۆن لە زانستی فیزیا و شیمی دا فۆرمولەکان چرکراوەی سەرەکیترین خەسڵەتە یاسامەندییەکانن، بە هەمان شێوە دەق فۆرمولی دیاردەیەکن بە ناوی ژیانی تاک یاخود تاکەکان. ئەمەیش پێویستی بەوەیە نووسەر بتوانێ بە وەها ئاستێکی ناسین لە سوژەی نووسینەکەی بگا کە بتوانێ لە زەرفی زەمەنی و مەکانیدا چڕی بکاتەوە.

وەک دەگوترێ لە 'هیچ' شت بەرهەم نایەت، بەڵکو ئەوە لە شتە شت بەرهەم دێت. بەم پێیە ژیان دەبێ خۆی لە خۆیدا مایەی چیرۆکی تیا هەبێ بۆ ئەوەی بتوانین بیکەین بە چیرۆک. بەڵام سەیر ئەوەیە لە گێرانەوەیدا وەها نیە کە تەنیا بە رێککردنی هەموو چەشنە رووداوێک بە شوێن یەکتردا لامان وابێ چیرۆکمان خوڵقاندووە. وەک ئەدەبی نوێ پیشانی دەدا چیرۆک تەنیا کاتێک لەدایک دەبێ کە بەکەیفی خۆمان رووداوەکان پاش و پێش بکەین، بە کەیفی خۆمان لێی بقرتێنین و بەزیادکردنی شتی دیکە و بە بەکارهێنانی خەیاڵ وەهای لێ بکەین کە ببێ بە چیرۆکی ژیانی کەسەکان، نەک ئەوەی کە لە واقعدا روویداوە. واتە چیرۆک دیاردەیەکە زیاتر لە جیهانی واقع و لە رووداوەکانی ناوی. راستە ژیان چیرۆکە، بەڵام تەنیا هەوێنە بۆ ئەو چیرۆکەی مرۆڤ دەیگێڕێتەوە. لە رێگای خەیاڵەوەیە نووسەر دەتوانێ وەها ژیان لە کات و لە شوێندا چڕبکاتەوە کە بتوانێ ساڵە دوورو درێژەکانی تەمەن بخاتە دوو توێی بەرگەوە. خەیاڵ هەم دەست دەبا بۆ شتە بنەڕەتییەکان و هەم لە رێگای شۆڕبوونەوە پیایاندا قەرەبووی کات و شوێنە لاوەکییەکان دەکاتەوە، یاخود بەم شۆڕبوونەوەیە وەها ماناکان بەرجەستەدەکاتەوە کە زەمەنێکی دوور و درێژ بە جوانی دەستەمۆدەکا.

دەق زاڵبوونە بەسەر کات و شوێندا. دەربڕی توانای نووسەرە بەسەر ئەم دوو چەمکەدا. دەق بەتایبەت ماناکردنەوەی رووداوەکانە لە پێوەندی لەگەڵ زەمەندا. کات دەگوزەرێ و مەرگ هەردەم نزیکتر دەکەوێتەوە. دەق رێزگرتنەوە لەو ساتانەیە مرۆڤ دەژیا. ماناکردنەوەی رووداوەکانە بە گوێرەی ئەو مەرگەی دەزانین چاوەڕوانمانە. هەتا ئەم زانینەیش زیاتر و پڕماناتر بێت ئەوا رووداوەکان بەرجەستەتر دەبنەوە. لە رێگای دەقەوە دەمانەوێ ئەوانەی تێپەڕین، سەرلەنوێ بیانگرینەوە. بیانگرینەوە نەک تەنیا لەبەر خاتری خۆیان، بەڵکو زۆر جار لەبەر ئەوەی سەرلەنوێ چێژیان بکەینەوە. چێژی ژیان سەرلەنوێ لە رێگای دەقەوە بەرهەم دێتەوە. ژیان و رووداوەکانی سەرەڕای تێپەڕینیان دەتوانن لە دوو توێی کتیبەکاندا بمێننەوە. بە نەمری. دەق جیهانێکی نەمرە. درێژکردنەوەی ئەو ژیانەیە وا ژیاین، بەڵام بە شێوازی خەونەکانیشمان. دەق بریتییە لە رێزی مرۆڤ بۆ ژیان. دەربڕی نۆستالۆژیای ئێمەیە بۆی. درێژکردنەوەی بوونمانە بۆ داهاتوو و بۆ نەوەکانی داهاتوو. دەمانەوێ بە نەوەکانی داهاتوو بڵێین ئاوا ژیاین، یان ئاوەها دەمانویست بژین. حەزدەکەین پێیان بڵێین بمانخوێننەوە چونکە دەمانەوێ سەرلەنوێ لە رێگای خوێندنەوەی ئێوەوە بگەڕێینەوە بۆ ناو ژیان. ئەوانیش هەتا وردتر دەق بخوێننەوە، ئەوا ئێمە زیاتر هەست بە ژیان دەکەینەوە. هەتا ئەوان زیاتر لەسەر رستە و وشەکان رابمێنن ئەوا ئێمە وەک جاران بەهەمان رادە لە هەندێ چرکەساتی ژیانی خۆمان رادەمێنینەوە. رەنگە لە دووای مەرگیش ئەمە ئەزموونێکی تر بێت.

