فەڕۆخ نێعمەتپوور

نووسین سەبتی گۆڕانە لە سەر کاغەز و دەستەمۆکردنیەتی بۆ ئەوەی بتوانین بە پێچەوانەی لۆژیکی سروشت بگەڕێینەوە سەری. نووسین لەقاودانی حەزی خۆشاردنەوەی بوون و ئاشکراکردنی رەوتە سەرەکییەکانیەتی.

 

سروشت حەزی بە خۆشاردنەوەیە. ئەمە گوتەیەکی بەناوبانگی 'هێراکلیت' فیلسووفی یۆنانیە. بەگوێرەی ئەم بۆچوونە راستی بەشێوەی راستەوخۆ خۆی بەدەستەوە نادا و ناسینی پرۆسەیەکی ئاڵۆزە. ئەم فیلسووفە هەروەها رای وایە هەموو شتێک لە گۆڕاندایە، بەڵام وەها نیە گۆڕان لە هیچ یاسایەک پەیڕەوی نەکا و تەواو بەگوێرەی هەڵکەوت بێت.

'دێمۆکریت' وەک فیلسووفێکی تری یۆنانی کەونارا سەبارەت بە رووداوەکانی ناو سروشت رای وایە کە هەموو شتێک بە گوێرەی هۆکار روودەدا و بۆیە جۆرێک لە پێویستی (زەروورەت) لە پشتیانەوەیە.

کە دەگەینە سەردەمی نوێ دەبینین نیچە، فیلسووفی ئاڵمانی، ئەم روانگەیە رەتدەکاتەوە و لای وایە واقع بێ پلانە و شتەکان بەگوێرەی هەڵکەوت روودەدەن و بوون دیاردەیەکی بەدەر لە یاسایە و سەرتاسەر بێ سەرەبەرییە. بە گوێرەی نیچە ئەوە مرۆڤ خۆیەتی مانا بە بوون دەدا و بە ئەم بوونە شێواو و بێ پلانە، رێکوپێکی و پلان و مانا دەبەخشێ. فیلسووفێکی وەک سارتەریش ماناسازی سەبارەت بە بوون دەخاتە ئەستۆی خودی مرۆڤ.

بێگومان ئەم روانگانە لە ناو نووسەرانی دەقیشدا هەن. ئەو نووسەرەی لای وایە جیهان بوونێکی خاوەن پلانە، جۆرێک دەق پێشکەش دەکا و ئەو نووسەرەی جیهان وەک دیاردەیەکی بێ سەرەوبەرە دەبینێ، جۆرێکی تر لە دەق. ئەمە هەم خۆی لە سەبکدا نیشاندەدا و هەم خۆی لە ناوەڕۆکدا. بۆ وێنە ریالیزم پشت ئەستور بە بنەما فەلسەفییەکانی کەسانی وەک 'هێراکلیت و دێمۆکریت'ە و ئەدەبی وجوودگەرا و پۆستمۆدێرن پشت ئەستور بە جیهانبینیی فیلسووفانی وەک سارتەر و نیچە.

کەواتە گرینگە نووسەر پێش نووسین خاوەن جیهانبینی تایبەت و چوارچێوەدار بێت بۆ ئەوەی دەق بتوانێ لەسەر بنەمایەکی تۆکمە خۆی دابڕێژێ و خاوەن پەیامێکی قووڵ بێت، هەر چەند ئەم بنەمایە لە دەقدا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ رەنگ دەداتەوە و رووداوەکان و ناوەڕۆک تەنیا بە دەوریدا وەک لاولاو خۆیان دەپێچن و سووڕدەدەن.

نووسەر لەگەڵ جیهان (چ وەک سروشت و چ وەک مرۆڤ) رووبەڕووە. کاری بریتییە لە سووڕدان و خولانەوە بەناویا بە مەبەستی دەرهێنانی مانا یاخود چێکردنی. لە هەر دوو بواردا نووسەر ناچارە بە پێشکەشکردنی مانا دیارە بە گوێرەی لۆژیکی دەق بە شێوازی وێنە.

