شلێر رەحمانی

چووە ژێرخانی ماڵەکە. سندوقەکەی لە ژێر فەرغۆنەکەدا دەرهێنا. ئەسکەناسەکانی نایە توێی ئەوانی دیکە. ژماردیانی،... جارێکی تریش. بەو پارەیە ئەیتوانی تا یەک ساڵ هەر ڕۆژ بەستەنی بکڕێ.

 

وەرزی قالۆنچەکان

شلێر رەحمانی

چووە سەر سەریان. هەر دووکیان لە تەنیشتی یەکدا بوون. لەپڕ پێکەوە کوشتنی. دوو جار بەردەکەی کوتایە سەریان. وا هەستی ئەکرد دوای باوکی، قالۆنچەکان زیاتر بوونەتەوە.

سێبەڕیکی ڕەش لێی ­نزیک بووەوە؛ سەری هەڵبڕی، خۆی بوو. ئەمجارە پەشۆکا!

هەستا و پاڵی­ نا بە دیوارەکەوە.

هاتە پێشێ. بزەیەکی کرد. ددانە زەردەکانی دەرکەوت. دەستی کێشا بە سەریدا. وەکوو هەمیشە دەستی قورس بوو!

دەستی کردە گیرفانی و دوو دانە ئەسکەناسی دەرهێنا و تەپاندییە گیرفانی ئەمەوە.

ـ بڕۆ بۆ خۆت بەستەنی بکڕە!

ئینجا چووە ماڵەوە.

ئەسکەناسەکەی لە مستیدا ئەگووشی و ڕەنگی سوور هەڵگەڕابوو. دەستی لە گیرفانی دەرهێنا و عارەقی تەوێڵی سڕی. دەستی بۆنی عەتری گرتبوو. چووە حەوشە و دەستی شۆرد، هەستی ئەکرد هێشتا بۆنی عەتر ئەدات.

چووە ژێرخانی ماڵەکە؛ سندوقەکەی لە ژێر فەرغۆنەکەدا دەرهێنا. ئەسکەناسەکانی نایە توێی ئەوانی دیکە. ژماردیانی،... جارێکی تریش. بەو پارەیە ئەیتوانی تا یەک ساڵ هەر ڕۆژ بەستەنی بکڕێ.

هەموویانی خستە گیرفانی و چووە دەرەوە. لە کۆڵانەکەدا بە هەڕاکردن داگەڕا.

 گەیشتە بەر دووکانی کابرای ئاسنگەر. چووە ژوورەوە. خاوەن دوکانەکە هیچ ئاوڕێکی لێ­ نەدایەوە، سەری داخستبوو و خەریک بوو دوو پێچی توند ئەکردەوە.

هەندێکی­تر چووە پێشەوە.

ـ ئا، کارت چییە؟

پارەکەی لە گیرفانی دەرهێنا و لە سەر میزەکە داینا.

ـ بەم پارەیە ئەتوانی دەرگایەکم بۆ ساز کەی؟

ـ دەرگای چی؟

ـ دەرگایەکی قایم، دەرگایەک کە تەنیا دوو کلیلی هەبێت، یەکێ بۆ خۆم و یەکێکیش بۆ دایکم.