دەگوترێ کاتێک مارسل پرۆست دەستی دەکرد بە نووسین هەموو پەنجەرەکانی دادەپۆشی و هەموو ئەو کون و کەلەبەرانەیشی دەگرت وا دەکرا لێیانەوە دەنگ خۆ بە ژوورەوەدا بکەن. ئەو بۆ ئەوەی دەنگ و وێنەکانی رابردوو بێنەوە زەینی، رێگای بە هەموو ئەو دەنگ و وێنانە دەگرت وا دەکرا لە هەنووکەوە خۆ بە ژوورەوەدا بکەن و ئەم وەبیرهێنانەوەیەی لێ تێکبدەن. تاریکی و بێدەنگی زەین و خەیاڵ تیژتردەکەن. تەنیا گڵۆپێک یاخود مۆمێک، ئەویش لە دەروونی ژوورەکەوە بەسە بۆ ئەوەی قەڵەم و کاغەزەکەمان لێ ون نەبێت. رابردوو کاتێک بەرجەستە دەبێتەوە کە ئیستاکە بە جۆرێک بزربووبێ. ئیستایەک پڕ لە بێدەنگی، بەڵام زەینێک پڕ لە رابردوو. بەم شێوەیە وێنەکان دێن،... دێنەوە. رەنگە ئەمە یەکێک لە ترسناکترین ساتەوەختەکانی ژیان بێت. دەکرێ هەموومان بەجۆرێک ئەمەمان ئەزموون کردبێ، تەنانەت مرۆڤە ئاساییەکان واتە ئەوانەی وا نووسەریش نین. ئەم ساتەوەختانە زەمەنی پێکگەیشتنی بێدەنگی و بیروەرییەکانن. ئەوەندە قورسن لە خۆمان بەتاڵمان دەکەنەوە. بەتاڵ بۆ ئەوەی بە شتی تر پڕبکرێینەوە. هەتا ئیستا بەتاڵتر بێت ئەوا وێنەکانی رابردوو پڕماناتر دەبن. تەنانەت گەر رابردوویش زۆر خاوەن مانا نەبووبێ بۆمان. ئێمە زۆر جار یادی رابردوو دەکەین تەنیا لەبەر ئەوەی ساتەکانی ژیانی ئێمە بوون و نەک شتی تر. هەر ئەمەندە بەسە بۆ ئەوەی ئێمە یادی بکەینەوە. هەتا زیاتریش هەست بە کورتی ژیان بکەین ئەوا ئەم یادکردنەوەیە بەهێزتر دەبێ و لێرەوە وێناکردنەوەیان بەرجەستەتر.

بەڵام سەیر ئەوەیە سەرئەنجام رۆژێک دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەم یادکردنەوانەیش لە خۆیاندا بێ مانا دەبن و ئەوسا دەبین بە بوونەوەرێکی تەواو غەرقبوو لە واتای کاتدا. وەک کاتمان لێدێت کە خۆی لە خۆیدا دیاردەیەکی بەتاڵە لەهەر چەشنە هەستێک و لەهەر چەشنە بیرەوەری و نۆستالۆژیایەک. دیارە ئەو کاتیش واز لە نووسین و واز لە دەق ناهێنین، چونکە ئەم بەتاڵبوونەوەیەیش پشت ئەستوورە بە رابردوویەک کە ئەگەرچی ئیستاکە لامان بەرجەستە نیە، بەڵام هەیە و بە ناڕاستەوخۆییش بێت دەوردەگێڕێ. لە راستیدا وەک زانایانی هێرمنۆتیک دەڵێن زەینی مرۆڤ قەت لە رابردووی بەتاڵ نابێتەوە. ئێمە هەمیشە هەڵگری ئاسۆکانی رووانینی خۆمانین و لەگەڵ خۆمان بۆ داهاتوو لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی دیاردەکان و دەقەکاندا پەلکێشیان دەکەین و بەکاریان دەبەینەوە.

رەنگە بتوانین بڵێین دەق تەنیا ژیان ناگێڕێتەوە، بەڵکو کات وەک خودی کاتیش دەگێڕیتەوە، بەتاڵ لەهەر چەشنە رووداوێک. راستە ژیان رووداوێکە لە بەستێنی کاتدا، بەڵام مەرج نیە کتومت وەک یەک بن. لە نێوان کاتی ژیان و کات وەک خۆی هەمیشە جیاوازی هەبووە. هەتا نووسەریش بتوانێ ئەم جیاوازییە لە عەینی گێڕانەوەی ژیاندا بنوێنێتەوە ئەوا دەقی بەهێزتر پێشکەش دەکا. کات لە ناو دەقدا بەشێوەی سەرەکی لە رێگای رووداوەکانەوە خۆی دەنوێنێەوە و کات وەک خودی کاتیش لە رێگای ئەوەوە کە رۆژێک ئەم رووداوانە (واتە ژیان) کۆتایی پێدێت. بەرجەستەبوونەوەی مانای ئەبستراکتی ژیان لە دەقدا دەبێ خەسڵەتێکی سەرەکیی گێڕانەوە بێت و خوێنەر هەم لەکاتی خوێندنەوەدا و هەم لە کاتی تەوابوونی خویندنەوەدا بەشێوەیەکی گونجاو هەستی پێبکا.

کات هەمیشە هەبووە و لە چرکەساتێکی دیاریکراودا ژیان خۆی پیاکردووە و، رەنگە لە چرکەساتێکی دیاریکراوی تردا خۆی لێ دەربهاوێتەوە. ئەمە بنەمای سەرەکیی ئەو شتەیە کە ناومان نا "ژیان خۆی چیرۆکە". بەڵام ئەم چیرۆکە تەنیا لە رێگای ژیانی تاک بە تاکی ئێمەوە دەگێڕدرێتەوە. ئێمە وەک تەمەنی خۆمان لەناو ژیانێکی کۆنکرێت و ژیانیش وەک زەمەنێکی کۆنکرێت لەناو زەمەنێکی ناکونکرێت. تەنیا لە رێگای گێڕانەوەی کۆنکرێتەوەیە ئێمە دەتوانین لەگەڵ مانای ناکۆنکرێتی زەمەن پەیوەندی بگرین. جا رەنگە ئەمە هەم یەکێک لە ئیعجازەکانی دەق بێت و هەروەها یەکێک لە دنەدەرە گرینگەکانی ئێمە بۆ خوڵقاندنی دەق.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی نەک تەنیا لە زەمەنی کۆنکرێتی، بەڵکو لە زەمەن وەک دیاردەیەکی ئەزەلی و ئەبەدی بگەین. لە رێگای نووسینەوە بە چڕکردنەوەی زەمەن و شوێن بەجۆرێک خۆمان لە قەرەی زەمەنی ئەبستراکت دەدەین. نووسین هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لە کاتی ئەبستراکت لە رێگای رووداوە کۆنکرێتەکانەوە. راستە ئەقڵ دەتوانێ لای خۆی وێنای ئەم جۆرە زەمەنە بکات، بەڵام مرۆڤ بە ئەقڵ هەستی پێناکا، بۆیە لە رێگای دەقەوە دەیەوێ بەم قۆناغەیش بگا. نووسینی چیرۆک و رۆمان لاساییکردنەوەی فەلسەفەیە، بەڵام بەشێوازێکی مناڵانە.

*******************

پێوەندیی نێوان سۆزی نووسەر و کاراکتێر پێوەندێکی ئاڵۆزە. ئەوەیکە نووسەر چ جۆر سۆزێکی لە نێوان خۆی و کاراکتێرەکانی خۆیدا هەیە دەکرێ لە نووسەرێکەوە بۆ ئەوی تر جیاوازبێت.

