ما 7170 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی دەخوێنینەوە. نووسین بەشێوەی سەرەکی گوزەرە لە هەناوی وڵاتی خوێندنەوەوە. نووسین گەڕانەوەیە بۆ دەقەکانی پێش خۆمان، بەڵام بەشێوەی ئەکتیڤ و چالاک؛ وەها کە بتوانین دەقی تریان لێ بەرهەم بێنین.

 

ماکسیم گورکی لە گێڕانەوەی ئەزموونەکانی خۆی سەبارەت بە نووسین دەڵێ کاتێک لە ماڵە دەوڵەمەندەکان کاری دەکرد و نیوەڕۆیان پشوویان دەدا، ئەو لە جیاتی پشووی ئاسایی کە تێیدا هاوڕێکانی دەحەسانەوە یاخود گاڵتە و جەفەنگیان دەکرد، دەیخوێندەوە. نیو سەعات خوێندنەوەی بەردەوامی رۆژانە بە درێژایی مانگان و ساڵان دەتوانێ خاوەن مانایەکی گەورە بێت. یاخود هەژاری شاعیر باس لەوە دەکا کە چلۆن تا بەیانی دەیخوێندەوە و ئاگای لە تێپەڕینی کات نەبوو و دەڵێ هەر ئەمە بووە هۆی ئەوەی بتوانێ بنووسێ. خوێندنەوەی زۆر کتوپڕ دەبێتە هۆکاری کاردانەوە لە شێوازی دەربڕینی دووبارە.

بێگومان خوێندنەوە دەوری گرینگ و سەرەکی لە نووسیندا دەگێڕێ، هەرچەند ئەمە بە تەنیا هۆکار نیە. لە پاڵ ئەمەدا دەبێ خوێنەر هەم خوێنەرێکی چالاک بێت و هەم هەست بە نیازێکی دەروونیش بۆ نووسین بکات.

با باشتر باس لە ئەزموونی ئەم دوو کەسە بکەین.

لە هەلومەرجێکدا هاوڕێکانی ماکسیم لە ژیان وەک رەوتێکی ئاسایی دەڕوانن، لای ماکسیم ژیان شتێکە زیاتر لەمە. بۆیە لە دژوارترین کاتەکانی ژیانیشیدا پەنادەباتە بەر خوێندنەوە. لای ئەم نووسەرە خوێندنەوە تێپەڕینە لە کاتە ئاساییەکان، یاخود مانابەخشینە پێیان. ناکرێ ژیان تەنیا کارکردن و حەسانەوە و رابواردنەکان بێت. ماکسیم بە شوێن شتێکەوەیە کە هەستدەکا کتێب دەرگاکەی بەڕوودا دەکاتەوە و بەرەو ئەوێ پەلکێشی دەکا. خوێندنەوە ئیزافەکردنی شتێکە بە ژیان کە لە خودی ژیانی راستەقینەدا دەستناکەوێ. خوێندنەوە راکردنە لە ژیان واقع بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ لای، بەڵام ئەم جارەیان بە شێوازی تر.

لای هەژاریش هەر ئەم مانایە دەگرێتە خۆی. کاتێک لە دۆڵی شەهیدان بە نیوەشەوان لەبەر چرا مووشییەکەیدا دادەنیشێ و بێ ئەوەی ئاگای لە چۆنیەتی تێپەڕینی ساتە تاریکەکان بێت هەتا ئەو کاتەی گزینگی بەیان لە پەنجەرەکەوە سەرنجی دەقۆزێتەوە، مانای ئەوەیە شتێک هەژار لە دونیای واقع رادەپسکێنێ و وەیلانی دیارێکی دیکەی دەکا. دەبێ ئیعجاز (یاخود هەستی ئیعجاز سەبارەت بە بوون و سەبارەت بە شتەکان) هەبێ بۆ ئەوەی مرۆڤ وەها بتوانێ کاتەکانی ژیانی کورتی خۆی بۆ تەرخان بکات.

گەر لە هەر نووسەرێک سەبارەت بە خوێندنەوە پرسیاربکرێ، یاخود ئاوڕبدەینەوە سەر ژیانیان، بێگومان بەتووش ئەزموونێکی وەهاوە (یاخود نزیک لێی) دەبین. خوێندنەوە ئەو ساتانەیە گەرای نووسینی تیا دەخرێ. نووسین لە راستیدابەرهەمی بەرکەوتنی چەند شتە: دەق، بیرکردنەوە و نیاز. نووسین دەقێکە کە بە بێ دەقی پێش خۆی لەدایک نابێ. دەقەکان وەک زنجیرە وان، هەموویان بە جۆرێک پێکەوە گرێدراون. دەقەکان هەرچەند لەبارەی زەمەنی و شوێنەوە لەیەکتر دووربن، بەڵام لە یەکتر وننابن. ئەمە لەبەر ئەوەی هەم جیهانێکی هاوبەش لە ناو مرۆڤەکاندا هەیە و لەبەر ئەوەیش کە ئەم جیهانە هاوبەشە بەردەوام لە رێگای دەقەوە تایبەت دەکرێتەوە و دەگاتەوە خوێنەری نەوەکانی داهاتوو. ئێمە، هەموو، ئەزموونەکانی خۆمان دەگێڕینەوە، بەڵام بەیارمەتی دەقەکانی پێشوو.

نووسەر ئەزموونی ژیان دەکا، بەڵام ئەوەی جووڵێنەرە بۆ نووسین لە راستیدا خوێندنەوەی دەقە. ئەزموونەکان بەستێنن، بەڵام دەقەکان شکڵ پێدەر و دنەدەر. دەق لە رێگای ئاوێتەکردنی هەست و ئەزموون و واقعەوە گەورەترین کاریگەری لەسەر نووسەر جێدێڵێ. لەخۆوە نیە شاملوو دەڵێ رۆژانە دە تا دوازدە سەعات دەیخوێندەوە. دەق لەبەر ئەوەی چڕکراوەی ئەزموونەکان و ژیانی واقعە، لەبەر ئەوەی لە ژێر سێبەری خەیاڵدایە، شێوازێکی یەکجاری تایبەتی دەربڕینە کە هەر جارە و بە جۆرێک ئیعجازی خۆی دەنوێنێ.

بەڵام دەبێ لە بیرمان بێت کە خوێندنەوە دەبێ بەپلان بێت. بە شێوەی پەرتەوازە و لێرە و لەوێ گوڵبژێرکردنی دەق بە بێ هەبوونی بەرنامە، کەمتر بە ئامانجمان دەگەیەنێ. رەنگە لە سەرەتادا مرۆڤ بتوانێ وەها بخوێنێتەوە، بەڵام لە درێژخایەندا ئەمە شتێکی ئەوتۆی لێ سەوزنابێ. دیارە ئەمە بەو مانایە نیە دەبێ بۆ هەمیشە لە خوێندنەوەی دەقە بەسەراکەوتووەکان خۆمان بپارێزین. دەبێ رێز لە رێکەوتیش بگرین، بەس بەو مەرجەی رێکەوت پانتایی سەرەکی داگیرنەکا.

خوێندنەوە جگە لەوەی نێوەڕۆک دەبەخشێ، لەگەڵ خۆی هەڵگری زمانە کە یەکجار گرینگە. هەتا خوێندنەوە زیاتر بێت، ئەوا زاڵبوون بەسەر وشە و بەسەر شێوازی دەربڕیندا مسۆگەرترە. نووسەر دەبێ زۆر ئاسان وشەکان لە دەریای زەینیدا مەلەبکەن. وەها کە هەست بکا بە بێ ئەوەی نێوەڕۆک لە دەروونیدا شکڵ بگرێ، بەڵام دەتوانێ لە رێگای یاریی زمانەوە وێنە بخوڵقێنێ. دیارە نابێ ئەمە حاڵەتی سەرکی بێت، بەڵام دەبێ نووسەر بگاتە ئاستێکی وەها. تەنیا لەم حاڵەتەدایە دەتوانێ دەبڕی ئەو ئاستەی بێت وا بە ئاشكراکردنی زەمیری ناوشیار پێناسەدەکرێ. بەم شێوەیە دەق دەبێ بە گەمەیەک لە نێوان وشیاری و ناوشیاریدا کە هەردووکیان گەیشتوونەتە دەرکەوتەی زمانی. زمان لە خۆیدا هەڵگری لۆژیکێکە کە دەتوانێ لە رێگای سەپاندنی سەربەخۆی خۆیەوە مانا بخوڵقێنێ.

بەم شێوەیە نووسەر تەنیا لە رێگای ئەزموونەکانی خۆی و لە رێگای هەستەکانییەوە بەرامبەر دونیا نابێتەوە، بەڵکو دەق یەکێک لە ئامراز و رێگا سەرەکییەکانیەتی. خوێندنەوەی دەق یارمەتی نووسەر دەدا شێوازەکانی پێش خۆی دووپات نەکاتەوە و بگاتە ئاستی داهێنان. هەرچەندە بە تێپەڕینی کات و کەڵەکەبوونی ئەزموونەکان لە بواری نووسیندا بە گشتی ئەم کارە بۆ نەوەکانی داهاتوو هەتا دێت دژوارتر دەکا. بەڵام باشی دەق ئەوەیە کە یەکجار پڕدەرفەتە. هەمیشە رێگایەک بۆ داهێنان هەیە. هەمیشە دەرفەتێک بۆ خوڵقاندن هەیە. پێوەندی نێوان وشەکان و ئەو بەستێنەی دەقی تیا لەدایکدەبێ هەڵگری بێ ئەژمار وێنەی نوێن.

جگە لەمە خوێندنەوە دەرفەتی خۆخوێندنەوە بۆ نووسەر دەخوڵقێنێ. خوێندنەوە و دەق تەنیا رێگایەک نیە بۆ ئاشنا بوونی زیاتر بەوانی تر، بەڵکو رەنگە پێش لەهەر شتێک ئاشنابوونە بە خۆ. مرۆڤ هەمیشە لە ژێر تیشكی ئەزموونەکانی ئەوانی تر باشتر لە خۆی دەگا و باشتر دەزانێ لە کوێ راوەستاوە. خوێندنەوە مەجالی بەراوردکردن دەڕەخسێنێ. نووسەر هەموو ژیانی بەردەوام بە جۆرێک لە ژێر کاریگەریی ئەم بەراوردکردنانەدایە. نووسەران دەبێ خوێنەری چاکی بەرهەمەکانی یەکتر بن. مێژووی ئەدەب ئەمەمان پێ دەڵێ و گەر دەیشمانەوێ ببینە نووسەری چاک دەبێ ئەم نەریتە درێژەپێبدەین. جا رق و خۆشەویستییەکان دەبێ فڕێ بدرێن.

لێرەوە گرنگیی سەداقەتی نووسەر لەگەڵ دەقی خۆی دەردەکەوێ. هەتا ئەم سەداقەتە و هەستی ئازادی لە دەقدا باشتر خۆی بنوێنێتەوە، ئەوا ئەزموونەکانمان باشتر هەم لە دەقدا رەنگدەدەنەوە و هەم باشتر بۆ نەوەکان و خوێنەرانی تر دەگوازرێنەوە. بێگومان دەقی باشیش بەشێوەی خۆبەخۆ هەڵگری ئەمەیە. ئەوەی وەک گورکی و هەژار ئیعجازی خوێندنەوەی تەنیا لە خودی خوێندنەوەدا دۆزیبێتەوە، بێگومان رۆژێک دەگاتە پلەی نووسەری. ژیانکردن لەناو دونیای دەقدا بەگوێرەی لۆژیکی خودی دەق، بەرهەمهێنەری ژیانکردن لە ناو دەقی دیکە و دەقی نوێدایە.

نابێ لەبیرمان بچێ کە نووسەر هەمیشە لە رێگای دەقی خۆیەوە داهێنەری جۆرێکی تر لە پێوەندیی نێوان وشەکانە. ئەو فەزای نێوان وشەکان دەباتە پانتاییەکی ترەوە. خوێندنەوە فێری ئەم گەمەیەمان دەکا. خوێندنەوە زمان وەها بەرجەستەدەکاتەوە کە 'بوون' بە شێوەی سەرەکی لە بەرگی زمان لە زەینی نووسەردا شێواز پەیدادەکا. بگرە نووسەر دەتوانێ مانای تر بەسەر وشە باوەکاندا بسەپێنێ و سۆزی تریان پێ ببەخشێ. بەم شێوەیە هەندێ لە وشەکان لە رەوتی مێژوودا وەها بەرجەستەدەبنەوە کە دەڵێی ئەوانن هەڵگری رۆحێکی تایبەتن لە دەورانێکی تایبەت.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی دەخوێنینەوە. نووسین بەشێوەی سەرەکی گوزەرە لە هەناوی وڵاتی خوێندنەوەوە. نووسین گەڕانەوەیە بۆ دەقەکانی پێش خۆمان، بەڵام بەشێوەی ئەکتیڤ و چالاک؛ وەها کە بتوانین دەقی تریان لێ بەرهەم بێنین.

درێژەی هەیە...

گەڕان بۆ بابەت