فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی تەنیا لە رێگای نووسینەوەیە دەتوانین پێنج جووڵەی نێوان (شت و شت، شت و مرۆڤ، مرۆڤ و ئاژەڵ، مرۆڤ و مرۆڤ و سەرئەنجام دەروون و دەروون) لە پڕماناترین رووبەرەکانی خۆیدا بنوێنینەوە. نووسین کۆکردنەوەی ئەم پێنجە و گەمەیەکی قووڵی نێوانیانە.

 

دەق شوێنی جووڵەی نێوان شت و شت، شت و مرۆڤ، ئاژەڵ و مرۆڤ، مرۆڤ و مرۆڤ و هەروەها نێوان دەروون و دەروونە. ئەمە ئەو پێنج پانتاییەیە نووسەر بە شێوەی سەرەکی تیایا دەجوولێ و خەریکی خوڵقاندنە.

وسفی ژینگە و سروشت لە ناو دەقدا بریتییە لە جووڵە لە نێوان شت و شت. کاتێک دیمەنێک وەسفدەکەین لە راستیدا لە شتێکی بەرهەستەوە بۆ شتێکی تر لە گوزەرداین. رۆمانە ریالیستییەکان تەژین لەم جۆرە وەسفانە. هەڵبەت ناتوانین بڵێین وەسفە دەرەکییەکان لە سەداسەد دەرکین و تێکەڵ نین بە هەستی نووسەر. لە راستیدا نووسەر لە کاتی وەسفی ژینگەدا دەست دەداتە هەڵبژاردنی ئەو شتانەی وا لەبەر چاویدان و هەم خودی ئەم هەڵبژاردنە، هەم جۆری پێوەندیدانیان لەگەڵ گشتیەتی دەقەکە و هەم ئەو ئاوەڵناوانەی بەکاریان دەبا هەڵگرێ ئەم راستیەن. واتە تەنانەت وەسفە دەرەکییەکانیش لە فیلتەری زەینی نووسەرەوە تێدەپەڕن و بۆیە 'جووڵەی نێوان شت و شت' لە دەقدا جووڵەیەکی زەینیشە.

لە رۆمانی 'بێسەرپەرشتان' لە نووسینی قودسی نەسیری و وەرگێڕانی حسەین نەجمەدین، لە لاپەڕەی پێنج دەخوێنینەوە: "... لە کاتی خۆرەتاودا درەختی بەر پەنجەرەکەم سێبەری بۆ ژوورەکە دروست دەکرد و شەوانیش گڵۆپەکانی سەر شەقامەکە ژوورەکەمی رووناک دەکردەوە، هەندێ جار دەنگی ئەسپ و عەرەبانە و..." بەم شێوەیە شتەکان یەک بە شوێن یەکتردا دێن و دەکەونە پێوەندێکی پتەوەوە. شتەکان لەگەڵ یەکتر ژینگەی رۆمانەکە سازدەکەن و بەستێنی رووداوەکان ئامادەدەکەن.

نووسەر هەر بەمە وازناهێنێ و لە نێوان شت و مرۆڤیشدا لە هاتوچۆدایە. ئەم رەوتە لەو کاتەوە دەستپێدەکا کە نووسەر بەتایبەت لە ئاوەڵناوەکان کەڵک وەردەگرێ و دەگاتە ترۆپکی خۆی کاتێک دەستدەکا بە وەسفکردنی کارتێکەرییەکانی هەر دوو جەمسەرەکە لە سەر یەکتری. رەنگە دەقە رۆمانتیکەکان زیاتر هەڵگری ئەم تایبەتمەندییە بن بۆ وێنە کاتێک پاڵەوانی سەرەکی هەموو دیاردەکانی سروشت لە پێوەندی لەگەڵ ئەشقەکەیدا لێکدەداتەوە.

لە گەمەی نێوان شت و مرۆڤ، ئەم خەسڵەتە ئەو کاتە بەرجەستەدەبێتەوە کە نووسەر شتەکان لە ئاستێکی بەرزدا بەگوێرەی دەروونیاتی مرۆڤ یاخود مرۆڤ لێکدەداتەوە و وەسفیاندەکا. شتەکان خەسڵەتی مرۆڤانە وەردەگرن. بۆ وێنە درەختەکان دەشوبهێندرێن بە مرۆڤ، یان بە پێچەوانەوە کۆمەڵگا (کە کۆی سیستماتیکی مرۆڤەکانە) دەشوبهێندرێ بە جەنگەڵستان.

جووڵەیەکی تر بریتییە لە جووڵەی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤ. رەنگە رۆمانی 'شێواو' لە نووسینی کافکا نموونەیەکی باشی ئەم حاڵەتە بێت کاتێک پاڵەوانی سەرەکی رۆمانەکە بەیانییەک زوو لە خەو هەڵدەستێ و دەبینێ بووە بە قالۆنچەیەکی گەورە.  