بێگومان لە هەر دەقێکی رۆماندا لە نێوان هەموو کاراکتێرەکاندا کاراکتێرێکی سەرەکی هەیە کە لە راستیدا دەقەکە بە هەموو رووداو و تایبەتمەندییەکانی ناویەوە بە دەوری ئەودا دەسوورێتەوە. بۆ وێنە لە رۆمانی ئاننا کارەنینادا کەسایەتی سەرەکی ئاننا کارەنینا خۆیەتی. لە رۆمانی دایک لە نووسینی مەکسیم گورگی 'پەلاگی' کاراکتێری سەرەکییە. لە رۆمانی 'حاجی آقا'ی سادق هیدایەت 'حاجی ئەبوتۆراب' کەسایەتی سەرەکییە. تەنانەت لە دەقی چیرۆکیشدا هەر بەم شێوەیەیە.

ئەمە ئێمە بەو ئەنجامە دەگەیەنێ کە دەق لە راستیدا چیرۆکی ژیان و بەسەرهاتی تاکەکەسێکە و بریتییە لە گوزەری ئەو بە ناو کۆمەڵێک رووداودا کە هەر بە هۆی ئەم گوزەرەوە ئێمە دەتوانین هەم لە گەڵ ژینگەی کەسەکە ئاشنا بین و هەم ژینگەکە خۆی، کە بە هەموو بوونەوەرە گیاندار و بێگیانەکانییەوە لە خزمەت شیکاری ئەودان.

رەنگە ئەم خەسڵەتەی دەق بەو ئەنجامەمان بگەیەنێ کە دەبێ لە نێوان نووسەر و کاراکتێری سەرەکیدا هەستێکی هاوسۆزی هەبێ تا هەم چیرۆکنووس بتوانێ بیکا بە سوژەی نووسین و هەم بتوانێ بە ژیان و ناخیدا شۆڕبێتەوە. بێگومان لە زۆربەی نووسەراندا ئەمە دەتوانێ هەبێ، بەڵام مەرج نیە بۆ چێکردنی کاراکتێری سەرەکی نووسەر هەستی هاوسۆزی هەبێ (هاوسوزی بە مانای خەمخۆری و لایەنگری هاوکات لێی). نووسەر دەتوانێ کاراکتێری سەرەکی خۆی هەڵبژێرێ تەنیا بەو هۆکارەوە کە سەرنجی رادەکێشێ، نەک بە مانای هاوسۆزی. بۆ نموونە گریگوری وەک کەسایەتیی سەرەکی لە رۆمانی دۆنی ئارامدا بە گوێرەی جۆری هەڵوێستی سیاسی خودی نووسەر کە لە سوپای سوورە و کۆمۆنیستە (واتە شۆلۆخۆف)، ناتوانێ جێی هاوسۆزی نووسەر بێت، بەڵام بە هۆی جۆری ژیانی گریگوری کە بەردەوام لە نێوان سوور و سپییەکاندا لە هاتوچۆدایە ئەو دەرفەتە بۆ نووسەر دەخوڵقێنی کە بتوانێ لە ژینگە جۆراوجۆرەکاندا لە گشت و گوزاردا بێت و مەجالی ناساندنیان بڕەخسێنێ. جگە لەمە خەسڵەتی دینامیکیی گریگوری مەجالی نوواندنەوەی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیان باشتر دەڕەخسێنێ.

بەڵام بەگشتی کاراکتێری سەرەکی لە نووسەر نزیکترە. نووسەر زیاتر هەست بە دەروون و بە کەسایەتییەکەی دەکا و بۆیە وێناکردنی ئاسانتر خۆی بەدەستەوە دەدات.

ئیستا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە کە داخۆ نووسەر دەتوانێ هەستی هاوسۆزییەکەی بەرامبەر بە کەسایەتی سەرەکی لە کەسایەتییەکانی تر زیاتر بێت؟ بۆ وەڵام دەبێ پێ لەسەر دوو تایبەتمەندی دابگرین: یەکەم ئەوەیکە نووسەر دەتوانێ بەڵام نابێ ئەم هەستی هاوسۆزییە راستەخۆ لە دەقدا بنوێنێتەوە؛ دووهەم ئەوەیکە لە کاتی نووسیندا نووسەر گەر بە جۆرێک سەبارەت بە هەموو ئەو کاراکتێرانەی وا باسیان لێدەکا هاوسۆزی نیشاننەدا ئەوا ناتوانێ بەشێوەی باش و بە بێ لایەنگری وەسفیان بکا. واتە نووسەر لەگەڵ هەموو کەسایەتییەکانی خۆی دەبێ جگە لە ناسین، خاوەن هاوسۆزی بێت بۆ ئەوەی بتوانێ هەستی ئەوانیش بنوێنێتەوە. بە بێ ئەم هاوسۆزییە نووسەر قەت ناتوانێ کاراکتێری باش و تۆکمە پێشکەش بکا. وەک دەگوترێ نووسەر دەبێ لە دەقدا ژیانی کاراکتێرەکانی بژی. ئەو دەبێ هاوکات هەموویان و هیچ کامێکیشیان بێت. وەک رۆحێکی گشتی بتوانێ بەسەر هەموویاندا بگەڕێ، بچێتە ناو جەستەی هەموویانەوە و دیسان لەو توانایە بەهرەمەند بێت بێتەوە دەرەوە و سەرلەنوێ گەشتە هەمیشەییەکەی خۆی، تا دەق بەردەوامە، درێژە پێبداتەوە. نووسەر رۆحێکی گشتییە کە بەسەر رۆحە کۆنکرێتەکاندا دابەشکراوە. جا هەر رۆحێکی کۆنکرێتی دەتوانێ بەشێکی بەرکەوێ، ئەم بەشە چەندە گەورە و بچووک بێ گرینگ نیە، گرینگ ئەوەیە دەبێ بەریانکەوێ. رۆحی نووسەر لە دانوستانێکی بێ بڕانەوە و نەچڕدایە لەگەڵ هەموویان.

هەڵبەت دەبێ هاوکات پێ لەسەر ئەوە دابگرین کە رۆچوونی رۆحی نووسەر بە ناو جەستەی کاراکتێرەکانی بەو مانایە نیە هەر ئەوە دەتوانێ ببەخشێ، نا، بە پێچەوانەوە ئەم رۆچوونە بۆ وەرگرتنە. واتە رۆحی نووسەر بۆ ناسین و بۆ هەستپێکردن دەچێتە ئەوێ.

لێک نزیکبوونەوەکان خوڵقێنەری هاوسۆزین. نووسەر دەگاتە ئەو ئاستەی ئیتر رقی لە کەسیان نیە. ئەو لەوێیە بۆ ئەوەی چیرۆکی ژیانی رۆحەکان بگێڕێتەوە. تەنانەت ستەمکارترین کاراکتێری ناو دەقیش جێی سۆزی نووسەرە. پێش لە هەر شتێک بەو دەلیلە کە بە بێ ئەم هاوسۆزییە ناتوانێ بینوێنێتەوە. بەم شێوەیە نووسەری دەق دەگاتە ئەو ئاستەی بتوانێ تراژێدیای ژیانی مرۆڤەکان بەجوانی باسبکا. ئەوەیکە هەموومان لە دووا مانادا قوربانیی رەوتێکی سەرەکیترین. ئەوەیکە سیستمەکان و سترۆکتۆرەکان گەورەترن لە مرۆڤەکان وەک تاک. بەم پێیە دەق دەبێ بە شوێنی جێگۆڕکێی هەموو خەسڵەتەکان. ئیتر مرۆڤەکان بەشێوەی موتڵەق بە سەر رەش و سپیدا دابەش نابن. مرۆڤەکان دەبنە بوونەوەری ناو ژینگە بگۆڕ و دینامیکییەکان. بەم شێوەیە دەق پیشانیدەدا مرۆڤ بەرهەمی رەوتەکانە نەک بەرهەمی بڕیارە لەوە پێش دیاریکراوەکان. جا هیچ شتێکیش لە ناسینی وەها بوونەوەرێک دژوارتر نیە. دەق هەوڵدانی بەردەوامی مرۆڤە بۆ ناسینەوەی خۆی کە جاری وایە لای وایە یەک جار بۆ هەمیشە ناسیوویەتی و کەچی دەبینێ هێشتا لە سەرەتای رێگادایە! دەق بریتییە لە خودناسی. دەق لە رێگای گێڕانەوەوە (کە رەوتێکی لە گوزەردایە) باشترین دەرفەت بۆ ناسینی کاراکتێرەکان و لێرەوە مرۆڤەکان دەرەخسێنێ. ئەمە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانەوی دەق و مەیلی مرۆڤە بۆ گێڕانەوە.

خۆشی و گرینگی دەق ئەوەیە کە جگە لەوەی گوزەرە، بەڵام هاوکات راوەستانیشە. نووسەر زۆرجار لە کاتی گێڕانەوەدا لەسەر پنتێک یاخود شوێنێکی فیزیکی و رۆحی وچاندەگرێ و دەرفەت پەیدادەکا زیاتری لە سەر بدوێ. ئەمە لە ژیانی راستەقینەدا دەست نادا، بەڵام لە دەقدا دەستدەدا. وشەکان و رستەکان چرکەساتەکان راوەدەستێنن و مەجالی شۆڕبوونەوە بە قووڵاییەکان دەدەن. ئیتر هەموو شتێک نابێتە درێژایی، بەڵکو دەبێتە پانتایی و قووڵاییش. دەق بەم شێوەیە بە سێ لایەندا دەکشێ. جیهانێکی سێ بوعدی پێشكەشدەکا. لەسەر رووبەرێکی دوو بوعدیی وەک کتێب دەچینە ناو جیهانێکی سێ بوعدییەوە و بەم شێوەیە جیهان سەر لەنوێ دەخوڵقێندرێتەوە. گەر دەق ئەمە نەکا ناتوانێ دەق بێت. ژیان دەبێ بە هەموو بەرجەستەیی خۆیەوە سەرلەنوێ خۆی لەبەر چاوماندا بنوێنێتەوە.

کەواتە گێڕانەوە تەنیا بریتی نیە لە پەیرەوی لە لۆژیکی جووڵە، بەڵکو پەیڕەویشە لە لۆژیکی راوەستان. لە دیالکتیکی نێوان ئەم دووانەدایە ژیان بە هەیبەتی قەلافەتی خۆیەوە خۆی دەنوێنێتەوە، هەر چەند ئەم خۆنوواندنە مەرج نیە لە گشتییەتی خۆیدا بێت.

هەستی هاوسۆزی بەرامبەر بە هەموو کاراکتێرەکانی ناو یەک دەق ئەو دەرفەتە دەگونجێنێ کە هەم هەتا دەتوانین بێلایەنانە هەڵسوکەوت کەین و هەم قووڵایی و بەرینایی زیاتر بە هەستی مرۆڤانەی خۆمان ببەخشین.

دیارە لێرەدا دەتوانێ ئەم پرسیارە بێتە گۆڕێ کە بەڕاستی هەستی مرۆڤایەتی دەبێ لە نووسەردا لە کاتی نووسینی دەقدا هەبێ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە 'بەڵێ'یە. لەبەر ئەوەی هاوسۆزی لەگەڵ ئەم هەستە لە پێوەندی بەردەوامدایە و وەک گوتمان بە بێ ئەمە ناتوانین دەقی چیرۆک و رۆمان بەرهەم بێنین. بەڵام بەو مەرجەی کە ئەم هەستە باڵانسەی خۆی لەگەڵ دەقدا تێکنەدا. چونکە گەر وا بکا ئەوا دەق دەبێ بە پەندی ئەخلاق ئامێز.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی دەق گێڕانەوەی بەسەرهاتی هاوسۆزی مرۆڤە، هاوسۆزییەکی ئەدیبانە کە لە خزمەتی خوڵقاندنی دەقدایە نەک بە پیچەوانەوە (نەک دەق لە خزمەت هاوسۆزیدا). نووسین رەوتی ناسینەوەی مرۆڤەکانە (بەهەر پلە و پایەیەکەوە) وەک مرۆڤ. ئەویکە لە ژێر توێژاڵی چڕی هەموو تەم و مژەکان و لە ژێر بارستایی قورسی هەموو جیاوازییەکاندا ئەوە مرۆڤەکانن خۆیان حەشارداوە یاخود حەشاریانداون. دەنووسین لەبەر ئەوەی وەک مرۆڤ سەرلەنوێ یەکتر بدۆزینەوە.

درێژەی هەیە...