ما 2736 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

یوسف مەریوانی

کە هەنگاو هەڵدێنێ، ڕان و بەلەکە سپیەکانی لە شاقەڵی جلەکەیەوە دیار دەکەون و ئاوێکی ڕوون، بێ ڕاوەستان بەسەر ڕانی دا دێتە خوارێ و لە بەلەکی تێپەڕ دەبێ، بە پاینەی پێڵاوە کریستاڵیەکانی دا دەخشێ و دەڕژێتە سەر زەوی.

 

سەمایەک لە نێوان چاوەکاندا

یوسف مەریوانی

قەڵاتەکەی... قەڵاتەکەی چەرمێکی ڕەشە، بیست و چوار یاقووت... بیست و چوار یاقوتی پڕشنگدار و نیشانێکی زێڕی پێوەیە کە یەکی وەک من دەتوانێ بە پووڵەکەی بەشی تەواوی ژیانی ویسکی بکڕێ. یەخچاڵێکی پڕ لە سەهۆڵ و ژوورێک پڕ لە سیگاری ماڕڵبڕۆ...

قەڵاتەکەی زنجیرێکی زێڕی درێژی پێوەیە... زنجیرێکی زێڕی درێژ... ئەوندە درێژ کە... یەکی وەک من دەتوانێ بە پووڵەکەی ماڵێکی هەبێ، ماڵێک بە باخچەیەکی خنجیلانەوە، ژوورێک پڕ لە عەتر و پڕ لە جلی جوان. یەکی وەک من دەتوانێ ژنێکی بێ، کە ئیتر ناچار نەبێ لە پەنا ئاورێک و لەسەر شەقامەکان، بە تەنیایی بوتڵێک ویسکی بخواتەوە و پۆلیس لەسەر شەقام کۆی کاتەوە.

ئەوسەری زنجیرەکە دەگاتە پەنجەیەکی شووش و باریک و ناسک کە لە ناو دەستکێشێکی تۆڕی ڕەش دا خۆی حەشار داوە. وەک فڵچەی نیگارکێشێک، چاوم بەسەر مەچەک و باسکە سپی و سۆڵەکانی دا دەخشێنم، بەسەر شان و گەردنە بەرزەکەی دا کەوانە دەکێشم و لە ناکاو ڕادەچڵەکێم.

چاوەکانی من کە عومرێکی درێژە تەنیا سەر و سیمای ئارەقاوی و تێک شکاوی ئەو ژنە خەڕگەسەرانەی وا مەست و ماندوو لە قەحبەخانەکانی شار دێنە دەرێ و دوایین سیگاری ئەو شەوەیان لەسەر لێوە دەبینێ.

چاوەکانم لەگەڵ ئەو جوانیە ئەفسووناویە بەقەدەر شێوەی پیرەپیاوێکی کورد بە کەواپاتۆڵ و جامانە و کەوشی کڵاشەوە، کە لە ناکاو خۆی لە کەناراوەکانی ئیتالیا لە نێوان هەزاران ژن و پیاوی ڕووت و قووت دەبێنێتەوە کە بە زمانێکی نائاشنا حیلکەحیلک و قاووقریشکیانە، غەوارەیە.

دوو چاوی شین بە ڕەنگی زرێچەی (blue lake),

 دوو لێو بە سوورایی خوێنی ئەو مناڵانە وا فێرعەون دوای تەعبیری خەونە نگریسەکەی سەری بڕین، پرچە زێڕینەکانیشی خەڵاتێکن لە لایان خواوەندی شەمەشی مەزنەوە. بەژنی بەرزی وەک ماینە کەحلانێکە کە بە غەڕەوە لە ناو سەرزەوینی لیلی پووت دا  پیاسە دەکا. لەشی لەناو حەریرێکی سووری بە نرخ دا کە داوێنەکەی لە پشت خۆیەوە لە زەوی دەخشێ، بەند کراوە و دەلەرێتەوە. هەنگاوەکانی لەناو پێڵاوە کریستاڵیەکانی سیندرێلا دا قەتیس ماون و بە لەنجەولارێکەوە دەنرێنە سەر پێڕەوگەکە، کە تەنانەت نێرە چۆلەکەکانی سەر درەختەکانی شەقامیش لە مێینە و هێلانەکانیان دادەبڕێ و تووشی خەیانەتێکی گەورەیان دەکا.

کە هەنگاو هەڵدێنێ، ڕان و بەلەکە سپیەکانی لە شاقەڵی جلەکەیەوە دیار دەکەون و ئاوێکی ڕوون، بێ ڕاوەستان بەسەر ڕانی دا دێتە خوارێ و لە بەلەکی تێپەڕ دەبێ، بە پاینەی پێڵاوە کریستاڵیەکانی دا دەخشێ و دەڕژێتە سەر زەوی. ڕێ دەبڕێ بەرەو ئاکڕۆن و ئێرۆس مەلێی تێدا دەکات.

ئاژەڵە دەستەمۆکەی تینوویەتی و زمانی دەرکێشاوە. ڕادەوەستێ ، زمان بەسەر ئاوەکەدا دێنێ و توونیایەتی خۆی بەو ئاوە پیرۆزە دەشکێنێ.

هاوارێک ڕامدەچڵەکێنێ: ئااااای کوێر بووووم... چاوەکانم... چاوەکانم...

هاوار بووە بە هەزاران هاوار، هەزاران قیژە و هەزاران زووخاوی تۆقیو! تەواوی ژنان و پیاوانی شەقام لە هێش و جەزرەبەی بێ بڕانەوەی چاویان دەست دەخەنە ناو گلێنەیانەوە و چاوەکانیان دەردێنن، فڕێی دەدەنە سەر زەوی و ئارام دەگرن. ئارام دەگرن و دەبن بە سوپایەکی ملچەوت، بەدوای خاوەن شکۆی پیرۆز دا هەنگاوی یەک نەزم دەنێنەوە و دەڕۆنە پێش.

دەڕۆنە پێش و لە هەر هەنگاوێک دا هەزاران هاوار و جەزرەبە ئەهوەن دەبێتەوە و سوپا گەورەتر.

هۆی زووخاو چەشتن و کوێر بوونی خەڵکی شار ئەڵماسێکی مانگ ئاسایە لەناو ملوانکە سێحراویەکەی خواژنی غەریبە کە لە نێوان دوو گۆی ئاسمانی سەر سنگی جێی گرتوە.

ئاژەڵە دەستەمۆکە ڕوو دەکاتە خەڵک و بە دەنگی بەرز هاوار دەکا:

هۆ خەڵکی بە ئەمەکی شاری ئاڵتوون! خاوەنشکۆ لە ئاسۆی دوورەوە تەشریفی هێناوە بۆ ئەوەی مزگێنی کامەرانی و ژیانی ڕاستەقینە بۆ خەڵکی جیهان بێنێ. بۆ ئەوەی کۆتایی بە ژیانی پەست و بێ هۆتان بێنێ و ڕۆحتان لە ئازار و چەپەڵی ڕزگار بکات. بۆ ئەوەی بتانگەیەنێ بە بایەخە بەرزە مرۆیی یەکان. خاوەن شکۆ ماندووە.

بە بیستنی ئەم وتەیە، دەزبەجێ هەموو سوپای کوێرگەلی شار هورووژم دەبەن بۆ دروست کردنی کۆشکێک کە شایانی گەورەترین ڕزگاریدەری ئینسانی هەبێت.

بە شادمانیەکی فراوانەوە خشت لەسەر خشت هەڵدەچنن. جەماوەر ئەوندە زۆرن کە هی وایە دەکەوێتە بەر دەست و پێ و لەبەر نەبوونی کات هەموو تەرمەکان دەخرێنە ناو دیوارەکان و خشتیان لەسەر هەڵدەچنرێ. لە ماوەی بیست خولەک دا گەورەترین و شکۆمەندترین کۆشکی جیهان لە بەرامبەر چاوە ساغەکانمە و دوازدە کەس دەبینم کە تاج و تەختێکی زێڕینیان لەسەر شانە و دەیبەن بەرەو شانشینی کۆشکەکە.

خاوەن شکۆ گەردنی بەرزی هەڵدێنێ ، زنجیری قەڵاتەکە ڕادەکێشێ و هەنگاو هەڵدێنێ، دەڕوا لەسەر تەختەکەی دادەنیشێ و دوو کەس دێنە پێشێ و تاجە زێڕینەکە لەسەر سەری دادەنێن.

بڕوام پێ بکە ئەو ئافرەتە خاوەنی زەوی و ئاسمانەکانە، خاوەنی ئاژەڵ و مرۆڤ، گریان و پێکەنین، جوانی و ناحەزی، خێر و شەڕ، من و تۆ و باوباپیرانمانە. بڕوام پێ بکە شایانی ستایش کردنە.

قیژەی ژنێک و بەدوای ئەویش دا گریانی مناڵێکی ساوا، حەشیمەت لە ورتەورت دەخا و هەموو بێ دەنگ دەبن. لەبەر دەمی کۆشک مناڵێک لەدایک بووە.

ئاژەڵە دەستەمۆکە فەرمان دەدا: بیهێنن با لە ئازار و هێش و ترس ڕزگاری بێ.

مناڵەکە دەبەنە بەرامبەر تەختی پاشایەتی و لەپڕدا تەپەی کەوتنی دوو چاو دێت و گریانیش تەواو دەبێ.

خاوەن شکۆ لەسەر تەختەکەی هەڵدەستێ، مناڵەکە دەگرێتە باوەش و بەو دەستی قەڵاتەکە ڕادەکێشێ.

لە پلیکانەکان دێنە خوار، مناڵەکە دەخاتەوە کۆشی دایکی و درێژەی ڕێگا دەگرنەوە بەر، بەرەو کۆشکەکانی داهاتوو کە هەزاران زووخاوی دامرکاویان لەسەر ڕێیە.

 تەواوی شەقامەکان و پێڕەوگەکان بوون بە فەڕشێک لە چاوە دەرهاتووەکان.

قرچەقرچی پان بوونەوەی چاوەکان بزەیەکی پڕ لە چێژ دەخاتە سەر لێوی و خاڵەکەی سەر لێوی تۆزێک دەچێتە سەرتر. ئەوە بزەی پیرۆزی خواژنێکە، نە هیچ مرۆڤێکی پەست و هیچ و پووچ کە لەسەر زەوی دەژی.

لە ڕۆژهەڵاتەوە ڕەشاییەک بەسەر ئاسمان دا دەکێشرێ و خۆر دادەپۆشێ. لە ماوەی دە خولەک دا ئاسمان دەبێتە شەو. شەوێکی تاریک کە لەگەڵ چاوی هیچ کام لە مرۆڤەکانی شار غەریبە نیە و کەس هەڵنابەزێنێتەوە. قاڕەقاڕی تریلیۆن قاڵاو کە لە تەواوی جیهانەوە ڕوویان کردوەتە شاری ئاڵتوون، گوێی تەواوی خەڵکی شاری کەڕ کردوە و هەتاهەتایە کەس هیچ دەنگێک نابیستێ.

هاتوون بۆ سەیری ملوانکە شکۆمەندەکە و خواردنی چاوەکانی سەر زەوی و دواتر سپاس و ستایش بۆ دلۆڤانی خواژنی مەزن. میوانیەکی شکۆمەندە بۆ قاڵاوەکان...

خواژن مەست و شەیدای پێکەنین بوە. قاقا دەکێشێ و شێتانە سەما دەکات و بە سەما کردن درێژە بە ڕێگاکەی دەدات. زنجیرەکە لە دەستی دەکەوێتە خوارێ و سەما لە ناو چاوەکان دا بە لووتکە دەگا. قرچەقرچی پان بوونەوەی هەر چاوێک بوە بە مێلۆدی و واڵسێکی ئافراندوە کە هیچ مۆسیقارێک نەیتوانیوە بیژەنێ.

ئاژەڵە دەستەمۆکە دەست دەبا، زنجیری قەڵاتەکەی خۆی هەڵدەگرێتەوە، هەڵدەستێتە سەر دوو لاق و بەرەو خواژن دەچێ.

زنجیرەکە دەداتەوە دەستی ، دەچێتەوە سەر چوار دەست و لاق و ئارام و مەتین هەردووکیان ڕێ دەکەون.

نیگارکێش: هانا ئەژراک

گەڕان بۆ بابەت