ما 10814 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

خەیاڵ و چێژ

خەیاڵ بەشێکی گرینگی ژیانی مرۆڤە. خەیاڵ تەنیا بریتی نیە لە خەون و ئارەزووەکانمان، بەڵکو بریتیشە لە جوانکردنی ساتەوەختەکانی ئیستا، هەوڵدان بۆ دەستەمۆکردنی داهاتوو و هەروەها زیادکردنی لایەنێکی تر بە هەنووکە بەمەبەستی چێژ.

دیسان ناتوانین تەنیا بەم خەسڵەتانە راوەستین. خەیاڵ ئامرازێکە بۆ لێکدانەوە. دەیسەلمێنێ کە ناسین تەنیا بەهۆی هەست و ئەقڵەوە ناکرێ، بەڵکو پێویستی بە لایەنی سێهەم هەیە کە ئەویش خەیاڵە. خەیاڵێک کە لە پاڵ دوو بەشەکەی تر واتە هەست و ئەقڵ رادەوەستێ و، بەم شێوەیە دەبێتە باڵێکی تر بۆ فرێن بۆ دووردوورەکان.

خەیاڵ لە ئەدەب و هونەردا دەگاتە ترۆپک و لە فەلسەفەیشدا دەوری سەرەکی دەگێڕێ. بۆ وێنە بڕوانە رووانینی هیگڵ لەسەر جووڵەی رۆح کاتێک لە رەوتی خۆیدا وەسفی چۆنیەتی خوڵقانی جیهان و قۆناخەکانی دەکا. میتافیزیایەک پڕ لە خەیاڵ، بەڵام راوەستاو لەسەر ئارگیومێنتی فەلسەفی.

یان بڕوانە دین کە لە رێگای میتافیزیای تۆخی خۆیەوە هەوڵدەدا جیهانە یەکجار نامۆکانیش دەستەمۆبکا. لە راستیدا دین لە سەر پێوەندی خەیاڵ لە نێوان مرۆڤ و میتافیزیا راوەستاوە. خەیاڵێک بەدوور لە ئارگیومێنتی ئەقڵانی و تەنیا لەسەر بڕوا، بڕوایەک پشت ئەستور بە خەیاڵ.

خەیاڵ رەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی پابەندبوونی مرۆڤ بە میتافیزیاوە بێت. جا میتافیزیا لە هەر دەرکەوتەیەکی خۆیدا. بەم شێوەیە هەموو شتێک دەبێ بە زیادکردنی چێژ بە هەنووکەیەک کە زۆر جار بەتاڵە لە چێژ.

 

سایتی قەڵەم، ٢٢ مانگی شەشی ٢٠٢٠
تابلو نقاشی عشق و خیال | گالری لیلیت

گەڕان بۆ بابەت