ما 5213 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رزگار لوتفی

دواتر بە عادەتی خۆی و بە ریز، چی دەرگای جۆراوجۆری ناو مۆبەقەکەمانە، یەکە بە یەکە دەیانکاتەوە و ورد لێیان دەڕوانێ. پاشان بە ئەسپایی پێیانەوە دەدادەتەوە. مۆبەقەکە جێ دێڵێ. بە پەنامدا تێدەپەڕێ. دەچێتە بەر پەنجەرەی هاڵەکەمان. دەستی دەنێتە پشتی. لە ناخەوە دەکوڵێت و سەرسەختانە لە پاییزە بارانی کۆڵان دەڕوانێت. ئەو پاییزە بارانەی چی ‌تر نامباتەوە ناو پارکە گشتییەکەی شار.

 

ئەمکاتانە چیتر، پاییزە باران نامباتەوە ناو پارکە گشتییەکەی شار، تا لە ژێر درەختەکان و بە سەر گەڵا وەریوە رەنگاڵەکانیاندا رێ بکەم و گوێ لە غەوارەترین ئاوازیان بگرم بەڵکوو ئاراستەکەم دەگۆڕێ و دەمگەیەنێتە  گۆڕستانی گردەکەی شار و دەمباتەوە سەر تەرمە خووساوەکەی باوکم. ئەو تەرمەی هەموو ساڵێک لەم کاتەدا، بەر لە تەواوبوونی گۆڕەکەی، لە پەنایێکەوە ئۆقرەی گرتووە و چاوەڕێی رێورەسمی ناشتنیەتی. ئەو تەرمەی گەر سەرەوخوار و رژدانە، بە هەموو جەستەیدا چاو بخشێنیت و لە دیاردەیەکی ناباو بگەڕێیت، جگە لە پشکووتنی گوڵووکەی لێوی، کە رەنگە سەمەرەی خاڵی بەریەککەوتنی سێ‌ کوچکەی "خام و لێو و باران" بێ، هیچ جۆرە جیاوازییەکی دیکەی تێدا نادۆزیتەوە.

لێرە لەم دیو پەنجەرەی ئاپارتمانەکەم، فرمێسکێک چاو لە تنۆکێکی باران دەکا وا بە روومەتی شووشەکەی بەرامبەریدا هەڵدەخلیسکێتە خوار و شوێنەواری جێ دێڵێت. شوێنەوارێک کە لە لێدانی جادەیەکی باریکی قیرتاو دەکا بە ناو دڵی بیابانێکی وشکارۆی خۆڵیندا. پڕایدێکی سپی، لە کۆتایی کۆڵانە بن‌بەستەکەماندا تەقەلایەتی و دوای ماوەیەک، لە بەردەمی دووماڵ واوەتردا دەنگی دەبڕێ و بە ئارامی پشوو دەگرێت. دەڵێی ئەو شوێنە هەر لە ئەزەلەوە لە سەر باوکم تاپۆ کراوە و تەنها ئەوە خاوەنەکەی. بەرلەوەی باوکم بە تەواوی لە رێگای پلیکانەکانڕا مەودای نێوان نهۆمی یەکەم و ئاپارتمانەکەم ببڕێ؛ پێشقەراوڵەکەی زووتر دەمگاتێ و بۆنەکەی ــ بۆگەنە سەرکاسکەرەکەی ــ لە رێڕەوی نهۆمەکەمدا پەرش و بڵاو دەبێتەوە.

"بۆنێک ئاشنا بە درێژایی سەربووردەمان و سەرکاسکەر، چوون گازاوڵترینی بۆگەنەکانی دونیا."

گەر هاتباو ئاپارتمانە پلە چەندەمەکەی منیش، چوون ئاپارتمانە نوێباوەکان بە سیستەمی هۆشداریدانی ئاگرکەوتنەوە تەیار کرابا؛ دڵنیابووم تا ئەم خولەکە، تەپڵەکە ئاوپاشەکانی بن میچەکان، تێکڕای ئاوە خەزنکراوەکانیان بەتاڵ دەکردەوە و وشکاییان دادەهات. هەرچەند گەر ئەو سیستەمەش لەم بینایەدا دابین کرابا، موولەرزەکانی دەرکەوتنی باوکم، لە مێژ بوو دەکاری خستبوو و جێگایەکی ئەوتۆی بۆ جێ‌بەجێ کردنی ئەرکێکی دیکەی نەدەهێشتەوە.