جووڵەیەکی تر بریتییە لە جوولەی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ لە دەقدا. لەم شێوازەدا نووسەر مرۆڤەکان بە یەکتر دەشوبهێنێ و لە وەسفی یەکێک بۆ وەسفی ئەوی تر کەڵک وەردەگرێ، یاخود لە رێگای باسکردنی جیاوازییەکانیانەوە کەسایەتییەکانیان زیاتر بە خوێنەر دەناسێنێ.

لە جووڵەی دەروونەوە بۆ دەروون جۆرێکی تر لە گۆشەنیگا دەخوڵقێ. 'تونە سێلبوە' نووسەری نۆروێژی لە کتێبەکەی بەناوی 'رۆمان چییە" دەنووسێ "کاتێک 'ئاننا کارەنینا 'بەیانیەکی زووی زستان لەو قەتارە دادەبەزێ لە مۆسکۆوە بەرەوە سێنت پێتێرزبورگ دەڕۆیشت، هاوسەرەکەی لە وێستگەکە چاوڕوانی بوو . یەکەم خەیاڵ بە مێشکیدا هات ئەوە بوو شتێک لە هاوسەرەکەیدا گۆڕابوو. هاوسەرەکەی ناوچاوتاڵ و نادۆستانە لەوێ راوەستابوو، هەڵبەت ئەمە بۆ ئاننا شتێکی تازە نەبوو، بەڵام گوێکانی کتوپڕ جۆرێکی تریان لێهاتبوو: "وای خودایا! ئەم گوێیانەی لەکوێوە هێناوە؟' ئەمەی لە دڵی خۆیدا گوت لە کاتێکدا سەیری رواڵەتی سارد و خۆگرانەی پیاوەکەی دەکرد، بەتایبەت سەیری ئەو گوێیانەی ئەم لای وابوو کڵاوەکەی سەرسەری رەپ راگرتبوو." (لاپەڕەی سێ، دەقی کوردی).

ئەم پەرەگرافە بەجوانی دەربڕی گەمەی نێوان دەروونە بۆ دەروون. لە نێوان ئاننا کارەنینا و دیمەنی گوێی هاوسەرەکەی (گوێی هاوسەرەکەی تەعبیرێکە لەسەر ئەوەی کە هاوسەرەکەی ئیستا شتێک لەسەر ژنەکەی دەزانێ کە لە راستیدا ژنەکەی لێی شاردووەتەوە) جۆرێکی تایبەتی پێوەندی دروستدەکرێ. گوێکانی هاوسەرەکەی کتوپڕ لە جاران زیاتر گەورەتر دەنوینن وەها کە ئەوە ئەوانن کڵاوەکەیان راگرتووە نە سەری! بەم شێوەیە لە گەمەیەکی دەروونیدا شتە دەرەکییەکان تەعبیر لە دەروونناسیی کاراکتێری ناو چیرۆکەکە دەکەن و جۆرێک لە جووڵەی نێوان دوو دەروون شکڵ دەگرێ.

جووڵەی نێوان دەروون بۆ دەروون لە دەقدا دووا دەرفەتی نووسەرە بۆ ئەوەی لەم سۆنگەوە بتوانێ جیهانێکی تر بخوڵقێنی. ئێمە حەزێکی نایابمان هەیە بۆ خوێندنەوەی دەروونی یەکتر و بۆ ئەم خوێندنەوەیە لە هەموو ئەزموونە دەروونناسییەکانمان کەڵک وەردەگرین. دیالۆگی ناو دەق و وەسفە دەروونییەکان (بۆ وێنە لە رێگای مۆنۆلۆگەوە) ئەو بوارانەن ئەم مەجالە دەڕەخسێنن. دەق لەڕاستیدا خویندنەوەی مرۆڤە و بۆیە ئەم بەشە پشکی شێری بەردەکەوێ. بگرە هەموو ئەو جووڵانەی وا باسمان لێکردن لەم پێناوەدان.

کاتێک ئەم پێنج جووڵەیە (واتە جووڵەی نێوان شت و شت، شت و مرۆڤ، ئاژەڵ و مرۆڤ، مرۆڤ و مرۆڤ و هەروەها نێوان دەروون و دەروون) پێکەوە لە دەقدا حوزور پەیدادەکەن، دەق پێ دەنێتە ناو جیهانەوە. لەوە دەچێ گەر نووسەر بتوانێ لەم پێنجە زیاتر کەڵک وەربگرێ و بتوانێ بیانخاتە ناو گەمەیەکی هاوبەشەوە ئەوا دەق لە جوانترین و رازاوەترین شێوازیدا خۆی دەخەمڵێنێ.

بۆیە لە کاتی نووسیندا دەبێ زەین و قەلەمی نووسەر ئاگایان لەمە بێت و ئەم خەسڵەتە وەها بە دەروونی کرابن کە خۆبەخۆ لە رەوتی نووسیندا بتوانن خۆیان دەربخەن. گەشتێکی ئەهوەن و قووڵ بە سەر ئەم رووبەرانەدا دەتوانێ لە مانای ژیان و مرۆڤ زیاتر نزیکمان بخاتەوە.