بێگومان هەر نووسەرێک کاتێک دەستدەداتە قەڵەم (یان کێبورد) بۆ نووسین، پێش لە هەموو شتێک لەگەڵ ژمارەیەکی بێ سنوور شتی دەرەکی و دیاردەی دەروونی بەرەوڕووە. دۆزینەوەی ئەو شت و دیاردانەی وا رۆڵی سەرەکی لە دەقدا دەگێڕن ئەوەندە ئاسان خۆبەدەستەوە نادەن. بەڵام رەوتێکی زەینی لە نووسەردا دروستدەبێ کە تێیدا کتوپڕ هەندێ شت و دیاردە (یاخود تەنیا یەک شت یان یەک دیاردە) بەرجەستە دەبێتەوە و دەبێتە دەستپێک. ئەوسا شتەکانی تر بە دەوری ئەواندا خۆیان دەخەمڵێنن و بەرەبەرە پێکەوە دەق بەرهەمدێنن. جاری وایە شت و دیاردەکان خۆیان لە رەوتێکی خۆبەخۆییدا دێن و، جاری وایە نووسەر دەستدەداتە هەڵبژاردن و بە پێی پلانێکی زەینی چەندین شت لە کۆیەکدا دەگونجێنێ تا لە رێگای مامەلەیان لەگەڵ یەکتر دەق بەرهەم بێنن.

بەم پێیە دەق دەتوانێ هەم بەرهەمی هەڵکەوت بێت و هەم بەرهەمی پلان. لە شێوازی ریالیستیدا لایەنی پلان بەرجەستەترە و لە بەرهەمی پۆستمۆدێڕندا لایەنی هەڵکەوت. بەڵام لە هەر دووکیاندا بێگومان هەردووکی ئەمانە هەن. تەنانەت بێ شێوازترین دەقەکانیش خاوەن شێوازن، لانیکەم لەبەر ئەوەی خۆیان لەبەرامبەر دەقە خاوەن شێوازەکاندا پێناسەکردووە. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی بتوانین قوتابخانە جۆراوجۆرە ئەدەبییەکان پێناسەبکەین و خەسڵەتەکانیان دیاری بکەین.

لە جیهانێکی فرەچەشنی، فرەشتی پڕ لە گۆڕاندا دەستخستنی ئەو شت و رووداوانەی وا دەتوانن دەربڕی رەوتە بنەماییەکانی بوون و جیهان بن، کارێکی ئاسان نیە. بۆیە نووسەر لەگەڵ ئەرکێکی دژوار رووبەڕووە. راستە هەموو شت و هەموو رووداوێک (دەروونی و دەرەکی)، وەک دەستپێک، هەڵگری خەسڵەتی بەدەق بوونن، بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە نووسەر دەتوانێ دەست بۆ هەموویان ببات. شت و رووداوەکان بە گوێرەی بەستێنی چیرۆک گرینگیی خۆیان وەردەگرن. هەڵبژاردنی 'بەش' بەگوێرەی 'کۆ'یە، نەک کۆ بە گوێرەی بەش.

نووسەر چ باوەڕی بە هەبوونی پلان و مانا لە خودی جیهاندا هەبێت یان نەبێت، بەڵام ناچار بە خولقاندنی دەقێکە کە خاوەن مانایە و بەم پێیە خاوەن جۆرێکە لە لۆژیکی دەروونی و دەرەکی. دۆزینەوە و خوڵقاندنی مانا لە جیهانێکدا کە هەر دەم لە گۆڕاندایە و هیچ شتێک وەک خۆی نامێنێ، ئەرکێکی دژوارە. دەق وەک زانست لە ناو ئەم جیهانە ئاڵۆزەدا بە شوێن پێناسەی جیهانەوەیە، بەڵام بە شێواز و لۆژیکی ئەدەبی. هەرچەند بە پێچەوانەی زانست بەهۆی گێرانەوەوە زیاتر لە خودی ژیان وەک رووداوگەلی بەردەوام، نزیک دەکەوێتەوە. زانست خاوەن فۆرمولە و لە رێگای رستەی چڕکراوەوە مرۆڤ بۆ رووداو و شتە وردەکان دەگێڕێتەوە، بەڵام دەق لە رێگای رووداو و شتە ورد و تاکەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ فۆرمولە گشتییەکان. دیارە بەو سەرنجەوە کە دەق هیچ فۆرمولێک لە خۆیدا هەڵناگرێ و ئەوە تەنیا لە رێگای خولقاندنی خەیاڵ و بۆچوون لە بیری خوێنەرەکەیدایە دەیگەیەنێتە ئەم حاڵەتە.