هەمیشە بەرلەوەی دەنگی سەندەڵەکانی باوکم ــ پاش جێ‌‌هێشتنی پلیکانەکان ــ ریتمێکی یەکدەست بخوازن و موتریب ئاسا بە سەر موزاییکی داڵانی نهۆمەکەمدا زەرب بگرن، بێ ‌ئێختیار جەستە و رۆحم دەچنە پێشوازیی و دەرگای ئاپارتمانەکەمی بە روودا دەکەنەوە. سەیر لەوەدایە پیرێژنەکەی نهۆمی سەرەوەم کە لە رەچەڵەکی گورگە، دەستبەجێ دێتە حاڵ و بە گۆچانەکەی دەکەوێتە زرم و کوت نانەوە و، بەمجۆرە رەنگە تێمان بگەیەنێ ئەوەتانێ بۆنی جگەرەکەم پێ گەییشتووە و هاکا لە کوورەش دەرچووم. واتە لە ساتێکی هەرەکەمی دیاریکراودا تێکڕای ئەم ئاپارتمانە مردووئاژەنەم، هێندەی نامێنێ ببێتە دەهۆڵێکی بە چەرم چێکراوی مەزن و، لەرەی زرمەکانی، خشت بە خشتی دیوارەکانیش نەهێنێتە سەما.

"چ دەبوو باوکم بۆ جارێکیش بوایە بەر لەوەی گەییشتبایەتە دەم دەرگای ژوورەکەی من، رووی وەرسووڕاندباو چووبایەتە نهۆمەکەی سەرەووم و لەم هاوماڵییەوە دەرگای ژوورە بێ‌ ڕەونەقەکەی ئەو پیرێژنەی رەقاندبا و بە سەرپێیەکەوە لێی پرسیبا و مسقاڵێک نمەکی کردبا، رەنگە لەوەدوا توانرابا لانیکەم، رێککەوتنێکی دوو قۆڵی لە نێوانماندا واژوو بکەین و، چیدی بێ‌ ترس‌ و خۆف؛ جگەرەی بێ ‌نرخ هیچ، لە جۆری بەڵگە کووباییەکەشی داگیرسێنین!"

هێشتا باوکم دانەمووکاوەتەوە قەیتانی پۆتینەکانی شل وەکا قریوەیەکی تیژ، هەرە تیژ لە رێڕەوەکەی خوارەوە دەترازێ و بە پێچ و خەمی پلیکانەکاندا دێتە سەر و لە نهۆمەکانی سەرەوەدا دەمۆڵێت. وا کە بێ‌ ئێختیار تێکڕای ئازای وردو درشتی باڵاخانەکە، مۆتەکەیەک دەیانگرێ و لە گەڵ بەردانیان، ئۆخژنێکی خۆش بە لەشیاندا دەگەڕێت. باوکم بە ئەستەم پشتی راست دەکاتەوە و بەڕوانینەوە سەرسووڕماوانە دەڵێ: کوڕم ئەو قریوەیە چ بوو؟‌! لە وەڵامدا زەردەخەنەیەک دەکەم و دەڵێم: زۆر سەختی مەگرە بابە! تارماییەکانی ئەم باڵەخانەیە قەت نەیانزانیوە شادییەکانیان دەرببڕن! هەڵوێستەیەک دەکا و سەری باوەشێن ئاسا رادەوەشێنێ و بە دەم گەڕانەوە دەپرسێ: سۆیبەش لە سەر کارە؟! دواتر بە عادەتی خۆی و بە ریز، چی دەرگای جۆراوجۆری ناو مۆبەقەکەمانە، یەکە بە یەکە دەیانکاتەوە و ورد لێیان دەڕوانێ. پاشان بە ئەسپایی پێیانەوە دەدادەتەوە. مۆبەقەکە جێ دێڵێ. بە پەنامدا تێدەپەڕێ. دەچێتە بەر پەنجەرەی هاڵەکەمان. دەستی دەنێتە پشتی. لە ناخەوە دەکوڵێت و سەرسەختانە لە پاییزە بارانی کۆڵان دەڕوانێت. ئەو پاییزە بارانەی چی ‌تر نامباتەوە ناو پارکە گشتییەکەی شار، تا لە ژێر درەختەکان و بە سەر گەڵا وەریوە رەنگاڵەکانیاندا رێ بکەم و گوێ لە غەوارەترین ئاوازیان بگرم بەڵکوو زۆر ناجوامێرانە ئاراستەکەم دەگۆڕێ و دەمباتەوە  گۆڕستانی گردەکەی شار و لە سەر تەرمە خووساوەکەی باوکم، هەتیوانە جێم دێڵێت.

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت