عەتا قەرەداغی

ئەردۆگان ئیدعای ئەوە دەکات کە ئەو شەڕی تیرۆر دەکات و زیان بە خەڵکی مەدەنی ناگەیەنێت، بەڵام شەهیدەکانی ئەم مانگەی شیلادزێ و شەهیدو بریندارەکانی ئەم هەفتەیەی چوارتا بەڵگەی راستەقینەی درۆو دەلەسەکانی ئەردۆگان و وتەبێژە بێ شەرمەکەی رژێمە فاشیەکەی دەسەلمێنن.

 

دەستدرێژییەکانی تورکیا و خەونی دروستکردنەوەی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی

عەتا قەرەداخی

ویست و خواستی ئەردۆگان بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر دەبێت و کۆی هەنگاوەکانی ئەردۆگان بە ئاراستەی گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکە بۆ جوگرافیاو قەڵەمڕەوی دەوڵەتی عوسمانی. ئایا ئەم خەونە  فراونخوازییەی ئەردۆگان وەکو خەونی زۆر لە دیکتاتۆرەکانی تر دێتە دی یان نا، ئەوەیان بابەتیکی ترە. بەڵام هەنگاوە شەڕەنگێزییەکانی ئەردۆگان بە ئاراستەی جۆراوجۆرو لە پێش هەموویشیانەوە دژی کورد لە کوردستانی ژێرسایەی دەسەڵاتی عوسمانی پێشتردا بەڵگەی هەوڵی ئەردۆگان و رژێمە فاشیستەکەیەتی بۆ بەدیهێنانی خەونی بە سوڵتان بوون و زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی. بێجگە لە هەنگاوە کردەییەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا لە زۆر جێگا، ئەم قسانەی ئەردۆگان خۆیشی راستی هەوڵی خۆیی و گەوهەری خەونە نەخۆشەکەی دەردەخەن. ئەردۆگان چەندین جار لە گوتارەکانیدا دەڵێت: ئێمە نەوەی عوسمانیەکانین. هەروەک لە ساڵی ٢٠١١دا کە پارتی دادو گەشەپێدان لە هەڵبژاردندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەردۆگان لە گوتاری سەرکەوتندا گووتی: بەو ئەندازەی ئیستانبول سەرکەوتووە، سەرایڤۆش سەرکەوتووە. بەو ئەندازەی ئیزمیر سەرکەوتووە بەیروتیش سەرکەوتووە. بەو ئەندازەی ئەنقەرە سەرکەوتووە دیمەشق سەرکەوتووە. بەو ئەندازەی دیاربەکر سەرکەوتووە رامەڵاو نابلوس وقودس و غەزە سەرکەوتوون. سەرکەوتنی تورکیا مانای سەرکەوتنی رۆژهەڵاتی ناوەراست و قەوقازو بەڵقان و ئەوروپایە... لەپشتی ئەم لێکچواندنانەوە، خواست و ویستی فراوانخوازی ئەردۆگان بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی تورک بەسەر هەموو ئەو شوێنانەدا دەردەکەوێت کە پێشتر لە سنووری دەسەڵات و قەڵەمڕەوی عوسمانیدا بوون. هەروەک ئەردۆگان خوێندنی ئیسلامیاتی لە خوێندنگاکانی تورکیادا کرد بە ئیجباری و ساڵی ٢٠١٤ بڕیاریدا دەبێت زمانی عوسمانی لە خوێندنگاکاندا بخوێندرێت و لە بەرلەمانی زۆرینەی پارتەکەیدا هێمای عوسمانی کردەوە بە هێمای دەوڵەت و پردی سەر بۆسفۆری ناونا پردی سوڵتان سەلیمی یەکەم و زۆرجار دروشمی سوپای ٥٧ی عوسمانی لە پشتی خۆیەوە دادەنێت و زۆر شتی تریش. هەڵبەت ئاشکرایە کە دەوڵەتی عوسمانی لە سەرەتای سەدەی شانزەیەمەوە دەسەڵاتی بەسەر رووبەرێکی فراونی کوردستاندا هەبووە کە بە ولایەتی موسڵ ناوبراوە.      

لە دوای شەڕی چاڵدێرانی ساڵی ١٥١٤ لە نێوان عوسمانی‌و سەفەوییەكاندا، بە تایبەتی دوای ئەوەی كە سوپای عوسمانی سەركەوتنی بەدەستهێنا، پێگەی عوسمانییەكان بەهێزتر بوو. دواتریش لە پەیمانی رێكخستنی سنووردا لە ساڵی ١٦٣٩دا، هەردوو دەوڵەت كوردستانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشكرد. بێگومان ئەم دابەشكردنە كاریگەری نێگەتیفی لەسەر كورد وەكو نەتەوەو كوردستان وەكو نیشتیمان بەجێهێشت.

هەر لەو كاتەوە فارس‌و توركەكان‌و پاشانیش عەرەبەكان سوودیان لەو دابەشكردنەی كوردستان وەرگرتووە‌و تەنانەت لە هەركاتێكدا پێویست بووبێت هاریكاری یەكتریان كردووە بۆ لێدان‌و سەركوتكردنی ئەو بزووتنەوەو راپەڕینانەی لە بەشەكانی كوردستاندا درووستبوون. هەركاتێكیش ئەو دەوڵەتانە ناكۆكی لە نێوانیاندا درووستبووبێت، هەریەكەیان هەوڵیداوە كوردی بەشەكەی تر لەبەرژەوەندی خۆی بەدژی دەوڵەتەكەی تر بەكاربهێنێت. کوردی ناهوشیارو نەزانیش پلانەکانی ئەوانی بەدژی براکەی خۆی بەجوانی جێبەجێ کردووە.

لە دوای جەنگی یەكەمی جیهان و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی، لە مادەی یەكەمی میساقی نیشتیمانی توركیادا باسی ئەوە كراوە ئەگەر پێویستی كرد ئەوا بڕیاری چارەنووسی ئەو بەشانەی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی دەدرێت كە زۆرینەی دانیشتوانەكانیان تورك نین. ئەوەش بەپێی دەنگدانی ئازادانەی خەڵكی ئەو ناوچانە خۆیان دەبێت. بەڵام دیارە بەبیانووی پێكهێنانی نیشتیمانێك كە ناوی توركیا بوو ئەوە رووینەدا. لەم رووەوە ئەو بەندەی میساقی نیشتیمانی توركیا دانی نەنا بە جیاوازبوونی كورددا وەكو نەتەوەیەك. هەروەك دوای ئەوەش كۆمەڵەی نەتەوەكان مافی كوردو كەمە نەتەوەییەكانی تری نەسەپاند بەسەر توركیادا. دواتریش لە رێكەوتنامەی سیڤەری ساڵی ١٩٢١ بەندەكانی 61، 62، 63 سەبارەت بە مافەكانی كورد، یان چارەنووسی ولایەتی موسڵ جێبەجێنەكران ‌و، لە پەیمانی لۆزاندا زیندەبەچاڵ كران. "دواتریش بەپێی مادەی ( ٨٨ ) لە دەستووری یەكەمی كۆماریدا ئەوە جێگیر كرا كە دانیشتووانی توركیا بێ گوێدانە بڕوای ئایینی‌و ئینتیمای نەتەوەییان هەموو هاونیشتیمانی توركین "( بڕوانە:د. لطفی المعوش: دۆزی نەتەوەیی کورد لە تورکیا، وەرگێڕانی، عەتا قەرەداخی، سلێمانی، ٢٠١٣ ).

دیارە لەدوای درووستبوونی دەوڵەتی ناسیونالیستی تورك لەسەر دەستی كەمال ئەتاتورک و باڵادەستبوونی تێزی توركچێتی لەو وڵاتەدا، دەوڵەتی تورك هەموو هەوڵێكی داوە كەسێتی كورد تێكبشكێنێت‌و كورد لەنێو توركدا بتوێنێتەوە تا ئەو ئاستەی كە ناسیونالیستی توركی بەگشتی‌و بەرنامەی دەوڵەت بەتایبەتی كوردیان ناونا توركی چیایی. ئەوەش ئاشكرایە دەوڵەتی تورك بەشێوەیەكی شۆڤێنیانە رەفتاری لەگەڵ كورددا كردووە. لەو رووەوە كوردیش دەستەوسان دانەنیشتووە. پێش رووخاندنی دەوڵەتی عوسمانی بزووتنەوەی بەدرخانیەكان‌و بزووتنەوەی شیخ عوبەیدوڵای نەهری سەریان هەڵداوە. لەسەردەمی دەوڵەتی نوێی توركدا بزووتنەوەی شێخ سەعیدی پیران‌و بزووتنەوەی شیخ رەزای دەرسیم‌و، لە چواردەیەی رابردووشدا پارتی كرێكارانی كوردستان لە خەباتێكی نەپساوەدا بووە لەپێناوی بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی كورددا.

لەماوەی رابردوودا پارتی كرێكارانی كوردستان لەرووی نەتەوەییەوە رۆڵێكی دیاری هەبووە لە زیندووكردنەوەی هەستی نەتەوایەتی كوردی لە باكوری كوردستان‌و توانیووێتی تا ئەندازەیەک رێگا لە پرۆژەی تورك بۆ تواندنەوەی كورد بگرێت ‌و بەشێوەیەكی گشتی ئەو هەستە لە باكوری كوردستان درووست ببێت كە كورد نەتەوەیەكی جیاوازە لە تورك‌و شتێك نیە بەناوی توركی چیایی، بەڵكو عەقڵێكی شۆڤێنی هەیە ئەو ناوانە دەبەخشێتەوە كە ئەوەش دەرئەنجامی سیاسەتێكی شۆڤێنیانەیە كە دەوڵەتی نوێی ناسیونالیستی تورك لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاكو ئێستا پیادەی دەكات. بارودۆخی كورد ئەو راستییەی سەلماند كە هەرگیز ناتوانرێت نەتەوە یان ئیتنیكێك لەنێو نەتەوە، یان ئیتنیكێكی تردا بتوێنرێتەوە، یان هەڵوەشاندنەوەی سنووری ئیتنیکی کە مەبەست لێی تێکەڵاوکردنی ئیتنیکیە لەو پێکهاتە شاوڵیەی کە لە تورکیادا لە ساڵی ١٩٢٤ بەدواوە کاری لەسەر دەکرێت، سەرناگرێت، چونکە ئەوە پرۆژەیەکە بۆ باڵادەستی ئیتنیکی تورکی و روویەکی تری پرۆژەی تواندنەوەی ئیتنیکی کوردیە لە ناو ئیتنیکی تورکیدا. پارتی ناسیونالیست ئیسلامی شۆڤینی دادو گەشەپێدان بە خەیاڵی گێڕانەوەی چەمکی هاووڵاتیی عوسمانی سەردەمی خەلافەتی عوسمانی لە دروستبوونیەوە لەسەر ئەم پرۆژەیە کاردەکات و خودی خەلیفە ئەردۆگان لە گوتارێکیدا لە دیاربەکر دەڵێت: رایەڵەکانی پیکەوەبەستنی تورک و کورد کە بڕوابوونی هەردووکیان بە ئیسلام و هاومەزهەبیان کە زیاتر سونەن و چەندین خاڵی هاوبەشی تریش هەن بۆ ئەوەی تورک و کورد پێکەوە پێکهێنەری یەک ئیتنیک بن کە ئیتنیکی تورکیە. هەر لەم ڕێگایەوە هەزارن کورد بوونەتە ئەندامی پارتی ئیسلام شۆڤینیستی تورکی و سەدان هەزار کوردیش لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بەو پارتە دژە کوردە دەدەن. راستە ناسیونالیستی تورکی لە سەرهەڵدانیەوە تاکو ئێستا بە بەردەوامی لە هەوڵی سڕینەوەی سنوری ئیتنیکیدایە لە تورکیا بە ئامانجی دروستکردنی یەک ئیتنیک کە ئەویش ئیتنیکی تورکیە.

 بەهەرحاڵ سەرباری سەرکەوتنی تا ئەندازەیەکی ناسیونالیزمی تورک لە بە تورککردنی دەیان هەزار کورددا لە رێگەی پرۆژەی سڕینەوەی سنوری ئیتنیکیەوە، ئێستا ناسیونالیستی كوردی لە باكوری كوردستان لە پەرەسەندندایە‌و لە ماوەی رابردوودا هەرچۆن پارتی كرێكاران رۆڵی دیاری هەبووە لە زیاتر زیندووكردنەوەو پەرەسەندنی ئەو تێزو تێڕوانینەدا، بەهەمان شێوە ئاراستەی ناسیونالیستی مەدەنی کوردیش لە باکور بە باشی دەرکەوتووەو ئەنجامی دەنگی کورد  لە سێ دەیەی رابردوودا بۆ پارتە کوردیە مەدەنیەکان ئەوە دەسەلـمێنێت، دیارە لێرەدا مەبەستمان لە ناسیونالیزمی مەدەنی بەو چەمکە نیە کە تورکەکان یان هەندێ لە نووسەرانی رۆژئاوا وەکو چەمکی تیکەڵاکردن سەیری دەکەن، تێکەڵاوکردن بە مانای تواندنەوەو سڕینەوەی سنووری ئیتنیکی دێت.

ئاشکرایە کە ئەردۆگان خەون بە زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریتی عوسمانیەوە دەبینێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی یەکەمی هەڵهێنا کە گۆڕینی دەستووری تورکیا بوو بۆ سەرۆکایەتی، ئەویش بە خەیاڵی خۆی هەنگاوی یەکەمە بۆ دەسەڵاتی سوڵتانی. پەلکێشانی بۆ نیمچە دورگەی عەرەبی و بۆ لیبیا و بۆ سوریاو  چەندبارەکردنەوەی خواست و ویستی گێڕانەوەی ولایەتی موسڵ بۆ ژیر سایەی دەوڵەتی تورک بەشێکن لەو خەونە فراونخوازییەی ئەردۆگان کە زیندوکردنەوەی خەلافەتی عوسمانی و بە سوڵتان بوونی خۆی نیشان دەدات. بێگومان رۆڵی خراپی ئیدارەی ترامپ لە سوریاو بواردانی بە تورکیا بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆی بچێتە ناو ئەو وڵاتەوە، بە تایبەتی بۆ لێدانی کوردو ڕێگاگرتن لە دروستکردنی جۆرێک لە سەربەخۆی لە رۆژئاوای کوردستان لە لایەکەوەو داگیرکردنی رووبەرێکی فراوان لە رۆژئاواو تاوانبارکردنی رووبەرێکی فراون لە کوردی رۆژئاوا بە تیرۆریست و چاونوقاندنی ئیدارەی ترەمپی نامرۆڤ بەرامبەر بەو هەموو دەستدرێژییەی دەوڵەتی فاشی تورک دژی کوردو پێ ڕاکێشانی لە بەشەکانی تری سوریا و لە لیبیاو لە شوینانی تریش هاندەری تورکیایە بۆ خەیاڵکردنی ئەوەی کە خەونە فراونخوازییەکەی دەبێت بە راستی. کاتێ لە ژێر فشاری جۆن بۆڵتن و هەندێ لە بەرپرسانی تری ئیدارەکەیدا، ترامپ بە تەلەفون بە ئەردۆگان دەڵێت: یەکەم، هێرش ناکەیتە سەر هیچ هێزیکی وڵاتە یەکگرتووەکان لە سوریا، دووەم، دڵنیابە کە هێرش دەکەیتە سەر دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، نەک کوردەکان. ئەردۆگان ئازاری دەچەشت کە بڵێت کوردی خۆش دەوێت و بەپێچەوانەشەوە، ئەو لەسەری رۆیشت و گووتی یەپەگە، پەیەدە، پەکەکە، یارییان بە کورد دەکرد، ئەوان نوێنەرایەتی کوردیان نەکرد. هەر ئەوکاتە ماکرۆن رای وابووە کە: تورکیا جەخت دەکاتە سەر هێرشکردنە سەرکوردەکان و لەگەڵ داعشدا سەوداگەری دەکات، بۆیە ماکرۆن داوای لە ترامپ دەکرد کە لە سوریا نەکشێنەوە"( John Bolton, The Room Where It Happened, New York, 2020, Chapter,7).

بەڵام ترامپ گوێێ بە چارەنووسی کوردەکان نەدا وەکو هەموو بەرپرسەکانی تری ئەمەریکاو بەریتانیاو دنیای بڕیاربەدەست. بەهەرحاڵ سەرباری خواست و ویستی فراوانخوازی سوڵتان ئەردۆگان، دەگاتە ئەوەی بڵێت: کوردی باش کوردێکە کە مردووە". ئەمە روانینی ئەردۆگان و ناسیونالیستی ئیسلام- عیلمانی شۆڤێنستی تورکە بۆ کورد، ئەوەش هەڵوێستی ئەمەریکایە کە زۆرجار کورد سادەو کاڵفام ئومێدی لەسەر هەڵچنیووە.       

 

توركیا لەماوەی چوار دەیەی رابردوودا هەموو كۆششێكی كردووە بۆ سەركوتكردنی بزووتنەوەی كوردی لە باكورو لەسێ دەیەی رابردووشدا کە ویستبێتی لە ئاسمان و زەوییەوە پەلاماری باشووری کوردستان داوەو لە ساڵی ٢٠١١ یس بەدواوە چی کاری دڕندانەیە بەرامبەر بە رۆژاڤای کوردستان کردوویەتی.

لە هاتنی ئیسلامیەکاندا بۆ سەر کورسی دەسەڵات لە تورکیا، گومانێك یان گریمانەیەك هەبوو كە دەوڵەتی تورك لەوە تێگەیشتبێت كە لە رێگەی سەربازییەوە ناتوانێت بزووتنەوەی كوردی لە باكور سەركوت بكات بەڵكو بە پێچەوانەوە بزووتنەوەی كوردی رۆژ لەدوای رۆژ بەهێزتر دەبێت‌و فشاری زیاتر لەسەر هێزەكانی دەوڵەتی داگیركەری سەر وڵاتەكەی دادەنێت. بۆیە ئەگەرێكی لاوازی ئەوە هەبوو كە دەوڵەت بۆچوونی لەو جۆرەی لەلا درووستبووبێت كە هەوڵبدات جۆرە سەوداگەرییەك لەگەڵ كورددا بكات. هەرچەندە من بۆ خۆم پێموایە نە دەوڵەتی تورك نە هیچ کام لە داگیرکەرانی تری کوردستان بە هیچ شێوەیەک دان بە بوون‌و شووناسی كوردیدا نانێن. پیشتر دەوڵەتی سیكولاری توركیا بە هیچ شێوەیەك دانی بەوەدا نەدەنا كە پێكهاتەیەك هەبێت لە توركیا بە ناوی كورد، بەڵكو كوردی ناونابوو توركی چیایی. لە سەركەوتنی یەكەمی ئیسلامیەكانیشەوە لە توركیا هەر لەسەردەمی نەجمەدین ئەربەكانەوە روانینی تورك بۆ كورد گۆڕانێكی وەهای بەسەردا نەهاتووە كە شایانی باس بێت. بەتایبەتی ئەو ئاراستە ئیسلامییەی كە ئێستا لە دەوڵەتدایە لە دوو رووەوە زیانی لە كورد داوە. لەلایەك بەكاریگەری ئایینەكە رووبەرێكی فراوان لە خەڵكی باكوری كوردستان دەنگ بەو ئاراستە ئایینیە دەدەن كە هیچ سوودێكی بۆ كورد وەكو نەتەوە تێدا نیە. لە لایەكی تریشەوە ئەو ئاراستە ئایینیە روانینێكی ئومەمی هەیەو بڕوای بە مەسەلەی نەتەوایەتی نییە‌و وەها سەیری كورد دەكات كە بەشێكە لە گەلی توركی مسوڵمان واتە ئەو بڕوای بە شووناسی توركیای مسوڵمان و شووناسی توركیایی هەیە و هیچ بڕوایەكی بە مەسەلەی نەتەوەیی كورد نیەو دان بە سنووری ئیتنیکی و جیاوازی ئیتنیکیدا نانێت.

ئەردۆگان ئیدعای ئەوە دەکات کە ئەو شەڕی تیرۆر دەکات و زیان بە خەڵکی مەدەنی ناگەیەنێت.بەڵام شەهیدەکانی ئەم مانگەی شیلادزێ و شەهیدو بریندارەکانی ئەم هەفتەیەی چوارتا بەڵگەی راستەقینەی درۆو دەلەسەکانی ئەردۆگان و وتەبێژە بێ شەرمەکەی رژێمە فاشیەکەی دەسەلمێنن. جارێ ئەوەی ئێستا تورکیا لە سوریا و لە لیبیاو لە بۆمبارانکردنی گوندەکانی باشوری کوردستان و باخ و رەزو کێڵگەو دەغڵ و دانی هاوولاتیان دەیکات بێجگە لە کاری دەوڵەتێکی تیرۆریستی لە شێوەی دەوڵەتی شەمشەمە کوێرەکانی داعش هیچی تر نیە. هەر لە راستیشدا پارتی دادو گەشەپێدان و داعش بەرهەمی هەمان فیکرو ئایدیۆلۆجیان و هەمان رەگوریشەیان هەیە. ئێستاش بە ئاشکرا دیارە، تورکیاو داعش لە باشوور بە هەمان شێوە دژی کورد کاردەکەن. بۆمباران دەکەن، خەڵکی مەدەنی لە جوتیارو وەرزیرو رەزەوان و شوان و رێبوارو خەڵکی مەدەنی و بێ چەکی کورد لە ژن و منداڵ و پیر شەهید دەکەن و دەغڵ و دان و باخ و رەزیان دەسووتێنن. هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیای فاشی بۆسەر باشووری کوردستان بەشێکە لە هەنگاوی دەستپێک بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی دەوڵەتی عوسمانی نوێ کە تورکەکان باسی گێڕانەوەی دەسەڵاتی خۆیان بۆ سەر هەموو ئەو جوگرافیایە دەکەن کە قەڵەمرەوی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی بووە، بە خەیاڵی خۆیان لە یادی تێپەڕبوونی سەدەیەک بەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئیمپراتۆرێتەدا کە دوا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لە ساڵی ١٩٢٤دا لە لایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە دەرکرا دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٢٢دا دەسەڵاتی سوڵتانی هەڵوەشێندرابووەوە. ئەردۆگان لە خەونی حوشتری خۆیدا بەهیوای ئەوەیە لە یادی سەد ساڵەی هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتدا، لەسەر کورسی سوڵتان دابنیشێت و ببێتە سوڵتانی جیهانی ئیسلامی لە لیبیاوە بۆ سەر سنووری ئیمپراتۆری ئاخوندەکانی جێنشینی سەفەوی و قاجارییەکان، بێگومان ئەوانیش هەمان خەونی سوڵتان ئەردۆگان دەبینن و سەرباری هەموو بەدبەختیەکان و دەستدرێژییەکانی هەردوولایان بۆ سەر کورد، مەترسی ئەوەشمان لەسەرە خەونە حوشترییەکانی ئەردۆگان و ئاخوندەکان چاڵدێرانێکی تر لە وڵاتە بێ خاوەن و بێکەس و بێ سنوورو بێ سەرەرییەکەی ئێمەدا دروست بکات.