بۆیە دەق وەک زانست پێشکەشکەری فۆرمولە، بەڵام بە بێ درکاندنی راستەوخۆی. ئەمە دەمانگەرێنێتەوە بۆ ئەو بۆچوونەی کە یەکێک لە ئەرکەکانی دەق بەخشینی زانیارییە.

دەق چونکە پشت بەستووە بە وردەڕووداو و وردەشتەکان، زیاتر لە خودی ژیان و لە خودی جیهان دەکا. زیاتر کۆنکرێتە و ئەمە دەبێتە هۆکاری سەرنجڕاکێشانی زیاتری خەڵکی. دەق زیاتر 'گۆڕان' لە خۆیدا دەنوێنێتەوە و بەم هۆیەوە زیاتر لە زانست دەتوانێ رابردوو و ساتەکانی ژیان لەخۆیدا هەڵگرێ. ئەگەر خەسڵەتە بنەماییەکانی بوون و سروشت لە زانستدا چڕدەکرێنەوە، ئەوا ئەم خەسڵەتانە لە دەقدا بڵاون و لەو فەزایە دەکەن کە هەموو رستە و وشەکان پێکەوە دەبەستنەوە.

وا دێتەبەرچاو ئەو نووسەرانەی وا بە نەبوونی مانا لە بووندا باوەڕیان هەیە، بۆ خوڵقاندنی مانا لە ناو دەقدا بەتووش ئەرکێکی قورسترەوەن. وەها نووسەرێک زیاتر دەروونی دەبێتەوە و نیگای لە دەرەوە بۆ ناوەوەی زەینی خۆی دەکشێتەوە. زەینیش وەک بەتاڵاییەک کە پڕی خەیاڵە و بەڵام بەتاڵە لە شت، ناچارە خۆی زیاتر بداتە دەست خەیاڵ بۆ ئەوەی بتوانێ لە دەروونە پڕ لە هیچەکەی زیاتر مانا بخوڵقێنێ. لەم شێوازەدا چاو کەمتر شتە دەرەکییەکان دەبینێ و بینین دەبێ بە رەوتێک بەرەو ناوەوە. چاو کە کەمتری بینی هەر بەو پێیە ناچارە بە خەیاڵ زیاتر قەرەبووی بکاتەوە. بەم پێیە شتەکان زیاتر خۆیان لە چالاکییەکی زەینیدا دەبیننەوە تا چالاکییەکی فیزیکی (لە رێگای چاوەوە).

هیچ شتێک بە قەدەر دەق لە روانگەکەی هیراکلیت سەبارەت بە گۆڕان نزیک نیە. چیرۆک و رۆمان لە بەستێنی باوەڕی خۆبەخۆیی بە گۆڕان دروستدەبن و ئەم دوو شێوازە بەوەفاترین یاری ئەم چەمکەن. هەڵبەت دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کە سەرەڕای جیاوازیی نێوان هیراکلیت و دمۆکریت لە لایەک و سارتەر و نیچە لە لایەکی تر سەبارەت بە بوونی مانا لە ناو بووندا، بەڵام هەردووکیان لەسەر گۆڕان کۆکن و بۆیە هەر چیرۆکنووسێکی وجوودی، پۆستمۆدێڕن یاخود ریالیست خۆبەخۆ بە هۆی نووسینی دەق ئەم وەفادارییەیان رادەگەیەنێن. جیاوازیی ئەوان لەوەدایە کە داخۆ گۆڕان هەڵگری پلان و مانایە یان نا.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی دەق زیاترین نزیکیی لەگەڵ گۆران وەک فۆڕمی سەرەکیی بوون هەیە. نووسین چێکردن یاخود دۆزینەوەی مانایە لە بووندا. نووسین سەبتی گۆڕانە لە سەر کاغەز و دەستەمۆکردنیەتی بۆ ئەوەی بتوانین بە پێچەوانەی لۆژیکی سروشت بگەڕێینەوە سەری. نووسین لەقاودانی حەزی خۆشاردنەوەی بوون و ئاشکراکردنی رەوتە سەرەکییەکانیەتی.

درێژەی هەیە...