مرۆڤ بەرهەمی ژینگەی خۆی و هەروەها کاری تاکەکەسانە و کاری بە کۆمەڵی خۆیەتی. ئەمە ئەو بەستێنە سەرەکییەن وا نووسەر هەوڵدەدا لە رێگای سازکردنی کەسایەتییەکانی بینوێنێتەوە.

دیارە دەکرێ ئەم پێنج سۆنگەیە وەک یەک لە دەقدا حوزووریان نەبێ. لە نووسەرێکەوە بۆ نووسەری تر بە گوێرەی جیهانبینی و سەبکی نووسین پێکهاتەی ئەم چوارە جیاوازن. بەڵام وا دەردەکەوێ  کەمتر نووسەر هەیە بتوانێ خۆی لەم یاسا گشتییە لابدات. ئەم یاسا گشتییە لە راستیدا وردکراوەی یاسایەکی گشتیترن بە ناوی گەمەی بەردەوامی نێوان دەروون و دەرەوە.

لە مانای فێنۆمێنۆلۆژیدا وەها نیە زەینی مرۆڤ تەختەڕەشەیەکی نەنووسراوە بێت و تەنیا چاوەڕوانی ئەوە بێت کەسێک بێ و لەسەری بنووسێ و بەم شێوەیە بیکا بە خاوەن ناوەڕۆک. لای فێنۆمێنۆلۆژیستەکان زەینی مرۆڤ هەمیشە هەڵگری شتە و هەمیشە بەرەوە دیاردەکان ئاراستەکراوە. جا رەنگە ئەمە بێت کە ئەو دەرفەتە بە نووسەر دەدا دەستبداتە گەمەی ناو ئەو پێنج جووڵەیەی وا باسمان لێکرد. زەین ئەگەر بەردەوام هەم خۆی بێت و هەم هەڵگری دیاردە و شتەکانی دەرەوە، ئەوا هەم دەتوانێ بەخۆیدا رۆبچێ و هەم بە دەرەوەدا. تەنیا ئەوەندەی کە نووسەر دەبێ لە توانای خەیاڵ بەهرەمەند بێت. وەک چۆن لە رۆمانی "لە شوێن زەمەنی لەکیسچوودا" یەکێک لە پاڵەوانەکان دەڵێ "کوڕی باش، هەوڵبدە هەمیشە لەتێک لە ئاسمان بەسەر ژیانتانەوە بێ"، دەبێ نووسەریش هەمیشە خاوەن ئاسمانێک بێت کە سیمبۆلی خەیاڵ و لێکگرێدانی پێنج جووڵەکەیە. هەر لەم رۆمانەدا دیسان یەکێک لە کاراکتێرەکان دەڵێ "دیتنی ئەو گەنجانەی وا ژیانیان فیداکردووە سەرنجڕاکێشە..." نووسینیش کە فیداکردنی گەنجیەتی ژیان و بە گشتی ژیانە لە پێناو حەقیقەتێکدا کە لە خودی گەنجیەتی پڕبایەخترە، هەمیشە وەک ئەو گەنجانەی بە هەڕەتی گەنجیەتی گیانیان بەخشی سەرنجڕاکێش دەمێنێتەوە. لە میهرەبانیدا هەمیشە خەمێک هەیە. دەق رێک ئەم میهرەبانییەیە. هەڵگری خەمێکە. خەمێکی قورس کە بە کۆڵیەوەیەتی نەک بۆ ئەوەی پیشانی بدا میهرەبانە، نا، بۆ ئەوەی بینوێنێ کە خەمەکە گرینگترە لە میهرەبانییەکە. ژیان و رابردووی ئێمە وەهایە. هەمیشە هەڵگری شتێکە کە دەبێ باسی لێبکەینەوە. تەنانەت گەر کاتی خۆیشی باسمان لێکردبێ. نووسین سەرلەنوێ باسکردنەوەی ئەو شتانەیە باسمان لێکردوون بەڵام ئەمجارە دەمانەوێ بە شێوازێکی تر کە زیاتر لە گێرانەوەیەکی یەکجار تایبەت دەچن، باسیان لێ بکەینەوە.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی تەنیا لە رێگای نووسینەوەیە دەتوانین پێنج جووڵەی نێوان (شت و شت، شت و مرۆڤ، مرۆڤ و ئاژەڵ، مرۆڤ و مرۆڤ و سەرئەنجام دەروون و دەروون) لە پڕماناترین رووبەرەکانی خۆیدا بنوێنینەوە. نووسین کۆکردنەوەی ئەم پێنجە و گەمەیەکی قووڵی نێوانیانە. دەنووسین چونکە تەنیا لە رێگای نووسینەوەیە دەتوانین ئەم پێنج جووڵە هەمیشەییە راوبکەین و دەرفەتی سەرلەنوێ خوێندنەوەیان بڕەخسێنینەوە.

درێژەی هەیە...